راپۆرتی: ئه‌یاز هه‌ركی
خنس، شوێنه‌وارێكی دێڕینی سەردەمی ئاشوورییەکانە، دەکەوێتە دووری 14 کیلۆمەتر لە خۆڕهەڵاتی قه‌زای شێخان و56 کیلۆمەتر لە باکووری خۆڕهەڵاتی پارێزگای موسڵ، بە درێژایی مێژوو شوێنی شوێنەواری خنس بایەخێکی تایبەتی هەبووە لە قۆناغە جیاوازەکانی فەرمانڕەواکانی نەینەوادا، له‌لایه‌ن پاشای سه‌نحاریب ئیمپراتۆرییه‌تی ئاشووری نووسین و نه‌خشه‌كان لەسەر بەرد نووسراون و كێشراون.
به‌شێك لە دیمەنەکانیان
شوێنەواری خنس بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌تی میتانی و ئاشووری ومیدیا ده‌گه‌ڕێته‌وه و هەزاران ساڵه وەک ناوچەیەکی شارستانی و گەشتیاری ماوەتەوە، سەرەتا بۆ خواپەرستی دروستکراوە، دواتر ئاشوورییەکان گرنگی زیاتریان پێداوه و به شێوه‌ی نهێنی له ژێر زه‌وی ئاویان لە خنسه‌وه گواستووەتەوە بۆ پایتەختی دووه‌می ئیمپراتۆرییه‌تی ئاشوورییه‌كان لە نەینەوا. به‌شێك لە دیمەنەکانیان لە بەرزایی به‌رزدا له‌سه‌ر زنجیره شاخی به‌ردین وێنه‌كان نه‌خشێنراون، گرنگترینیان گای په‌ر كه یه‌كێك له گرنگترین هونەری نه‌خشه‌كێشانی به‌ردییه له خاكی میزۆپۆتامیای کۆن، ئه‌م هونه‌ره مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان. بە تێپەڕبوونی کات، گۆڕانكاری به سه‌ر ناوی خنس دا هاتووه و له نووسراوه ئاشوورییەکاندا به (خانوسا) هاتووه، گومانی تێدا نییە کە ئەم ناوچەیە به تێكه‌ڵاوی لە لایەن پاشا و فەرمانڕەواکانی ئیمپراتۆرییه‌تی میدیای باوباپیرانی کوردەوە شانبەشانی ئاشوورییەکان ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م ده‌ڤه‌ره بوون و هاوپەیمان بوون له‌گه‌ل بابلییه‌كان.
ناوچەی گەشتیاری خنس به یه‌كێك له جوانترین شوێنه‌واره دێڕینه‌كانی كوردستان و ده‌ڤه‌ری بادینان دادەنرێت، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دهۆکە، دەکەوێتە نزیک رێگای سەرەکی دهۆک - هەولێر، له خۆرئاوای گوندی مرێبا لە ناحیه‌ی قەسرۆک. هه‌روه‌ها هاوینه‌هاوارێكی بەناوبانگیشە بۆ گەشتیاران و گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە پارێزگای دهۆک.
شوێنێکی گەشتیاری و ئابووری
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1850 لەلایەن شوێنەوارناسی بە ناوبانگی جیهان هێنری لایارد دۆزرایەوە و سه‌ر‌دانی كردووه. لە کتێبی (مێژووی جیهان)ی له ساڵی 1905دا، جه‌ی ئێچ رایت ده‌لێ خنس شوێنەوارێكی ئاشوورییەكانه و مێژووی دروستبوونی بۆ دەوروبەری ساڵی 690 پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه عومه‌ر حسێن شارەزای بواری شوێنەوارناسی وتی، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاشوورییەکان لە نەینەوا، به‌تایبه‌تی له چه‌رخی ئاشووری نوێ له‌سه‌رده‌می پاشا سه‌نحاریب، خنس وەک شوێنێکی گەشتیاری و ئابووری بەکارهێنراوه و گرنگییەکی زۆری پێدراوه، له وەرزی هاوینان و بەهاران، پاشاکانی ئاشووری به‌تایبه‌ت پاشا سه‌نحاریب کاته خۆشه‌كانی خۆیان لە هاوینه‌هاواری خنس بەسەر دەبرد. هه‌روه‌ها یه‌كێك له كاره سه‌یروسه‌مه‌ره‌كانی ئەم پاشایە، راکێشانی ئاو‌ی روباری گومل لە خنس و لەوێشەوە نزیکەی 80 کیلۆمەتر به شێوه‌ی نهێنی و لە ژێرزه‌ویدا به بۆری گۆزه‌وی کردووە بۆ سه‌نته‌ری شاری نه‌ینه‌وا و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی باكوری خۆڕهه‌ڵاتی شاری موسل.
وتیشی بە پێی سەرچاوە مێژووییەکانی شوێنه‌وارناسی، پڕۆژەی ئاو‌ی خنس بۆ نه‌ینه‌وا به یەکێك لە کۆنترین پڕۆژەکانی ئاو‌ی بەردین داده‌نرێت لە جیهاندا، بەڵام ئێستا زۆربەی تێكداوه و رووخاوه، جگە لەوەش شوێنه‌واری خنس هەمیشە ناوچەیەکی گه‌شتیاری و شارستانی گرنگ بووە لە قۆناغە جیاوازەکانی فەرمانڕەواکانی ئەم ده‌ڤه‌ره و گرنگیی تایبەتی هەبووە. له ده‌قه بزمارییه‌كاندا باس له‌و پڕۆژه‌ی ئاو‌ی خنس كراوە. جۆری شاخی خنس ته‌باشیریه و ئه‌م جۆرە شاخانە زۆرن لە ده‌ڤه‌ری ئاکرێ و شێخان ئاسان و نەرمن بۆهەڵکۆڵین و کێشانی نەخشە لەسەریان، چەندین وێنه‌ی پەیکەری پاشا سەنحاریب و وێنه‌كانی خوداوه‌ند ئنلیل و ئاشووریان لەسەرە.