دەست لە ململانێ هەڵگرە با بەهێزتر بیت!

09:17 - 2023-02-16
کەلتور
672 جار خوێندراوەتەوە
ململانێ لاواز و خۆڕاگری بەهێزت دەکات

مەحمود شێرزاد

ئایا قەت هەستت بەم ململانییە شاراوەیە کردووە تەنانەت لەخەویشدا لە تۆدا روودەدات؟! ئێمە بەردەوام لەململانێی بەدەستهێنان و لەدەستدانی وزەداین، هەر ئێستا کە ئەم دێڕانە دەخوێنیتەوە و پێتوایە لە پشوودایت یان کات بەسەردەبەیت لە ژێرەوە و دوور لە چاوی خودئاگای خۆت ململانێیەکی قووڵ لەنێوان بەدەستهێنان و لەدەستدانی وزەدا لە تۆدا روو دەدات. مرۆڤ بە شەو و بە رۆژ هەرچییەکی دەیکات بۆ بەدەستهێنانی وزەیە، بەڵام بەشی زۆری کاتەکان و جارەکان بە جێگەی بەدەستهێنانی وزە، وزە لەدەست دەدات، بو وایە؟!
دەڵێن مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس گوتوویەتی: (کاتێ مرۆڤ لەدایک دەبێ لەگەڵ خۆیدا بەشەخۆراکەکەشی دێنێت، هەرکەس زوو بەشەخۆراکەکەی خۆی بخوات زووتر دەمرێت و هەرکەس درەنگتر بیخوات و پێخۆری پێوە بکات درەنگتر دەمرێت). ئەم قسەیەی مامۆستا زۆر تەواوە، ئەو کاتەی ئێمە لەدایک دەبین بە هەناسەمانەوە کە هەمان وزە و بەشەخۆراکی ئێمەیە لەدایک دەبین، هەرکەس ئەم هەناسەیە زیاتر بەکار بێنێت زووتر پیر دەبێت و زووتر دەمرێت و هەرکەس هەناسەکانی کەمتر بەکار بێنێت درەنگترپیر دەبێ و درەنگتر دەمرێت. هەناسە بریتییە لە وزەی ژیان (پرانا)، هەرکەس خەم و خەفت زۆر بخوات و مێشکی نائارام بێت، هەناسەکانی خێراتر دەبن و زیاتر بەکاریان دێنێت و لەئاکامدا زووتر دەمرێت، هەرکەسیش قورس نەیگرێ و مێشکی ئارام بێت، هەناسەکانی ئارام دەبنەوە و هەناسەی کەمتر بەکار دێنێت و لەبەرەنجامدا درەنگتر پیر دەبێت و تەمەنی درێژتر دەبێت. ئەم راستییە یۆگی و حەکیمەکان هەم سەلماندوویانە و هەم زۆریان باس کردووە.

خۆت لەم بەڵایە رزگار بکە
خۆنەناسی گەردوونی بەڵا هەرە گەورەکەی مرۆڤە و سەرچاوەی سەرجەم نەخۆشی و ناخۆشییەکانی دیکەی مرۆڤەکانە لە هەموو سەردەمەکان و لە هەموو دنیادا. مرۆڤ هۆشی لەسەر دەرەوەیە و لەناوەوەی دابڕاوە، هەربۆیەش دیوی نادیاری «بوون»ی خۆی و ژیان و چالاکییەکانی ناناسێت و نازانێت. ئەو نازانێ چییە و کێیە و ئەو کاروچالاکییانەی دەیانکات لەپێناو چیدا دەیانکات. دەخەوێ و نازانێ بۆ دەخەوێت، دەخوات و دەخواتەوە و نازانێ مەبەستی سەرەکی لە خواردن و خواردنەوە چییە؟ بیر دەکاتەوە و قسەدەکا و کار دەکا و...هتد، بەڵام ئاگاداریی مەبەستی سەرەکیی و نادیاریی ئەو چالاکییانە نییە، تەنیا رووکەشی شتەکان دەبینێ و ئەو رووکەشەشی لێ بۆتە حەقیقەت و ئەوەشی لەم بوارانەدا دەیانزانێت رێژەییە! ئێمە بۆ ئەوەی بزانین چین و کێین، بۆ ئەوەی بزانین سەرجەم کار و چالاکییەکانمان لەپێناو چیدا دەکەین دەبێ لە بنەڕەتی خۆمان رابمێنین، هۆشمان بگەڕێنینەوە بۆ ناوەوە تا خۆمان بناسین. کاتێ ئەو کارەمان کرد بۆمان دەردەکەوێ ئێمە هەرچی کردوومانە و دەیکەن بۆ شتێک بووە و هەیە هەر ئاگاداریی نەبووین و نین. دوای ئەوە بەرە بەرە بۆمان دەردەکەوێ ئێمە وزەین و هەرچی دەیکەین لەپێناو وزەدا کردوومانە و دەیکەین. ئێمە وزەین و لەشێوەی ماددەدا دەرکەوتووین، واتە رۆحین و جەستەمان هەیە. کاتی خۆی ئالبێرت ئەنشتاین گوتی: ماددە و وزە یەک شتن، یانی وزە بە شێوەی ماددە دەردەکەوێ و ماددەش وزەیە بۆیە هەیە. پاشان زانایانی فیزیای کوانتۆم توێکاریی وردیلەیان کرد و بینیان بنەڕەتی وردیلە وزەیە، بەڵام نازانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن، چونکە کاتێ دەیانەوێ وەکو ماددە هەڵسوکەتی لەگەڵ بکەن ئەو شەپۆلە و کاتێ دەیانەوێ وەکو شەپۆل هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن ئەو ماددەیە، هەروەها لە یەک کاتدا هەم لێرەیە و هەم لەهەموو شوێنێکە، کەواتە لێکۆڵینەوەکردن لەسەری دژوارە، ئەمە حیکایەتی بنەڕەتی وردیلەیە و وردیلەش کەرەستەی دروستکردنی جیهانی ماددەیە. یانی ئەمە چیرۆکی بوون و جەستە و چالاکییەکانی ئێمەیە.

ئێمە بەس وزەین
کەواتە ئێمە وزەیەن و ئەم وزەیەش ئاگاییە، لەولاشەوە هەرچی دەیکەین بۆ بەدەستهێنانی وزە دەیکەین، ئامانج لە بەدەستهێنانی وزەش ئەوەیە لەرووی ئاگاییەوە گەشە بکەین. کەواتە لە پشت جەستەوە هەناسە هەیە، ئەم هەناسەیە وزەی ژیانە ئەوەی پێی دەگوترێ «پڕانا»، لەپشت ئەم وزەیەوە یانی لە پشت هەناسەوە ئاگایی هەیە، ئەم ئاگاییە بریتییە لە ئێمە، واتە رۆحی ئێمەیە، ئەم ئاگاییە یان ئەم رۆحە وزەی ژیان (پڕانا) و جەستەی فیزیکی و هەستەکان وەک کەرەستەیەک بۆ گەشەکردنی خۆی بەرەوە ئەو دیوی خۆی بەکاریان دێنێت، واتە بەرەو سەروو ئاگایی، چونکە لە پشت ئاگاییشەوە سەروو ئاگایی هەیە. ئێمە لەم سەرووئاگاییەوە سەرچاوەمان گرتووە و هەر دەگەڕێینەوە بۆ ئەویش، لە زانستەکانی سامکهیا و یۆگا و ئایورڤیدادا پێی دەڵێن پورووشا. کەچی ئێمە هۆشمان بەهەڵە بەکار دێنین، واتە هۆشمان لە دەرەوەی خۆمان و لەسەر ئەو شتانە رادەگرین کە بەشێک نین لە ئێمە و لە هەقیقەتی ئێمە، بەم کارە جگە لەوەی خۆمان بەفیڕۆ دەدەین، دەبینە هۆی کێشەی زۆریش بۆ خۆمان و بۆ دەورووبەرمان، کەچی هەموومان پێمانوایە ئەو کارانەی دەیانکەین لەپێناو ژیان و پێداویستییەکانی ژیاندا دەیانکەین، پێمانوایە ژیانی ئێمە پێویستی بەم چالاکییانە و بەم شتانە هەیە و ئەمانە ئامانجەکانی ژیانن، وابیردەکەینەوە ئەمانە سەرچاوەی وزەن و وزەمان پێیان زیاتر دەبێ، بەڵام نا! هەمووی ئەو کاروچالاکییانەی لەپێناو وزەدا دەیانکەین نابن بە هۆی زیاترکردنی وزەی ئێمە، بەڵکو بەشێکی زۆریان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی وزەی ئێمە، لێرەوە هەرکەس بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی هەوڵدەدا زۆرترین وزەی هەبێ و بە زۆرترین وزە بگات، یانی مرۆڤەکان رۆژانە لەگەڵ یەکتریدا لەشەڕی وزەدان، هەمووی دەیەوێ لەویتر بەهێزتر بێ و وزەی هەموومان بۆ خۆی بەرێ و بیخاتە خزمەت خۆیەوە. ئەمەش بەشێوەی جۆراوجۆر و لە رێگەی جۆراوجۆرەوە دەکەین.

دەست لە ململانێ هەڵگرە
گرنگترین خاڵ ئەوەیە مرۆڤ بنەڕەتی گەردوونی خۆی بناسێت، دوایی دەتوانێ ببێتە بەڕێوەبەریی وزەکانی خۆی و لەم هاوکێشەیەی هاوسەنگی وزە تێدەگات، واتە دەزانێت بەرزبوونەوەی وزەی ئەو راستەوخۆ پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی وزەی ئەوانیترەوە هەیە، لەم حاڵەتەدا هەموان هەم وزە دەبەخشن و هەم وزە وەردەگرن، لێرەوە دادپەروەرییەکی ناخەکیی لە کەسەکاندا روودەدات و ئەم دادپەروەرییە لە دەرەوەدا بە بێ هەوڵ و ماندووبوون و تەنانەت بە بێ بەکارهێنانی هیچ کەرەستەیەک روو دەدات، بەڵام ئەگەر مرۆڤەکان بەمشێوەیەی لەسەرەوە باسکرا خۆیان نەناسن، هەر کەس هەوڵدەدا وزەکان بۆ خۆی بەرێت، لە بەرەنجامدا هەم خۆی وزەی دادەبەزێ و هەم ئەوانیتر، چونکە ململانێ دروست دەبێ و هەموو ململانییەک لاوازکەری هەر دوولایە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان