سەرۆک کۆمار سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبارەی دۆسێی ئاوەوە دەکات

03:54 - 2023-02-26
عیراق
199 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 26-2-2023، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد تایبەت بە دۆسێی ئاو لە وڵاتدا، بە ئامادەبوونی عەون دیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و یۆهانس لیاندرت ساندێ باڵیۆزی هۆڵەندا لە بەغدا، محەمەد عەنی، نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری ئۆفیسی بانکی جیهانی لە بەغدا.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی کۆنفرانسی ئاو کە بەم نزیکانە لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت، هەروەها پێویستی پەرەپێدانی بابەتی ئاوی عیراق و ئەو گرفتانەی کە لە ئەنجامی کەمی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا سەریانهەڵداوە، دووپاتیشیکردەوە لە گرنگی پێویستی هەنگاوی جددی و پراکتیکی بۆ گەیشتن بەڕێکەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی  پێکەوە گرتنەئەستۆی زیانەکان و دابینکردنی پشکێکی دادپەروەرانەی ئاو.

سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بەپێویستی دۆزینەوەی رێکاری کاریگەر بۆ جێبەجێکردنی  یاسای پێویست کە ئاو و ئاسایشی کشتوکاڵی لە وڵاتدا بپارێزێت و هەروەها پێویستی کردنەوەی دیالۆگێکی پراکتیکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەم بوارەدا. 

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگیدان بەسەرچاوەکانی ئاو پاراستنیان لە ڕێگای ڕێوشوێنی جددی و کاریگەرەوە، بە تایبەت کە ئێمە لە نێو ریزی ئەو وڵاتانەداین کە زۆرترین زیانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و وشکەساڵی و بیابانبوونیان بەرکەوتووە.

ئامادەبووانی کۆبونەوەکە جەختیانکردەوە لە گرنگی بەشداری سەرۆک کۆمار لە کۆنفرانسی ئاو و بەردەوامی گەشەپێداندا کە بڕیارە لە نیویۆرک بەڕێوە بچێت.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆی بەرفراوان لە نێوان ئامادەبوواندا کرا، کە چارەسەرکردنی کەمی ئاو و بەکارهێنانی شێواز و ئامرازە سەردەمییەکان لە ئاودێریدا و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی پشکی ئاوی عیراق تەوەری سەرەکی بوو.

لەو بارەیەشەوە وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری وزەی ئێران سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زانیاری و دانانی وێستگەی پێوانە لەسەر رووبارە سنوورییەکان گەیشتونەتە لێکتێگەیشتن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان