مۆدێرنیزەکردنی چینی: دەرفەتی نوێ بۆ جیهان

10:32 - 2023-05-02
کەلتور
372 جار خوێندراوەتەوە
#جین گانگ، وەزیری دەرەوەی کۆماری چین

جین گانگ*

شەنگەهای شوێنێکی زۆر گونجاوە بۆ بەستنی ئەم كۆڕبەندە بەناونیشانی»مۆدێرنیزەکردنی چینی و جیهان». وەک زۆرجار دەوترێت، پێویستە بچیتە شەنگەهای ئەگەر بتەوێت دەربارەی 100 ساڵی رابردووی چینەوە بزانیت.  زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر لێرەوە پارتی کۆمۆنیستی چین دەستی بە گەشتەکەی کرد. لەو کاتەوە شەنگەهای نەک تەنها شایەتی گۆڕانکارییەکانی نەتەوەی چینی بووە، بەڵکو گۆڕانکارییە قوڵەکانیشی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەخۆیەوە بینیوە. شەنگەهای کۆن کە زلهێزە بیانییەکان زاڵبوون بەسەریدا، ئەمڕۆ پێشەنگێکە لە چاکسازیی و کرانەوەی چین. شارێكی گەورە و قەرەباڵغ و ئاوەدان لە ساڵی 1949 لە وێرانکارییەوە سەریهەڵدا. وەک گەورەترین هێزی ئابووریی و داهێنانی چین و ناوەندێکی بازرگانی و گواستنەوە لە جیهاندا، شەنگەهای پێشەنگی رەوتەکانی سەردەم و گەشەسەندنمانە. نیشانەیەکی درەوشاوەی رێگەی چینییە بۆ مۆدێرنیزەکردن. 
داری بەرز بەبێ رەگ گەشە ناكات 
رووباری درێژ بەبێ سەرچاوە دروست نابێت، بە هەمان شێوە سەرکەوتنمان لە مۆدێرنیزەکردنی چینیدا لە ئاسمانەوە نەگوازراوەتەوە یاخود لەخۆیەوە سەریهەڵنەداوە. بەڵكو هەنگاو بە هەنگاو لە رێگای هەوڵی بەردەوام و یەکلاکەرەوەی  گەلی چین لە ژێر سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی چین کە هەمیشە بەوەفا بووە بۆ ئەرکی دامەزراندنی، بەدەست هاتووە. مۆدێرنیزەکردنی چینی رەگێکی قوڵی لە مێژوو و پراکتیک و فەلسەفەکانی چیندا داکوتاوە.    
مۆدێرنیزەکردنی چینی هەڵبژاردەی سروشتی چینە بۆ گەشەپێدان کە ماوەی 100 ساڵە بەردەوامە. مۆدێرنیزەکردن بۆ چین گەشتێک لە سەختی، کۆڵنەدان، ئازار، شکۆمەندی، شەرەف و خەون بووە. لە سەردەمی هاوچەرخدا، ژمارەیەكی زۆر لە نیشتمانپەروەران بەرەو خۆرئاوا بەڕێكەوتن بۆ دۆزینەوەی شێوه‌یه‌كی مۆدێرنیزەکردن بۆ رزگارکردنی میللەت، بەڵام هەموویان شکستیان هێنا. تەنها لەدوای لەدایکبوونی پارتی کۆمۆنیستی چین لە ساڵی 1921دا، چین پایە و رێنمایی بۆ مۆدێرنیزەکردنی خۆی دۆزییەوە. لە ژێر سەرکردایەتی بەهێزی پارتی کۆمۆنیستی چین دەستمان بە گەشتێكی گەورە كرد بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی مۆدێرن بەشێوەیەكی سەربەخۆ. 
ئێمە چینمان لە خاکێکی هەژار و دواکەوتووەوە بۆ دووەم گەورەترین ئابووری جیهان گۆڕی، بۆ یەكەمین لە بازرگانی كاڵا، و خاوەن گەورەترین یەدەگی دراوی بیانی و گەورەترین بەرهەمهێنەر. ئێمە گەورەترین «سیستمی پەروەردەی ناچاری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پزیشکی و تەندروستیمان» لە جیهاندا داناوە. چین لە ماوەی کورتی چەند دەیەیەکدا، پیشەشازیبوونی بەدیهێناوە کەوا وڵاتانی پێشکەوتوو ماوەی چەند سەدەیەکیان پێچوو بۆ بەدەستهێنانی. ئێمە بە هەنگاوی گەورە توانیمان بگەین بە سەردەمدا. مۆدێرنیزەکردنی چینی داواكارییەكی سروشتییە بۆ پێشخستنی گەنجبوونەوەی نیشتمانی لە هەموو بەرەکاندا.  
دوو موعجیزە گەورەکە 
لە 18ەمین کۆنگرەی نیشتمانی پارتی کۆمۆنیستی چین، لەژێر سەرکردایەتی بەهێزی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چین و لە ناوەڕۆكیدا هەڤاڵ شی جینپینگ، دەست نرایە سەر»دوگمەی خێراکردن» لە هەڵمەتی مۆدێرنیزەکردنی چیندا. دوو موعجیزە گەورەکە: گەشەسەندنی خێرای ئابووریی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی درێژخایەن و بەردەوام بوون. هەژاری رەها بنبڕ کرا. کۆمەڵگایەکی ئاوەدانی مامناوەند لە هەموو روویەکەوە بوو بە واقیع. بەمەش ئامانجی سەدەی یەکەم هاتەدی. نەتەوەی چین گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سەركەوتن و گەشەکردنی خۆشگوزەرانییەوە بۆ بەهێزبوون بەدەستهێناوە. ئێستا گەنجبوونەوەی نیشتمانی لەسەر رێگەیەكە گەڕانەوەی تێدا نییە. لە دانیشتنەکانی کۆنگرەی نیشتمانی گەل (NPC)و کۆنفرانسی راوێژکاری سیاسی گەلی چین (CPPCC) لە مانگی رابردوو، سکرتێری گشتی شی جینپینگ دووبارە بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی کۆماری چینی میللی هەڵبژێردرا. هەڵبژاردنێک بوو كەوا لەلایەن مێژوو و گەلەوە بوو. سەرۆک شی جینپینگ بە قەناعەت و بەرپرسیارێتی «خزمەتکردنی گەل بەبێ خۆپەرستانە»، مۆدێرنیزەکردنی چین بەرەو پێشەوە دەبات و لە رۆیشتن لەسەر رێگەی راست بەرەو داهاتوویەکی باشتر سەرکردایەتیمان دەکات.  
مۆدێرنیزەکردن پرسی هاوبەشی  هەموو مرۆڤایەتییە 
هەرچەندە خۆرئاوا پێش ئەوانی تر چێژی لە بەرهەمی مۆدێرنیزەکردن وەرگرت، بەڵام مێژوو لەوەندە کۆتایی نایەت. 140 ساڵ لەمەوبەر، کارل مارکس پێشبینی بەزاندنی دۆڵی کاودینی سەرمایەداریی دەکرد، کە بنەمایەکی تیۆری تۆکمە بۆ رێبازێکی مۆدێرنیزەکردنی جیاواز لە رێگەی خۆرئاوا دابین دەکات. لە ماوەی 100 ساڵی رابردوو و زیاتریش، چین بە خۆی رێگەیەکی بۆ مۆدێرنیزەکردن دۆزیەوە و شێوەیەكی نوێی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دروستکرد. راستییە بەرفراوانەکان سەلماندوویانە کە هیچ مۆدێلێکی جێگیر یاخود یەک چارەسەر بۆ مۆدێرنیزەکردن نییە. هەر وڵاتێک دەتوانێت مۆدێرنیزەکردن بەدەستبهێنێت، بە مەرجێک رێگەکە لەگەڵ بارودۆخی خۆیدا بگونجێت و پێویستی گەلەکەی بۆ گەشەپێدان دابین بكات. بە پێچەوانەوە، کۆپیکردنی میکانیکی مۆدێلە بیانییە نەگونجاوەكان، بە ئەنجامی پێچەوانە دەتگەێنێت، تەنانەت رەنگە لێکەوتەی کارەساتبار بەدوای خۆیدا بهێنێت.
دروستكرنی جیهانێك كە هەموان هاوبەشی بكەن 
وتەیەکی چینی دەڵێت: «ئایدیاڵە بەرزەكان بریتین لە دروستكرنی جیهانێك كە هەموان هاوبەشی بكەن». چین وەک گەورەترین وڵاتی گەشەسەندوو، هەمیشە چاکەی گشتی هەموو جیهان لەبەرچاو دەگرێت. رێگەی چینی بۆ مۆدێرنیزەکردن نمایشی یەک گوڵ نییە وتەنها بۆ بەرژەوەندی خۆدی نییە، بەڵكو رێگەیەکە بەرەو گەشەسەندنی چین، کە لە رێگەیەوە وزەی ئەرێنی زیاتر بۆ ئاشتی جیهانی زیاد دەکات و دەرفەتی نوێ بۆ گەشەپێدانی جیهانی دروست دەکات. ئەمانەیە كەوا من باوەڕم پێیەتی: مۆدێرنیزەکردنی چینی بەو ژمارەیە زۆرەی دانیشتوان، دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بوژانەوەی ئابووری جیهانی.
 لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا لە دوای پەیڕەوكردنی چاکسازیی و کرانەوە، حکومەتی چین زیاتر لە  800 ملیۆن کەسی لە هەژاری رزگاركرد و ژمارەی داهاتی مامناوەندی بۆ زیاتر لە  400 ملیۆن کەس زیادكرد. ئەمڕۆ چین هاوبەشی بازرگانی سەرەکی زیاتر لە 140 وڵات و هەرێمە، رۆژانە 320 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەبەرهێنانی راستەوخۆ لە سەرانسەری جیهاندا دەکات و مانگانە زیاتر لە 3 هەزار بازرگانی بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت. لە ماوەی دەیەی رابردوودا، چین بەشداری زیاتری لە گەشەی جیهانیدا کردووە بەراورد بە هەموو وڵاتانی جی حەوت بەیەکەوە.
بەهۆی ئەوەی زیاتر لە یەک ملیار و 400 ملیۆن کەس لە رێڕەوی مۆدێرنیزەکردنن، کە ئەم ژمارەیە لە كۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی هەموو وڵاتانی گەشەسەندوو بەیەكەوە زیاترە، چین پاڵنەرێکی زۆر بەهێز بە ئابووری جیهانی دەدات. کۆڕبەندی گەشەپێدانی چین و کۆڕبەندی بواوی ئاسیا کە مانگی رابردوو بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، چەندین سەرکردەی سیاسی و بازرگانی لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ خۆی راكێشا. زۆرترین بابەت كە بیستمان لەو دوو كۆڕبەندە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەرفەتە نوێیانە بوو کە لەگەڵ گەشەپێدانی کوالیتی بەرز و کرانەوەی ستانداردی بەرزی چیندا دێن. ژمارەی یەكەمی روانگەی یەکدەنگی بریتی بوو لە رەتکردنەوەی جیابوونەوە و هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەگەڵ چین.
خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەموان
 مۆدێرنیزەکردنی چینی لەگەڵ خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەموان رێگەیەکی فراوانتر بۆ گەشەپێدانی هاوبەشی هەموو وڵاتان دەکاتەوە. مۆدێرنیزەکردن نابێت دەوڵەمەندەكان دەوڵەمەندتر و هەژاران هەژارتر بکات. هەروەها نابێت تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چەند وڵاتێک یاخود تاکێک بگەێنێت. خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەموو جیهان پێویستی بە گەشەپێدانی هەموو وڵاتان هەیە. دەستپێشخەری پشتێن و رێگە (BRI) و دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی (GDI) سوودی گشتین کە چین پێشکەشی کۆمەڵگەی  نێودەوڵەتی دەکات. هەروەها سەکۆی کراوەن بۆ بەدواداچوونی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی هاوبەش. دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ لە دەستپێکردنی دەستپێشخەری پشتێن و رێگە، زیاتر لە سێ هەزار پڕۆژەی هەماهەنگی دەستیپێكراوە، کە دەكاتە وەبەرهێنانی نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی و رەخساندنی  420 هەزار هەلی کار بۆ وڵاتانی بەشداربوو. بەم شێوەیە زۆرێک لە گەلان خەونەکانیان لە دروستكردنی هێڵی ئاسنین و پردی گەورە و کەمکردنەوەی هەژاری بەدیهێناوە.
 دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی پێشوازییەكی بەرفراوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.
 بە پشتیوانی زیاتر لە 100 وڵات و زۆرێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، و لەگەڵ نزیکەی 70 وڵات لە گروپی دۆستانی دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی، دەستپێشخەرییەکە پاڵنەڕێكی بەهێز دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێشوەختەی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2030. چین پرسی قەرزی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بە جددی وەردەگرێت. ئێمە بەشێوەیەكی تەواو و چالاکانە دەستپێشخەری راگرتنی خزمەتگوزاری قەرزەکانی 20G جێبەجێ دەکەین، و بەشداریمان بە رێژەی 63%ی کۆی گشتی پێدانی قەرزە راگیراوەكان كردووە. دەتوانین بڵێین کە مۆدێرنیزەکردنی چینی یارمەتیدەر بووە بۆ ئیلهامبەخشینی متمانە بۆ زۆرێک لە وڵاتان لە بەدواداچوونەکانیان بۆ مۆدێرنیزەکردن. وەکو سەرکردەیەکی ئەفریقا دەڵێت: رێگەی چین ئیلهامبەخشە بۆ هەموو وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بۆ ئەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت کە هەموو وڵاتێک توانای بەدەستهێنانی گەشەسەندنی هەیە تەنانەت لە سفرەوە. 
مۆدێرنیزەکردنی چینی و پێشکەوتنی مادیی و کەلتوری
هەندێک وڵات لە کاتێکدا لە رووی ئابووری و زانست و تەکنۆلۆژیاوە زۆر پێشکەوتوون، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەوان لە رادەبەدەر پشتیان بە سەرمایەداری بەستووە، هەروەها لە كێشەی بڵاوبوونەوەی ماتریالیزمی ئابووری، هەژاریی کەلتوری، تێکچوونی ئەخلاقی و پشێوی گشتی دان. سەرۆک شی جینپینگ جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كەوا ئامانجی کۆتایی مۆدێرنیزەکردن گەشەپێدانی ئازاد و باشی مرۆڤەکانە، ئەمەش نەک تەنها بە مانای زۆری ماددی دێت بەڵکو دەوڵەمەندکردنی کەلتوری وئەخلاقیشە.
وتەیەکی چینی دەڵێت، «خەڵك تەنها کاتێک کە ماڵی پڕ لە دانەوێڵە دەبێت فێری ئەتەکێت دەبێت؛ تەنها کاتێک مرۆڤەکان خۆراکیان دەستدەكەوێت و جلیان لەبەردا بێت، شەرەف و شەرمەزاری دەزانن». نەتەوەی چین هەمیشە تامەزرۆی جیهانێکی هاوئاهەنگی گەورەیە کە تێیدا مرۆڤەکان لە نەبوونی ئازادبن و پێوەرێکی ئەخلاقی بەرز پەیڕەو بکەن. ئەمە جیهانێکە کە مرۆڤەکان شوێنکەوتنی کەلتوری خۆیان دەخەنە پێش پێداویستییە مادییەکان و وەک بەشێک لە ئایدیالی کۆمەڵایەتی خۆیان دەیبینن. لە سەردەمی ئەکسیاڵیدا پێش 2500 ساڵ ، فەیلەسوفانی شارستانییەتە گەورەکان، وەک کۆنفۆشیۆس و مێنسیۆس لە چین و ئەفلاتون لە یۆنان، بەردەوام بوون لە هەوڵی دەوڵەمەندکردنی کەلتوری و ئەخلاقی.
 مۆدێرنیزەکردن لەناوچوونی شارستانییەتە کۆنەکان نییە، بەڵکو گەنجبوونەوەی کەلتورە نەریتییەکانە. دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی (GCI) کە لەلایەن سەرۆک شی جینپینگەوە خراوەتەڕوو، بانگەشە بۆ گرنگی میرات و داهێنانی شارستانیەتەکان دەکات، رێزگرتن لە هەمەجۆریی شارستانیەتەکان دەكات، هەروەها بنەماکانی یەکسانی و فێربوونی هاوبەش و گفتوگۆ و گشتگیری لەنێو شارستانیەتەکاندا بەرەوپێش دەبات. چینییەکان پێیان وایە، تەنانەت بۆ وڵاتێکی دامەزراویش داهاتووی بە خۆنوێکردنەوە بەندە. مۆدێرنیزەکردنی چینی هێز و زیندوویی نوێ بۆ شارستانیەتی قوڵی چینی زیاد دەکات، هەروەها بەشداری زیاتر بە حیکمەتی چینی دەکات بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی جیهانی و پێشکەوتنی مرۆڤ. ئێمە پێشبینی جیهانێکی باشتر دەکەین کە هەموو شارستانیەتەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر لە رێگەی خۆنوێکردنەوەی بەردەوامەوە خۆشگوزەرانبن، هەم چێژ لە زۆربوونی ماددی و هەم لە پێشکەوتنی کەلتوری و ئەخلاقی وەربگرن. 
مۆدێرنیزەکردنی چینی بە هاوئاهەنگی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت رێگەیەکی بژاردەتر بۆ جیهانێکی پاک و جوان دەڕەخسێنێت.

وەک سەرۆک شی جینپینگ ئاماژەی پێکردووە، ئاوە روونەکان و چیا بەپیتەكان سەرمایەی بێ نرخن. چین بە ئامادەییەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرێتە ئەستۆ و لە زۆر بابەتدا پێشەنگی جیهانە: لە رووی رووبەری دارستانەوە، چین چارەکێک لە کۆی گشتی جیهان پێکدەهێنێت. لە پەرەپێدان و بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە، توانا دامەزراوەکانی وزەی با و خۆر لە چین 1/3 کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا پێکدەهێنێت و لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی وزەی نوێدا، نیوەی ئۆتۆمبێلەكانی وزەی نوێ لە جیهان لەسەر شەقامەكانی چین کاردەکەن. چین بەڵێنی گەورەی بەدەستهێنانی لوتکەی کاربۆن و بێلایەنی کاربۆن بە جیهان داوە و پابەند بووە بە گواستنەوە لە لوتکەی کاربۆنەوە بۆ بێلایەنی كاربۆن لە ماوەی تەنها 30 ساڵدا. 
ئەم ماوەیەش لانیکەم ساڵانێک لە ئەمریکا کەمترە و زیاتر لە  40 ساڵ لە یەکێتیی ئەوروپا كەمترە. چین دەستپێشخەری  دامەزراندنی سندوقی کونمینگ بۆ جۆراوجۆری بیۆلۆجی کردووە، هەروەها بەشداری لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی پاریس کردووە. لە سەرەتای ئەم مانگە، سەرۆک شی جینپینگ و سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن لەسەر پەرەپێدانی ناوەندێکی بێلایەنی کاربۆن بەشێوەیەكی هاوبەش رێکەوتن، لە هەوڵێکدا بۆ زیادکردنی زەبری نوێ بۆ گواستنەوەی جیهان بۆ نزمی کاربۆن.
ئاشتی و سەقامگیریی جیهان
 مۆدێرنیزەکردنی چینی لەسەر رێگەی گەشەسەندنی ئاشتیانە، دڵنیایی زیاتر بۆ ئاشتی و سەقامگیری جیهان دەهێنێت. باڵادەستی و هەژموون ئامانجی گەشەپێدانی چین نییە. ئەو تێڕوانینەی کەوا دەڵێت: كە هێز دەبێتە هۆی هەژموون، لەگەڵ کەلتووی چینیدا ناگونجێت و روبەڕوبوونەوەی هەژموون کارەکتەری بەرزی دیپلۆماسی چینییە. تا ئەمڕۆ چین تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە پابەندبوونی بە رێگەی گەشەسەندنی ئاشتیانە لە دەستوورەکەیدا داناوە. چین لە نێو ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشداربووی سەرەکی هێزەكانی ئاشتیپارێزە، هەروەها تاکە وڵاتە لە نێوان پێنج وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی کە بەڵێنی بەکارنەهێنانی یەکەمجاری چەکی ئەتۆمی داوە. ئێمە بەشداریمان لە زیاتر لە 20 پەیماننامەی فرەلایەنەی کۆنترۆڵکردنی چەکمان کردووە و پاڵمان بە جێبەجێکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش لە نێوان پێنج وڵاتی چەکی ئەتۆمیدا سەبارەت بە رێگریکردن لە شەڕی ئەتۆمی كردووە. ئێمە بانگەشە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکی نێودەوڵەتی دەکەین لە رێگەی راوێژ و گفتوگۆوە.دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی (GSI) کە لەلایەن سەرۆک شی جینپینگەوە خراوەتەڕوو، ئاماژەی بە ئاڕاستەی دروستی بەدواداچوونی ئاسایشی هاوبەش و گشتگیر کردووە.  
پەندێکی چینی دەڵێت: دوژمنایەتی نەهێڵیت باشترە لەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە. بە هاوكاری چین، سعودیە و ئێران پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەستپێکردەوە. جێگەی دڵخۆشییە کەوا ببینین وڵاتانی زیاتر بەیەكەوە تەوقە دەكەن و ئاشتی لەنێوانیان دەگەڕێتەوە. لە بەرامبەر قەیرانی درێژخایەنی ئۆکرانیا، چین قەیرانەكە زیاد ناكات و سوود لە دۆخەكە وەرناگرێت. بەڵکو چین هەڵوێستێکی بێلایەنانەی گرتۆتەبەر و پاڵ بە گفتوگۆی ئاشتیەوە ناوە لەپێناو کەمکردنەوەی گرژی و گوشارەکان و هێمنكردنەوەی دۆخەكە. راستییەکان سەلماندوویانە کەوا هەنگاوەكانی چین بەرەو مۆدێرنیزەکردن، پاڵنەرێكە بۆ هێزی ئاشتی و دادپەروەری.
گەنجکردنەوەی نەتەوەی چین
بیستەمین کۆنگرەی نیشتمانی پارتی کۆمۆنیستی چین کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا بەڕێوەچوو، نەخشەی گەشەپێدانی داهاتووی چین و ئەرکی پێشخستنی گەنجکردنەوەی نەتەوەی چین بە شێوازی چینی لە هەموو بەرەکاندا بۆ مۆدێرنیزەکردن داڕشت. بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە سەرەكییە، دیپلۆماسییەتی چینی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆی دەگرێت. ئێمە پابەند دەبین بە رێگەی گەشەپێدانی ئاشتیانە و پەروەردەکردنی جۆرێکی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە رێزگرتنی یەکتر، یەكسانی، دادپەروەری و هەماهەنگی براوە لەخۆدەگرێت. ئێمە كار لەگەڵ هەموو وڵاتان دەکەین بۆ بنیاتنانی جیهانێکی کراوە و گشتگیر و پاک و جوان، كەوا چێژ لە ئاشتی هەمیشەیی و ئاسایشی گشتگیر و خۆشگوزەرانی هاوبەش وەربگرێت، و پەرەپێدانی کۆمەڵگەیەک کە خاوەن داهاتوویەکی هاوبەشی بێت بۆ مرۆڤایەتی.
ئیرادەیەکی زیاتر بۆ بەرگری لە وڵاتان
 مۆدێرنیزەکردن مافێکی بێبەشنەکراوی هەموو وڵاتێکە، نەک ئیمتیازێک بێت كە تەنها بۆ چەند کەسێک تەرخانکرابێت. ئەوانەی  مۆدێرنیزەکردنیان بەدەستهێناوە، نابێت پردەکە بڕوخێنن یاخود رێگەی وڵاتانی تر بۆ مۆدێرنیزەکردن بگرن. نابێت ئەو وڵاتانەی تر کە رێگەیەکی جیاواز بۆ مۆدێرنیزەکردن هەڵدەبژێرن سەرکوت بکەن، هەوڵی كۆنترۆڵ كردنیان بدەن یاخود بیانوەستێنن. چین هیچ نیازێکی نییە بەشداری لە کێبڕکێی زلهێزەکاندا بکات. ئەوەی ئێمە بە توندی بەرگری لێدەکەین، بەرژەوەندییەکانی گەشەپێدانی خۆمان و مافی گەلی چینە بۆ بەدواداچوونی ژیانێکی باشتر. چین رێز لە رێگەی مۆدێرنیزەکردن دەگرێت کە خەڵکی وڵاتانی تر هەڵیانبژاردووە، دژایەتی هەوڵەکانی دروستکردنی روبەڕوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیی و شەڕی ساردی نوێ و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و سەپاندنی ئیرادەی مرۆڤ بەسەر ئەوانەی تردا دەکات. چین پابەندە بە ئاڕاستەی دروستی جیهانگیری، دژی هەوڵەکانی دروستکردنی دیوار و بەربەست و پاڵنانی جیابوونەوە و پچڕانی زنجیرەکانی دابینکردنە، هەروەها دژی گوشارو سزا تاکلاییەكانە. چین هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ دەستەبەرکردنی کارکردنێكی سەقامگیر و بێ کێشەی زنجیرە پیشەسازییەکان و دابینکردن، بۆ ئەوەی بە جیهانگیری ئابووری و مۆدێرنیزەکردن، هەموو وڵاتان بتوانن بە هاوبەشی بەرەو پێشەوە بچن و تەواوکەری یەکتر بن. 
هەوڵی چالاکانەتر بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتر
 مۆدێرنیزەکردنی چین لە رەوتی کرانەوەدا پێشکەوتنی بەدەستهێناوە و بە دڵنیاییەوە لە رێگەی کرانەوە داهاتوویەکی گەشاوەتر بەدەست دەهێنێت. لە میواندارییکردنی کۆڕبەندی پشتێن و رێگە بۆ هەماهەنگی نێودەوڵەتی و پێشانگای نێودەوڵەتی چین بۆ هاوردەکردن، چین یەکگرتنی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ جیهان قووڵتر دەکاتەوە. ئێمە سەرچاوەی زیاتر لە هەماهەنگییەكانی گەشەپێدانی جیهانیدا وەبەردەهێنین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یارمەتیدانی رزگاربوون لە بارگرانییەکانی قەرزەکانی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو. هەوڵ دەدەین ئاڵوگۆڕی دارایی و دراوی نێودەوڵەتی لە دۆخی نالەبار و دەستکاریکردن و سزا و گوشار رزگار بکەین و یارمەتی بدەین  بگەڕێتەوە بۆ ئامانجە بنەڕەتییەکەی کەوا بریتییە لە خزمەتکردنی ئابووری راستەقینە و پێشخستنی مۆدێرنیزەکردن. 
بەرەوپێشبردنی  ئاڵوگۆڕی شارستانێتیەکان
 ئێمە داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین کەوا ئاشتی، گەشەپێدان، یەکسانی، دادپەروەری، دیموکراسی و ئازادی و بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی بەرەوپێش ببەن و ئاڵوگۆڕییە کەلتورییەکان بەرز بكەنەوە، بە فێربوون لەیەکتر و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە پێکدادان دووربكەونەوە. ئێمە بە توندی دژی هەڵاواردن دژی رەگەز و وڵات و شارستانیەتەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەوەستینەوە. ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو وڵاتان بەدواداچوون بۆ بنیاتنانی تۆڕێکی جیهانی بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی نێوان شارستانیەتەکان بکەین، بۆ کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕ و لێکتێگەیشتن لە نێوان گەلانی جیاواز و کارلێکی باشتر و یەکخستنی کەلتورە جۆراوجۆرەكان. پێکەوە دەتوانین باخچەی شارستانیەتەکان رەنگاوڕەنگ و گەشاوەتر بکەین. ئێمە بە هۆشیارییەوە هاوکاری دەکەین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ  بوونەوەرە زیندووەکانی سەر زەوی.
ئێمە هەوڵەکانمان زیاتر دەکەین بۆ بنیاتنانی پێکهاتەیەکی ئابووری دروست کە ئاسانکاری بۆ گەشەپێدانی سەوز و کەمی کاربۆن بكات و پێشخستنی گواستنەوە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەوز لە هەموو بوارەكاندا. بە پەیڕەوکردنی بنەمای بەرپرسیارێتی هاوبەش بەڵام جیاواز، ئێمە چالاکانە بەشداری لە هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ وەڵامدانەوەی کەشوهەوا، بەڕێوەبردنی ئۆقیانوس، پاراستنی جۆراوجۆری بایۆلۆجی جیهانی و بوارەکانی تر دەكەین و پێشخستنی سیستمێکی حوکمڕانی ژینگەیی جیهانی یەكسان و دادپەروەرانە بۆ هەماهەنگی براوە، براوە بۆ هەردوولایەن، بەجۆرێک کە بەشداری روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان وەک کەشوهەوا و ژینگە و بنیاتنانی جیهانێکی پاک و جوان بکەین. 
ئیرادەیەکی بۆ پاراستنی سیستمی نێودەوڵەتی
 لەم دواییانەدا هەندێک قسەی بێمانا هەبوون کە چین تۆمەتبار دەکەن بە تەحەدای ئەوەی پێی دەوترێت سیستمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاساکان و گۆڕینی تاکلایەنەی دۆخی ئێستا لە سەرانسەری گەرووی تایوان لە رێگەی هێز یان زۆرەملێ و تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری گەرووەکەدا. ئەم جۆرە ئیدیعایانە پێچەوانەی بنەمای بنەڕەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و دادپەروەری مێژووییە و لۆژیكێكی بێمانایە و لێكەوتەی جددی بەدوای خوێدا دەهێنێت. چین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی مرۆیی لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژە فاشیستدا بەرکەوتووە، هەروەها یەکەم وڵاتی دامەزرێنەرە کە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئیمزاکرد، چین سەیری بەرگریکردن لە شکۆمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و پاراستنی سیستمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم وەک بەرپرسیارێتی پیرۆزی خۆی دەكات. چین باشترین تۆماری هەیە سەبارەت بە پابەندبوون بە ئامانج و پڕەنسیپەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێسا بنەڕەتییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە پێویست ناکات لەلایەن هەندێک وڵات یان كوتلەوە لەم رووەوە بیرمان بخرێتەوە و هەمیشە رایەكی گشتی دادپەروەرانە هەیە لەسەرئەوەی کێ بە شێوەیەکی راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و کێ  سیستمی نێودەوڵەتی تێکدەدات و هەژموون و چەوساندنەوە بكاردەهێنێت. 
 دۆزی تایوان
تایوان لە کۆنەوە بەشێکی بێبەشنەکراوی خاکی چین بووە و هەردوو دیوی گەرووەکە سەر بە یەک چینن. ئەمە مێژووی تایوانە، هەروەها دۆخی ئێستای تایوانیشە. گەڕانەوەی تایوان بۆ چین یەکێکە لە پێکهاتەکانی سیستمی نێودەوڵەتی دوای جەنگ، لە راگەیاندنی قاهیرە و راگەیاندنی پۆتسدام بە رەش و سپی نووسراوە. ئەوەی رێسا نێودەوڵەتییەکان دەشێوێنێت و دۆخی ئێستا دەگۆڕێت و زیان بە سەقامگیری گەرووی تایوان دەگەیەنێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە چین نییە، بەڵکو هێزە جوداخوازەکانی «سەربەخۆیی تایوان» و هەندێک وڵات ترە کە هەوڵی ئیستغلالکردنی «سەربەخۆیی تایوان» دەدەن. پێناسەی ئەوان بۆ رێساکان و دۆخی ئێستا و سەقامگیری لە راستیدا مەبەست لێی بەتاڵکردنەوەی بنەمای یەک چین و گەیشتن بە «دابەشکردنی ئاشتیانە»ی چین و لە کۆتاییدا دەستکارییکردنی مێژووی جەنگی جیهانی دووەم و تێکدانی سیستمی دوای جەنگ و سنوورداركردنی سەروەری چینه‌. ئەمەش بۆ یەک ملیار و 400 ملیۆن کەسی چینی قبوڵکراو نییە. چین هیچ بەشێک لە خاکە وەرگیراوەکەی لەدەست نادات. ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی لە دوای جەنگەوە دامەزراوە ناگۆڕدرێت.
پاراستنی سەروەری دەوڵەت و یەکپارچەیی خاک، مافێکی سروشتی و رەوای چینە. ئێمە دەمانەوێت بۆ ئەو کەسانە روون بکەینەوە کە بەناوی «سیستمی نێودەوڵەتییەوە» هەوڵی تێکدانی دادپەروەری نێودەوڵەتی دەدەن، پرسی تایوان ناوەکی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی چینە، ئێمە درێغی ناکەین لە وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەی کە دەستکاری بنەمای یەک چین دەکەن، هەرگیز پاشەکشە ناکەین لە هەر کارێک کە سەروەری و ئاسایشی چین تێکبدات. ئەوانەی لە تایوان یاری بە ئاگر دەکەن لە کۆتاییدا دەسوتێن. 
دوا قسە
وەک پەندەکەی چینی دەڵێت: کە هەزاران شاخ لە پشتەوەت بێت، بە دڵنیاییەوە رێگەكە بەڵێنی بەهارێكی    گەشەسەندووی هەڵگرتووە. مۆدێرنیزەکردنی چینی نەخشێکە کە چین دایهێناوە و جیهان دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار بکەین بۆ پێشخستنی شێوازە هەمەچەشنەکانی مۆدێرنیزەکردن و دروستکردنی داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ هەسارەکەمان.

سەرۆکی راوێژكاری دەوڵەت و وەزیری دەرەوەی چین

بابەتە پەیوەندیدارەکان