بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر، پێشوازی لە وەفدێکی سەربازیی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژکاری بەرگریی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا كرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و رۆزی کێڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەبوون، هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگییە سەربازییەكانی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە كرایەوە لەپێناوی دروستكردنی هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە و ئامادە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی هەوڵی بەردەوامی هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد و بەڕێزەوە لەو قوربانییانەی روانی كە لەپێناوی پاراستنی سەقامگیریدا داویانە و رایگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پابەندی هەموو ئەو لێكتێگەیشتن و رێكەوتنانەیە كە لە ماوەی رابردوودا بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە كراون. ناشمانەوێت بە بەرنامە و مەرامێكی تر ئەو لێكتێگەیشتنانە بە رێڕەوێكی هەڵەدا ببرێت و ئەم پرسە نیشتمانییە ببێتە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەكان.
سەرۆك بافڵ وتیشی، یەكێتی سازش لە مافی پێشمەرگە و پێشخستنی تواناكانیان ناكات و لە هەمان کاتدا دەبێت پێشمەرگە لەخزمەت بەرژەوەندییە نیشتمانییەكاندا بێت و پارێزەری خاك، خەڵك و ئاڵاكەمان بێت.