مروارییەکان

زیندانییەکی هەمیشەیی

12:14 - 2023-02-09
دووتوێ
346 جار خوێندراوەتەوە

پەری شێخ ساڵح

ونبووم

وەک ئەو شاڵەی زستان گەلێکی زۆر
شانە تەزیوەکانمیان گەرم دەکردەوە و دواتر لێیان شاردمەوە.
وەک گوڵێکی مۆری بریندار بە ئێخەی کراسە شیفۆنەکەمەوە کاڵبۆوە و 
نەمبینیەوە.
وەک خەونەکانی منداڵیم کە 
دەهاتنە دی و نەدەهاتن،
 لە گۆڕەپانێکی پڕ لە مینی پوچەڵنەکراو دەچوو یاریم تیایدا دەکرد
ئێستا زیاتر خەو بەو پەڵە هەورانەوە دەبینم
کە بارانەکەی لە پیاوێکی ماندوو دەچێت
لە ناخەوە لە خۆییدا ونت دەکات و
بە دەمارەکانتدا تێدەپەڕێت.
دەمەوێت لە شەقامێکدا رێبکەم
کە بێزاریم گیانێکی نوێ بەئەستێرە مردووەکانی ئاسمانی زیندانیم ببەخشیت.
بەختم هیچ کۆترێکی نامەبەری فێر نەکرد
بەرەو ئاسمانێک هەڵبفڕێت
کە تەنیا نامەیەک هەبێت هی من بێت.
لە ئامێزم بگرە توند
وەک رەگ و ریشەی دەماری هەموو دار (بی) یە هەڵپاچراوەکان
کە لە گڕی چاوەڕوانیا دەسووتان و خەوی سەیری خۆڵەمێشیان دەبینی.
سوپاست دەکەم دار هەنجیر
دەتوانیت خولەکێک بێدەنگ بیت؟
چونکە شێوەی رەنگی زەردمت لەخۆت گرتووە
ئەمڕۆ هێندە شەفافین من و تۆ
شیللەی ناخمان وا دەچۆڕێتە بەر پێمان.
 چیتر لێت ناپرسم
بۆچی بۆم دەگەڕێیت و بۆچی دیارنیت؟
بۆچی وەک شیعر وایت
تا ونبیت جوانتر و باڵابەرزتر دەبیت؟
تۆش لێم مەپرسە
بۆچی شایستەی گوێگرتن بوویت
خۆ پەیکەرێک بوویت لەبەرد 
سارد وەک سەهۆڵ
خوێنێکی مەیوو وەک دوایین چرکەکانی میللی کاتژمێرێکی وەستاو.
ئازرەکان زۆرن لەناخی بێدەنگیدا، سەیرکە چۆن هەموو برینەکان لە دڵی مندا خۆیان گەرم دەکەنەوە
بەبێ ئەوەی من ببینن
بێ ئۆقرە خۆم دەدۆزمەوە
وەک هەورە بروسکەیەکی کتوپڕ خۆت مەکە بەژووردا؟
سەرتاسەری ناوەکان مەگەڕێ بۆناوی من
چونکە لە شەوێکی تاریکا شاردوومەتەوە.
هەمیشە دەتگووت
بوونت وەک مۆمی ناو ژورێکی تاریک
پێویستە.
تۆ ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێ حاجی لەقلەق بەرەو وەرز گۆڕین دەڕۆیت
یان وەک تەونی جاڵجاڵۆکە هەموو رۆژەکانت ماندووە کاتەکانت ناچار کردووە
لە ڕۆژە زیادەکان کات بدزن و
 چیرۆکی تۆ دەنووسنەوە.
خۆشم دەوێیت
هەتاوی سارد و سڕ
ئاخر بەگەرمی دەچیتە ناو دەمارەکانم.
لە کۆتاییدا باڵندەکان، لەپەنا ژورەکەمدا سوجدە دەبەن و
بۆنی دوعاکانم دەکەن
لە گەنمی خەیاڵەکانم دەخۆن.
خۆشم دەوێت هەموو لوورەی باکان
لە جێیەکدا هەڵدەکەن کە دێڕی چیرۆکەکانم 
دەسڕنەوە.
هەتاو لە حەوشەی ماڵەوە دانیشتووە
ئاخر چۆن شێتی گەیشتنی نەبم
کاتێک کە عەتری رووناکی دەڕژێنێت
بەسەر پرچ و کراسەکەمدا
ئەویش بیر لە دەستەکانی من دەکاتەوە
کە تەرمی هەموو ئەو کۆترانەی لەناو
شیعرەکانما کۆچیان کرد
وەک بەلەمە بچووکەکانی رۆخی رووبارێ
نقووم بوون 
هەمووی بوو بە دەسپێکی 
رۆژێکی سپی
رۆژێک کە تینوێتی تیایدا دەبێت بە شەپۆل .

#مروارییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان