تارینا ئارام
بەم دواییانە بەرهەمێكی نوێی د.ئیبراهیم محەمەد جەزا، پڕۆفیسۆر لەبەشی زهویناسی، کۆلێجی زانستی زانكۆی سلێمانی بڵاوكرایهوه. پاش ئەوەی بە رێکارەکانی هەڵسەنگاندنی زانستی و زمانەوانیدا تێپەڕی، زانکۆی سلێمانی بە سوپاسەوە ئەرکی چاپکردنی گرتە ئەستۆ. فەرهەنگەکە بریتییه له چاپی دووەمی فەرهەنگێكی ئینگلیزی – كوردی بەناونیشانی « فەرهەنگی جیۆكیمیای ئەندامی» . ئەم کتێبە هەوڵدانێكی نووسەره بۆ لێكدانهوه و روونكردنهوهی زۆرێك لەو زاراوه گرنگانەی بواری زانستی جیۆكیمیای ئەندامی، كە نووسەر پسپۆڕی ئەو بوارهیه.
کتێبەکە لە دوتوێی 254 لاپهڕهی قەباره گەورەدایە و رەنگاو رەنگەو بەرگەکەی بە دیزاینێکی نایاب نەخشێنراوە. لەم کتێبەدا هەوڵدراوە واتای گونجاو بۆ زاراوە بییانییەکان بدۆزرێتەوە، پاشان لێكدانەوه و روونکردنەوەیان بەزمانی كوردی بۆ بکرێت.
بێگومان لەپێناوی زیاتر روونكردنەوه و تێگەیشتنی زاراوەکاندا لەلایەن خوێنەرەوە، فەرهەنگەکە به دەیان هێڵکاریی و وێنەی جوان پاڵپشتكراون، کە زۆربەیان لە ئەرشیفی نووسەر خۆیەوە وەرگیراون و ئەوانیتریش لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە وەرگیراوە. یەکێك لە کارە جوان و داهێنەرانەکانی، کە لەم کتێبەدا دەبینرێت، ئەوەیە، دانە دانەی وێنەکان ئاماژە بە سەرچاوەکانیان کراوە. لەكۆتایی فەرهەنگەكەدا ئاماژه به لیستی ئهو سهرچاوانه دراوه، كه سوودیان لێوهرگیراوە.
پاشان فهرهەنگەكە حەوت پاشكۆ لەخۆدهگرێت، كە تایبەتن به سهرچاوهی ئهو وێنانهی ناو فهرهەنگەكە و یەکە پێوانەییەكانی پێوانەكردن و خشتەی كاتی جیۆلۆجی و خشتەی خولیی توخمەكان، هتد. بەرگی کتێبەکە ئەستوورەو نووسینەکەی سەری بەرزە، کە بە نەخشەسازییەکی زۆر جوانی پڕ واتای زانستەکە نەخشێنراوە و لە ناوەوەی کتێبەکە هەریەکێک لە وێنەکانی سەر بەرگەکە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی روونکردنەوەیان لەسەر دراوە. بەڕاستی خوێنەر زۆر بە سانایی لە وێنەکان تێدەگات و کارێکی زۆر سەردەمیانە و زانستییانەیە، کە نووسەر بەکاریهێناوە.
ئەم فەرهەنگە ئێستا له کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سلێمانی و کتێبخانەی کۆلیجی زانست بەردەستە و خوێندکاران و مامۆستایان دەتوانن سوودی لێوەربگرن. بە هیواین لە داهاتوویەکی نزیکدا، کە خانەی کتێب لە زانکۆدا کرایەوە لەوێ بۆ فرۆشتن بەردەستبێت. بەو ئومێدەی،كه ئەم بهرهەمه كەلێنێكی كتێبخانهی كوردی پڕبكاتهوه و سوودی بۆخوێنهران ههبێت.
نووسەر لە پێشەکی فەرهەنگەکەدا دەنووسێت : كاركردن له فەرهەنگدا كۆتایی نایەت و خاڵێك نییه بۆ وەستان و ئیتر بڵێت لێرەدا تهواو دهبێت، بۆیه گومانم نییه، كه پاش چەند ساڵێكی تریش سەدان زاراوەی تر چاوهڕێدەكهن، تا بخرێنه نێو فهرهەنگەكەوه و ئێستا ئهوهی لەتوانادا بووبێت كاری تێداكراوه و بەهیوام سوودی ههبێت و كتێبخانهی كوردی دهوڵەمەندتر بكات.
پێم خۆشە داواکارییەک لە مامۆستایانی زانکۆ بکەم، کە هیمەتی زیاتر بۆ نووسین بە زمانی کوردی و وەرگێڕان لە زمانەکانی جیهانەوە بکەن و کتێبخانەی کوردی بە سەرچاوەی زانستی دەوڵەمەند بکەن، کە بە بڕوای من ئێستا زۆر هەژارە و پێویستی بە کاری ماندوونەناسانەی پسپۆڕان و شارەزایانی هەردوو لایەنی، زانستی و زمانزانیی هەیە.