ئینتەرپۆڵ لە گەڕانەوەی پارە دزراوەكاندا هاوكار عیراق دەكات

10:43 - 2023-02-18
عیراق
200 جار خوێندراوەتەوە

لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ یۆرگن ستۆك ئەمینداری گشتیی ئینتەرپۆڵ كۆبۆوە و ئاماژەی بەوەكرد، رێكارەكانی حكومەت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران پێویستی بە هاوكاری ئینتەرپۆڵ هەیە، بەتایبەت لە پرسی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو داواكارییانەی لەبارەی تاوانە داراییەكانەوە پێشكەش دەكرێن. وتیشی، دزینی پارەی گشتی و بەكارهێنانی سیستەمی دارایی جیهانی بۆ بە قاچاغبردن و سپیكردنەوەی پارە تاوانێكی نێودەوڵەتییە و زیانی بە عیراق گەیاندووە، جەختیشیكردەوە، وەرگرتنەوەی ئەو كەسانەی لەسەر ئەو تاوانانە داواكراون، یەكێكە لە هەنگاوە گرنگەكان و سودانی داواشی كرد، پاڵپشتی لە بواری ڕاهێنان و بنیاتنانی توانای ئەو كادیرانە بكرێت، كە لە نووسینگەكانی ئینتەرپۆل لە دەروازە سنوورییەكانن، تاكو هاوكاربن لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری. هەر لە كۆبوونەوەكەدا سودانی بانگهێشتی ئەمینداری گشتی ئینتەرپۆڵی كرد بۆ ئەوەی سەردانی عیراق بكات. لای خۆشیەوە، یۆرگن ستۆك ئامادەی بۆ هاوكاریكردنی عیراق لە وەرگرتنەوەی پارەی دزراو و داواكراوان و ئەوانەی بە دۆسێیەی گەندەڵی سزادراون راگەیاند و وتیشی، بۆ ئەو مەبەستە ساڵێك لەمەوبەر ئینتەرپۆل بەشی تایبەتمەندی دامەزراندووە.

سەرچاوە: الوكالة الوطنیە العراقیة اللأنبا‌ء

بابەتە پەیوەندیدارەکان