مروارییەکان

کە ئەمڕۆکە چاوەکزەکانت ئەبینم

12:18 - 2023-02-09
دووتوێ
292 جار خوێندراوەتەوە

سەربەست کەرکوکی 

پێشکەشە بە بەهیە خانی حامد بەگی جاف
بۆ ئەو خانمەی لە هەموو هەنگاوێکی کوردایەتیدا هاوشانمان  بوو
                        
...... کەفچڕینی چەمە سۆزێ
بۆ ڕازاوە باخی خانمێ،
کڕنووشی چەند بنجێکی گوڵە بەیبوونەکانی گەرمیان،
لەبەر ئاستانەی دڵی تۆی هێژا .
زەردەخەنەی وشەیەک
باوەشە دیارییەک،
بۆ (بەهیە) خانمەکەی جافان ......
من پێم وابوو، پێشم وایە ...
لە هارمۆنی کراسەکانی تۆوە،
دەشتەکەی شارەزوور،
رەنگاڵەی سروشتی کردۆتە جوانترین بەرگ و پۆشاکی دێرینەی...
من پێم وابوو ... پێشم وایە ...
بریقەی زیخ و چەوی خاسەکەی من،
نازدارییان لە ملوانکە ڕەنگاورەنگەکانی سەر سینگی تۆوە، بۆ هاتبێ.
من پێم وابوو ... پێشم وایە....
گەڵا گەڵا ...درەختەکانی(باخی میر)،
شکۆی بەرزییان لە کۆڵوانەکەی سەر شانی تۆوە وەرگرتبێ.
نا ... نا ..نا،
ئەوەی ئەمەوێ بیڵێم نە مەراییە، نە پەسنی بێ واتا
نا ... نا .... نا،
ئەوەی لە دەنگی منەوە بەرگوێی ئێوە دەکەوێت،
سۆزداری دڵێکە دووراو دوور لە ڕیا.
بۆیە بە بەهیە خانمەکە دەڵێم؛
کاتێ خەندە هەمیشەییەکانتم ئەبینی ...
نەدەکرا  روونی ئاوی (کانی ئاشقان)ێ لە بەرچاوما گوزەر نەکا!
کاتێ سەرنجی مێخەبەندە خاک رەنگەکەی گەردەنتم ئەدا،
نەمئەتوانی غەرقی بۆنی پاکیزەیی ... ژنانی وڵاتی بەفرو چیا نەبم ...
کاتێ رێکپۆشیت ... سەر چەقی تێڕوانینم ئەبوو،
خەیاڵ پێی نەدەکرا، دیمانەیەک لە سەوزە نساری (شنروێ) ــم لێ بشارێتەوە.
کە ئەمڕۆکە چاوە کزەکانت ئەبینم،
کە ئەمڕۆکە چاوەکزەکانت ئەبینم،
کە ئەمڕۆکە چاوەکزەکانت ئەبینم،
مەڵۆ مەڵۆ خەم خەرمانەی لە مەیدانی دڵم ئەخات.
گەر خەرمانەی خەم لە دڵما، خۆی ڕانەخات،
چ وەفایەک ئەنوێنێ دڵسۆزی من
چ جوانە یادێک،
ئەبیتە، عەترڕێژیی ئامادەبوونی تۆ لە هۆڵەکەی مەڵبەندەکەی هەندەرانت!
بەهیە خانە گەورەکە
لە بیرتە .... بە بوخوردی بەیتە پیرۆزەکانی (مەولەوی)،
سەرمەست سەرمەست،
لەم غوربەتەوە پەلکێشی قات قاتە باخەکانی (هەورامان)ت دەکردین؟
تۆ ئەزانی ....زایەڵەبوون، قسە نەستەقەکانی جارانت .....
تۆ ئەزانی .. زایەڵە بوون، گێڕانەوەی سەرگوزەشتەکانی کوردەواریت،
ئێستاش هەروا زایەڵەن و کاروانی هۆگریمان بەرەو نیشتمانە بێکەسەکە بەرێ ئەخات؟
بەهیە خانمەکە .... خەڵکی تر کەیفی خۆیەتی،
دوو ئاوانە، لەلای من دوو چاوانی تۆن
خەڵکی تر کەیفی خۆیەتی،
بۆ من شکۆی شان و باڵات، پڕ بە بەرزی (باڵانبۆ)ن
تۆ بۆ ئێمەی ئەم وڵاتــە،
لە سۆزداریا .... (کانی نواڵە) و
لە دڵئاراییا .... بەرینی (مۆردانە) و
لە تاسەدا .... هەوێنی (جوانی سەرەڕێ) و
لە سەربەرزیا .... مێژووی (هەڵەبجە) و
لە سەللاریا ..... بەهیەکەی، خانمەکەی، جافەکەی.
تۆ هەبوونت لە ناومانا
ئارامبەخشی دڵەکانە
تۆ نیگارت لە چاومانا
گەشکەچرۆی ... گوڵەکانە
تۆ بەهیەکەی،
دوندە بەفری سپی و سادەی،
سەرووی سەرگەی رەشماڵانی جافەکانی.
تۆ بەهێی زەردەباوی
سەوزە باخ و کێڵگەکانی.
تۆ هەر تۆیت و
دەریاکانی رێزی ئێمە، لەبۆ ناوت 
دڵۆپێکن
تۆ هەر تۆی و
گشت ئەستێرەی فەلەک کۆبن،
بەرەو رووی تۆ
قوتیلەن و تەنیا کزە چرایەکن.
تەنیا کزە چرایەکن.
تەنیا .....کزە .... چرایەکن.

#مروارییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان