زیرەکیی دەستکرد چییە؟

11:22 - 2023-01-29
هەمەرەنگ
4470 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

دەستەواژەی «زیرەکیی دەستکرد» لەمڕۆدا زۆر بەکاردێت بەشێوەیەک زۆر کەس هەن دەترسن لەوەی رۆژێک بێت و ئامێر و رۆبوتە زیرەکەکان کۆنترۆڵی مرۆڤایەتی بکەن و بەسەرماندا زاڵ بن، راستە هێشتا ئەو واقیعە دوورە، بەڵام ئایا زیرەکیی دەستکرد چییە؟ لەڕووی گەشەسەندنەوە بە کوێ گەیشتووە؟
زیرەکیی دەستکرد واتا ئەو زیرەکییەیە کە ئامێر و بەرنامەکانی کۆمپیوتەر پیشانی دەدات، بەجۆرێکە هاوشێوەی توانا هزرییەکانی مرۆڤە، وەکو توانای فێربوون و گەیشتنە ئەنجام و کاردانەوە دەربارەی ئەو دۆخانەی لە ئامێرەکەدا بە بەرنامە نەکراوە، هەروەها زیرەکیی دەستکرد بە واتای ئەو کەرتە ئەکادیمییە دێت کاردەکات لە دروستکردنی کۆمپیوتەر و ئەو بەرنامانەی توانای ئەوەیان هەیە رەفتاری زیرەکانە بنوێنن.
جۆن مەکارسی کە ساڵی 1955 ئەم دەستەواژەیەی داناوە دەڵێت: زیرەکیی دەستکرد بریتییە لە زانست و ئەندازیاریی دروستکردنی ئامێری زیرەک. 
لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە لەو بوارەدا روویداوە و تەکنیکی «فێربوونی قووڵ» دیارترین سیمایەتی، کاری بریتییە لە پەرەپێدانی تۆڕی دەماریی دەستکرد شێوەی کارکردنی وەکو مێشکی مرۆڤ وایە، واتا توانای ئەوەی هەیە ئەزموون و تاقیکردنەوە و فێربوون و پەرەپێدانی خودی خۆی بکات بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ.
تەکنیکی «فێربوونی قووڵ» سەلماندی توانای ئەوەی هەیە وێنەکان بناسێتەوە و لە رستەکان تێبگات و وەریانگێڕێت بۆ زمانی دیکە، لەگەڵ چەندان توانای تر کە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی هاندا بە تایبەتی فەیسبووک و گۆگڵ تاوەکو وەبەرهێنانی تێدا بکەن و لێکۆڵینەوەکانیان لەو بوارەدا چڕبکەنەوە بەبێ گوێدانە ئەو هۆشدارییانەی دەدرێت لەبارەی ئەوەی رەنگە گەشەسەندنی زیرەکیی دەستکرد هەڕەشە بێت بۆ مرۆڤایەتی.

ترسەکان
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014 دا زانای فیزیای کۆچکردوو ستیڤن هۆکینگ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەگەر زیرەکیی دەستکرد گەشەی تەواوەتی بکات رەنگە رێخۆشکەر بێت بۆ لەناوچوونی مرۆڤایەتی و هۆشداری دا بەوەی ئامێرەکان توانای ئەوەیان دەبێت خۆیان دیزاینی خۆیان بکەنەوە.
هەروەها بیل گەیتس دامەزرێنەر و سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ساڵی 2015 باسی لەوەکرد پێی باشە رۆبۆتەکان تا ئاستێک بە دەبەنگی بمێننەوە و وتی «من لەو گروپەم هەستی دڵەڕاوکێم هەیە لەبارەی زیرەکیی لەڕادەبەدەرەوە».
لەهەمان ساڵدا داهێنەر و وەبەرهێنی ئەمریکی ئیلۆن ماسک وەسفی زیرەکیی دەستکردی کرد بەوەی گەورەترین مەترسیی و هەڕەشەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی، هەروەها گەشەی ئامێرەکانی بە «بانگهێشتکردنی شەیتان» شوبهاند.
گەشەی هێواش
لەبەرامبەردا هەندێ لە پسپۆران رایان وایە تەکنیکەکانی زیرەکیی دەستکرد هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست ناکەن، لەوانە یوشوا بینگیو مامۆستا لە زانستی کۆمپیوتەردا لە زانکۆی مۆنتریالی کەنەدا رای وایە پێویست ناکات لەو تەکنیکە زیرەکانە بترسین، چونکە ساڵانێکی زۆریان دەوێت پەرەبستێنن و زۆر بە هێواشی گەشە دەکەن پێشئەوەی بگەنە ئەو ئاستەی مەترسی دروست بکەن، لەبەرئەوەی گەشەکردنیان پشت بەو زانست و بیردۆزانە دەبەستێت کە هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتادان.
هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو گەشەیەی باسی لێوەدەکرێت لەپڕ روونادات و هێشتا پێویستیان بە داهێنانی زانستیی نوێ هەیە و لەپڕ یەکێک لە زاناکان نایەن تەکنیکێکی نوێ رابگەیەنن و وەکو فیلمەکانی خەیاڵی زانستی لە شەو و رۆژێکدا جیهان بگۆڕن. 

هەنگاوەکانی داهاتوو
لەلایەکی دیکەوە تەکنیکەکانی زیرەکیی دەستکرد بەشێوەیەکی خێرا پەرەدەستێنن و ساڵ بەساڵ ئاڵۆزتر دەبن، لەوبارەیەوە جیۆفری هینتۆن لێکۆڵەر لەبواری زیرەکیی دەستکرد لە کۆمپانیای گۆگڵ و زانکۆی تۆرنتۆ باس لەوە دەکات لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا زیرەکیی ئامێرەکان هاوشانی زیرەکیی مرۆڤ دەبێت.
شایەنی باسە ئەم لێکۆڵەرە لەپشت پەرەپێدانی بەرنامەی گۆگڵی زیرەکی ناسراو بە «ئەلفانگۆ» وە بوو کە توانی لە پاڵەوانی یاری «گۆ» بەرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رای وایە نابێت لە زیرەکیی دەستکرد بترسین، چونکە هەر تەکنیکێکی نوێ جێی مەترسی دەبێت ئەگەر بەخراپی بەکاربهێنرێت و مەسەلەکە پەیوەستە بەشێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ تەکنەلۆجیادا بەشێوەیەک بۆ مرۆڤ زیانبەخش نەبێت.
هاوکات مارک زوکەربێرگ دامەزرێنەر و سەرۆکی فەیسبووک رای وایە ئەو ئامێرانەی زیرەکیی دەستکردیان هەیە رۆژێک لە رۆژان هەستە مرۆییەکانیان دەبێت وەکو بینین و هەستکردن تەنانەت لە مرۆڤیش زیاتر. 
سەرچاوە: www.aljazeera.net

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان