هەماهەنگی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم و عیراق و پلانی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر

09:06 - 2023-02-12
عیراق
232 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، جەلال شێخ ناجی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری،  ژمارەیەک لە لێپرسراوانی دەزگا ئەمنییەکان ئامادەیبوون گفتوگۆ کرا لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و هەماهەنگی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم و عیراق و پلانی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر.
لە دیدارەکەدا تەئکید لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازی و هەواڵگریی و ئەمنییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییەکان کرایەوە لەپێناوی سەقامگیری زیاتر لە وڵات و پاراستنی ئاسایشی گشتی و رێگەگرتن لە هەر مەرامێک کە ئارامی و ئاسایش بخاتە مەترسییەوە.
سەرۆک بافڵ بە گرنگییەوە ئاماژەی بە کردە سەربازی و هەواڵگرییە هاوبەشەکانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم و عیراق کرد کە لە ماوەی رابردوودا ئەنجامی ئەرێنی زۆر باشی هەبووە و ئۆپەراسیۆنەکان بوونەتە مایەی سەقامگیری زیاتر و بەرقەرارترکردنی ئاسایش و ئارامی و داواشیکرد ئەو هاوکاری و هاریکاریانە زیاتر بکرێن و ژوورە هاوبەشەکان فراوانتر بکرێن لەپێناوی نەهێشتنی هیچ دەرفەتێک بۆ تیرۆریستان و رایگەیاند: ئەم هاریکاریانە لە نێوان هەردوولادا زامنی ئارامی و پاراستنی سەروماڵی خەڵکە بە تایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە کە پێویستە ئەم هەماهەنگیانە زیاتر بکرێن.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە دۆخی ئەمنی تاوتوێکران و بڕیاری پێویستیشیان لە بارەوە درا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان