دوانێتی زانایی و نەزانی

10:25 - 2023-02-28
کەلتور
406 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

یۆگا شێوازێکی زانستییە بۆ کۆتاییهێنان بە دابڕان، دابڕان لە بنەڕەت و لەسەرچاوەی خۆمان. راستە زۆرینەی مرۆڤەکان ئەم بابەتە تەنیا وەک بابەتێکی عیرفانی و فەلسەفی سەیر دەکەن، پێیانوایە بابەتێکی زۆر گرنگ نییە و پەیوەندی بەوان و بواری ئەوانەوە نییە، بەڵام هەر ئەم زۆرینەیە، زۆرینەیەکی نائارام و ناهاوسەنگە و نائارامی و ناهاوسەنگییەکەشی بە هۆی ئەم دابڕانەوەیە. خۆناسی تەنیا بۆ چەند کەسێک نییە، بەڵکو هی هەموانە. مەولانا لە سەرەتای دەفتەری یەکەمی مەسنەوی مەعنەویدا لە شمشاڵنامە هەژدە شیعرییەکەیدا دەڵێ: شمشاڵ (مرۆڤ) هات وهاورێتی تا بگەڕێتەوە بۆ قامیشەڵان (سەرچاوە و ماڵە راستەقینەکەی)، هەروەها دەڵێ هەر کەسیش لە بنەڕەتی خۆی دوور بکەوێتەوە رۆژێ هەر بۆی دەگەڕێتەوە، رێک وەک ئێمە، بۆ وێنە هەرچەندیش لە ماڵەوەمان دوور بکەوینەوە هەر بۆی دەگەڕێینەوە، ئەم رووداوە لە رووی رۆحی و ئاگاییشەوە رۆژێ هەر روودەدا و هەر دەبێ روو بدات.
هۆکاری سەرەکی دابڕان
 زۆر کەس دەڵێن مرۆڤ بە هۆی بیرکردنەوە و هەوا و هەوەسەکانییەوە دوور کەوتۆتەوە، نا مرۆڤ بە هۆی ئەمانەوە لە خۆی و لە بنەڕەتی خۆی دوور نەکەوتۆتەوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی بۆتە کۆیلەی زەین و وارسکەکانی لە بنەڕەتی خۆی دوورکەوتۆتەوە، ئێستاش ئەوانی لێ بۆتە تاکە حەقیقەتی ژیان و بەتەواوی خۆی خستۆتە خزمەتی ئەوانەوە و بەبەردەوامیش بەوانەوە سەرقاڵە، واتە بەهۆی سەرقاڵبوونی بە زەین و وارسکەکانی ناپەڕژێتە سەر ئاگایی و گوێی لە هات و هاواری رۆحی نابێ، هەرچەند دەزانێ بەبەردەوامی تارادەیەک نائارامە و تینوێتی ناخی بە هیچ شتێک ناشکێ، بەڵام نازانێ ئەوەی لەودا تینوویەتی کێیە، بۆ تینوویەتی و بە چی تینوێتی دەشکێت.
حەقیقەت (sat)
لەهەزاران ساڵ لەوە پێشەوە ریشی و یۆگی و حەکیمە گەورەکان بە هۆی خەڵوەت و تێڕامانی قووڵەوە بۆیان دەرکەوت مرۆڤ لە بنەڕەتدا ئەم سێ حاڵەتەیە:(سات sat، چیت chitt، ئاناندا Ananda). هەروەها هەرچی دەیکات بە باش و بە خراپەوە لە پێناو و لەبەر ئەم سێ حاڵەتە دەیانکات، واتە هەموو کەس دەیەوێ نەمر و بەئاگا و شاد بێت. ئایا کەس هەیە هەڵوەدای ئەم سێ حاڵەتە نەبێت! سات یانی حەقیقەتی ئەزەلی و ئەبەدی، یانی ئێمە وەک وزە و ئاگایی هەمیشە هەبووین و هەمیشەش دەبین، وەک ریشییەکان و یۆگییەکان و زانایانی بواری فیزیای کوانتۆم دەیڵێن، ئەوەی ئێستا هەیە، هەمیشە هەبووە و هەمیشەش دەبێ، تەنیا شێوە دەگۆڕێ، واتە گەشە دەکا، کاتی خۆی «بودا»ش گوتوویەتی باڵاترین ئاستی مەعریفەت و درک و تێگەیشتن ئەوەیە تێبگەین ئەم بوونە هەموو چرکەیەک لە «گۆڕان»دایە، لەم بوونەدا هەموو شتێک هەموو چرکەیەک لە گۆڕاندایە تەنیا وزەی بنەڕەتی بوون نەبێ، کە هەمیشە هەبووە و هەمیشەش دەبێ، واتە نە لە دایک دەبێ و نە دەمرێ، ئەزەلی و ئەبەدییە، هەرچی هەیە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە و بەوەوەیە و وەک ئەو لە بنەڕەتدا ئەزەلی و ئەبەدییە، بەڵام رواڵەتی لە گۆڕاندایە. بۆ نمونە دۆنادۆن بەڵگەی ئەم راستییە، یان مەولانا لە غەزەلێکدا دەڵێ: لە خاکەوە بووم بە گیاوگوڵ، لەوان مردم و بووم بە ئاژەڵ، لە ئاژەڵەوە بووم بە مرۆڤ، جارێکیتریش لە مرۆڤەوە دەمرم و دەبم بە مەلائیکە و لەوێشەوە بەرەو ئاستێک باڵدەگرم لە خەیاڵیشدا ناگونجێت، کەواتە من قەت بە مردن کەمم نەکردووە. یانی ئێمە وەک وزەیەک هەمیشە هەین، بەڵام بە بەردەوامی لە گەشەکردن و لە گۆڕانداین.
ئاگایی (chitt)
چیت یانی ئاگایی، واتە ئاگایی ئەزەلی و ئەبەدیی، یانی ئەم وزە نەمرە بە ئاگایە، واتە ژیر و ئاقڵ و تێگەیشتووی رەهایە، لەدەرەوەی هاوکێشەی نەزانی و زاناییە، ئەم هاوکێشە پێکناکۆک و دژبەیەکە هی دۆخی دابڕانە لە بنەڕەت، کەواتە مرۆڤ ئەگەر بنەڕەتی خۆی بناسێ و بلکێتەوە پێوەی، لەم دوانێتیی نەزانی و زاناییە رزگاری دەبێت، یانی دەبێتەوە بە ئاگایی ئەزەلی و ئەبەدیی، تەنیا بەئاگایە و ئاگاییەش هەتاهەتاییە، جا ئەگەر مرۆڤ  بەم بنەڕەتە بەئاگاییەی خۆیەوە بلکێتەوە هەرچی دەیڵێ و دەیکا لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، هەر بۆیەش قسەکانی و کردارەکانی هەتاهەتایی دەبن، یانی هەمیشە تازە دەبن، بۆ وێنە ئەو قسانەی لائۆتسێ ئەو قسانەی بەر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە کتێبی «دائۆ دێ جینگ»دا کردوونی، هەر هەمووی، تەنانەت یەک خاڵی تێدا نیە تا بڵێی تازە نیە و بۆ ئەم سەردەمە و بۆ مرۆڤی ئێستا ناشێ و نابێ، بە پێچەوانە هەمووی دەڵێی بۆ ئێستا و بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمەی نووسیوە، ئەمە بۆ هەموو سەردەمەکان هەروا دەبێت، تەنانەت دکتۆر «وین دایر» دەڵێ:  حیکمەتناسەکان دەڵێن ئەم مەعریفەیەی لائۆتسێ لە کتێبی «دائۆ دێ جینگ»دا دەریخستووە تا ئەم چرکەیە باڵاترین ئاستی درک و تێگەیشتنە مرۆڤ پێیگەیشتبێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە زەینێکی دابڕاوە نەنووسراوە، بەڵکو لە زەینی بوونەوە هاتووە، ئەگەر ئێمە زەینی دابڕاو و وەرگیراوی خۆمان خاوێن بکەینەوە بە زەینی بوونەوە، بە زەینی بنەڕیتی بنەڕیتەوە دەلکێینەوە، بۆیە قسەمان قسەی بوونی ئەزەلی و ئەبەدی دەبێت. بۆیە عارفی گەورەی کورد سورەبەردی دەیگوت بنەڕیتی ئەم بوونە رووناکی (وزە)یە و ئەم رووناکییەش زانستە و ئەم زانستەش جوانییە، یان مەولانا دەیگوت ئەشقە. هەر لەو پەیوەندیەشدا نیکۆلا تێسلا دەیگوت: (ئەو کەسەی درکی وزە و شەپۆل و لەرە بکات، زانستی بنەڕیتی ئەم بوونەی لەمشتدایە.) 
شادی (Ananda)
 ئاندا یانی شادی، وشەی شادی بەتەواوی مانا ناگەیەنێت، رەنگە وشەی مەستی بتوانێ لێی نزیک بێتەوە. کاتێ مرۆڤ تێبگا ئەزەلی و ئەبەدییە و بە رەهایی بەئاگایە، جگە لەوەی مەست بێ چارەی تری نامێنێ، لێرەوە خەم و خەفت، ترس و نیگەرانی، نەخۆشی و ناخۆشی و نەزانی و زانایی باویان نامێنێ، ئەم حاڵەتانە هەموویان میوەی داری ناسروشتی دابڕانن، دابڕان لە بنەڕەت. بۆیە هەموو کەسێک کاتێ رووناکدەبێتەوە بەم هەقیقەتە، یەکەم شت قاقا پێدەکەنێت یان وەک مەولانا سەما دەکا یان وەک بودا بە زەردەخەنەیەکی بەردەوامەوە دادەنیشێ و ئۆقرە دەگرێت و...هتد.
یۆگا شێوازێکی زانستی و گەردوونییە بۆ درک و تێگەیشتن لەم دابڕانە و شێوازی لکاندنەوەی ئێمەیە بە ئاگایی ئەزەلی و ئەبەدییەوە.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان