دیاری عومەر: لە فێستیڤاڵی بابل تاکەکەس بووم خەڵاتی رێزلێنانم وەرگرت

10:52 - 2023-05-17
هەمەرەنگ
313 جار خوێندراوەتەوە

شانۆیی خانم کە دەرهێنان و نواندنی چەند خانمێکی کوردە بەشداری فێستیڤاڵی بابل دەکات و کاردانەوەیەکی زۆری لێدەکەوێتەوە، لەوبارەیەوە دیاری عومەر دەرهێنەری شانۆییەکە بە نسێ_ی راگەیاند:» شانۆیی خانم نووسینی کاروان عەبدوڵلا سۆفی و دەرهێنانی بەندە و نواندنی (دیدار عومەر و سەرگوڵ حسێن)ە، لەبەرئەوەی بردمان بۆ شاری حلە و بەشداری فێستیڤاڵی بابلمان پێکرد ناومان لێنا (السیدە).
وتیشی:»شانۆییەکە لە ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی حللە نمایش کرا، کە جگە لەخوێندکارەکانی ئەکادیمیاکە کۆمەڵێک خوێندکاری ماستە ر و دکتۆرا و میوانەکانی ناو فیستیڤاڵەکەش ئامادەبوون و بینەربوون، بەخۆشحاڵییەوە کاردانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو تەنانەت پەیجە عەرەبییەکان و پەیجی فیستیڤاڵی بابلی_ش بڵاویکردەوە «.
دیاری راشیگەیاند:» کێشەکانی خانم لەهەر شوێنێکی دنیا زۆربەی جار وەک یەکە، بەتایبەتیش لە حللە ئەم هەنگاوە کارێکی زۆر باشبوو تاوەکو خانمەکانی ئەوانیش بتوانن هاوشانی هونەرمەندان بەگشتی و خانمانی کورد بەتایبەتی کاربکەن». 
ئاماژەی بەوەشکرد:»دواتر پانێڵێک سەبارەت بە درامای عیراقی و پەیوەندی نێوان هونەرمەندانی کورد و عەرەب پێشکەشکرا بەنموونەش درامای (رەباب) کە کارێکی هاوبەشی نێوان هونەرمەندانی کورد و عەرەب بوو، بەخۆشحاڵییەوە بەندەش لە پانێڵەکەدا بەشداربووم و هاوشانی کۆمەڵێک ئەکتەر و دەرهێنەری دیار و بەئەزموون باسی کێشەکانی درامای کوردی و لێهاتویی ئەکتەری کورد و ئەو ئەزموونەم کرد، کە هونەرمەندانی کورد پێیدا تێپەڕیون تاوەکو گەیشتوونەتە ئاستی ئێستا».
لە کۆتاییدا دیاری عومەر ئاماژەی بەوەکرد:»ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بۆ ئێمە وەک خانمانی کورد و هونەرمەندانی کورد بەگشتی، لە فێستیڤاڵەکەدا من تاکە کەس بووم لەسەر شانۆی بابل لە نێو چوار هەزار بینەری بابلدا بانگهێشت کرام و خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشیم».

بابەتە پەیوەندیدارەکان