ناوەندێكی رۆشنبیری و كەلتوری بۆ رەنجوری لە کەرکوک

10:35 - 2023-02-13
کەلتور
430 جار خوێندراوەتەوە
هۆڵی بنکەی رۆشنبیری رەنجوری لە کەرکوک

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد


ناوەندێكی رۆشنبیری لە نزیك گڵكۆی شاعیری بەناوبانگی كەركوك (رەنجوری) لە شاری كەركوك كرایەوە و ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی باری رۆشنبیری شارەكە.
رەنجوری یەكێكە لەو شاعیرە بەناوبانگانەی خاوەنی مەدرەسە و مزگەوتێكی ئاینی بەناوبانگ بووە لە گەڕەكی یادگاری شاری كەركوك، خزمەتێكی زۆری  لە بواری رۆشنبیری و زانستی و ئاینییدا كردووە، رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە داهێنانە شیعرییەكانی و لە بواری زانیستیشدا چەند كتێبێكی نووسیوە.
لەسەردەمانێكدا مزگەوت و قوتابخانە ئاینییەكەی رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری و زانست لە هەموو كوردستاندا، لەم بوارەدا مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف لە لێكوڵینەوەیەك لە گۆڤاری رۆشنبیری نوێدا لێكوڵینەوەیەكی تێرو تەسەلی لەسەر رەنجوری و قوتابخانە و مزگەوتەكەی بڵاو كردبۆوە، هەروەها ئاماژەی بە گەلێك دەستنووس و بەڵگەنامە دابوو كە دەگەڕێتەوە بۆ رەنجووری شاعیر.

هەوڵ و كۆششی تاكەكەس

خالید جاف، بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیری رەنجووری شاعیر، رایگەیاند: ماوەی دە ساڵە بە هەوڵ و كۆششی خۆم و لایەنە پەیوەندیدارەكان و بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خوێندنی كوردی لە كەركوك توانرا لە نزیك گڵكۆی رەنجوری شاعیر ئەم ناوەند رۆشنبیرییە بە ناوی شاعیرەوە بكەینەوە و جێگەیەك تەرخان بكەین بۆ كۆڕ و سمینارە شیعرییەكان.
وتیشی: ئێستا ئەم ناوەندە لە نێو قوتابخانەی دواناوەندی ئاڵای كچاندا كراوەتەوە لە سەر رووبەری 120 مەتر دووجادا كە خۆی دەبینێتەوە لە هۆڵێكی دانیشتن و كتێبخانەیەكی خنجیلانە كە بە هیمەتی رۆشنبیران و نووسەران كتێبێكی زۆری تێدا كۆكراوەتەوە و هیوادارم لە دوا رۆژدا ببێتە كێتخانەیەكی رۆشنبیری و مێژوویی تایبەت بە كەركوك و نووسەران و شاعیران.
باسی لەوەشكرد هونەری تەلارسازی ئەم ناوەندە لە شێوەی تەلارسازی كوردەواری مزگەوت و مەدرەسە ئاینییەكان درووستكراوە كە چوارچێوەیەكی هونەری كوردەواری بە خۆیداوە.

پێویستە بەرز بنرخێندرێت
نووسەرو مێژوونووس سمكۆ بەهرۆز، لەسەر كردنەوەی ناوەندێكی رۆشنبیری و كەلتوری بەناوی رەنجوری، رایگەیاند: لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە بەهۆی دروستكردنی خانووەیەكی زۆری زیادەڕۆ لەسەر مۆڵكی گشتیی و شوێنی گۆڕستانەكان، بوو بەهۆی لەدەستدانی بەشێكی زۆری گۆڕی كەسایەتی و ناودارانی شارەكە، یەكێك لەوانەی كەوتە بەر ئەو شاڵاوە گۆڕی رەنجوری بوو، ئەمەش بوو بەهۆی دڵتەنگی نووسەران و رۆشنبیرانی شارەكە، وەكو خەمخۆرییەك نووسەر خالید جاف گڵكۆی شاعیر رەنجوری نۆژەنکردەوە و دروستكردنی ناوەندێكی رۆشنبیری لە تەنیشت گۆڕەكەی كە ئەمەش بوو بەهۆی دڵخۆشییەكی زۆری نووسەران، بۆیە ئەم پرۆژانە دەبێت ببێت بە هەنگاوێك بۆ پاراستنی شوێن و گۆڕی كەسایەتییەكانی شارەكە، چونكە لەناوچوون دەیپارێزێت هەر وەكو ئەوەی خواڵێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال لەكاتی خۆیدا هەر یەكە لە تەكییەی تاڵەبانی و مزگەوتی سەید ئەحمەدی خانەقای نۆژەنکردەوە كە ئێستا بوونەتە شوێنێكی ئاینی پیرۆز لە شارەكەدا، بۆیە ئەم هەنگاوەش یەكێكە لەو هەنگاوانەی پێویستە بەرز بنرخێندرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێز لە هەموو شوێنەكانی تر بگیرێت، كە لەئێستادا ماڵی شێخ رەزای تاڵەبانیش پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە لە گەڕەكی بەرتەكیە.

مۆركی بنەڕەتی خۆی بێت
خالید جاف وتیشی: پێویستە ئەم نۆژەنكردنەوانە چوارچێوەیەكی كەلەپووری و بیناسازی كوردەواری لە خۆ بگرێت، گونجاو بێت لەگەڵ ژینگەی ئەو كاتەی كە شوێنەكەی تێدا بینادنراوە، بۆ ئەوەی رووە بنەڕەتییەكەی لە دەست نەدات كە لەئێستادا هەندێك كەسانی تریش ئەو کارەیان کردووە.

یەكێك بوو لە شاعیرە بەتواناكان
هەر لەبارەی كردنەوەی ناوەندی رۆشنبیری و كەلتوری شاعیر رەنجوری، نووسەرو رۆژنامەنووس تاریق كارێزەی، رایگەیاند: رەنجوری (مەلا عومەری زەنگەنە، یان مەلا عومەری شاڵبەگی) یەكێكە لە رشتەی شاعیرانی كەركووك. رەنجوری (1750- 1813) زانایەكی ئەستێرەناس و كەشناس و شاعیرێكی بە توانا بووە.
وتیشی: دیوانەكەی بە شێوەزاری گۆرانە، ئەو بەر لە شاعیرانی قوتابخانەی بابان (نالی، سالم، كوردی) شیعری بە كرمانجی ناوەڕاست (سۆرانی) نووسیوە، جگە لە كوردی، شیعری بە زمانی دیكەش نووسیوە.

دەبێتە شوێنێك بۆ چالاكییە كەلتورییەکان
باسی لەوەشكرد دوای هەوڵێكی زۆری مامۆستا خالید جاف، فەرهادانە چەند ساڵێكی خایاند، توانی خانەی رەنجووری لە گەڕەكی ئیمام قاسم (زێویە) یان یادگاری شاری كەركووك دروست بكات، شوێنەكە نزیك بە ئارامگەی رەنجورییە، بە یادی ئەو كەڵە زانا و شاعیرەی مێژووی ئەدەبی كورد، مامۆستا خالید جاف خانەی رەنجوری وەك ناوەندێكی كەلتوری دامەزراند.
باسی لەوەشكرد بە تەواوبوون و كردنەوەی خانەی رەنجوری چرای مەشخەڵێكی نوێی كەلتور و وێژە لە نێو شاری كەركووك هەڵكرا، ئێستا ئەم شارە خاوەنی چەندین ناوەند و بنكەی كەلتوری و ئەدەبی و زانستییە.
جێی ئاماژە بۆ كردنە لە ئێستا بە دواوە خانەی رەنجوری لە خزمەتی هەر چالاكییەكی كەلتور و وێژە و زانست و توێژینەوەدا دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان