ئایا شەشەم لەناوچوونی بەکۆمەڵ بەڕێوەیە؟

10:34 - 2023-02-19
کەلتور
687 جار خوێندراوەتەوە
خشتەی کاتی جیۆلۆجی، کە بەشەکانی کات لە روانگەی زەویناسییەوە پیشاندەدات. ژمارەکان بە ڕێنووسی ئینگلیزی

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین*
سەرەتا: 
پێش ئەوەی بابەتی وتارەکە دەستپێبکەین باشتر وایە واتای لەناوچوونی بە کۆمەڵ، یان قڕتێکەوتن  (Mass extinction) روون بکەینەوە. قڕتێکەوتن یان مردنی بە کۆمەڵ، وەک لە فەرهەنگی زەویناسیدا  هاتووە»  بەو دیاردەیە دەوترێت، کە لە ماوەیەکی جیۆلۆجی کورتدا زۆربەی جۆرەکان (واتە لە گیانەوەران و رووەکەکان) ون دەبن و لە تۆماری جیۆلۆجیدا نامێنن». کەواتە مەبەست لە قڕتێکەوتن مردن و لەناوچوونی چەند دانەیەک نییە، بەڵکو دەبێت مردنەکە بەکۆمەڵ بێت و تا ئاستی لەناوچوونی جۆرەکان نزیک بێتەوە. زانایانی بواری زەویناسی و بەتایبەتی بەردیوناسی (Paleontology) بە وردی کاریان لەسەر دیاریکردنی ئەو ماوانە کردووە کە تۆماری جیۆلۆجی پیشانیداوە قڕتێکەوتنی بە کۆمەڵ روویداوە. زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی بە درێژایی کاتی جیۆلۆجی پێنج قڕتێکەوتنی بەکۆمەڵ هەیە و توانیویانە تا ئاستێکی باش سیفاتی هەر یەکێک لەو ماوانە دیاری بکەن، وەک لە خوارەوە بەکورتی هەر یەکێک لەو ماوانە روون دەکەینەوە و لەهەمانکاتیشدا باس لە شەشەمین قڕتێکەوتنی بە کۆمەڵ دەکەین، ئایا بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێین یان نا!
یەکەم قڕتێکەوتن
زەویناسەکان بڕوایان وایە پێش 443 ملیۆن ساڵ، یەکەم قڕتێکەوتن، یان لەناوچوونی بەکۆمەڵ رووی دابێت. ئەم تەمەنەش لە رووی زەویناسییەوە بە کۆتایی چەرخی ئۆردۆڤیشیان دەناسرێت (بنواڕە وێنەی هاوپێچ). ئەم لەناوچوونە بە کۆمەڵە دادەنرێت بە دووەم گەورەترین قڕتێکەوتنی مەزن لە کۆی گشت لەناوچوونە بەکۆمەڵەکانی کە زەوی تووشیان بووە. هەندێک لە زانایان پێیان وایە لەم ماوەیەدا هەموو ئاوی سەر زەوی بەستوویەتی و بووە بە سەهۆڵ. لەناو زەریا و دەریا و بەشەکانی تریشدا زیندەوەران لە سەرمادا رەقبوونەتەوە و لەناوچوون، نزیکەی ٪49 بۆ ٪60 جێنێراکانی زیندەوەرانی ئاویی، کە نزیکەی ٪85 جۆرەکان لە زیندەوەران دەگرێتەوە بە یەکجاری لەناوچوون و ئەوانەی رزگاریان بووە خۆیان لەگەڵ ژینگەی تازەدا گونجاندووە. لەلایەکی تریشەوە چەندین لێکۆڵینەوە لەساڵی 2020 دا ئاماژەیان بەوە داوە هۆکاری سەرەکی روودانی ئەم لەناوچوونە بەکۆمەڵە دەگەڕێتەوە بۆ گەرمبوونی زەوی و چالاکبوونی گڕکانەکان و کەمبوونەوەی ئۆکسجین، نەک وەک لەوە پێش باس دەکرا بە هۆکاری ساردبوون و بەفراوەرەکانەوە بووبێت!
دووەم قڕتێکەوتن
 دووەم لەناوچوونی بەکۆمەڵ لەنێوان 359 بۆ 380 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا روویداوە. لە رووی زەویناسییەوە، ئەم ماوەیە بریتییە لە کۆتایی ماوەی دیڤۆنیان. لەم کاتەدا گڕکانەکانی سەر زەوی بە کتوپڕی تەقیونەتەوە ئەمەش وایکردووە بڕی ئۆکسجین کەمبێتەوە و لەناوچوونی بە کۆمەڵی زیندەوەران دەستپێبکات. ئەم قڕتێکەوتنە زۆر بەهێز بووە و نزیکەی ٪75 ئەو جۆرانەی هەبوون لە ناوچوون. زۆرێک لە ماسی و شیلانەکان بەتەواوی لەناوچوون. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو زیندەوارانەی بەرزیی باڵا و کێشیان کەم بووە رزگاریان بووە، وەک تێتراپۆدەکان، یان چوارلاقەکان (Tetrapods). زۆرێک لە بەشەکانی شیردەر و خشۆک و وشکاوەکییەکان لێرەوە دەرکەوتوون. 
سێیەم قڕتێکەوتن
 ئەم لەناوچوونە بەکۆمەڵە لە کۆتایی ماوەی پێرمیاندا روویداوە، بەنزیکی پێش 251 ملیۆن ساڵ (سەرنجبدە وێنەکە). بڕوا دەکرێت وێرانکارییەکی گەورە  بە هۆکاری گڕکانەکانی سایبریاوە روویداوە. گڕکانەکان لە کاتی تەقینەوە و هەڵچوونیاندا بڕێکی یەکجار زۆر لە گازە ژەهراوییەکانیان کردۆتە ناو دەریا و بەرگەهەواوە. لە ئەنجامی ئەمەشدا بڕێکی زۆر لە تیشکی سەروبنەوشەیی دەرچووە و بووەتە هۆکاری سووتانی دارستانەکان و زۆرێک لە جۆرەکانی بوونەوەران تووشی لەناوچوونی بەکۆمەڵ بوون. ئەم قڕتێکەوتنە بە گەورەترین لەناوچوونی بە کۆمەڵی زیندەوەران لە تۆماری جیۆلۆجیدا دەناسرێت، کە نزیکەی ٪81 لەکۆی جۆرەکانی زیندەوەرە ئاوییەکان  و ٪70 جۆری زیندەوەرە وشاکانییەکان لەناوچوون. لەم ماوەیەدا ترایلۆبایتەکان بەتەواوی تیاچوون و نەماون.  هەستانەوەی بڕبڕەدارەکان نزیکەی 30 ملیۆن ساڵی ویستووە تا دەستپێبکەنەوە!
چوارەم قڕتێکەوتن
 لە کۆتاییەکانی ماوەی ترایاسیکدا، بەنزیکی پێش 210 ملیۆن ساڵ روویداوە. لەم ماوەیەدا گڕکانەکان بەردەوام چالاک بوون، نەک تەنیا لە سایبیریا، بەڵکو لە بەشێکی زۆری جیهان. بەنزیکەیی 80٪ جۆرەکانی زیندەوەران لەم قڕتێکەوتنەدا لە ناوچوون، ئەوەی مایەوە و بە جێما بریتیی بوون لە زیندەوەرە شێوە تیمساحەکان ئەمانە باوانی تیمساح و دایناسۆرەکان بوون. لەم  ماوەی لەناوچوونەدا نزیکەی ٪70  بۆ ٪75 جۆری زیندەوەرانی ئاویی لەناوچوون. زۆرێک لە خشۆکەکان و وشکاوەکییە زەبەلاحەکان لەناوچوون و دایناسۆرەکان لەسەر وشکانی مانەوە و توانیان بەردەوامبن!
پێنجەم قڕتێکەوتن
 لە کۆتایی ماوەی کریتاشیدا روویداوە، بەنزیکەی 65.5 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا. دایناسۆرەکان لەماوەی کریتاشیدا  لەسەر زەوی زۆر بڵاوبوون، بەڵام لە کۆتایی ئەم ماوەیەدا بە گشتی تووشی لەناچوونی بەکۆمەڵ هاتن و کۆتایی بە سەردەمی دایناسۆرەکان هات. بڕوا دەکرێت کەمبوونەوەی ئۆکسجین و بەرزبوونەوەی رێژەی دوانۆکسیدی کاربۆن هۆکاری سەرەکی نەمانی دایناسۆرەکان بووبن ئەمەش دەگەڕێنرێتەوە بۆ دابارین یان پێداکێشانی نەیزەکی گەورە بە زەویدا! توێژینەوەکان دەریانخستووە ٪76 جۆری زیندەوەران لەم قڕتێکەوتنەدا لەناوچوون، لەناویاندا دایناسۆرەکانیش قڕیان تێکەوت. لە دوای ئەم لەناوچوونە بەکۆمەڵەوە، شیردەرەکان و باڵندەکان بەسەر وشکانیدا تەواو بڵاوبوونەوە.
شەشەم قڕتێکەوتن!
زۆرێک لە زانایانی بوارە جیاوازەکان بڕوایان وایە، لەسەردەمی هۆڵۆسین، یان ئەنثرۆپۆسیندا دوورنییە شەشەمین لەناوچوونی بە کۆمەڵ رووبدات و گەلێک لە جۆرەکانی زیندەوەر بۆ دواجار لەناودەچن و قڕیان تێدەکەوێت (بنواڕە وێنەی هاوپێچ)! سەردەمی ئەنثرۆپۆسین، بریتییە لە سەردەمی مرۆڤەکان (بۆ زانیاری زیاتر بنواڕە لیستی سەرچاوەکان).  یەکێک لە بۆچوونەکان ئەوەیە کەمی خۆراک لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ لەناوچوونی بەکۆمەڵ، هەروەها نەمانی ئاوی شیرین و پیسبوونی بەرگەهەوا و چەندین هۆکاریتر، لەوانەیە پێکەوە سەرەتایەک بن بۆ مردنێکی بەکۆمەڵی زۆرێک لە بوونەوەران. بە واتایەکیتر هۆکاری سەرەکی شەشەمین لەناوچوونی  زیندەوەران دەگەڕێتەوە بۆ کاولکارییەکانی مرۆڤ، هەر لە بەکارهێنانی چەکە کۆمەڵکوژەکان لە جەنگە یەک لەدواییەکەکانەوە بۆ پیسبوونی دەریاکان و بەکارهێنانی بێسنووری دەرمان و قڕتێخەرەکان و دەستکاریکردنی جینەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و دەرهێنان و بەکارهێنانی لە رادەبەدەری سەرچاوە سروشتییەکان و... هتد. زانایان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە کۆی هەشت ملیۆن جۆر لە زیندەوەران نزیکەی یەک ملیۆن جۆریان هەڕەشەی لەناوچوونی بە کۆمەڵیان لەسەرە! بێگومان بە لەناوچوونی ئەو ژمارەیە وەک زانایانی ئەڵمانیا دەڵێن، لەوانەیە لە دەساڵی داهاتوودا لەناوبچن و ئەمەش بە گەورەترین قڕتێکەوتنی بە کۆمەڵ دادەنرێت لە دوای نەمانی دایناسۆرەکانەوە!

سەرچاوەکان: 
- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین،2013، بنەماکانی زەویناسی،  چاپخانەی ئاکام، سلێمانی، 354ل.
- باوان فایەق جەلال، 2022، زەوی- بنەماکانی زەویناسی لەڕووی فیزیاییەوە، وەرگێڕان، کتێبخانەی دڵشاد، 302ل.
- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، 2017،  سەردەمی ئەنثرۆپۆسین، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە: 7159 لە 4-1-2017، ل14. بنواڕە لینکی:  http://www.knwe.org/Direje.aspx?Jimare=50324&Cor=10&Besh=Araste
-Lutgens, F.K., and Tarbuck, E.J., 2012, Essentials of Geology, 11th ed., Pearson Prentice Hall, New Jersey, 554p.
-Mohialdeen, I.M.J., 2011, Dictionary of Geology, English-Kurdish, University of Sulaimani, Sulaimani, Paywand Printing House, Kurdistan, 269p.
-Earth›s sixth mass extinction event underway? Scientists predict how, when it will occur (msn.com)
-https://en.m.wikipedia.org/wiki/Holocene_extinction
-https://ourworldindata.org/mass-extinctions

* پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان