یەكێتی، هەماهەنگیی هەرێم و عیراق بە چارەسەر دەزانێت

10:10 - 2023-02-14
عیراق
241 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپێناوی دابینكردنی ئارامی و ئاسایشی زیاتر بۆ كوردستان و عیراق؛ لە هەوڵەكانی بەردەوامە، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازی و هەواڵگری و ئەمنییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە چارەسەری ئارامی دەزانێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەنوێترین دیداریدا لەگەڵ حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، بەگرنگییەوە ئاماژەی بە كردە سەربازی و هەواڵگرییە هاوبەشەكانی نێوان دەزگاكانی هەرێم و بەغدا كرد و وتی: «هەماهەنگی و هاریكارییەكان لەماوەی رابردوودا ئەنجامی ئەرێنی و دڵخۆشكەری هەبووە، بۆیە دەبێت لە داهاتووشدا بەهەمان رۆحییەتەوە لە هەوڵەكانمان بەردەوامبین بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەكان».
هەماهەنگیی زیاتر، ئارامیی زیاتر بەدیدەهێنێت
لە لێدوانێكدا بۆ PUKMEDIA، هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەڵێت: «بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، هەموو هەوڵێكی بۆ ئارامیی زیاتری عیراق و هەرێمی كوردستانە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عیراق، ئارامیی زیاتر دەستەبەردەكات». ئاماژەی بەوەشكردووە كە «متمانەدان بە لیوا هاوبەشەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق، هەنگاوێكی دیكەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە ئارامیی زیاتر بۆ ناوچە جێناكۆكەكان بەدیدەهێنێت و دەبێتە خاڵی بەهێز بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان».
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەوەشی ئاشكراكردووە كە «لیوای هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق لەدوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەستبەكاردەبێت، ئەوەش هەوڵێكی دیكەی سەرۆكی یەكێتی-یە كە مەبەست لێی گەڕاندنەوەی ئارامیی زیاترە بۆ وڵات».
هەماهەنگیی دژەتیرۆری عیراق و دژەتیرۆری سلێمانی، مایەی دڵخۆشییە
یەكێتی لە خەمی ئارامیی زیاتردایە بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، هەر ئەوەشە وایكردووە كە سەرۆك بافڵ، بەگرنگییەوە لە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكان بڕوانێت و گرنگی پێبدات.
عەبدولناسر ئەحمەد ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ PUKMEDIA، رایگەیاندووە: سەرۆكی یەكێتی، لە خەمی ئارامیی زیاتردایە بۆ هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی كوردستان و هەر ئەوەشە وایكردووە كە خواستی پتەوكردنی پەیوەندییە ئەمنییەكان لەنێوان یەكێتی و عیراقدا هەبێت». باسی لەوەشكردووە كە «تا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عیراق و هێزە ئەمنییەكانیدا هەماهەنگی زیاتری هەبێت و كۆبوونەوەكان بەردەوامبن، ئارامی و ئاسایشی زیاتر بۆ ناوچەكان بەبێ جیاوازی بەدیدێت، بەتایبەتی لە ناوچە جێناكۆكەكاندا». دەڵێت: «ئەو پەیوەندییە پتەوەی لە نێوان هێزی دژەتیرۆری عیراق و هێزی دژەتیرۆری سلێمانیدا هەیە، مایەی دڵخۆشییە و دەرخەری ئەو راستییەیە، كە یەكێتی لەپێناوی ئارامی بۆ عیراق و هەرێم هەماهەنگییەكی باشی لەگەڵ حكومەتی عیراق و هێزەكانیدا هەیە و پێویستە ئەو پەیوەندییە پتەوتریش بكرێت».
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ عەبدولئەمیر ئەلشەمەری وەزیری ناوخۆ و سابت محەمەد سەعید ئەلعەباسی وەزیری بەرگریی عیراق، «هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگیی زیاتری هێزە ئەمنییەكان لەپێناوی ئارامیی زیاتر بۆ ناوچەكە و دەستگیركردنی تیرۆریستان و تاوانباران».

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان