عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی
نیوه‌شه‌و جوگرافیای
جه‌سته‌تم خوێنده‌وه
له‌نێو تووله‌ڕێ و جه‌نگه‌ڵستانێ
رێم لێ ون بوو،
مه‌ست بووم به بۆنی ته‌ڕی پونگە
سه‌رسام بووم به
شه‌وقی كانیاو
به‌رزایی بزه
ره‌وینه‌وه‌ی ته‌م
بینینم له گه‌شی لێوڕێژ..
مێژووی رۆژگارتم
په‌ڕه په‌ڕه هه‌ڵدایه‌وه
ره‌باس بووم له
تامی شه‌رابی چه‌ند ساڵه..
به‌نێو كیمیای ده‌روونتدا
گوزه‌رم كرد، كه‌وتمه مه‌له
نه‌هه‌نگی ده‌ریای
مۆلیكیوول هه‌ڵیلووشیم
بووم به مرواریی نێو دڵی
گوێچكه‌ماسی.
فیزیای جمینتم به‌سه‌ركرده‌وه
پڕ له ئێستاتیك و جوانی
سایكۆی خۆمم ته‌ماشا كرد
مه‌ست مابۆوه
به ئاونگی په‌شیمانی..
*
كه منداڵ بووم
شه‌و له سه‌ربان
وه‌ختی نووستن
له‌ته‌ك دایكم به ئاسمانه‌وه
مانگی داسولكه‌ییم ده‌دی
ده‌گریام و ده‌مگوت:
زووكه ده‌ی، ئه‌من مانگی خڕم ده‌وێ
دایكم به‌وه كڕی ده‌كردمه‌وه:
كوڕم، قیچێكی دی
مانگ له‌و مناره‌ی مزگه‌وتێ
ئاودیو ده‌بێ و خڕ ده‌رده‌كه‌وێ.
تا مانگ له‌وێ ئاودیو ده‌بوو
من ده‌كه‌وتمه حه‌وت خه‌وێ
ئێستایش
پێروو و ته‌رازوو دێن و ده‌چن
كاكێشان پڕ ده‌بێ له ئه‌ستێره
ده‌ڕۆن و دێنه‌وه
هه‌موو شه‌و و هه‌یڤه‌شه‌وێ
مانگی داسولكه‌یی و خڕیش ده‌بینم
كه‌چی چاوانم قه‌ت ناچنه خه‌وێ.
*
هه‌ر هه‌موویان
به‌ده‌م نزا و پاڕانه‌وه
ده‌م پڕ له وێرد و سه‌ڵاوات
تا شاد ده‌بن به (حدائق واعنابا)
دڵ و ناخیان پڕ له ئاوات
به ته‌هلیله و نووزانه‌وه
له په‌رستگا گه‌ڕانه‌وه،
له‌ولاشه‌وه
له كونی ژووری ماڵه‌وه
دایكم ورد ورد
فرمێسكی له چاوان ده‌ڕشت
به‌ته‌نیا هه‌ر ئه‌و راستگۆ بوو
ئه‌وانیتر
ده‌ست و دوعایان فیشاڵ
دووڕوویی و پیسی و درۆ بوو.