شێوازی بەڕێوەبردنی هەست و بیرکردنەوەکان

10:39 - 2023-05-02
کەلتور
687 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

هیچ شتێک لە ژیانی دنیایی مرۆڤەکاندا لەوە گرنگتر نییە کەسەکان خۆیان بەڕێوەبەری زەین و بیرکردنەوەکان و هەستەکانی خۆیان بن. من و تۆ هەر کەس بین و لەهەر بارودۆخێکدا بین، چیمان هەبێ و چیمان نەبێ، بەرهەمی بیرکردنەوە و هەستەکانی خۆمانین. ئەوە یاسایەکی نەگۆڕی گەردوونییە، کاریگەریی لەسەر هەموان وەک یەکە، نێر بین یان مێ، دەستڕۆیشتوو بین یان بێدەسەڵات، دەوڵەمەند یان هەژار بین، ناتوانین لەم یاسایە لابدەین. بیرکردنەوەکانی ئێمە هەست و کردارەکانی ئێمە بەرهەمدێنن، ئەوانیش وزە و شەپۆل و لەرەن، یانی بیرکردنەوە و هەست و کردارەکانمان لە وزە و شەپۆل و لەرەوە دەبنە کەتوار (واقیع)، یانی دەبنە ژیان مادی و مەعنەوی، دەبنە ژیان و بارودۆخی تاکەکەسی و خێزانی ئێمە. کەواتە ئێمە چی بکەین بە جێگەی ئەوەی بیر و هەست و کردارەکانمان نەرێنی بن و کەتوارێکی نەرێنی خۆمان بخوڵقێنین، وا بکەین  ئەرێنی بین و کەتوارێکی ئەرێنی بۆ خۆمان بەرهەمبێنین؟!
رەهەندەکانی زەین
  لە روانگەی زانستەوە زەینی مرۆڤ لە چەند رەهەندێک پێکهاتووە، واتە خودئاگا، نیوەئاگا و ناخودئاگا، بەڵام یۆگییەکان پێشتر ئاماژەیان بەوەداوە زەین رەهەندێكی تریشی هەیە، ئەویش سەرووئاگایە. لە راستیدا زەینیش وەک هەر شتێکی دیکەی ئەم دنیایە دوو دیوی سەرەکی هەیە، دیوێکیان دیارە و تا ئەوپەڕی بەرچاوی، بەرچاوە و دیوێکیان نادیارە، واتە تا ئەو پەڕی نادیاریی، نادیار و ونە. خودئاگا و نیوەئاگای زەین، واتە دیوە هەرە دیارەکەی زەینن و ناخودئاگا و سەرووئاگاش دیوە هەرە نادیارەکەی زەینن، خودئاگا (هەست) و نیوەئاگا (نیوە هوشیار) و ناخودئاگا (نەست) سێ رەهەندی زەینی تاکەکەسین، بەڵام رەهەندی چوارەم، واتە رەهەندی سەرووئاگا رەهەندی گەردوونییە و گشتییە، سێ رەهەندەکەی تر سەرچاوەی ژیانی مادی و مەعنەوی ئێمەیە، بەڵام رەهەندی چوارەم سەرچاوەی رۆح و بوونی ئێمە و سەرجەمی ئەم بوونەیە، یانی هەموومان لەوەوە سەرچاوەمان گرتووە و ئیستاش پێوەی لکاوین و هەر دەشگەڕێینەوە بۆ ئەو، واتە هەرشتێک لەم بوونەدا هەیە، لەبەرئەوە هەیە چونکە لەوەوە هاتووە و هەمیشە بەوەوە لکاوە و بە بەردەوامیش لەگەڵ ئەودا پەیوەندییەکی نادیاری هەیە. بۆیە زاناکان دەڵێن ئەم بوونە زەینە و هیچیتر نییە، یان زاناکانی زانستی فیزیای کوانتۆم دەڵێن ئەم بوونە یەک کوانتۆمە و ئێمە و هەرچییەکی لەم بوونەدا هەیە زەڕرەیەکین لەو کوانتۆمە.
گرنگترین رەهەندەکانی زەین
لەناو رەهەندەکانی زەیندا، بەشی خودئاگا (هەست) و بەشی نیوەئاگا (نیوە هوشیار) بۆ ژیانی دنیایی گرنگترین بەشی زەینی ئێمەن. خودئاگا بەو بەشە لە زەینی ئێمە دەگوترێ کە ئێمە رۆژانە ئاگایانە بەکاری دێنین و هەروەها بە بەردەوامی ئاگامان لێیەتی، یانی ئەو بەشەیە ئێمە رۆژانە سەرجەم چالاکیی و جموجۆڵەکانمانی پێدەکەین، هەروەها ئاگاشمان لێیەتی، یانی دەزانین بە بەردەوامی لە بیرکردنەوەدایە و ئێمە ئاگامان لێیەتی کە لەم ساتەدا خەریکی بیرکردنەوەیە، لەهەمان کاتیشدا دەزانین بیر لە چ شتێکیش دەکاتەوە. ئەم بەشە خودئاگایەی ئێمەیە، بەڵام بەشی نیوەئاگا یان نیوە هوشیار ئەو رەهەندەیە لە زەینی ئێمە کاتێ شتێک فێر دەبین ئەم شارەزاییە لەوێدا تۆمار دەبێ و لە بیرمان ناچێتەوە، تا ئێمە زیاتر ئەو کارە بکەین، ئەو شارەزاییەش زیاتر لە نیوە هوشیاریی ئێمەدا دەچەسپێ و لە خودئاگامان نزیکتر دەبێت، یانی زۆر بە ئاسانی بەکاریی دێنین و هەرگیز لەبیرمان ناچێتەوە. بەشی نیوەئاگا بۆ ئەوەیە ئێمە ناچار نەبین هەموو ساتێ سەرلەنوێ جاریکیتر شتەکان فێر ببینەوە، ئەو بەشە بۆ ئەوەیە یەکجار شتەکان فێر بین، یانی بەشی نیوەئاگای ئێمە یادگەیە، ئەگەر ئەم بەشەمان نەبوایە هەموو رۆژێ دەبوو یەکێک رێگەی ماڵی خۆمانمان پێ نیشان بداتەوە و بمانباتەوە ماڵەوە. هەموو شتێک لە خودئاگاوە دەدرێ بە نیوەئاگا و لەوێ تۆمار دەبێ و دەبێتە بەشێک لە یادگەی ئێمە، بەڵام تا ئەو شتە خودئاگامان زیاتر پێوەی سەرقاڵ بێ و کاری زیاتر لەسەر بکا، زووتر وەبیرمان دێتەوە، بەڵام ئەگەر خودئاگا هۆشی لەسەر شتێک یان بابەتێک کەمتر بێ، ئەو شتە هەر دەچێتە نیوەهوشیارەوە، بەڵام یان لە بیرمان دەچێتەوە یان بە قورسی وەبیرمان دێتەوە. کەواتە ئەو دوو بەشەی زەینی ئێمە، دووبەشی بەرچاو و ئاشکرا و بەردەستن، یانی هەمیشە لەبەردەستمانن و دەتوانین بەکاریان بێنین یان دەستکارییان بکەین، بە تایبەتی رەهەندی خودئاگا لەم پەیوەندییەدا سەرەکییە، دەبێ هۆشمان لەسەر بەدەستەوەگرتنەوە و بەڕیوەبردنی ئەو بێ، دەبێ بزانین خەریکی چییە! بەڵام رەهەندی ناخودئاگا نادیارە و ئێمە بە ئاسانی دەستمان پێی ڕاناگا، ئەم رەهەندەش بەرهەمی خودئاگایە، یانی هەرچییەکی ئێمە بە خودئاگا دەیکەین، یان هەرچییەکی بە ئاشکرا و نائاشکرا وەریدەگرین دەچێتە ناخودئاگاوە و لەوێدا تۆمار دەبێ و پاشان هێندەی خۆی کاریگەریی لەسەر ئێمە دادەنێ و دەمانجووڵێنێت. رەهەندی ناخودئاگا، رەهەندییەکی نادیار و تاریکە، ئێمە بە ئاسانی دەستمان پێی راناگا، بەڵام ئەو بە ئاسانی دەستی بە ئێمە رادەگا، لەبەر ئەوەیە زاناکان دەڵێن بەشی زۆری بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و چالاکییەکانمان بە بێ ئەوەی خۆمان بزانین لە ناخودئاگامانەوە سەرچاوە دەگرێت و لەوێوە دەیانکەین. لەبەر ئەوەیە هەم یۆگییەکان و هەم زانستوانانی خۆرئاوایی ئەوەندە باسی گرنگی خاوێنکردنەوەی ناخودئاگا دەکەن.
شێوازی بەڕێوەبردنی خودئاگا
لە دنیادا شێوازی عەقڵانی و عیرفانی زۆر بۆ خاوێنکردنەوەی ناخودئاگا هەیە، بەداخەوە زۆربەشیان زۆر ئاڵۆزن و خەڵک سوودێکی وایان لێ نەبینیون، هەرچەند زۆربەی ئەو شێوازانە راستن، بەڵام رەنگە کردنیان بۆ زۆربەی کەسەکان قورس بن، لێرەدا ئاسانترین رێگە و کاریگەرترین شێواز  کە هەموان دوای بیست و یەک رۆژ پرۆڤەکردنن بە تەواوی شارەزا دەبن تێیداو   بەدەستی دێنن دەخەمە روو، بەم شێوازە بە ئاسانی دەتوانین نەک هەر ناخودئاگامان خاوێن بکەینەوە، بەڵکو دەتوانی سەرتاپای ژیانی مادی و مەعنەوی خۆمان بگۆڕین، ئەم شێوازە تا بڵێی ئاسان و کاریگەرە، ئەویش بریتییە لەوەی واز لە ناخودئاگامان بێنین و خۆمان ببین بە بەڕێوەبەری خودئاگای خۆمان، خۆمان ئەم بەشەی زەینمان بەکار بێنین نەک خۆی، خۆی بەکار بێنێ، جیاوازی ئەم دووانە ئەمەیە ئەگەر خۆت بەکاریی بێنی یانی ئەوەی خۆت دیاریی دەکەی بیر لە چی بکەیتەوە و بیر لە چی نەکەیتەوە، واتە خۆت دیاریی دەکەی چ وزەیەک بجووڵێنی و چ شەپۆل و لەرەیەک بە گەردووندا بڵاو بکەیتەوە، بەڵام ئەگەر خۆی، خۆی بەکار بێنێ، ئەوا خۆی لەسەر بنەمای بیرکردنەوە و کردار و ئەزموونەکانی رابردووی خۆت و هەندێجاریش ئەوانیتر بیر دەکاتەوە،  وزە و شەپۆل بەگەردووندا بڵاو دەکاتەوە و ئەوانیش بەشێکی هەرە زۆریان نەرێنین، لێمانەوە بڵاودەبنەوە و دەڕۆن لە جۆری خۆیان وەردەگرن و بۆمان دەگەڕێنەوە، بۆیە ئەوەی بیرکردنەوە و هەستەکانی ئەرێنین بە بەردەوامی ئەرێنیتر دەبێ و ئەوەش بیرکردنەوە و هەستەکانی نەرێنین بە بەردەوامی نەرێنی تر دەبێ.
راهێنانەکە ئەمەیە: لەم ساتەدا چاودێری خودئاگات بکە بزانە چۆن بیر دەکاتەوە و بیر لە چی دەکاتەوە، ئایا ئەرێنییە یان نەرێنی، ئەگەر نەرێنی بوو خۆت دەست بکە بە بیرکردنەوەی نەرێنی و هۆشت بەرە لەسەر ئەو شتانەی هەستت پێیان خۆش دەبێ، لەسەر ئەم راهێنانە بەردەوام بە. بەم ئاسانییە دوای ماوەیەک دەبی بە بەڕێوەبەری خودئاگای خۆت، لێرەوە ناخودئاگاشت پێوەی زیاد نابێ و بەرە بەرە خاوێن دەبێتەوە. بۆ نمونە ئەگەر بمانەوێ دەشتێکی پیس خاوێن بێتەوە و ببێتە باخ و گوڵستان هەر ئەوەندە بەسە دەست لە پیسکردنی هەڵبگرین، دوای ماوەیەک خۆی پیسییەکە دەگۆڕێ بۆ جوانی و ئەو ناوە دەبێ بە بەهەشت.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان