د. ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین*
مرواری (Pearl)، مادەیەکی رەقی بریسکەدارە، کە لەناو شانە نەرمەکانی قاوغی دوولەپکەییە زیندووەکاندا دروستدەبێت. هەروەک چۆن پێکهاتەی قاوغی ئەم زیندەوەرانە لە کاربۆناتی کالسیۆم پێکدێت، بەهەمان شێوە پێکهاتەی کیمیایی مرواریش هەر ئەم مادەیەیە. زۆربەی کات کاربۆناتی کالسیۆمەکە لە شێوەی خاوی ئەرەگۆنایتدا دەبێت، یان تێکەڵەیەک لە ئەرەگۆنایت و کالسایت لە شێوەی کریستاڵی زۆر ورد، کە بەشێوەی چینی هاوچەق دروستدەبێت. مرواریی نموونەیی خڕ و لووسە، بەڵام شێوەی تریشی هەیە. جۆری مرواریی وردی سروشتی بەهایەکی گەورەی هەیە، کە وەک بەردی بەنرخ (Gemstone) سەیردەکرێت و وەک مادەیەکی جوانکاری بۆ چەندین سەدە بەکارهاتووە، هەر لەبەرئەمەش بووە، کە وەک مادەیەکی دەگمەن و بەنرخ سەیرکراوە! لە کتێبی بنەماکانی زەویناسیدا هاتووە، کە گەوهەر (Gem) بریتییە لە: «بهردهبهنرخهكان یان نیمچهبهنرخهكان، ههروهها زاراوەی گهوههر دهتوانرێت بهكاربهێنرێت بۆگشت ئهو مادانهی، كهتوانای لووسكردن و بریسکەیان ههیه و دهکرێت وهك ماددهی خۆڕازاندنهوه وبهنرخ بهكاربێن. گهوههر دهكرێت سروشتی، یان دهستكرد بێت لهبنهچهدا». لەم روانگەیەوە دەتوانرێت مرواری وەک بەردی گەوهەر سەیربکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەرچەندە بە هۆی زۆربوونی مرواریی چێندراو لە بازاڕەکاندا ئەو بەهایەی جارانی نەماوە.
زیندەوەرە دوولەپکەییەکان
بەنرخترین و گرانترین جۆرەکانی مرواری لە سروشتدا هەیە، بەڵام زۆر کەمن و هەربۆیەش ئەم جۆرە بە مرواریی سروشتی دەناسرێت، بەڵام ئێستا زۆرینەی مرواریی ناوبازاڕەکان لە جۆری چیندراوە، یان دەستکردە، کە لەناو جۆرێک لە دوولەپکەییەکانی ئاوە شیرینەکاندا دەچینرێت. سەردەمانێکە زیندەوەرە دوولەپکەییەکان بۆ کاری بەرهەمهێنانی مرواری بەکاردێن، هەرچەندە لەپکەکان (قاوغەکان) پاش شکاندن و هاڕینی بۆ کاری کۆسمێتیک و دەرمانسازی و بۆیەش سوودیان لێوەرگیراوە.
کاتێک دەنکۆڵەیەکی نامۆ دەکەوێتە ناو کەوڵە چرچەکەی ئەم زیندەوەرەوە، زیندەوەرەکە هەوڵدەدات بەکاربۆناتی کالسیۆم دەورەیبدات و مرواری دروستدەکات، بەڵام زۆرینەی ئەم مروارییانە وەک بەردی بەنرخ سەیرناکرێن. بەڵکو زیاتر دوو کۆمەڵە لە نەرمۆڵەکان هەن کەبە دوولەپکەییەکان (bivalves) دەناسرێن ئەم جۆرە بەرهەمدێنن. ئەم جۆرە لە مرواری هەروەک چۆن قاوغە سەرەکییەکەی زیندەوەر دروستدەبێت ئاوا بنیاتدەنرێت و بۆیە زۆر بەنرخن. دوولەپکەییەکان، وەک لە فەرهەنگی زەویناسیدا هاتووە، پۆلێکن لە نەرمۆڵەکان، کە بە پێتەورییەکانیش دەناسرێن.
مرواریی سروشتی خۆی خۆڕسکانە بەبێ دەستکاری مرۆڤ دروستدەبێت، کە زۆر کەمن! لەپێناو دەستکەوتنی ئەم جۆرە دەبێت سەدان و بگرە هەزاران گوێچکەماسی بکوژرێن و لەپکەکان بکرێنەوە و بگەڕێن بە دوای تاکە مروارییەکەدا! ئەم رێگەیە جاران تەنیا رێگە بوو بۆ دەستکەوتنی مرواری، هەربۆیە وەک ئەفسانەی لێهاتبوو، تا ئێستاش هەر بەوچاوەوە سەیری مرواری دەکرێت. کاتێک کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی مرواری هاتەکایەوە، ئیتر گەڕان و پشکنین بەشوێن مرواریی سروشتیدا کەمبۆوە و ئێستا زۆرینەی مرواری لەم کێڵگانەدا و لەلایەن مرۆڤەوە لە گوێچکەماسییەکەدا دادەنرێت و زیندەوەرەکە کارەکە تەواودەکات. تەنیا خێزانێک لە گوێچکەماسی (Oyster) هەن، کە لە دەریادا دەژین، هەرچی زۆرینەی تریانە لە ئاوە شیرینەکاندا دەژین.
شێوازی دروستبوون
وەک ئاماژەیپێدرا کاتێک کەوڵی نەرمۆڵەکان چینی کاربۆناتی کالسیۆم (CaCO3)، وەک بەرگێکی خۆپاراستن، بەدەوری دەنکۆڵە نامۆکەدا دروستدەکات، لەلایەن زیندەپۆلیمەرەوە ئەم کاربۆناتی کالسیۆمە پێکەوە دەبەسترێنەوە. ئەوەی بڕوا دەکرێت، کە دەنکۆڵە لمێک وەک ناوکی مروارییەکە کاردەکات، لەڕاستیدا زۆر دەگمەنە! بەڵکو زیاتر لەوەدەچێت، کە مادەیەکی ئەندامی، یان مشەخۆرێک، یان برینارییەک بێت، کە شانەیەک لادەبات و دەیخاتە شوێنێکی تری کەوڵی زیندەوەرەکە ! ئەم دەنکۆڵە وردە کاتێک دەکەوێتە سەر بەرگی ناوەوەی کەوڵەکە، کە لەپکەکان دەکرێنەوە و زیندەوەرەکە هەناسەدەدات، یان خواردن دەخوات. لە مرواریی چێندراودا ئەوەی، کە دەیخەنە ناو بەرگی کەوڵەکەوە بریتییە لە پارچەیەک لە پێستی کەوڵ، لەوانەیە هەندێکجار دەنکۆڵەیەکی خڕیش دابنرێت.
مرواریی سروشتی
لەوانەیە لای زۆرێک لە خەڵکی پرسیار بێت، ئایا چۆن دەتوانرێت مرواریی سروشتی لە چێندراو جیابکرێتەوە؟ بەڵی پرسیارێکی بەجێیە، مرواریی سروشتی بەشێوەیەکی سەرەکی لە کاربۆناتی کالسیۆم لەگەڵ زیندەپۆلیمەرەکە پێکدێت، وەک باسکرا، واتە وەک پەرچدانەوەیەکی زیندەوەرەکە بەرانبەر ئەوشتە نامۆیە پەرچەکردار دەکات و بە کاربۆناتی کالسیۆم لەگەڵ جۆرێک لە پۆلیمەردەورەی دەنکۆڵەکە دەدات، ئەم چینانە چەندین جار دووبارە دەبنەوە تا مرواری دروستدەکەن. دروستە باشترین جۆرەکانی مرواریی سروشتی خڕن، بەڵام شێوەی تریشی هەیە، واتە مەرج نییە هەموویان خڕبن. مرواریی سروشتی لەناوەڕاستدا پشتێنەیەکی قاوەیی هەیە، کە بەڕێگەی نیشتنی ستوونەکانی کاربۆناتی کالسیۆمەوە دروستبوون و بە پشتێنەیەکی دەرەکی زەرد بۆ سپی دەورەدراوە. کاتێک پانە بڕگەیەک وەربگیرێت، ئەم دووبەشە، یان پشتێنەیە دەردەکەون. بەشە قاوەییەکە سەرەتای دروستبوونە و پاشان بەشە سپیباوەکە دروستبووە. کردەی دروستبوونەکە زۆر ئاڵۆزەو لەوانەیە دووساڵی بوێت تا مروارییەکە دروستدەبێت و پاشان ماسیگرێک بەڕێکەوت دەیدۆزێتەوە.
بەهای مرواریی دەستکرد
مرواریی سروشتی وردی تەواو خڕ زۆرکەمە و بۆیە نرخەکەشی زۆر گرانە، هەربۆیە وەک بەردی بەنرخ، یان گەوهەر سەیردەکرێت و بە گوێرەی قەبارە و رەنگ و جۆری رووەکەی و بریسکدانەوەکەی نرخەکەی دەگۆڕێت. مرواریی چێندراو، کە ورد بێت نرخەکەی نزیکەی 30 بۆ 50 دۆلار دەبێت، هەرچی جۆری وردی ئاوی شیرینە نرخەکەی لە نێوان 65 بۆ 5000 دۆلاردا دەبێت، مروارییەکانی ناوچەی دەریای باشوور لە نزیک ئوسترالیا و فلیپین و ئیندۆنوسیا بەبەهاترین جۆری مروارین، کە هەندێکیان قەبارەئام دەگاتە 10 بۆ15 ملیمەتر.
نرخی مرواریی سروشتی، کە بۆ کاری جوانکاری بەکاردێت، یان لەلایەن ئارەزوومەندانی کۆکردنەوەی شتە بەنرخەکان هەڵدەگیرێت زۆر گرانە و بە سەدان هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت، هەندێکیشیان بۆ رازاندنەوەی تاجەکان بەکاردێن و دووبارە نرخەکانیان زۆر گرانە، هەرچەندە مرواریی چیندراو نرخەکانی زۆردابەزاند و ئەم پیشەسازییەی خستۆتە مەترسییەوە. یەکێک لەو تاجە مێژووییانەی، کە بە مرواری رازاندراوەتەوە بریتییە لە تاجە گوڵینەی ئیمپراتۆری یۆجینی (1853) کە 212 مرواری سروشتی تێدایە و ئێستا لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس دانراوە.
شوێنی مرواریی سروشتی
لە کۆندا مرواریی سروشتی لە گەلێک شوێن و جێگای جیهاندا هەبوو، بەڵام لەم سەردەمەدا زۆرترینیان دەکەوێتە ئاوەکانی بەحرەین، ئوسترالیاش تا ئێستا چەندین کەشتی هەیە، کە کنە و پشکنین دەکەن و دەگەڕێن بە شوێن مرواریی سروشتیدا لەناو گوێچکەماسییەکانی ئۆقیانووسی هندیدا.
ناسینەوەی مرواریی سروشتی و جیاکردنەوەی لە مرواریی چیندراو کارێکی ئاسان نییەو تەنیا دەتوانریت لە رێگەی بەکارهێنانی تیشکی سینییەوە ( X-Ray ) تاقیبکرێتەوە و بڕیاربدرێت، کە مروارییەکە سروشتییە یان نا .
جۆرێکی تر لە مرواری بە مرواریی تاهیتیان، یان بە مرواریی رەش دەناسرێت، کە وەک ناوەکەی رەنگیان رەشە، بەڵام لە راستیدا رەنگی رەش زۆر دەگمەنە بەڵکو زیاتر زیویی، یان سەوزێکی تۆخن و قەبارەیان گەورەیە. مروارییەکان رەنگیان لە جۆری گوێچکەماسییەکەوە وەردەگرن، واتە کاتێک لێواری قاوغی گوێچکەماسییەکە رەشبێت ئەوا بەرگێکی رەشی رەقی لەناوەوە دەبێت، کە ئەمەش وادەکات بەرگێکی تۆخ بە چواردەوری ناوکەکەدا دروستبکات و پاشان رەنگی مروارییەکە رەش یان تۆخ دەبێت.
مرواریی چێندراو لە رێگەی دانانی پارچەیەک لە شانەی کەوڵی گوێچکەماسییەکەوە بۆ ناو گوێچکەماسییەکی تر دەکرێت، لەم بارەدا زیندەوەرەکە کاربۆناتی کالسیۆم لەچواردەوری شانە نامۆکە دەنیشێنێت و کیسێک دروستدەکات. ئێستا چەندین رێگە هەیە بۆ بەرهەمهێنانی مرواریی چێندراو لە ئاوە سوێر و شیرینەکاندا و بووە بە بازرگانییەکی گەورە لە جیهاندا. مرواریی چێندراو بە بڕێکی زۆر لە وڵاتی چین بەرهەمدێت و دەخرێتە بازاڕەکانی جیهانەوە، ئەو ماوەیەی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی مرواریی چێنراو لە نێوان دوازدە بۆ هەژدە مانگدایە.
کاتێک مرواری بەڕێگەی تیشکی سینی دەبینرێت، ناوەوەی مرواریی چێندراو وەک تۆپەڵێک بەبێ بوونی چین دەردەکەوێت، کە ناوکەکەیە کاتی خۆی دانراوە بۆ ئەوەی زیندەوەرەکە کاربۆناتی کالسیۆم بەچواردەوریدا دروستبکات. هەرچی مرواریی سروشتییە ئەوا لەناوەوەش بە چینی هاوچەق دەردەکەوێت و هیچ هاوکارییەکەی مرۆڤی پێوەدیارنییە، خۆ ئەگەر ناوکەکەش لە مرواریی چێندراودا شانەیەکی کەوڵێکی تر بێت، ئەوا هەر ناوکەکە بە شێوەیەکی ئاڵۆز و بۆشاییەک دەردەکەوێت و چینی هاوچەق پیشان نادات.
*پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی