رۆڵی پەروەردەیی قوتابخانە

09:49 - 2023-05-15
ڕاپۆرت
1404 جار خوێندراوەتەوە
قوتابخانە ئەڵقەی نێوەندگیریی نێوان خێزان و کۆمەڵگەیە

بەناز عەبدولکەریم

قوتابخانە یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوەکانی دنیای شارستانی ئەمڕۆ، بگرە بناغەی سەرەکی بەرهەمهێنانی توانای مرۆیی و داهێنانی زانستیی و پێشکەوتنی تەکنیکییە، قوتابخانە دەزگای بەرهەمهێنان و پەروەردەکردنی مرۆڤە ، لەم رێگایەوە دەتوانرێت مرۆڤ بە فەلسەفەی پەروەردەیی دەوڵەت  پەروەردە بکرێت و مرۆڤی سوود بەخش و بەرپرسیار بخرێتە گۆڕەپانی ژیانەوە.

دامەزراوە سەرەکییەکانی شارستانی
یەکێک لە پەروەردەکارەکان ئاماژەی بەوەداوە، پێنج دامەزراوەی سەرەکی هەن گرنگی بە پرسە شارستانییەکان دەدەن، پابەندن بە رابردووی خۆیانەوە، پارێزگاری لە ئێستای خۆیان دەکەن و داهاتووی پێشکەوتنخوازی خۆیان مسۆگەر دەکەن ئەم دامەزراوانەش بریتین لە: خێزان، قوتابخانە، دەوڵەت، دامەزراوەی کار و دامەزراوەی ئایین، هەر یەکەیان لەسەر بنەمای بیرۆکەیەک دامەزراوە پاساوی بوونی دامەزراوەکە دەدات و ئەو خزمەتگوزارییە روون دەکاتەوە کە پێشکەشی شارستانییەتی دەکات، سەبارەت بەو بیرۆکەیەی قوتابخانەی لە سەری بنیاتنراوە، بریتیە لە پەرەپێدان، پەرەپێدانی جەستە و عەقڵ پێکەوە، مرۆڤ بە تەنها لە  جەستە پێکنەهاتووە وەک چۆن بە تەنها لە عەقڵیش پێکنەهاتووە، قوتابخانە توانا عەقڵی و هۆشیارییەکانی مرۆڤ پێشدەخات، گەشە بە رەهەندە فیکری و تواناکانی داهێنان و وزەی نوێکاری دەدات.

کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی قوتابخانە لەسەر منداڵ
قوتابخانە سیستمێکە لە سیستمەکانی ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی، دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە بەڕوونی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی دەرەوەی خۆی جیا دەکرێتەوە و دووەم ئەڵقەی دوای خێزانە لە گەشەکردنی منداڵ لەڕووی فیکری و کۆمەڵایەتییەوە و هاوکاریکردنی لە تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی گەورەدا، بەم مانایە قوتابخانە ئەڵقەی نێوەندگیری نێوان خێزان و کۆمەڵگە دەنوێنێ کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی قوتابخانە لەسەر ژیانی منداڵ بەم شێوەیەن: لەگەڵ چوونی بۆ قوتابخانە منداڵەکە دەچێتە ناو ململانێیەکەوە بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی بەبایەخ لە نێو قوتابیاندا. هەندێکجار بە تایبەت لە ساڵانی یەکەمی خوێندندا تووشی دڵەڕاوکێ و بێزاری دەبێت. جیاوازی کۆمەڵایەتی نێوان قوتابیان دەبێتە هۆی جیاوازی لە هەڵسوکەوت و چالاکی و هەڵوێست و بەهاکانیاندا. رۆڵی قوتابخانە هەوڵی نەهێشتنی جیاوازییەکانە بەشێوەیەکی کردەیی و بەرنامەڕێژکراو خوێندکاران لە قوتابخانە رووبەڕووی بارودۆخی ئاڵۆزتر دەبنەوە لەوەی لە ماڵەوە رووبەڕووی بوونەوتەوە و لەگەڵی راهاتوون.

ئەرکی قوتابخانە بەرامبەر قوتابی
ئەرکی قوتابخانە ئەوەیە فێریان بکات چۆن وەڵام بدەنەوە و خۆیان لەگەڵ دامەزراوە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکانی دەوروبەریان بگونجێنن. قوتابخانە کۆمەڵگەیەکی کامڵ نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکی تایبەتمەندە لەناو ئەو کۆمەڵگە گشتییەی تێیدا دروست بووە، هەروەها ئەرکی تایبەتی خۆی هەیە وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی پەروەردەیی، هەروەها دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش پێویستە هاوکاریی بکەن و بارگرانییەکەی کەمبکەنەوە بە بەشداریکردن لە پڕۆسەی پەروەردەیی. قوتابخانە رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە کردنی چالاکی فێرکاری و پەروەردەیی ئامانجداردا، هەروەها هەمەچەشنکردنی وانەکانی خوێندن و تەشویق لە شێوازەکانی وانە وتنەوە و ئامڕازەکانی روونکردنەوە، دابینکردنی مەرجی تەندروستی، دابینکردنی مامۆستای شارەزا، بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتوییان و راهێنانی باشیان، بەکارهێنانی پاداشت و سزا لەسەر بنەمای پەروەردەیی و دەروونی دروست و کارکردن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کەسایەتی خوێندکار.

رۆڵی قوتابخانە لە هەرێم
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا تا چەند قوتابخانە لە هەرێمی کوردستاندا ئەم رۆڵەی بینیوە؟ تا چەند رۆڵی هەبووە لە گەشەپێدانی هۆشیاری و پەروەردەکردنی تاکی کورد بە فەلسەفەی پەروەردەیی  حکومەتی هەرێم؟ لە راستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە با کراوەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی بایەخ بە پرسە پەروەردەییەکان دەدەن،  بەڵام وەک رایەکی تایبەتی خۆم وایدەبینم قوتابخانە تەنها ئەرکی فێرکردنی بینیوە، فێرکردنێک بە کوالێتییەکی بەرز و داهێنەرانەش نا، هەر بواری پەروەردەکردنی ئینسانە بە فەلسەفەیەکی ئینسانی و ئەخلاقی، هەرچی گەشەپێدانی عەقڵ و پەروەردەی تاکە کەسە کەمترین بایەخی پێدراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان