دوێنێ، لە هۆڵی دادە (هێرۆ) لە بارەگای مەڵبەند، بەسەرپەرشتی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی سلێمانی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی-سلێمانی و لێپرسراو و نوێنەری ژمارەیەك لە مەكتەبەكانی یەكێتی بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، خاتوو شاناز، پوختەیەكی لەبارەی هەنگاوەكان بۆ رێوڕەسمی ئامادەكاریی بۆ دیداری یەكێتی لە سلێمانی باسكرد و دووپاتیكردەوە كە دەبێت دیداری یەكێتی وەڵامدەرەوەی كێشە و داوا و خەمەكانی خەڵك بێت، پێویستیشە دیدارەكە دەست لەسەر كێشەكان و برینەكان دابنێت.
بارودۆخ و گوزەرانی هاووڵاتیان لە هەرێم و بەتایبەتی لە سلێمانی، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، جەختكرایەوە كە «پێویستە گرنگیی زیاتر بە جێبەجێكردنی داواكانی هاووڵاتیان بدرێت و هەوڵی جدی بدرێت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باشتر».
ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەش پێشنیاز و راوبۆچوونەكانیان خستەڕوو تا دیداری یەكێتی بە سەركەوتوویی بەڕێوەبچێت و ببێتە نەخشەڕێگای كاركردنی یەكێتی و یەكێتییەكان، بەجۆرێك لە هەموو سێكتەرەكاندا دیدی نوێ و دەستپێشخەریی یەكێتییانە بێتەكایەوە و باشتر خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك بكرێت.