راپۆرتی/ ئەیاز هەركی
وەك كۆنترین یەكەی ئیداری لە عیراق و پارێزگای موسڵ هاووڵاتیان و چاودێرانی سیاسی لە شەنگال داوای بە پارێزگابوونی قەزاکە دەكەن، بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی دەڤەری شەنگال و ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان، هاووڵاتیانی شەنگال گلەییان لە پەراوێزخستنی شارەكەیان هەیە لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە.
ئاوارەکان چاوەڕوانی ئاسایی بوونەوەن
ئەبو کامل هاووڵاتییەكی شەنگالە وتی، داواكاری بە پارێزگابوونی شەنگال یان ئیدارەی سەربەخۆ لە موسڵ پێویستییەكی گەورەیە بۆ خەڵكی شەنگال و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەمان، چونكە كۆنترین قەزای عیراقە و سنوورێكی بەرفراوان لەخۆ دەگرێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكان رەچاوی بارودۆخی شەنگال بكەن و بەرژەوەندی و ململانێی سیاسی وەلا بنێن بۆ ئەوەی خزمەت بە دەڤەری شەنگال بكرێت.
وتیشی، لە دوای جینۆسایدی ساڵی 2014 شەنگال وێران بووە و بەشێکی زۆری خەڵكی ناوچەكە ئاوارە بوون، هەروەها ماوەی نۆ ساڵە ئاوارەكان چاوەڕێی ئاسایبوونەوەی دۆخی قەزاکە دەكەن، بۆیە مافی ئێزیدییەكانە شەنگال وەك پارێزگا یان وەك ئیدارەیەكی سەربەخۆ بناسرێت و خەڵك بەرگری لە مافەكانی خۆیان بكەن و رێگە نەدەن ببنە قوربانی بەرژەوەندییە حزبییەكان.
بەرنامەیەکی جدی نییە بۆ خزمەتکردن
مەهداوی عیدۆ هاووڵاتییەكی دیكەی قەزای شەنگالە وتی، لە ماوەی رابردوودا و تائێستاش هیچ بەرنامەیەكی جدی بۆ خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی دەڤەری شەنگال لەلایەن دەسەڵاتدارانی حكومەتی عیراقەوە نەبووە، دەبێت لایەنە كوردییەكانی شەنگال یەك هەڵوێست بن بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەكە بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و بەرگری لە داواكارییەكانیان بكەن. هەروەها رەوشی ئێزیدییەكان لەبەرچاو بگرن، چونكە ستەمكاری زۆر بەرامبەر ئێزیدییەكان و دەڤەری شەنگال بەگشتی كراوە.
وتیشی، ئیدارەیەكی سەربەخۆ لە پارێزگای موسڵ یان بە پارێزگاربوونی شارەكە بەشێك لە برینەكانی خەڵكی شەنگال ساڕێژ دەكات، بۆیە پێویستە هەموو لایەك دۆخی شەنگال ئاسایی بكەنەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی شەنگال.
مەترسی داگیركردن لەسەر گوند و ناوچەكانی ئێزیدی هەیە لە دەڤەری شەنگال، بۆیە گەڕانەوەی ئاوارەکان چارەسەرێكی گونجاو و گرنگە بۆ پاراستنی شەنگال و خاكی هەرێمی كوردستان
داوای بە پارێزگابوونی شەنگال کراوە
هەر لەوبارەیەوە جەمیل خدر چاودێری سیاسی و لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی 15 رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، كاتێك نوێنەری یەكێتی بووم لە شەنگال چەندین جار بە رێنمایی سەركردایەتیمان لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ داوامان كرد شەنگال بكرێتە پارێزگا یان ئیدارەیەكی سەربەخۆ لە پارێزگای نەینەوا و بودجەی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش بە دەڤەری شەنگال و دەوروبەری بكرێت، بۆ مێژوو دەڵێم ئەمە داواكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، جێی داخە ساڵانێكی زۆر بەسەر جینۆسایدی ساڵی 2014دا تێپەڕیوە و هێشتا خەڵك ئاوارەن، بەڵام هەم خەڵكی شەنگال هەمیش حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی كەمترخەمن لە دۆخی شەنگال، قەزاکە تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەبێت گرنگی تەواوی پێ بدرێت شێوازی ئێستای حوكمڕانی خزمەت بە شەنگال ناكات و كەس نازانێت شەنگال چۆن بەڕێوە دەچێت.
وتیشی، هاووڵاتیانی شەنگال بوونەتە قوربانی كێشەی دەرەكی و ناوخۆیی، بەتایبەتی رێكەوتنی شەنگال هەموان بەشدارییان لەو رێككەوتنەدا نەكرد ئەوە بووە هۆی جێبەجێنەكردنی و پێویستە حكومەتی ناوەند و هەرێم دۆخی شەنگال بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی پێشوو و پێكەوە خزمەت بە دەڤەری شەنگال بكەن.
نەبوونی خزمەتگوزاری
جەمیل خدر ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەنگال تائێستا پەیمانگە و نەخۆشخانەیەكی گەورە و سەرەكی نییە لەگەڵ نەبوونی چەندین خزمەتگوزاری سەرەکی تر، داواش لە ئاوارەكان دەكەم بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، چونكە شەنگال دوورە دەستە لە هەرێمی كوردستان و بە عەشایەرەكانی عەرەب دەورە دراوە و مەترسی داگیركردن لەسەر گوند و ناوچەكانی ئێزیدی هەیە لە دەڤەری شەنگال، بۆیە گەڕانەوەی خەڵكی شەنگال چارەسەرێكی گونجاو و گرنگە بۆ پاراستنی شەنگال و خاكی هەرێمی كوردستان.
شەنگال كۆنترین و گەورەترین قەزای عیراقە ساڵی 1922 بووەتە قەزا و 120 كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا و پارێزگای موسڵ و حەسەكە لە خۆرئاوای كوردستان پێكەوه گرێ دەدات، بە درێژایی مێژوو پێگەیەكی گرنگی جیۆپۆلەتیكی و جوگرافیای هەیە، هەمیشە گۆڕەپانی ململانێ و مشتومڕی هێزە سیاسییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بووە، هەروەها جوگرافیەكەی بووە هۆی ئەوەی ستەم له شەنگال و خەڵكی ئێزدی بكرێت.