خاکی کشتوکاڵیی پشدەر تێرئاو نەبووە

09:33 - 2023-02-15
ڕاپۆرت
494 جار خوێندراوەتەوە
لە پشدەر جووتیاران زەوییەکانیان سەماد دەکەن

رانیە/ جێگر خدر

مام کەمال جووتیارێکی سنووری سەنگەسەری قەزای پشدەرە، لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی کەمیی بڕی بارانبارین و گرتنەوەی ئاوی زێی بچووکەوە نەیتوانیوە وەک پێویست لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سوودمەند بێت، ئەمساڵیش ئەگەرچی لێی روون نییە تا چەند ئاوی باران و زێی بچووک هاوکار و یارمەتیدەری دەبن، بەڵام بە رێژەی بەرزی ئاستی بارانی ئەمساڵ تائێستا گەشبینە و دەڵێت: پشتیوان بەخوا بەرهەمی ئەمساڵ قەرەبووی ساڵانی رابردووشمان بۆ دەکاتەوە.

پێویستی بەبڕی زیاتری باران بارینە
جگە لە مام کەمال زۆرینەی جووتیارانی سنوورەکە بەبڕی باران بارین و دواهەمین بەفر خۆشحاڵن و زووتریش لەناو خۆیاندا بە «پەڵەدان»ی زەوییەکانیان گەیشتوون، بەڵام هێشتا خاکی کشتوکاڵیی ناوچەکە بەو بڕە بارانە نەگەیشتووە بۆ زیاتر بەرهەمداریی کشتوکاڵیی پێویستیەتی.
قەزای پشدەر لەڕووی هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگە و لە باری ئاسایدا پشت بە بارانی مسۆگەر دەبەستێت، بە وتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزاکە، خاکی کشتوکاڵیی پشدەر پێویستی بەبڕی زیاتری باران بارینە، لەمـساڵدا تاوەکو نووسینی ئەم راپۆرتە  لە سەنتەری قەزاکە کە شاری قەڵادزێیە 451 ملیمەتر باران باریوە، ئەگەرچی لە ساڵی رابردوو  تا ئەم کاتە کەمتر لەوە باری بوو، بەڵام بۆ ئەوەی خاکی کشتوکاڵیی پشدەر تێرئاو بێت پێویستی بە رێژەیەکی زیاترە کە ساڵانە لە سەرووی 650 ملیمەترەوە بێت.

دوو ساڵی رابردوو نیمچە وشکەساڵی بوو
حاجی رەسوڵ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پشدەرە، زیاتر باس لە بڕی پێویستی باران و کاریگەرییەکانی بۆسەر کشتوکاڵی ناوچەکە دەکات و وتی، پشدەر دەوڵەمەندە بە  بەرهەمی کشتوکاڵیی وەک دانەوێڵە، ئاژەڵداری، باخداری و بەرهەمی هاوینە، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوو بەهۆی کەمی بارانبارین کە رێژەکەی 449.5 ملیمەتر و 552 ملیمەتر بووە یەک لە دوای یەک، نیمچە وشکەساڵی رووی لە دەڤەرەکە کردووە و ئاستی ئاو کەمی کردووە و کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر بەرهەمی کشتوکاڵیی، ئاوی ژێر زەوی و سروشتی ناوچەکە.
وتیشی، ئەمساڵ رێژەی بارانبارین تا 9/2/2023 تەنها 451 ملیمەتر بەراورد بە ساڵی پار هەتا ئەم بەروارە 415 ملیمەتر بووە، ئاستی ئاو لە قەزای پشدەر تائێستا باش نییە و نەگەیشتۆتە ئاستی پێویست کە کاریگەری ئەرێنی هەبێت لە سەر بوژانەوەی ئاوی ژێر زەوی و بوژانەوەی تەواوی سەرجەم کانی و کارێز و چەمەکانی سنورەکە.

بەرهەمی کشتوکاڵیی لە  ئاستێکی باشدایە
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پشدەر باسی لەوەشکرد، سەرەڕای کەمی ئاو هێشتا کشتوکاڵی پشدەر لە رووی ژمارەی پڕۆژە و بەرهەمی کشتوکاڵیی لە ئاستێکی باشدایە بۆ نموونە بەرهەمی (گۆشتی سور، گۆشتی سپی، هەنگوین، گەنم، ترێ، هەنجیر، بامیە و خەیار) لێی هەناردەی شارەکانی تری هەرێم و عیراق دەکرێت. هەروەها دەتوانرێت بەهێنانی سیستمی تەکنەلۆژیای نوێی کشتوکاڵی و بە پیشەسازیکردنی بەرهەمی ئاژەڵی و رووەکی وەک بەرهەمی شیرەمەنی، ترێ و پەلەوەری و جۆری دیکە پەرەی زیاتر بە کشتوکاڵ بدرێت و ببێتە سەرچاوەی دارایی باشتر بۆ دانیشتوانی قەزای پشدەر.

جووتیاران داوای پاڵپشتی دەکەن
مام کەمالی جووتیار، وێڕای ئاو، داوای هاندان و هاریکاریکردنی حکومەت دەکات بۆ جووتیارانی سنوورەکە، بۆ زیاتر پێشکەوتن و بەرهەمهێنانی زیاتری بەروبوومەکەیان و دەڵێت، خاکی ئێمە خاکێکی بەپیتە بەروبوومی ئێمە دەتوانرێت بۆ بەشێکی زۆری شارەکانی کوردستان و عیراق رەوانە بکرێت، بەڵام پێویستە حکومەتیش هاوکارمان بێت، لە دابینکردنی قەرز، ئێمە لەم مانگەوە کارەکانمان دەست پێدەکەین تا مانگی 11 ، بەڵام پێویستمان بە سەرمایەیەکی پێویستە، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار هاوکارمانبن دەتوانین چوار وەرزی ساڵ لەکاردابین و بەرهەممان هەبێت، هەروەها رێگریکردن لە هێنانی بەرهەمی وڵاتان وادەکات ئێمە پتر قازانج بکەین و رەنگە لەگەڵ ئێمەدا خەڵکانێکی زیاتریش روو لە کشتوکاڵ بکەن و وڵاتمان زۆرتر ببوژێنینەوە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پشدەر باسی لەوەکرد، هاوکاری حکومەت بۆ جووتیاران لە چوارچێوەی دابینکردنی بودجەیەکی کەمی کەرتی کشتوکاڵدایە، هەرچەندە لە گازەندە و داواکانی جووتیاران بەئاگان، ئەوانیش وەک بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پشدەر لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەردەوام لە خزمەت جووتیارانی ناوچەکەدان لە پێناو پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ، هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ یەکدی هەیە و کاری پێویستیش بۆ پێدانی رێنمایی هاوکاریکردنیان دەکەن.

#رانیە

بابەتە پەیوەندیدارەکان