ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم
رێگای سه‌ربه‌خۆیی به خوێن پاكده‌كرێته‌وه، هیچ مۆمێك به داگیرسانی مۆمێكی دیكه ناكوژێته‌وه، له‌و رۆژگارانه‌ی ئه‌وسا، كه شۆڕشی نوێ هه‌ڵگیرسا، زۆر له گه‌نجه‌كانی سه‌رده‌می ساڵی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان، تێكۆشان و كوردایه‌تییان پێ هه‌ڵوێست و پیرۆز بوو به هه‌موو واتاكان، له فه‌رهه‌نگی خه‌بات و خۆشه‌ویستی و خه‌ون و خه‌یاڵ، بێ سنووره تێیدا نییه (نابێ و ناكرێ و مه‌حال).
ئیراده یه‌كه‌م هه‌نگاوه
قه‌ت سڵ ناكاته‌وه له ته‌گه‌ره و ئه‌گه‌ر، هه‌ر هه‌نگاو ده‌نێ چه‌نده مه‌ترسی بێ مه‌گه‌ر، گه‌وره‌ترین بكوژ بكوژی هیوا و ئاواته‌كانه، سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تی و كاره‌ساته‌كانه! ده‌تواندرێ گوڵه‌كان هه‌ڵوه‌رێنن بسووتێنن گیا و دار، قه‌ت پێیان ناكرێ رێ بگرن له هاتنی وه‌رزی به‌هار، كه نه‌بووی به قاره‌مان، خه‌تای خۆته بێ گومان، هیچ كه‌س بێ ئازایه‌تی و ئازار، نابێ به پایه‌دار و ناودار، ئه‌وه‌ی جیاوازی له نێوان مرۆڤ و گیانداره، مێشك و تێگه‌یشتنی نییه به‌ڵكو ئیراده و بڕیاره، ئیراده یه‌كه‌م هه‌نگاوه بۆ گه‌یشتن به ئامانج، له‌ژێر چادری سه‌ركه‌وتندا ده‌بێته كۆڵه‌که و كۆمانج، له سروشت و دیمه‌نی هه‌مه‌چه‌شنه و ره‌نگاو ره‌نگ، هه‌ر گوڵ زۆرتر و زیاتره له په‌پووله و هه‌نگ، هه‌موو وه‌رزێك جوانی و گوڵی خۆی هه‌یه، چه‌رخی گه‌ردوون له سوڕاندایه خول و رۆڵی خۆی هه‌یه، پیاوی مه‌رد و دلێر و جوامێر له ته‌نگانه‌ی گه‌وره‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، هه‌رگیز سه‌ر شۆڕناكا و نابه‌زێ و ناڕووخێ و ناسره‌وێ، نهێنی به‌خته‌وه‌ری ئازادییه، نهێنی ئازادیش ئازایه‌تییه، شۆڕشی بیر له پێش شۆڕشی سوپاوه‌یه، ویستی سه‌ركه‌وتن به خۆڕاگری به‌ڕێگاوه‌یه، له‌و زه‌مانه‌ی كه به‌فر گڕی ده‌گرت، پێشمه‌رگه هیمه‌ت و هه‌ڵمه‌تی ده‌كرد، شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی شه‌ره‌ف و ویژدان بوو، خه‌بات و كوردایه‌تی قوربانی و خۆ به‌كوشتدان بوو.
به‌سه‌ربه‌رزی و به كه‌رامه‌ت، له مینه‌تی و بێ ده‌رامه‌ت، ئه‌و رۆژگارانه سه‌خت بوون، جاده قیر و پان و ته‌خت نه‌بوو، گه‌ر ناتوانی بژی به ئازادی، پێشوازی له مه‌رگ بكه به‌شادی، جه‌نگ ئاهه‌نگی مه‌رگه، مێگه‌لی به‌ر كه‌ڵبه‌ی ره‌وه گورگه.
عه‌مید سه‌ركه‌وت حه‌سه‌ن ته‌ها ناسراو به كاكه سه‌ره‌ی مام حه‌سه‌نی چنارۆك، ژیانی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی ژان و حه‌سره‌ته له‌ناخ و ناوه‌ڕۆك، به ته‌مه‌نی 18ساڵی له ساڵی 1980، چه‌كی شه‌ره‌فی هه‌ڵگرت و كه‌وته ئه‌و شاخ و ده‌شته، له‌و رۆژگاره ناله‌بار و دژواره، له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسی مه‌رگ و سێداره، بووه پێشمه‌رگه ئه‌و هه‌ڵۆیه، له تیپی 93ی كۆیه، بووه قاره‌مان و دلێر و بوێر و جوامێرێ، هه‌موو تاریكایی جیهان به‌رووناكی مۆمێك ناوێرێ، به‌و بیر و باوه‌ڕه و به‌خۆڕاگری، كه‌وته ناو شه‌ڕ و به‌رگری و بارووت و ئاگری، به‌پێی لۆژیك و فه‌لسه‌فه، به‌نرخترین میرات شه‌ره‌فه، كاكه سه‌ره ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی پێ بڕابوو، یه‌ك چركه كات له‌شۆڕش و خه‌بات دانه‌بڕابوو، ناسنامه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌بوو به واژۆی مام جه‌لال، دێرین و دانه‌بڕاوه راده‌ست نه‌بۆته‌وه له سه‌ختی خه‌بات و كووره‌ی ئه‌نفال، له‌پاش ئه‌نفاله‌كان ئاو وئاوه‌دانی نه‌بوو، گورگ نه‌بوو به‌س پێشمه‌رگه و پارتیزانی هه‌بوو، كاكه سه‌ره و هاوسه‌نگه‌رانی درێژه‌یان به‌خه‌بات و شۆڕشدا، سه‌نگه‌ریان چۆڵ نه‌كرد و چه‌كیان دانه‌نا و مانه‌وه له رۆژانی ره‌شدا، له ئه‌نجامدا سه‌رو ماڵیان تێداچوو له‌و پێناوه، ماڵیان تاڵانكراوه خانوویان تێكدراوه، گه‌ر ده‌تانه‌وێ بزانن خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی چییه باج و به‌های، بڕۆن بنۆڕنه ماڵی كاكه سه‌ره‌ی مام حه‌سه‌نی مام ته‌های، به‌قه‌د دار هه‌ناره‌كانی چنارۆك، به‌قه‌دی ئاوی سوولی خاڵه‌باس و حه‌مامۆك، فرمێسك و خوێنیان لێ رژاوه، یه‌ك گۆڕستان شه‌هیدیان داوه، گه‌ڵای یه‌ك دار و گوڵی یه‌ك باخچه‌بوون، له‌ناویان بردن و پارچه پارچه‌بوون، هه‌روه‌ك چۆن سته‌م كرا له حه‌سه‌ن و حوسێن له كه‌ربه‌لا، ئه‌وهاش زوڵمكرا له حه‌سه‌ن و حوسێنی مام ته‌ها و ماڵی د. هیمداد مام قلینجی و شه‌هید كامه‌ران ئه‌حمه‌د و سه‌باحی به‌كر مه‌لا.
دڵی گه‌وره‌ی پڕ سۆز و راز
به‌ره‌ی بابی مام حه‌سه‌ن، ده‌بێ كۆیی بووبن به‌ره‌سه‌ن، چونكه خۆشترین جێ له چنارۆكی كۆیه، به موڵك هی ئه‌وانه و له‌سه‌ریان تاپۆیه، جگه له ره‌زی باغه، هی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌یه هه‌ر له‌و وچاغه، زیانمه‌ندبوون به‌خێزان و به ماڵ كاولی و كاره‌سات، سوودمه‌ند نه‌بوون له خێر و به‌ره‌كه‌تی داهاتی ده‌سه‌ڵات! بێ ناز و باز، بێ خوازه خواز، دڵی گه‌وره‌ی پڕ سۆز و راز.
بێده‌نگی جۆره ئاخاوتنێكه هه‌ڵه‌ی تێ ناكه‌وێ، دڵی به‌رد وه‌ك به‌رد به‌ردی به‌ر ده‌كه‌وێ، كه‌میان نه‌كردو دره‌نگ نه‌هاتن، كه‌چی به‌و هه‌موو قوربانییه بێ پاداشت و خه‌ڵاتن، نه‌مام و گوڵ دێته‌به‌ر به چاودێری و ئاودان، به‌ڵام دڕك به كه‌مته‌رخه‌می و گوێ پێنه‌دان، رامیاریزان ئه‌و مرۆڤه‌یه زۆر گوێ ده‌گرێ و كه‌م ده‌دوێ، دڵی جه‌ماوه‌ر رابگرێ و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بوێ.
كاكه سه‌ره‌ی سه‌روه‌ر و كۆڵنه‌ده‌ر و خۆڕاگر، دڵسۆز و نه‌به‌ز و له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی نیشتمانی پێ‌داگر، له پێشمه‌رگایه‌تی و پارتیزانی، پێكه‌وه‌ی نا لانه‌ی خێزانی.
ساڵی 1985 له‌گه‌ڵ به‌هاری حه‌میداغای قه‌یسه‌ری، زه‌ماوه‌ندیان كرد و بووه هاوسه‌نگه‌ر و هاوسه‌ری، حه‌میداغای قه‌یسه‌ری كه‌سایه‌تی و به‌پێگه بوو، گونده‌كه‌یان سه‌ره‌ڕێ و كاروان سه‌را و قۆناغی پێشمه‌رگه بوو، به‌هاری حه‌میداغای قه‌یسه‌ری، به‌ده‌ربه‌ده‌ری و قوڕ به‌سه‌ری و ده‌رده‌سه‌ری، له ڕۆژانی سه‌خت و ته‌خت و به‌خت، هه‌ر پێكه‌وه بوون وه‌خت و ناوه‌خت، له نزیك و دوور، له ئێران و سه‌رسنوور، له چیا و چۆلان، له ده‌شتو دۆڵان، ماڵ به‌كۆڵ، دۆڵ به دۆڵ، شاخ به شاخ، گوند به گوند، كون به كون، هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كبوون به بوون و نه‌بوون، هه‌ر منداڵه‌ی له دێیه‌ك و له جێیه‌ك هاتۆته ژیان، به‌رهه‌میان پێنج كچ و دوو كوڕ به‌ناوی (ژاڵه و ژاكاو و دژوار و شاكێو و كێوان و شادان و ژوان)ژن و منداڵی پێشمه‌رگه كه ده‌ژیان له شاخ و داخ و ده‌شت، بۆ خۆشی و پشوونه‌بوو خۆ له‌وێ نه‌بوون بۆ سه‌یران و گه‌شت، له‌ژێر مه‌ترسی و بۆردوماندا بوون، له‌ناو شه‌ڕ و ئاگر و تۆپ باران و كیمیاباراندا بوون!
كاكه سه‌ره‌ی مام حه‌سه‌نی چنارۆك، نه‌روخا و نه‌به‌زی نه‌هاته سه‌رچۆك، سه‌ربه‌رز و رووسوور، گه‌ڕاوه له‌سه‌ر سنوور، له‌گه‌ڵ نركه‌ی ڕاپه‌رین و ئازداكردنی كوردستان هاته‌وه هه‌واری خاڵی، نه دایك و بابی مابوو نه خوشك و برا نه پورزا و خاڵۆزا و نه خاڵی، هه‌موو شه‌هید كرابوون، بێ سه‌ر و شوێن كه‌سیان نه‌مابوون، نازاندرێت له كوێ نێژرابوون، پاشان دوو برای گه‌نج و جوان، به‌ناوی (شێروان و سیروان) بوونه رێبواری كاروانی شه‌هیدان، به‌س ئه‌ویان بوو وه‌ك پیاو، سه‌ر و سێبه‌ر و شیاو، له ئه‌ژمه‌تان و له داخان هه‌ناوی هه‌موو بوو به برین، تاڵ بوو له ده‌می شیرینی و هه‌نگوین، ئاگری هه‌ناسه‌ی وه‌ك بیره نه‌وته‌كانی شیواشۆك، دڵگه‌شی نه‌ده‌دایه‌وه دیمه‌نی جوانی سروشتی چنارۆك، تینوێتی دڵ به تنۆكه ئاوێك دانامركێته‌وه، ئاخر ئاگری كووره‌ی ده‌روونی چۆن ده‌كوژێته‌وه، با جیهان فراوان و رازاوه‌بێ چ سوود، كه دڵ ته‌نگ بێ گوشراو و توند، ئه‌و رۆژانه‌ی له شاخ ماڵی له‌ناو قوڕ و دار و به‌رد بوو، به‌ڵام دڵی كۆشكێكی رازاوه و پڕ گوڵی بێگه‌رد بوو، به‌ڵام له‌شار ماڵه‌كه‌ی له ته‌لار ده‌چوو، كه‌چی دڵی به‌ناو قوڕا رۆده‌چوو.
ژیان له مردن جوانتره
به‌و داخه‌ی پڕ ئه‌شكه‌نجه، تووشی بوو به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه، داخ‌و زوخاوی كاكه سه‌ره‌ی مام حه‌سه‌نی چنارۆك، له خه‌فه‌تان و خه‌فه‌قان دڵی ته‌قی وه‌ك نارنجۆك، خوێنی گه‌شی خه‌ست كرده‌وه، له 21/1/2023 فریشته‌ی گیانكێشان بۆ باوه‌شی شه‌هیدانی برده‌وه، ئه‌و راستییه ده‌بێ بزانین، ئێمه هه‌موومان میوانی جیهان و ژیانین، هه‌ر چۆنێك بێ ژیان له مردن جوانتره، خه‌م و زاخاوی ده‌روون له گریان گرانتره، مرۆڤی سه‌نگین سه‌نگی خۆی به زێڕ ناكێشێ، رێزی له زێڕی پێ به‌نرختره، جوانی جوانی راده‌كێشێ.
كاكه سه‌ره‌ی مام حه‌سه‌نی چنارۆك، مه‌دالیادی شه‌ره‌فی له به‌رۆك، مردن به مه‌ردی هه‌رده‌م ژیانه، به گه‌شی و به‌رزی رێزی شایانه.
سه‌رچاوه‌كان:
1- ده‌ستنووسی خانه‌واده‌ی عه‌مید سه‌ركه‌وت (كاكه سه‌ره).
2- گوڵشه‌ن-عوسمان شارباژێڕی.
3- چه‌پكێك له وته‌ی ناوداران-زانا كه‌مال مه‌جید.
4- وته‌ی بلیمه‌ته‌كان-وه‌رگێڕانی فوئاد كه‌ولۆسی.
5- وته‌ی ناوداران-ئینگلیزی-كوردی، ئاماده‌كردن و وه‌رگێرانی كارزان نوری عوسمان.