گرنگی فێستیڤاڵە سینەماییەكان بۆ ناساندنی كورد

11:26 - 2023-02-12
کەلتور
279 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان عوسمان شاناز لە کاتی پێشکەشکردنی کۆڕەکەیدا

رەوەست نەوزاد

پێش نیوەڕۆی 28/1/2023 لە درێژەی چالاكیەكانیدا، ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆڕێكی بۆ هونەرمەندی سینەمایی عەدنان عوسمان شاناز لە ژێر ناوی (گرنگی فێستیڤاڵە سینەماییەكان بۆ ناساندنی كورد) سازكرد.
لە كۆڕەكەدا ژمارەیەك لە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی بواری سینەما و شانۆ ئامادەیبوون، لە سەرەتای كۆڕەكەدا بەنمایشكردنی فیلمی (ئەنتێنا) كە لە دەرهێنانی هونەرمەندی ناوبراو بوو دەستیپێكرد، دواتر عەدنان عوسمان شانازی دەرهێنەر باسی لە گرنگی بەشداریكردنی فیلمە كوردییەكان لە فێستیڤاڵە سینەماییەكانی جیهان و ناوخۆی هەرێم بۆ ناساندنی فیلمی كوردی و سینەمای كوردی كرد و وتی: ڤێستیڤاڵە سینەماییەكان ئەگەر چەند بۆ وڵاتانی وەكو تونس یا مەغریب یا میسر یا هەر وڵاتێكی تر گرنگ بێت، سەدجار زیاتر بۆ كورد گرنگە، چونكە ئەو وڵاتانە خاوەن قەوارەی سیاسی و ئاڵا و وڵاتی سەربەخۆی خۆیانن، بۆ نمونە ئەگەر كەسێكی ئەمریكی بەشداری لە فێستیڤاڵێكی كوردی بكات بێگومان كونسوڵخانە و باڵێۆزخانەی ئەمریكی بە تەواوی هێزەوە پشتگیری دەكات، ئەی ئەگەر فیلمێكی كوردی لە مەغریب بەشداری فێستیڤاڵێك بكات چ وڵاتێك پشتگیری دەكات، بۆیە ئەوەندەی ئەو جۆرە بەشداریە بۆ میللەتی كورد گرنگە بۆ وڵاتێكی تر گرنگ نیە.

ئەو وتەیەم زۆر پێخۆش بوو
عەدنان عوسمان شاناز وتی: ئێمە لە فێستیڤاڵی (قەرتاج) لە تونس لە فیلمی (مەملەكەتی مێروولەكان) بەشداربووین و لەوێ نمایشمان كرد بۆ ئەوەش چوومە لای باڵێۆزی عیراق لە تونس كە چوومە باڵێۆزخانە و داوەتم كرد ئەوەبوو هات و گرنگی بە نمایشی فیلمەكەی ئێمەدا كە باسی شەڕی دژی داعش بوو، لە وڵاتی تونسیش كۆمەڵێك كەسانی ئیسلامی سەلەفی و توندڕەو هەبوون دوای نمایشكردنی فیلمەكە لە باڵێۆزم پرسی سەبارەت بەڕای خۆی بۆ فیلمەكە، لە وەڵامدا وتی لەو فیلمە سینەماییە تۆ ئەو هەموو شتەت باسكردووە سەری كوردستان و عیراقت بەرزكرد كە ئەو وتەیەم زۆر پێخۆش بوو لە باڵێۆزێكی كوردی ببیستم نە وەك لە دەمی باڵێۆزێكی عەرەب كە فیلمەكە باس لەكچێكی كوردی ئێزیدی دەكات كە چۆن بە دەستی كۆمەڵێك كەسی تیرۆریستی داعشی دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەرو دواتر ئەو كچە منداڵێكی دەبێت.
هەموو دنیا كورد ناناسێت
عەدنان عوسمان هەروەها وتی: لەهەمان فێستیڤاڵ كە لەساڵی 2016 سازكرابوو لەوێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی كۆمەڵێك پرسیار ئاڕاستەی من و ستافەكەم كران كە یەكێك لە پرسیارەكان ئەوەبوو ئەكتەرەكان بە چ زمانێك قسە دەكەن، منیش وتم بە زمانی كوردی كە ئێمە لەو بڕوایەداین هەموو دونیا كورد دەناسێ كە ئەوە هەڵەیە و هەموو دنیا كورد ناناسێت رەنگە ئەو كەسانەی پرسیاریان لێم كرد لەوێ نەیانزانیبێت كورد كێیە كە ئەو كارە رێكلامێكی زۆر باش بوو بۆ ئەوەی بڵێین كە ئێمەش نەتەوەیەكین بەناوی كورد، هەر لەو كۆنگرەیەی فێستیڤاڵەكە كەسێك پرسی ئەو جلوبەرگانەی ئەكتەرەكانی ناو فلیمەكە زۆر سەیر بوون كە جلوبەرگی كوردی بوون كە كاك نازم دڵبەند سەرپەرشتیاری فیلمەكە بوو لەگەڵمان بوو، كەواتە ئێمە توانیمان چەند شتێك بكەین، كەسێكی تر پرسیاری شوێنەكانی ناو فیلمەكە كرد و وتی ئەتمۆسفێر و لۆكەیشنەكان و ئەو هەموو دۆڵ و شاخانە وڵاتی ئیسپانیا بوو یا سویسرا، منیش وتم نەخێر ئەوە كوردستان بوو كە بەڕاستی ئەوە بۆ میللەتێكی بەدبەختی وەكو كورد گرنگە نەوەك تەنیا هەوڵی من، بەڵكو هەوڵی برادەرە سینەماكارەكان و شانۆكار و میوزیسیان و شێوەكارەكان و نووسەرە گەورەكان ئەوانەی كە رۆمان و نووسینەكانیان وەردەگێڕدرێتە سەر زمانەكانی تر دەتوانن لە چوارچێوەی تەسكی كوردستان دەربچن، بە راستی دەسكەوتی زۆر گەورەیە.

بەڵكو كوردستانیم
گوتیشی: لە فێستیڤاڵی (دیتمۆند)ی ئەڵمانیا بووم، بە فیلمی (ئەنتێنا) بەشداربووین كە شێوازی فێستیڤاڵەكە وابوو چەند فیلمێك نمایش دەكران دواتر ئەو دەرهێنەرانەی لەوێن بانگهێشتی سەر ستەیج دەكران و قسەیان لەگەڵ دەكرا یەك لەوانە فیلمەكەی ئێمە بوو پاش نمایشكردنی، منیان بانگ كردە سەر ستەیج و وتیان عەدنان عوسمان لە عیراقەوە فەرموو كە فیلمەكەم باسی عیراقی نەدەكرد، بەڵكو باسی پیرەژنێكی كورد دەكات لەهەموو خۆشییەكی ژیان داماڵڕاوە، ئەوەبوو هەستی نەتەوەییم جوڵا و پێیانم وت بەر لەوەی دەست بەگفتوگۆ بكەم دوو هەڵە هەیە كە یەكەمیان من عیراقی نیم، بەڵكو كوردستانیم ، دووەم عیراق مانای عەرەب دێت، بەڵام من كوردم كە ئەو قسەیە لەوڵاتێكی وەكو ئەڵمانیا و لە شارێكی وەكو دیتمۆند كە سەدا چل و پێنجی خەڵكەكەی شۆڤێنی توركن لەوێ ئەو قسەیە زۆر گەورەیە بۆ ئەوان كە سوكایەتی سەركردەكانی توركە بە بێ ئەوەی ناوی هیچ كەسێك بزڕێنم دواتر تووشی دەمەقاڵێ و كێشەیەكی زۆر گەورە بووم لەگەڵ دەرهێنەرە توركەكان كە سی و پێنج دەرهێنەر بوون و بەمنیان وت دەبێ لەكاتی چوونە ژوورەوە داوای لێبوردن لە توركیا بكەیت منیش وتم باسی توركیام نەكردووە، وتیان تۆ زۆر بە خراپ باسی ئەتاتوركت كردووە و باسی كورد دەكەیت كە كورد نە نەتەوەیە و نە وڵاتە كە ئەو كارانە بۆ كورد دەسكەوتێكی زۆر گرنگ بوون.

بە پۆینت جیاوازی هەبوو
عەدنان عوسمان باسی لەبەشداریكردنی فیلمێكی خۆی لە فێستیڤاڵی قاهیرە لە میسر لەساڵی 2011 كردو وتی: بە فیلمی (سێگۆشەی مەرگ) بەشداریمان كردبوو یانزە فیلم لە سەرتاسەری هەموو جیهان لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی وەرگیرابوون یەك لەو فیلمانە فیلمەكەی من بوو كە بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەمای وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم بوو یەكێكی تر لەو فیلمانە فیلمی (تۆڕابۆرا)ی بەرهەمی كوێت بوو كە بڕی 25 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج كرابوو فیلمەكەی ئێمەش كەمتر لە 200 هەزار دۆلاری تێدا خەرج كرابوو كە فیلمەكەی ئێمە لەگەڵ فیلمەكەی كوێت بە پۆینت جیاوازی هەبوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە كە فیلمەكەی كوێت لەئاستی فیلمەكەی ئێمە نەبوو، بەڵام 25 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج كرابوو فڕۆكەی تێدا بەكارهاتبوو، بەڵام زانیم بە هۆی ئەوەی دەرهێنەرەكەی دەهاتە فێستیڤاڵەكە بەڕێوەبەری كارەكانی جانتای بۆ هەڵدەگرت و سێ پاسەوان بەدوایدا دەڕۆیشتن و هەمیشەش باڵێۆز یا كۆنسوڵی كوێتی لەگەڵدا بوو، بەڵام كوردێكی داماوی وەكو ئێمە بە پانتۆڵێكی كاوبۆو تیشێرتێك هاتوچۆمان دەكرد كەس نەیدەناسین، بۆیە زانیم ناتوانین خەڵاتەكە بەدەستبێنین.
ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەشكرد پێشتر لە زۆر وتار و دانیشتن و چاوپێكەوتن باسی ئەوەمان كردووە كە ئەگەر سینەمایەكی پێشكەوتوو و باشی كوردی بنیات بنێین كە دەنگدانەوەیەكی زۆر باشی هەبێت، ئەو كات لەوانەیە دەوڵەتی كوردیش ئەوەندە قورس نەبێت.
سەبارەت بە فێستیڤاڵە سینەماییە كوردییەكانیش، عەدنان عوسمان وتی: هەر كەسێك دێت لە فێستیڤاڵە كوردییەكان بە فیلم یا بە میوادنداری یا بە لیژنەیەك بەشداری دەكات یەكەم ناوی شارەكەت یا وڵاتەكەت دەزانێت و تێكەڵی كۆمەڵێك خەڵكی رۆشنبیر دەبێت و رووی جوان و رۆشنبیران دەخوێنێت ئەوە بۆ ئێمە دەسكەوتێكی زۆر گرنگە كە خەڵكی پێیوایە فێستیڤاڵ گرنگ نیە، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆر گرنگە تەنانەت ئەگەر فیلمی كوردیش نەبوو، ئەوا سازكردنی گرنگە، چونكە هیچ نەبێت رووی گەشی گەشتیاری یا شارستانی و جلوبەرگ و ئەتمۆسفێر و میوزیك و كەلتوری وڵاتەكەت پیشان دەدرێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان