فەیسەڵ عەلی
لە تشرینی دووەمی 2022دا ژمارەی دانیشتوانی سەر زەوی هەشت ملیار کەسی تێپەڕاند، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 ئەو ژمارەیە بۆ 9.7 ملیار کەس بەرزبێتەوە، لە هەشتاکانی ئەم سەدەیەشدا ئەو ژمارەیە بگاتە نزیکەی 10.4 ملیار کەس، زۆربەی ئەو زیادبوونی دانیشتوانە لە چەند دەوڵەتێکی کەمدا روو دەدەن، هەرچەندە تێكڕای گەشەی نێوان ئەو دەوڵەتە کەمانەی کە ژمارەی دانیشتوانەکەیان بە خێرایی گەشە دەکات لێک جیاوازن، بەڵام دەوڵەتانی تریش هەن ژمارەی دانیشتوانیان کەم دەکات، هاوکات لەگەڵ ئەو کەمبوونەدا ژمارەی بەتەمەنەکان زیاد دەکات، هەروەها درێژیی تەمەنی مرۆڤ (تەمەنی چاوەڕوانکراو) زیاد دەکات. بە پێی داتاکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکرێ دیارترین گۆڕاوە پێشبینیکراوەکانی دانیشتوانی ئەم سەدەیە، لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکرێنەوە:
یەکەم:
ژمارەی دانیشتوانی جیهان روو لە هەڵكشانە، بەڵام رێژەی گەشەی ساڵانە بۆ خوار %1 دادەبەزێت، لەگەڵ ئەوەشدا زیادبوونی ژمارە و دابەزینی ئەو رێژەیە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکەی جیهان لێک جیاوازە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی ئەفریقای خوار بیابان تا ساڵی 2050 دوو هێندە زیاد بکات، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور بە رێژەی %0.4 زیاد دەکات کە هەر جێی باسکردن نییە، لە ژمارەیەک دەوڵەتی ئەوروپاش ژمارەکە زۆر دێتەخوار.
دووەم:
هەشت دەوڵەت بەرپرسن لە زیادبوونی نیوەی گەشەی پێشبینیکراوی دانیشتوانی جیهان تا ساڵی 2050، ئەوانیش: کۆنگۆی دیموکراتی، میسر، ئەسیوپیا، هیندستان، نەیجیریا، پاکستان، فلیپین، تەنزانیا. لەم ساڵیشدا، هیندستان پێش چین دەکەوێت و لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە دەبێتە یەکەمی جیهان.
سێیەم:
بە شێوەیەکی گشتی، لەسەر ئاستی جیهان رێژەی لەدایکبووان بەرەبەرە رووی لە داکشان دەبێت، هەروەها لە زۆربەی دەوڵەتانی جیهانیش، تێكڕای گەشەی دانیشتوان ئەمساڵ دەگاتە %2.31، بە گشتی تێكڕای لەدایکبوون لە زیاتر لە سێیەکی دەوڵەتانی جیهان بۆ خوار ئاستی جێگرتنەوە %2.1 لەدایکبوو بۆ هەر ژنێک دادەبەزێت، ئەمەش ئەو ئاستەیە کە پێشبینی دەکرێت تێكڕای لەدایکبوون تا کۆتایی ناوەڕاستی ئەم سەدەیە پێی بگات.
چوارەم:
نێوەنجی پێشبینیکراوی تەمەن لە کاتی لەدایکبوون بەرزبوونەوەیەکی لەسەرخۆی بەردەوام بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکە جیاواز دەبێت، درێژترین بەتەمەنەکان لە دەوڵەتانی دەوڵەمەند و کورترین بەتەمەنەکانیش لە دەوڵەتە هەژارەکان دەبێت، جیاوازیی نێوانی هەردوولا لانیکەم حەوت ساڵ دەبێت.
پێنجەم:
رێژەی بەتەمەنەکان، واتە ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە بەرز دەبێتەوە، ئەم توێژەی کۆمەڵگە لە هەموو توێژەکانی دی خێراتر گەشە دەکات، بە هاتنی ساڵی 2050 رێژەیان بۆ %16 بەرز دەبێتەوە، واتە ژمارەیان لە ژمارەی منداڵانی خوار پێنج ساڵ زیاتر دەبێت و لەگەڵ ژمارەی ئەوانەی خوار 12 ساڵن، یەکسان دەبن.
شەشەم:
لەگەڵ زیادبوونی گرژی و جەنگدا، تێكڕای کۆچی نێودەوڵەتی بەرز دەبێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە دیاترین هۆکارەکانی گۆڕانی دانیشتوانی هەندێک لە دەوڵەتان، پێویستیی کارکردن یەکێک لە هۆکارەکانی بزاوتی دانیشتوانی دەوڵەتانی هەژاری وەک بەنگلایدش و نیپاڵ و سریلانکا دەبێت، هەندێکی دیکەی وەک سوریا و ڤەنزوێلا و میانمار هۆکاری کۆچکردنیان بۆ جەنگ و گرژی دەگەڕێتەوە.
حەوتەم:
هێشتا هەندێک لە دەوڵەتانی هەژار بەدەست بەرزیی رێژەی لەدایکبوونەوە دەناڵێنن، ئەمەش بۆتە یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی دەستەبەرکردنی گەشەپێدانی بەردەوام، بە تایبەتیش قورسیی فەراهەمکردنی دەرفەتی خوێندن بۆ ژمارەی روو لە زیادبووی منداڵان، ئەمەش بە نەرێنی کاریگەریی لەسەر ئەو هەوڵانە دەبێت، کە بۆ باشترکردنی کوالێتی خوێندن دەدرێت.
لە دواییشدا، زۆربەی دەوڵەتانی جیهان داچوونێکی بەرچاو لە ژمارەی لەدایکبوون بەخۆیانەوە دەبینن، ئەمەش پیری هێزی کاری بەرهەمهێن و کەمبوونی هێزی گەنجی کار بۆ بازاڕی کاری لێدەکەوێتەوە، بێگومان ئەوەش کاریگەریی بەرچاوی لەسەر گەشەی ئابووری دەبێت، ئەگەر رێوشوێنی پێویستی بۆ نەگیرێتەبەر، بەڵام رێوشوێنە باوەکان کە هەوڵی زیادبوونی ژمارەی لەدایکبوون دەدەن، هیچ ئەنجامێکی باشیان بەدەست نەهێناوە، ئەمەش وادەکات، روو لە ژیریی دەستکرد بکرێت تا قەرەبووی ئەو کەمبوونی هێزی کارە بکات و بەدواشیدا پارێزگاری لە ئاستی گەشەی ئابووریی جیهانی بکرێت. ئەمەش لە راپۆرتێکی ئەم دوواییەی گۆڤاری ئێکۆنۆمیستدا ئاماژەی بۆ کراوە و پێداگیریی لەسەر ئەوە دەکات، کە دەبێ دەوڵەتان بە ژمارەیەکی کەمی گەنجان قایل بن، لە بەرامبەردا سوود لەو پەرەسەندنانەی ژیریی دەستکرد وەربگرن، تا قەرەبووی کەمیی ژمارەی گەنجان بکەنەوە، چاودێریی تەندروستیی بۆ ژمارەی روو لە زیادبووی بەتەمەنەکان دابین بکەن، بە تایبەتی کە ژیریی دەستکرد دەتوانێ بیری نوێ بەرهەم بهێنێت و ئەمەش پێویستیی بە ژیریی مرۆڤ کەم دەکاتەوە.