مەرگ؛ تۆمان لەبیرناباتەوە

09:45 - 2023-04-25
ڕاپۆرت
360 جار خوێندراوەتەوە

حەوت ساڵە مەرگ یەخەی گرتووی و بە جەستە تۆی لێ سەندووین، بەڵام بەشێوە و بەدڵ هێشتا لەناوماندایت و ئامادەییەكی رۆحیت لە هەناوی هەریەكێكماندا هەیە، یادگارییەكانت هێندە زۆرن دەرفەتی بیرچوونەوەتی نەهێشتۆتەوە، بەخشش و بەخشندەییەكانت هێندە باڵایە لەهەر كارێكی جواندا تۆمان دەخاتەوە پێش چاو، میهرەبانییەكانت خەسڵەتی دایكێكی دڵسۆزی كۆچكردووە، كە جێگرەوەی نییە.
دایك یان دایكی شەهیدان، ئەو وشە و ناسناوەی كەسوكاری شەهیدان پێیان بەخشیت، ئەو بەخشینەی كە لە دەست هەموو كەس نایەت و بە هەموو كەسیش نادرێت، بەڵێ بە هەموو كەس نادرێت و ئەوانەی دەبنە هەڵگری ئەو نازناوانە؛ خاوەنی رۆحێكی پاك و ئارامن، باوەڕێكی پتەویان هەیە بە خزمەت، تێكۆشان و خۆبەختكردنیان كردۆتە رێبازی ژیانیان و تێكۆشان لەپێناوی ئامانجەكانی گەل و خاكدا.
تۆ هەموو ئەوانە و زۆر زیاتریش بوویت، هیچ كات نەتویستووە خزمەت بكرێیت، هەر خزمەتت كردووە، هێشتا كچۆڵەیەكی نازداری گەنج بوویت، كە رێڕەوی تێكۆشانت گرتەبەر، لەگەڵ هاوڕێكانت زانكۆت كردبووە ناوەندی رێكخستن و لەوێوە چینێكی رۆشنبیر و تێگەیشتووتان بۆ كورد و شۆڕشەكەی ئامادە دەكرد.
كە پێشمەرگەش بوویت لە زنجیرەی لێپرسراوێتییەكانیشتدا هەر ئەو وەسفیەیە بوویت كە بێ مەرج و مەرام و بێ چاوەڕوانیی پاداشت، تێدەكۆشای، تەنانەت ئەوكاتەش كە سەركردە بوویت زیاتر سادە و خاكی و خۆبەختكارانە خزمەتت دەكرد.
تۆی ئەندامی كارای رێكخستنەكانی كۆمەڵە و تۆی پێشمەرگە و سەركردە و تۆی دایكی شەهیدان بە جۆرێك ئیشت كردووە، ئەستەمە كەسێك جێگەت پڕبكاتەوە، ئەوەندە بەخشندە بوویت هەر كەسێكیش بیەوێت، ناتوانێت تۆ تێپەڕێنێت و هەرچی بكات و چۆن بكۆشێت هەر دەبێت بە رێگەی تۆدا رێبكات.
لەم یادەدا وەفا و پێزانینی خۆمان دووپاتدەكەینەوە بۆ تەمەن و خەبات و تێكۆشانت، بۆ هەموو ژیانت، كە لەپێناوی ئێمە و ئایندەی ئەم خاكەدا فیدات كرد. لەوەش زیاتر چی بكەین و هەرچیش بڵێین هەر ناگاتە ئاستی گەورەییت، چونكە تۆ وەسفیە بەنی وەیس (دایكی شەهیدان) بوویت.

ژیاننامەی خاتوو وەسفیە بەنی وەیس
سەركردەی نەمر، مامۆستا وەسفیە بەنی وەیس عەلی، ساڵی 1951 لە گوندی (بانمیل)ی خانەقین لەدایكبووە، ساڵی 1959 چۆتە قوتابخانە و ناوەندی و دواناوەندی لە خانەقین تەواوكردووە. ساڵی 1971 لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی جیاكاریی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە رەتكراوەتەوە و گوازراوەتەوە بۆ زانكۆی سلێمانی لە كۆلێژی ئاداب بەشی زمانی كوردی و ساڵی 1975 تەواوی كردووە.
لە قۆناغی زانكۆدا پەیوەندیی كردووە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە. بەهۆی پێشمەرگەبوونی براكانییەوە ماڵ و خانووەكەیان لە خانەقین دەستی بەسەرداگیراوە و لە خانەقینەوە دوورخراونەتەوە بۆ سنووری سلێمانی.
ساڵی 1976 بە مامۆستا دامەزراوە و یەكێك بووە لە ئەندامانی رێكخراوی هەڵۆی سوور و رۆڵی گرنگی گێڕاوە لەو رێكخراوەدا. ساڵی 1986 بۆتە پێشمەرگە و لە ئەنفالدا لەگەڵ هاوسەرەكەی چوونەتە ئێران. دوای راپەڕین لە چەندین وێستگە و لێپرسراوێتیدا خزمەتی كردووە. ساڵی 2010 لە سێیەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرا و كراوەتە لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدانی ی.ن.ك.
شەوی 25\26/4/2016 لەسەر رێگای سلێمانی-دەربەندیخان لە نزیك ناحیەی وارماوا سەر بە قەزای شارەزوور، بە رووداوی هاتوچۆ گیانیلەدەستدا.

ئاوات كۆكەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان