چەند پەیڤێک بۆ ماڵئاوایی هونەرمەند گوشادی میرزا کەمال

01:01 - 2023-02-14
کەلتور
395 جار خوێندراوەتەوە


رەهبەر سەید برایم

هەلەو هەلەو وا گوڵێ باریكەلاوە
پێم گووت بۆ ماچێ گوڵێ جوابی نەداوە
تەماشای خاڵی سەر ڕوومەتی كە
جەرگی دەرهێنام بردی لەتی كە
پاوانەكەی ئەزرینگێتەوە
قافڵە لە عەجەما ئەگێڕێتەوە
چاو رەشێم وا وەرە
عەمر و عەزیزم وەرە

مۆزیك واتا ئاواز و سۆز و زایەڵەی چێژبەخش و خۆش، نەك مرۆڤ دارودرەخت و مەل و گوڵ و گیا و گیانداران پێی دێنە جووڵە و جۆش و خرۆش، مۆزیك پێكدێت لە چەند توخمێكی بنەڕەتی بۆ بەزم و ئاهەنگ! ریتم رەزم-میلۆدی و هارمۆنی و مۆركی دەنگ!
تێگەیشتن لە مۆزیك تەنیا گوێ گرتنە، بۆ شیكردنەوە و پەی پێ بردنە، ئاستەكانی مۆزیك، لە دوورونزیك، ئاستی هەست و ئاستی گوزارشت و ئاستی مۆزیكی تەواوە! بەو شێوەیە ئاستەكان پێكهێندراوە!
گۆرانی و ئاواز و بەستە و مەقامەكانی كۆیە تایبەتمەندن، خاك و ئاسمانی كۆیە پڕ لە بەهرەمەند و هونەرمەندن، ئەستێرەكانی بە تەم و مژ داپۆشراون، زۆریان بزر و نادیار و گومناون! هەروەك:
سمایلە خڕە و سۆفی عەلییە خڕە و حاجیە گەورە و مەڕبێن قەشە شابیلی و پوتێ و مام شەعیە و حەنیلە خڕە و نەشئەتی رشیداغای حەوێزی و شێخ نەجمەدین بەرزنجی و باپیرە كەڕ و حاجی قادری پەڕەكەر و حەمەدەمین گۆجی كەبابچی و مام قادری حەمامچی و مام ئەمینی سەمەنی و ئەحمەدی حەمەمەلا و مەلاكۆرە و حەمەڕەشید شێرزادی و سەید ئەنوەری بەرزنجی و عومەری رەعبەباریكی و حەمەدەمین عەباس و مەحمود حەمەد شێخانی و حەمە بەگرەز و باقی حەلاق و شەفیق خەلەف چاوەش و وەستا رەشیدی سایەق و مەجید باخەوان و مەلا عەبدولرەحمانی موئەزینی مزگەوتی گەورە و سابیر مام برایمی و بیلالە فەندی و....
لە ژنان مێرەمێ میرانی و ئامینەی خەلەف چاوەشی و فەقێ گورێ و عەنیفی عەدەی مەلێ و كافیەی مەلایان و رابیە رەش و فەقێ پیرۆز و ئامەشەل و قەدریەخانی خێزانی مامۆستا عەبدوڵڵا كاكە و ....
دەیچریكاند بە زمانی دڵ و گوڵ
لەپاش حەفتاكان تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە شۆڕشی هونەری كرد بەرپا، ناوبانگی باشیان دەنگی دایەوە لەسەرانسەری كوردستان سەراپا، یەك لەو بولبولانەی سەرچڵی باخی گوڵانی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە، گوشادی میرزا كەمالی بوو گۆرانی دەچڕی بەو دەنگ و میلۆدی و سۆڵۆیە!! بە دیاركەوت و گۆرانیەكەی دەنگی داوە، هەلەو هەلەو واگوڵێ باریكەلاوە، هونەرمەند گوشاد گوڵێك بوو لە باخچەی هونەر، پەڕەكانی نەرم و گەش و جوان و تەڕ، بولبولێك بوو لەسەرچڵ، دەیچریكاند بەزمانی دڵ و گوڵ، هەرچەند درێژەی بە هونەری گۆرانی نەدا، بەڵام لە گوێی خەڵك هەرما بە دەنگ و سەدا، هونەرمەندێكی (بڵند)و شنەی (شنۆ)و گەرووی تاڤگەی (بافل) بوو، مەلی خۆشخوانی ناو مێرگزجار و رەز و گوڵ بوو، لەسەر تەخت و (بانوو)ی هونەر بەردەوام با، دەگەیشتە لوتكەی (باڵا)، جوانتر و زیاتر جەماوەری تێ دەئاڵا!! باخچەی ژیانی رەزاندبۆوە بە گوڵ و خونچە، ختو خاوێن و بەسۆز و ڕێز یەك پارچە، بێ لە گۆانی و بەهرە و هونەر، خۆشەویست و ئازیزبوو لەناوجەرگەی جەماوەر، هێزی هەبوو، ڕێزی هەبوو، بە بەزەیی و سۆزی هەبوو، مرۆڤ لە هەر كوێیەك بێت لەناو كۆشك و یان لەكەلاوە بێ، دەبێت دڵ و دەروون و ڕوخساری پاك و جوان و رازاوە بێ، گوشادی میرزا كەمالی، هەڵوژەی كاڵ بوو گۆرانی دەگووت بە منداڵی، بەوتاو مانا مرۆڤ بوو، لە پەری و پەپوولە دەچوو، پێی لە مێروولە نەدەنا، گوناهی كەم بوو لەگەردەنا، وەك گۆمێكی قووڵ بەئارام و مەنگ، لەسەر خۆو و دەم بەخەندە و بێ دەنگ، چاوەكانی لەرەنگی قازی بازی، چەپكەگوڵ بوو سروشت و شێوازی، كەوی سپی قەرەچوغ و كۆترێكی باڵ نەخشین بوو، وتەكانی وەك هەناری مێ خۆشی بەربارانی رەزی نازەنین بوو.
دەردی دووری و نامۆیی
بەرەبابی میرزا كەمالی، دەنگیان خۆشە بەخۆشحاڵی، هونەرمەند (هیمدادی میرزا كەمال)لە هەناوی هونەر و پەروەردە و قاڵ، كۆمەڵێك كۆیی بووین لە هەندەران، لە ئەنیش خەدێ ی هۆڵندا دەژیاین لەگەڵ برادەران، ناوبەناو كۆدەبووینەوە بۆ بەزم و ئاهەنگ، دەردی دووری و نامۆیی مان بەبا دەكرد و بەگاڵتە و جەفەنگ، لەوێ بەدەنگی نەرم و زووڵاڵی، هیمدادی میرزا كەمالی، بەژەنیاری وەستا سەربەستی خەیات، بەیادگاری خەیاڵ دەهاتینەوە وڵات، بە ئاواز و شیعر و گۆرانی و گفوگۆ، دەگەڕاینەوە و هەڵدەفڕین بەرەو شاری كۆ، ئێرەییان پێدەبردین، كەچەند مەردانە و كوردین، هونەرمەند هیمداد كە دەیچریكاند! سۆز و ویژدانی دەجولاند: ئەو ڕۆژگارانە هەیبوو رەواجی:
گووتم بە بەختی خەواڵووی حاجی
گوڕەی بەهاری ئێستای باواجی
خەمڵیوە دیمەن، جوانترین شێوە
ئەوەل سەحەرە، بەسەدای سێوە
لە حەمامۆك و لوولەی زایەری
شیرین بەهارەی خاڵە تایەری
مەلا ئەسعەدە دەنگ و كەباری
لە كونجی حوجرە بەهرە دەباری
لای مەلا كۆرە، قاسپەی كەوان دێ
بەدەف و مەولود، بەزمی شەوان دێ
نەغمەی بولبولان، لە ڕەز و ڕەوەز
هات فەسڵی گوڵان، لە كێ یە بەگرەز؟
گوڵزاری زەوقن، دەنگیان لەلایە
سەدای ئەحمەدی حەمە مەلایە
جۆشی ڕاپەڕین گەرووی بیلالە
لەسەریان مەدەن پەپوولـــە و لالە
كۆیە ئەستێرە و چرای لە دەورە
چایەچی و چارچاو حاجی یە گەورە
فێرگەی هونەرە، خۆشخوانی پڕە
مەڕبێن و پووتێ، حەنیلە خڕە
كۆرسیان غیلمان، كچیان حۆری و بووك
(دێوانە)و (گوشاد)، جەلال و چاپووك
تیپی باواجی بەهرە و هونەر ساز
سەرداری قافڵەی گۆرانی و ئاواز
جلیوەی ئەنوەرە، كۆیە و كەلتووری
مەردانە و جانا، وریا و باكووری
زاتێكی كۆیی كوردی راهێنا
نۆتەی هونەری مۆزیكی هێنا
یانەی ئەدەبی، قاسدو ئەختەر
پڕ نەشئەی نەشئەت، دیوە خانی تەڕ
شلە وخانانی ئەمیناغایە
حاجی بەكراغا بەردی بناغەیە
لەبەرچاومە گردی چادری
فولكە وپەیكەری حاجی قادری
هێمن دەزانێ كۆیە و رەواجی
بۆ سورمە دەبێ خاكی پێی حاجی

باس و خواسی جۆراوجۆر، دەهاتە گۆڕ، خەم لە دڵمان نەدەما، دیمەنی كۆیەمان دەهاتە پێش چاو وەك شریتی سینەما، هونەرمەند هیمداد باسی گوشادی كاكی دەكرد، كۆڕەكەی خۆشتر بەرەو ڕووناكی دەبرد.
ژیان هێڵێكە بەفەرمانی سروشت كێشراوە، لەخەم و ژان و خۆشی و حەسرەت تێكەڵاوە، گەنجی گەنجینەیە لە جوانی و بەختەوەری، پیری خەونێكە لەبیرەوەری، گەنجی كۆتایی منداڵی یە، بەرەو پیری و دەرد و تاڵییە.
هونەرمەندێكی كۆیی هەبوو بەناوی (حوسەی حەبەتۆز)دەنگێكی خۆش و ئەفسوناوی هەبوو بەرز و بەسۆز، گۆرانی دەچڕی لە گردی باویانو رەزی ساغە وسەر رەزانی گەرمووك، بەتایبەتی لە شایی فەقێ یەكان و شەوارە و ئاهەنگی گواستنەوەی بووك، گۆرانییەكانی (لۆركێ و لۆركێ، خاتوونی لۆركێ)لێدەن لە بەزمی حەلۆكێ، ناچمە دیانان گوندی فەلانە، هات كاروانە و كاروانە.
دەهاتن دەستە بە دەستە
خێزانێكی نەخۆشی هەبوو، لە هۆش خۆی دەچوو، بەناوی عەیشێ، گۆرانی بۆ گوتووە كە گیانی نەیەشێ، هێوری كردۆتەوە، بەهۆش خۆی هاتۆتەوە، حوسەی حەبەتۆز، وجاغ كوێر و ژیان ئاڵۆز، پیشەی قایەخچی بووە هەژار و بێ چارە بووە، ماڵیان لە كۆیە لە پشت مزگەوتی منارە بووە! 
وەختێ هونەرمەند گوشاد تووشی نەخۆشی بوو، خەڵك بەڕاستی لەخەم و پەرۆشی بوو، لەجێ كەوت بە نەخۆشی و غەمناكی، تاریكایی بوو ژیانی ڕووناكی، لەو سەرو وەختە هونەرمەند گوشاد میرزا كەمال، نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنی بوو كەوتبوو لەماڵ، بەو شێوەیە هونەرمەندان كە دەچوونە سەردانی، گوشادیان گوشاد دەكرد بە ئاواز و گۆرانی. دەهاتن دەستە بە دەستە، دەستیان دەكرد بە گۆرانی و بە بەستە، بەشكوو نەخۆشیەكەی چابێ، دەرمانی ئازارشكێن و شیفابێ، هەلەو هەلەو واگوڵێ باریكەلاوە، گوشادی نازدار، جوابی نەداوە، تەماشای مەرگی پڕ ئەزیەتی كە، جەرگی دەرهێناین بردی لەتی كە، هەلەو هەلەو بكەن بەگوڵ بۆ تیپی باواجی و هونەرمەندان و گەلی دۆست و برادەران و بەرەی مام یەحیا و خزم و هەڤاڵی، هونەرمەند گوشادی میرزا كەمالی، كۆچی دوایی كرد و ڕۆیی بەتەمەنی 61 ساڵی، باریكە لاوە، باری كرد بۆ كەلاوە،  لە ڕۆژمێژووی (7/1/2023) بارگەو هەواری بۆ گۆڕ پێچاوە،  پاوانەكانی نازرێنگێتەوە، ئاخ و داخ لە ناخ دەپونگێتەوە، عومری شیرینی ناگەڕیتەوە.
عەمر و عەزیزم وا وەرە، مەگەر رۆژی مەحشەرە! گۆڕ و گلكۆكەی داپۆشن بە گوڵ، یادی بكەنەوە لە ویژدان و دڵ.
- شنۆ: مەبەست لە شنۆی مامۆستا ئیسماعیلی مام رەشیدی مام یەحیایە، خێزانی هونەرمەندە.
- بافڵ و بڵند و باڵا و بانوو: كوڕ و كچی هونەرمەندن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان