ئازارەكانی كورد و ئەفغانی لە روانگەی شاعیرێكەوە

10:41 - 2023-02-20
کەلتور
349 جار خوێندراوەتەوە

جەواد حەیدەری 

كوردستان 
كوردستانی ئاوارەی من
زۆر چاكت دەناسم
كوردستانی بریندارم 
بە چیاكانتا سەركەوتم و 
گریام.


زامێك بە سنوورەكانی جیهانەوە ناوی كۆمەڵێك شیعری هەڵبژێردراوی ئەفغانی ئەلیاس عەلەوییە، شاعیرێك لە قەومی هەزارە (ناوی قەومێكە لە ئەفغانستان) كە كورد بە برای خۆی دەزانێت كە هەزاران ساڵە ئەو دوو برایە یەكتریان ون كردووە. ئەلیاس دەڵێت: كوردستان ئاوارەیە و زۆر بە باشی كوردستان دەناسێت و بۆی گریاوە.
شاعیر و هونەرمەند ئەلیاس عەلەوی بە رەچەڵەك ئەفغانییە و لە قەومی هەزارەیە كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو بە هۆی شەڕی ناوخۆی ئەفغانستانەوە ئاوارە دەبن و روو دەكەنە ئێران و بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە شاری مەشهەد دەگیرسێنەوە و دواتر بۆ وڵاتەكەی دەگەڕێتەوە، بەڵام دیسان شەڕ و نائارامییەكانی ئەفغانستان وای لێدەكات كە رێگای هەندەران بگرێتەبەر و پەنا بۆ وڵاتی ئۆسترالیا ببات و لەوێ خوێندن تەواو بكات و بڕوانامەی ماستەر لە زانكۆی هونەرە جوانەكانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت. 
عەلەوی یەكەم دیوانی شیعری خۆی بە ناوی «من گورگێكی خەیاڵاویم بڵاودەكاتەوە و دواتر دووەمین دیوانی خۆی بە ناوی «بڕێك لە زامەكان» دەخاتە بەر دیدی خوێنەران و پاشان سێهەمین دیوانی بە ناوی «سنوور» لە چاپ دەدات.
ئەگەر سەیری شیعرەكانی ئەلیاس عەلەوی بكەین دەتوانین بڵێن شیعرەكانی عەلەوی زمانێكی سادە و نیگایەكی قوڵ و ئازارێكی سەختی تێدایە. زمان سادە و ساكار، بەڵام ناوەڕۆكێكی تاڵ و ئازاربەخشی هەیە و پڕە لە ئاوارەیی و دەربەدەری و ماڵبەكۆڵی، بێ وڵاتی و بێ نیشتمانیی و بێ شوێنی دەكات. ئەو لە رێگەی شیعرەوە رەخنە لە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی دەگرێت و بە زمانێكی شیعری دەرد و رەنج و خەونە كوژراوەكانی خەڵكەكەی دەخاتەڕوو و باس لەو نەهامەتییانە دەكات كە بە ناوی ئیسلامی سیاسییەوە بەسەر خوشك و براكانی لە ئەفغانستاندا هاتووە. 
لە لایەكی ترەوە ئەگەر بە وردی لە ناوەرۆكی شیعرەكانی عەلەوی بڕوانی هەست دەكەی ئەم شیعرانە هی شاعیرێكی كوردە. ئازار و ژان، شەڕ و كۆچ و ئازاری هاوبەش وای كردووە كاتێك خوێنەرێكی كورد شیعرەكانی ئەلیاس عەلەوی دەخوێنێتەوە، هەست دەكات شیعرێكی كوردییە و بە گیان و دڵ تێكەڵیان دەبێت و لە راستیدا زۆربەی ئازارەكانی كورد و ئەفغانی لە یەك دەچن. 
بە پێی شیعرێكی ئەلیاس كە لە دیوانەكەدا هاتووە بۆ تەنها شەوێك لە شاری سلێمانی میوان دەبێت و هەر بەم بۆنەیەوە  شیعرێكی بە ناوی «شەوێك لە سلێمانی» نووسیوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەفغانی و كورد برای خوێنیی یەكترن كە چەندین سەدەیە یەكتریان ون كردووە. ئەمەش كۆپلەیەك لە شیعرەكە:
كاك خەسرەو
تۆ كوردی 
من هەزارەم
ئێمە برای خوێنیی یەكین
كە چەندین سەدە یەكترمان ون كردبوو
هەتا ئەمشەو 
لە ماڵە چكۆلەكەی تۆدا لە «سلێمانی» و 
ئەم عەرەقە روسییە ئاوا مەستی كردووین
هەتا لە زمانی یەك تێبگەین
كاك خەسرەو، كاك خەسرەو!
بۆچی دەبێت بوتڵە عەرەقێكی رووسی ئێمە بگەیەنێ 
بە یەك؟


ئەلیاس عەلەوی لە شیعرێكی دیكەدا بە ناوی «كوردستان» نووسیویەتی:
كوردستان
كوردستان گیان
تۆ ئابڕووی جیهانی 
ئابڕووی بێدەرەتانی مرۆڤی
ئەو دەمەی لە بەر هێرشی شەودا بێ هیوا و 
بیر لە راكردن دەكاتەوە
بەڵام تۆ 
لە دەستێكتا  گوڵە كێویلەی 
ماتەمی هەزار تازەلاوی جوانچاك و 
لە دەستەكەی تریشیدا چەكێ
كە رووەو تاریكی وێستاوە
كوردستانی ئاوارەی من 
زۆر چاكت دەناسم
شەوانە لە چیا دەنوێی
كەچی خولیای روون دەبینی 
كوردستان
كوردستانی بریندارم 
بە چیاكانتا سەركەوتم و 
گریام.

دیوانی (زامێك بە سنوورەكانی جیهانەوە) لە لایەن حسێن جەوانشیر (پاشای باران)وە كراوە بە كوردی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە تیراژی 1000 دانە چاپ و بڵاوكراوەتەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان