״گفتوگۆ و حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار״

06:10 - 2022-04-21
ڕاپۆرت
657 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی، كۆتایی هەفتە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەرۆشیی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ رێكەوتن لەبارەی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە سیاسییەكان و پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار، كە لە ئاست پێویستی و خواستی ئەمڕۆی خەڵك و هەموولایەكدا بێت و ببێتە مایەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە وڵاتدا.
بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا بەشداریكرد لە كۆبوونەوەی لووتكەی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانیی عەزم.
لایەنەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە جەختیانكردەوە لە دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەپێناوی لێكتێگەیشتن و بەهێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسی و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی عیراق و گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە پڕۆسەی سیاسی.
هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیكرد لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق.
لە دیدارێكدا جەختكرایەوە لە لێكتێگەیشتن و پەنابردن بۆ گفتوگۆ وەك چارەسەرێك بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گەیشتن بە رێكەوتن و لێكتێگەیشتن لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا.
لەبارەی پێویستی بەردەوام بوونی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عیراقەوە، سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دۆخی عیراق پێویستی بە گفتوگۆی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانە.
هەروەها ئەحمەد كەریم مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند:  بۆ ئەوەی گفتوگۆكان سەركەوتوو بن، پێویستە لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لەسەرجەم پێكهاتەكان بێت.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان