سەرەکی » دۆسێ » منداڵانی ئەنفال

دۆسێ

منداڵانی ئەنفال

لە جیاتی پێشەکی
ئەنفال یەکێکە لە حکایەتە پڕ ئازارەکانی گەلەکەمان، لەهەمانکاتیشدا بە ترسناکترین قۆناغی مێژوویی کورد لە عیراق دادەنرێت. هیچ کاتێک رژێمەکانی عیراق، هێندەی رژێمی سەدام حسێن و بەعس، دڵڕەق و نامرۆیانە مامەڵەیان لەگەڵ گەلی کورد نەکردووە. شاڵاوی ئەنفال ، ناونیشانی پرۆسەیەکی سەربازیی و ئەمنیی گەورەی رژێمی بەعسە دژی گەلی کورد، لەهەمانکاتیشدا ناونیشانی پرۆسەیەکی گەورەی جینۆسایدکردنی گەلێکە لە سەدەی رابردوودا. سووتاندنی گوند، کۆچی بەکۆمەڵ، بەکارهێنانی کیمایی و بۆمبارانی فرۆکەی جەنگی، ئامڕازەکانی دەستی رژێمی بەعس بوون ، بۆ لەناوبردنی گەلەکەمان.
لەگەڵ ئەو هەموو دڵڕەقیی و نامرۆیییەی رژێمی بەعس ، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە وابکات کە تەواوی گەلی عەرەب لە عیراق پشتگیری ئەو سیاسەتە چەپەڵانەی بکەن، ئەوەتا لەناو ئاگری رق و کینەی بەعسدا، « يوسف ئەبولفەوز» وەکو مۆمێك لەناو تاریکستانی فاشیزم و دڵڕەقی رژێمدا، هەوڵیداوە تیشکێک بخاتە سەر تاوانەکانی ئەو رژێمە دڕندەیە.
یوسف ئەبولفەوز پێشـمەرگەیەکی عەرەبی حزبی شیوعی بووە، لەکاتی پرۆسەی ئەنفالدا لە چیاکانی کوردستان، لەگەڵ پێشـمەرگە و خەڵکی مەدەنیدا ژیاوەو بە چاوی خۆی تاوانەکانی ئەو رژێمەی بینییووە، بەتایبەتی ئەو ئازار و مەینەتییانەی کە منداڵانی کوردستانی لەکاتی پرۆسە‌ی ئەنفالدا چەشتوویانە و چۆن رووبەروی ژیانێکی زۆر ناخۆش و ترسناک بوونەتەوە.
یوسف ئەبولفەوز هەوڵیداوە لە رێگەی بیرەوەرییەکانیەوە ئەو کارەساتە گەورەیە بۆ نەوەی نوێ بگێرێتەوە. نووسەر بەشێوازێکی زۆر ئاسان و سادە ، هەوڵیداوە باسی رووداوەکە بکات، لەهەمانکاتیشدا بەوپەڕی راستگۆییەوە دوور لە گیانی نەتەوەپەرستی توندڕەوانە، رووداوەکانی وەکو خۆی دەگێڕێتەوە.
کاتێک عەرەبێکی عیراقی باسی تاوانەکانی رژێمی بەعس بکات، رەوایی زیاتر بە دۆسییەکە دەدات و خەڵکی بیانی بەتایبەتی برا عەرەبەکانمان، زیاتر بە تاوانەکانی ئەو رژێمە ئاشنا دەبن و رووی راستەقیینەی بۆ جیهان دەردەکەوێت.
ئەم بیرەوەرییانە لەلایەن وەرگێڕی هێژا کاک « محەمەد حەمەساڵح تۆفیق « لە زمانی عەرەبییەوە کراوەتە کوردی، ئێمەش لە کوردستانی نوێ پێمان باشبوو بە دوو بەش ئەو بیرەوەرییانە بڵاوبکەینەوە، بەو هیوایەی خوێنەرانی ئازیزمان زانیاریی زیاتریان لەبارەی رۆژانی خوێناویی ئەنفال هەبێت.

کوردستانی نوێ

يوسف ئەبولفەوز
وەرگێرانی: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

مرۆڤێک زادەی بیری دیموکراسی و پێشکەوتنخواز

کاتێ ئەم نووسینەی یوسف ئەبولفەوز دەخوێنیتەوە دەسبەجێ پاشخانی بیر و هزریت بۆ دەردەکەوێت، کە دیموکراتی و پێشکەوتنخوازە و هەر ئەم بیر و ئایدیایەش مرۆڤ دەخاتە سەر رێچکەی مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆی لە هەر شوێنێکی دنیا، بەدەر لە رەنگ و رەگەز و نەتەوە و ئاین و بیری جیاواز و تاد. بە واتا تۆ دەبێت مرۆڤ وەک مرۆڤ ببینیت و ئەو مافەی ژیان بە هەموو رەهەندەکانیەوە کە بۆ خۆت بە رەوای دەبینیت دەبێ بە هەمان شێوە بۆ ئەویتریشی بە رەوا ببینیت. ئەمەیە کەوا بیر و ئایدیای سۆشیالیستی دەخوازێت پێی بگات و پەیڕەوی بکات، ئەگەرچی لای هەندێک هێشتا هەر بە خەونێک دادەنرێت کە جێبەجێ کردنی مەحاڵ بێت. ئاخر ئەگەر ئایدیای خەونێکی وا نەبێت چی وا لە رۆشنبیرێکی عەرەبی خەڵکی سەماوە دەکات بیروبۆچوونی نەتەوەپەرستیی بەعس و غەیرە بەعسیش رەتبکاتەوە و لە وڵاتی خۆی دەربەدەر بێت و پاشان بە هەزار دەردەسەری خۆی لە دەستی رژێمی فاشستیی عیراق رزگار بکات و بگاتە کوردستان و لە ناو ریزەکانی حیزبی شیوعیی عیراقدا چەکی شەرەفمەندانەی بەرگریی لە خەڵک لە شان بکات و لەگەڵ هاوڕێکانیدا تێبکۆشێت بۆ رزگار بوون لەو رژێمە ستەمکارە و شانبەشانی پێشمەرگەی حیزب و هێزە نەتەوەییەکانی کوردستان لە خەباتدا بن بۆ دەستەبەر کردنی مافە نەتەویی و دیموکراتییەکانی خەڵکی کورد، کە لە دەمی دروستبوونی ناسروشتیی ئەم عیراقەوە و لەباربردنی خەون و ئاواتە رەواکانی کورد بە ویستی کۆڵۆنیاڵیی جیهانی و بەرژەوەندییەکانی و لەو دەمەوە نە ئەم عیراقە بوو بەو نیشتمانەی جێگەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکانی بە سروشتی تێدابێتەوە و نە توانی ببێتە دەوڵەتێکی هاوڵاتی بوون و ئەرک و مافی هاوڵاتییەکانی بە پێی دەستوور و یاسا بپارێزێت. بە پێچەوانەوە عیراق هەر لە یەکەمجاری دروستکردنیەوە ماکی نەتەوەپەرستییەکی توندڕەوی شۆڤێنیەتی عەرەبی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت و سەردەمی پاشایەتییەکەی لە بەناو کۆمارییە پڕ فەوزا و بێسەروبەرییەکەی خراپتر بوو. لە هەردوو سەردەمەکەشدا نە مافی خەڵک وەک هاوڵاتیی ئاسایی دەستەبەر کرا و نە مافی کوردیش بە رەوا بینرا و هەمیشە وەک نەتەوەی دووەمی بندەست مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و هەر داواخوازییەکی رەوای نەتەوەیی بە جوداخواز لەقەڵەم دەدرا و بە توندی لەدژی دەوەستانەوە. لە سەرێکی تریشەوە بیری نەتەوەی سەردەست تا دەهات بە ئاقاری شۆڤێنێتی نەتەوەیی ئاسۆ تەسکدا دەبرا و لە سەردەستی کەسانی وەک ساطع الحصری و هاوشێوەکانی نەوە لە دوای نەوە بە بیری چەوتی پان عەرەبیزم گۆش دەکران و خەڵکانی تری عیراق سەرکوت دەکران، بە زۆرینەی خەڵکە شیعە مەزەبەکەشەوە، کە بەوە تۆمەتبار دەکران وابەستەی ئایدیای پان ئێرانیزمی شیعەگەران و خزمەتی ئامانجەکانی عەرەبایەتی ناکەن.
ئەم دۆخە نادیموکراتییە نەتەوەییە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانی تا ئێستاش گرتووەتەوە و چینێکی باڵادەستی حوکمڕان و دەستوپێوەندیان دروستبووە کەوا کۆڵەکەی بەردەوامییان ستەم و سەرکوتکردنی میللەتە و بە تایبەتی حیزب و هێزە نیشتمانی و دیموکراتیخوازەکانی وڵاتەکانیان و هێشتنەوەی گەلانیان لە ژێر باری ناهۆشیاری و بێئاگاییدا و پەراوێز خستنیان لە رووی فەرهەنگی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە و بە دواکەوتوویی هێشتنەوەیان بۆ بەردەوامیدان بە حوکمڕانیی دەستەبژێرێکی سیاسیی گەندەڵ و مشەخۆر بە هاوکاریی سەرمایەداریی جیهانی، بۆ دەستەبەری قۆرخ کردن و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتانە و هێشتنەوەی خەڵکەکەی لە ژێر باری نەداری و هەژاری و دواکەوتووییدا و ئەنجامیش زاڵبوونی میتافیزیک و ئەفسانە و وەهمی نەتەوەیی باڵادەست و ئاینی و مەزهەبی و لێکەوتە و رەنگ و روخسارە جۆراوجۆرەکانی کە ئاسۆی ئەقڵانییەت و زانستی سەردەمی پەکخستووە لایان و بگرە لە پەلوپۆیشی خستوون و شکست لە دوای شکستی بۆ کردوون بە مۆرک و سیمای ئەم چەرخ و سەردەمە لە هەموو کایە و بوارێکدا.
ئەمە بارودۆخێکی تاڵ و نەخوازراوە لای خەڵک و گەلانی ئەم وڵاتانەی هێزگەلێکی دەرەکی و ناوخۆیی کار دەکەن بۆ بێ ئیرادە کردنی و خەفە کردنی هەموو توانایەکی ئەقڵ و هزری، بەڵام لە بەرانبەر ئەو شاڵاوە دڕندانە هەمەلایەنەی هێزەکانی تاریکی و دواکەوتوو بە پاڵپشتی سەرمایەداریی جیهانی و هۆکار و ئامرازە زەبەلاحەکانی بە سیاسەت و ئابووری و میدیا و کۆمپانیای فرە رەگەز و چەپۆکی میلیتاری و هەواڵگریی هەزار و یەک سەرە، هێزگەلێکی دیموکراتی و نیشتمانی لەکاردان بە پاڵپشتیی خەڵکی ویژدان زیندووی وڵاتەکە، خەڵکی بێبەش لەو خێروبێرەی مفتخۆرانی دەسەڵاتەکانی ستەم بەتاڵانی دەبەن بە دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ چەوسێنەرانی دەرەکی و ناوەکی.
ئەم هێزانە هەمیشە لە ململانێی سەختدان لە گەڵ ستەمکارانی دژە خەڵک، بەرەنگاریان دەبنەوە و پەردە لە سەر سیاسەتی دژە خەڵکیان هەڵدەماڵن و دزی و جەردەییەکانیان ئاشکرا دەکەن و ئابڕوویان دەبەن و خۆیان پەیڕەوی نموونەی باڵای خزمەت بە خەڵک و بەها پیرۆزەکانی دەکەن و لەم پێناوەشدا قوربانی دەدەن، خوێنیان دەڕژێت، زیندانی دەکرێن، ئاوارە و سەرگەردان دەبن، ماڵ و خێزانیان دەفەوتێ، بەڵام کۆڵ نادەن و مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە ململانێ و قوربانیدان. لە عیراقیشدا بە ئەندازەی مێژووە کرچ و کاڵەکەی دروستبوونی، ئەم هێزانە مێژوویەکی دوورودرێژی پڕ قوربانییان هەیە دژ بە ستەمکاران و لە سەر رێبازی خۆیان مکووڕ بوون و زیندانەکانی کووت و بەعقووبە و قەسری نیهایە و شەمەندەفەری مەرگ و کوێ و کوێ کۆڵی پێنەدان و شێلگیرتری کردن، دیسان زەبروزەنگی بەعس لە ساڵی ١٩٦٣ بەدواوە، ئەگەرچی لاوازی کردن بەڵام هەر مان و سەرلەنوێ چەکەرەیان کردەوە و نەفەوتان چونکە بیر و هزرێک ریشەی ئاودەدان کە لە خێر و بەرژەوەندیی خەڵکی رەشوڕووتدا بوو. من ناڵێم ئەوان بێ هەڵە و پەڵە بوون، بەڵکو دەبوو بەعس باش بناسن و بەرەیان لەگەڵدا نەکردایە. بەڵام خۆ پاساو هێنانەوە نییە بۆ هیچ لایەک و ئاخۆ کام هێزی سیاسی نیشتمانی و نەتەوەیی رەسەن لە عیراقیش و لە کوردستانیش هەڵەی نەکرد و بگرە هەڵەی کوشندەش. هەرچۆنێک بێت خەڵک لەو هەڵانە خۆش دەبێت، چونکە تەنها هەڵەی کورتبینیی سیاسی بوون و نەچوونە جوغزی خیانەتی نیشتمانییەوە و ئەو سەردەمە مۆسکۆی بابە گەورە و ئایدیاکەی باڵی کێشابوو بەسەر هەموو ئەوروپای رۆژهەڵات و ئەوەی کە پێیدەوترا «جیهانی سێهەم» لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتیندا. چونکە ئەمان نەدەبوو هەرگیز لە بیر و بۆچوونی سۆسلۆڤ و نازانم کێ دەربچن و ئێمە ئەو دەمە گەنج بووین و قەناعەتمان بەو تیۆرییە هێنابوو کە دەکرێت زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێهەم بە قۆناخی سەرمایەداریدا تێنەپەڕن و یەکسەر ببن بە وڵاتی سۆشیالیستی و لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵێکدا وڵاتێکی وەک مەنگۆلیامان کردبوو بە نموونە، کەچی دواتر دەرکەوت، چەشنی شیعرەکەی مامە شێخ رەزا شیڕ وانەبوو نە مەنگۆلیا و نە هیچ وڵاتێکی جیهانی سێهەم بە قەڵەمباز نەبوون بە سۆشیالیست و لە عیراقیشدا حیزبی شیوعی هێندە بەعس و تەنانەت سەددام حوسەینی بە پێشکەوتنخواز و لە ژێر کاریگەریی سۆشیالیزمدا دەزانی کەوا سەرکردەیەکی باڵای دڵبەندیی خۆی بەو نەدەشاردەوە و بە «کاسترۆی عیراق» ناوی دەبرد.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم بیرە تا ئێستاش هەر لە خزمەتی خەڵکی چەوساوەدایە و با بە بۆنەی سۆڤیێت و گڵاسنۆست و پێریسترۆیکای گورباچۆڤیشەوە، لەلایەک و لەولاشەوە هێرش و پەلاماری دڕندانەی سەرمایەداریی جیهانی و خۆ نوێکردنەوەی و کەرەستە و ئامرازە زەبەلاحەکانیەوە، شکستی هێنابێت، بەڵام هێشتا ملیۆنانی خەڵکی ئەم سەر زەوییە هەر بە خەونێکی رەوای دەزانن بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی، چونکە تا ئێستاش هیچ جێگرەوەیەکی تری نیە بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی رەشوڕووتی ئەم جیهانەی کە رێژەیەکی رەهای زۆری برسییە لە چاو کەمینەیەکی تێر و پۆشتەیدا. راستە ئەمە ئێستا خەونە بەڵام ملیۆنان بۆی تێدەکۆشن و رەنگە لە داهاتوویەکی نزیک یان دووری مرۆڤایەتیدا بە فۆرم و ناوەرۆکێکی ترەوە بێتەدی.
با بێینەوە لای پێشمەرگە و نووسەر یوسف ئەبولفەوز و ئەو کارە جوانەی کە لە تۆمار کردنی بارۆدۆخی منداڵاندا کردوویەتی لە سەردەمی ئەنفالدا، چ لە بنکە و بارەگاکانی حیزبی شیوعی لە ناوچەی بادینان و چ لە کاتی رێڕەوی خەڵکدا بەرەو تورکیا و ئێران و چ لە ئۆردووگاکانی ئاوارەیی لە ئێراندا کە خۆیشی لەوێ ژیاوە پاش کۆنترۆڵ کردنی هەموو کوردستان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا. ئەڵبەتە ئەو بیر و بڕوایەی ئەم پیاوە و چەندینی تری هێناوە بۆ کوردستان و کردوونی بە پێشمەرگەی حزبی شیوعیی عیراق، یان بە ئەنسار – نەسیر بە زاراوە سیاسییەکەی حیزب و من لە گەلێ شوێنی وەرگێڕانەکەمدا بەکارم هێناوە، پاڵنەری بوو بەو شێوە مرۆڤانە هەڵسوکەوت بکات و لە گەڵ هاوڕێ پێشمەرگەکانی ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ رزگار کردنی منداڵە بەجێماوەکان لە خێزانەکانیان، لەو بارودۆخە سەختەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا کەوا رژێمی بەعس لە ئاخر و ئۆخری جەنگی عیراق – ئێران لە بەرەکانی جەنگەوە، پاش ئەوەی جەنگەکە بە لای بەرژەوەندیی عیراقدا کەوتبوو، هەزاران سەربازی لە سوپای عیراق و جاشی کورد ئاڕاستەی کوردستان کرد و هێرشیان دەکرد و گوندیان دەسووتاند و تەختی زەوییان دەکرد، بە یارمەتیی ئەو چەک و جبەخانە زەبەلاحەی کە حکوومەتی عیراق بە هاوکاریی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا و تەنانەت رۆژهەڵاتیش دەستەبەری کردبوون، هەر لە بۆردمانی فڕۆکە و تۆپباران و چەکی ترەوە بگرە تا دەگاتە بەکارهێنانی گازی کیمیایی، بێجگە لەوەش لە قۆناخەکانی پێشتری ئەنفالدا سەرجەمی ناوچەکانی تری کوردستانیان کۆنترۆڵ کردبوو. ئا لەم دۆخە سەختەدا، کە خەڵک هەموو رەوی دەکرد و ورەی بەردابوو و وەک کورد دەڵێ برا نەیدەپەرژایە سەر برا، ئەبولفەوز و هاوڕێکانی فریای منداڵە پەڕەوازەکان دەکەون و سەرباری کۆڵەپشت و چەکوچۆڵی قورسیان ئەمانیش دەگرنە کۆڵ و بە سەر چەم و رووبار و چیا و دۆڵی سەخت و هەڵەتدا دەیانبەن تا رادەستی کەسوکاریان دەکەنەوە. چیرۆکی هەردوو منداڵ فەوزییە و ئیوان شایەتی ئەو راستییەن کە پەیڕەوی کردنی بەهای باڵای مرۆڤ لە بیر و ئایدیای دیموکراتی و مرۆڤدۆستییەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەبولفەوز و هاوڕێکانی، کە هەڵگری ئەو بیر و بەها مرۆڤایەتییە بەرزە بوون، بەو هەڵوێستانە مرۆڤبوونی خۆیان زیاتر سەلماندووە و بەرجەستە کردووە. تەنها چیرۆکی ئەم دوو منداڵە ئەگەر زانستیانە بکرێتە فیلم و ئەو واقیعە تاڵ و سامناکە وەک خۆی نمایش بکرێتەوە پێموایە کاریگەرترین فیلم دەبێت لە سەر ئەنفال و دڵنیام لە ئاستی جیهانیدا خەڵاتی زۆر گەورە بەدەستدێنێت. ئەبولفەوز هەر بەمە کۆڵ نادات و لە خێوەتگەکانی ئاوارەیی لە ئێراندا و لە شوێنانی تر هاوڕێ پێشمەرگەکانی رادەسپێرێت زانیاریی لە زاری منداڵە ئاوارە و لێقەوماوەکان خۆیان کۆبکرێتەوە کە دواجار ئەم چیرۆکە پڕ لە تاڵی و کوێرەوەریانەی لێدەردەچێت کەوا بەردیش دێننە دەنگ. راستگۆیی کاریگەریی مەسەلەکە لەوەدایە کە ئەم پیاوە خۆی شایەتحاڵی تراجیدیاکانی منداڵە لە ئەنفالدا و بە چاوی خۆی شەهید بوونی منداڵەکانی هاوڕێ پێشمەرگەکانی بینیوە لە کیمیابارانی بنکە و بارەگاکانیان لە زێوە و شوێنەکانی تردا لە ناوچەی بادینان، کە ئەو دەمە چالاکیی پێشمەرگایەتیی ئەم لەوێ بووە. لە ئۆردووگاکانی ئاوارەییش لە ئێران کاری لەم مەسەلەیەدا کردووە و لە زاری منداڵانی پەڕاگەندە و کەس و کار ئەنفالکراوەوە چەندین چیرۆکی جەرگبڕ دەگێڕێتەوە. کێ بێت لە ناخەوە نەهەژێت و ویژدانی رانەچڵەکێت بۆ سەرگەردانیی منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵی وەک مەکی کە دایک و باوک و هەموو خێزانەکەی لەدەستداوە و لە کاتی پەڕینەوە لە زێی بادینان بەرەو تورکیا هێزەکانی رژێ عیراق ئەنفالیان دەکەن و تەنها ئەم و خوشکێکی لە خۆی منداڵتری دەرباز دەبن و ماڵێکی خێرخوا دەیانگرێتەخۆ و کاریگەرییە سایکۆلۆجییەکەشی ئەوەیە کە مەکی بە رۆژدا منداڵێکی لاسار و چەتوون و شەڕەنگێزی لێدەردەچێت کە هەموو منداڵانی ئۆردووگاکە زەلالەتیانە بەدەستیەوە و ئێوارەشی لێدێت، کاتێ کە منداڵانی تری خێوەتگەکە دەچنەوە نێو باوەشی خێزانەکانیان، ئەم خەمی بێکەسی و داماوی رووی تێدەکات و هیچ کەسێک تیماری دڵی زامدار و دەروونی شێواوی ناکات. ئەوە چ هەستێکی ئازاربەخشە کە هاوخەمیی خۆت لەگەڵ محەمەدی مێرمنداڵی دەستگێڕی جگەرە فرۆش دەربڕی و بێئەوی جگەرەکێش بیت قەرەبووی «زیانە قورسەکەی» بکەیتەوە و سێ پاکەتە جگەرە تەڕبووەکەی لێبکڕیت، لەکاتێکدا کە خۆیشت ئاوارە بیت. ئەمانە و چەندین چیرۆکی تر، کە شایستەی ئەوەن کرۆکی دەرد و کارەساتی گەلێکی ستەمدیدەی وەک کوردی پێبگەیەنیتە زۆرێک لەو دەرگا داخراوانەی ویژدانی دنیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بێگومان کاری ئاوها پرسی ئەنفال و جینۆساید دەباتە پێشەوە و سەرنجی دەوروبەر و جیهانت بۆ رادەکێشێت، نەک وتاری پڕ لە شیڕە و قیڕەی زۆرێک لە بەرپرسە سیاسییەکانمان کە لە ساڵیادی ئەو بۆنانەدا خۆیان شین و مۆر دەکەنەوە بەڵام ئەوەی بەرنامە بێت نییانە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ تراجیدیای میللەتەکەیاندا.
لە یادمە و بگرە یادێکی تاڵیشە، کابرایەکی کوردی ئێران، کە لە ئیتاڵیا هونەری سینەمای دەخوێند، سیناریۆیەکی لە سەر ئەنفال نووسیبوو، بەو هیوایەی لە کوردستان، کە سەردەمێک زۆر چەور بوو و گەلێ کەس پرۆژەی ساختەیان بۆ دەهێنا بەڵکو شتێک بۆ خۆیان بماشنەوە، پارەیەکی بۆ دابین بکات و بکرێتە فیلم، خۆی گەیاندبووە لای کاربەدەستێک هاوکاریی بکات، ئەمیش لەڕاستیدا مەسەلەکەی پێخۆش بوو بەڵام سەری لێدەرنەدەچوو بۆیە ناردی بۆ لای من بەو پێیەی هەندێک هەوڵ و زانیاریم لە بواری جینۆسایدی کورددا هەیە و پاش نزیکەی مانگێک لە خوێندنەوەی، کە لە زمانی ئیتاڵییەوە کردبووی بە ئینگلیزی، ئەوجا گفتوگۆ کردن لەگەڵ سیناریستەکە و برایەکیدا کە ئەویش هەر هونەرمەند بوو، من رێکوڕەوان پێمسەلماند هەرچەندە من نە هونەرمەندم و نە سینەماکار، بەڵام بە هەموو پێوەرێکی تێگەیشتنم لە جینۆساید ئەمە کارێکی تۆکمە نیە و فڕیشی بەسەر ئەو بوارەوە نیە، کاتێ کە بەراوردی دەکەیت لەگەڵ ئەو فیلمانەی لە سەر هۆڵۆکۆست و ئەرمەن و جینۆسایدەکانی تر بەرهەمهاتوون. ماڵی ئاوابێت برادەری کاربەدەست بەقسەی کردم و بە دۆعای ئەو کابرا دەستبڕە نەیوت ئامین و یارمەتی نەدا. کەچی هەمان سیناریۆ هەر لە کوردستان و لە شارێکی تر پارەیەکی مۆڵی وەرگرت بەڵام وەک باسکرا فیلمێکی تەواو بێبایەخی لێبەرهەم هات کە هیچی لێ سەوز نەبوو. لەم وڵاتەی ئێمە هەندێ جار توێکڵ و زۆر جاریش توێکڵە مۆز، لە رووی نەزانییەوە بێت یان هەر شتێکی تر، بایەخی زیاتر پێدەدرێت لە گەوهەر و ناوەرۆک.
من ئەم پیاوە ناناسم بەڵام هەرگیز ناتوانم رێز بۆ ئەم کارە ناوازەیەی دانەنێم و هەزار جار دەستخۆشیی لێنەکەم و بە شانازیشەوە ئەم کارە بەهادارەی دەکەمە کوردی. ئەوێکی بە رەگەز عەرەب، وەک نووسەر و وەک پێشمەرگە لەگەڵ هاوڕێکانی لە پاشخانی جیاوازی ئەتنیک و ئاینەوە بیر و ئایدیایەک کۆیکردوونەتە بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی خەڵک بە گشتی و خەڵکی کورد بە تایبەتی، لە هەمان کاتیشدا دەیان هەزار جاش و ناپاکی کورد لە بەرپاکردن و ئەنجامدانی هیچ تاوانێک نەدەسڵەمینەوە دژ بە رۆڵەکانی گەلەکەی خۆیان لەپێناوی پارەدا. بێگومان ئەوە هەڵوێستی دەیان و سەدان عەرەبی شەرەفمەند بوو کە لە پێناوی پیادەکردنی بەهاکانی مرۆڤایەتیدا هەڵوێستی لەم چەشنەی دەنواند.
جارێ با لە سەماوە دوور نەکەوینەوە کە زێدی ئەم پیاوەیە و هەر لە سەماوە ماڵێکی عەرەبی خاوەن مروەت و پیاوەتی لە ئال عەشم ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و لە شەوێکی تاریکی ئەنگوستەچاودا، تەیمووری ئەودەم منداڵی دوانزە ساڵ کە بە برینداری لە کۆمەڵکوژییەکەی خێزانە بێگوناهەکانی کورد، لە گەرمەی ئەنفالدا، لە بیابانی سەماوە دەرباز دەبێت و ئەم ماڵە داڵدەی دەدەن و ماوەی نزیکەی چوار ساڵێک دەیپارێزن تا لە دوای راپەڕین رادەستی هەندێک لەو کەس و کارەی دەکەن کە لە کۆمەڵکوژی رزگاریان بووبوو.
من لە کاتی سەربازیمدا و پاش تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا ماوەی زیاد لە ساڵ و نیوێک جەعفەر حوسێنی خەڵکی سەماوەم ناسی و وەک برامان لێهاتبوو، دواتر بارودۆخی ناهەمواری عیراق لێکتری دابڕین و پاش زیاتر لە بیست ساڵ بە رێکەوت لە دیمەشقی شام بە یەک شاد و شوکر بووینەوە. لە زانکۆ دوو هاوڕێی زۆر خۆشەویستم عەرەب بوون و لە براش زیاتر بوون بۆم، عامر عباس عۆدە کە شیوعییەکی قارەمان بوو، بەعسییەکان گرتیان و ئیعدامیان کرد و عبدالمطلب (أبو سعید الشایب) کە بوو بە پێشمەرگەی ئەنسار و لە نەبەردییەکدا شەهید بوو، بێجگە لە دەیانی تر کەوا ئەگەر جڵەوی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە لە دەستی ئەوان و هاوشێوەکانیاندا بوایە ژیانی خەڵک بەم بارەدا نەدەشکایەوە و هەرچەندە خەڵکە شەرەفمەندەکەی ئەم وڵاتە درێغییان لە خەبات و قوربانیدان نەکرد، بەڵام بەداخەوە نە لە کاتی دەسەڵاتی پڕ ستەمی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق و نە دوای بەعسییەکانیش چەرخی رۆژگار بە دڵی خەڵکە باشەکە نەگەڕا و بە قەولی عەرەب (تجری الریاح بما لا تشتهی السفن) و کەسانێک هاتنە سەر حازری کە کۆیان لە تاڵان و بڕۆ نەکرد و هێندەی تر وڵاتیان کردە وێرانە.
نووسەر وەک پێشمەرگەیەک لە ناوجەرگەی رووداوەکانی ئەنفالدا بووە و راستەوخۆ لە ناو کارەساتەکەدا بووە و ئەمیش و پێشمەرگەکانی هاوڕێی شان بە شانی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە ناوچەی بادیناندا باڵادەست بوون لەم دەڤەرە، لێرە و لەوێ بەرگرییان کردووە و لە هەندێ شوێن بە شەڕ رێگەی دەربازبوونیان بۆ هەزاران خەڵکی ئاوارە کردووەتەوە کە بەرەو تورکیا دەرباز ببن، چونکە هێزە بێشومارەکانی رژێم هەموو رێگە و دەرە و شیوی دەربازبوونیان گرتبوو، بە چاوساغیی جاشە زۆر و زەوەندەکانی ناوچەکە و بە ئامانجی دەسگیرکردنی گەورەترین ژمارەی خەڵک.
نووسەر لە گەرماوگەرمی رووداوەکانی ئەنفالدا، کە بە تەواوەتی هەندێک لایەنی ئەنفال و جینۆسایدی کورد روون نەبووبۆوە بۆیە لە هەندێک رووەوە بە وردی لە باسەکە نادوێت، کاتێ کە هێرشی هێزەکانی رژێم بە جۆرێک باس دەکات کە بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان بەسەر یەکەوە بووە و هەزاران دیل و کوژراوی لێکەوتووەتەوە لە شوێنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەدا. راستییەکەی ئەنفال ئۆپەراسیۆنێکی پێشتر پلان بۆداڕێژراو بوو، کە ئایدیا و پاڵنەرەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی دوورتر و تەنانەت پێش رژێمی بەعسیش و پێشینەی مێژوویی مەسەلەکە دەگەڕێتەوە بۆ میکانیزمی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق و وردە وردە گەڵاڵە بوون و پەرەسەندنی بیرۆکەکە لە هزر و هۆشی شۆڤێنێتی نەتەوەی باڵادەستدا، لە کەش و دۆخی نەبوونی یان لاوازیی دیموکراتییەت لە عیراقدا، بە هەردوو سەردەمی مەلەکی و کۆمارییەوە. دواتر لە سەردەمی حوکمی بەعسدا، وەک حیزبێکی نەتەوەپەرستی توندڕەوی دێماگۆگی لە لایەکەوە و شێلگیر بوونی خەبات و تێکۆشانی مێژوویی رەوای گەلی کورد لە لایەکی ترەوە، سەرەڕای هەندێ هەڵەی کوشندەیشی لە قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی نەتەوەییدا.
رژێمی بەعس لە پاش پشتیوانییەکی زۆری نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەب و بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو، لە جەنگە هەشت ساڵییەکەیدا لە گەڵ ئێران، کە لە دوا قۆناخیدا تاڕادەیەک لە بەرژەوەندیی رژێمی عیراق شکایەوە و بەو کۆمەکییە گەورەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ئەمریکا، ئێرانی تێدا لاواز بوو و بە ناچاری ملیدا بە وەستاندنی جەنگەکە. ئەمە وای لە رژێم کرد ملهوڕانە لەگەڵ کورد بجووڵێتەوە و پلانە جینۆسایدییەکەی تەواو بخاتەوەگەڕ، کەوا جەنگەکەی لەگەڵ ئێران پەکیخستبوو، بە تایبەتتریش لە ساڵی ١٩٨٧ەوە کە ئیتر جەنگەکە بەرەو ئەوە دەچوو لە بەرژەوەندیی ئەم کۆتایی بێت و شێلگیرانە کەوتە راگواستنی ئەو گوندانەی کە دەسەڵاتی بەسەردا دەشکا و نیشتەجێ کردنی دانیشتوانەکەی لە ئۆردووگا یان کۆمەڵگا زۆرەملێکاندا کە ساڵانی پێشتر دروستی کردبوون و گوندەکانی ئەو ناوچانەی بۆ رادەگواستن کە بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بوون، بەو گوندانەشەوە کە ماڵی جاشەکانی خۆیی تێدابوون. ئەو گوندانەی لە شوێنە سەختەکان و لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوون و تا ساڵی ١٩٨٧ دانەگیرابوون بۆ ئۆردووگاکان لە دیدی رژێمی عیراقەوە بە «ناوچەی قەدەغەکراو – المناطق المحظورە» دانران و لە روانگەی ‌هێزەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردەوە بە «ناوچەی رزگارکراو» لەقەڵەمدران. هەر لەو ساڵەدا بەعسییەکان بڕیاریان دا ئەو شوێنانە لەسەر نەخشە بسڕنەوە و گوندەکانی و سەرجەم ژینگەکەی بە تەواوی خاپوور و وێران بکەن و خەڵکەکەی لەناوبەرن و هێزە سیاسییە بەرهەڵستکارەکان و پێشمەرگەی لێدەرپەڕێنن و بۆ چارەسەری کێشەی کورد دەستەواژەی «پانکردنەوەی سەری مارەکە» یان بەکارهێنا، کە ئەمە لێکچوونێکی تێدایە لەگەڵ نەخشە و پلانی نازییەکانی ئەڵمانیادا کە ساڵی ١٩٤٢ لە کۆنفرانسێکیاندا بڕیاری لەناوبردنی جوولەکەکانی ئەوروپایان دا بۆ چارەسەری مەسەلەکەیان و دەستەواژەی «چارەسەری کۆتا Final Solution» بۆ ئەم مەبەستە بەکارهات و پلانی تۆکمە و بەرفراوان کەمپی کۆکردنەوە و لەناوبردن و کوورەی سووتاندنیان بۆ ئامادە کردن، لەژێر پەردەی جەنگی جیهانیی دووەمدا.
بۆ زیاتر روونکردنەوەش مێژوونووسی جوولەکەی ئەڵمانی راوڵ هیڵبێرگ لە کتێبەکەیدا «تێکشکاندنی جوولەکەکانی ئەوروپا Destruction of the Europian Jews» باس لە سێ قۆناخی سەرەکی دەکات کە بۆ ئەنجامدانی هەر کردەیەکی جینۆساید پێویستە، یەکەم دەستنیشان کردنی گرووپ، دووەم پاکۆدان یان گرتنی گرووپ، سێهەمیش لەناوبردنی گرووپ، کە هەر سێ قۆناخەکە لە ئەنفالدا بە تەواوی بەرجەستە بوو. ئەمیش بیگومان وەک زۆرێک لە جینۆسایدەکانی دنیا لە ژێر پەردەی درۆ و نکووڵی کردن و زمانی شیرین euphemism و پاکۆدانی خەڵکەکە بە ناوی بردنیان بۆ کۆمەڵگا نیشتەجێکان و پاشان بەندکردنیان لە سەنتەرەکانی پرۆسێسە و جیاکردنەوەی گەنج لە پیر و ژن و منداڵ لە پیاو، لە سەنتەرە کاتی و سەرەکییەکانی قۆرەتوو، قادر کەرەم، چەمچەماڵ، خورماتوو، تەقتەق، دووبز، تۆپزاوا، قەڵای نزارکێ، سەلامییە و چەندین شوێنی تر. پاشان رەوانە کردنی تێکەڵەیەک لە پیر (بە زۆری) و ژن و منداڵ و دوای شەش مانگێک بەردانیان پاش ئەوەی نیوەیان بە تینوێتی و برسێتی و نەخۆشی و ئەشکەنجەدان مردن.
لایەنە سەربازییەکەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال نزیکەی حەوت مانگی ساڵی ١٩٨٨ی خایاند، بە هەشت قۆناخ و دەسپێکی هەر قۆناخێکی بە بۆردمانی گازی کیمیایی دەکرد بۆ کوشتن و ترساندنی خەڵکە گوندنشینەکە و بێگومان پێشمەرگەش، کە لەگەڵ گازی کیمیاییدا هیچیان پێنەدەکرا. قۆناخی یەکەم هێرش کردن بوو بۆ سەر ناوچەکانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرگەڵوو، بەرگەڵوو، لەگەڵ دۆڵی جافەتی و حەوزی دەریاچەی دووکان و دەوروبەری لە ٢٣ی شوبات – ١٩ی مارت و چەندین شوێن بە گازی کیمیایی لێدرا، قۆناخی دووەم قەرەداخ ٢٢ی مارت – ١ی نیسان و تێیدا گوندی سێوسێنان و چەند شوێنیکی تر بەر گازی کیمیایی کەوتن، قۆناخی سێهەم ناوچەی گەرمیان ٧ – ٢٠ی نیسان کە تێیدا گوندی تازەشار بە گازی کیمیایی لێدرا و گەورەترین زیانی گیانیی ئەنفال لەم ناوچەیە بوو، قۆناخی چوارەم ناوچەکانی شوان و قەڵاسێوکە و کۆیە و تەقتەق و دەوروبەریان ٣ – ٨ی مایس کە تێیدا بە سەختی لە گوندی گۆپتەپە درا بە گازی کیمیایی، قۆناخەکانی پێنج و شەش و حەوت دۆڵ و چیاکانی ناوچەکانی شەقڵاوە و رەواندزی گرتەوە ١٥ی مایس – ٢٥ ئاب، قۆناخی هەشتەم ئەنفالی کۆتایی ٢٥ی ئاب – ٦ی ئەیلوول.
ئەوەی کە نووسەر باسی دەکات و خۆی تێیدا ژیاوە و شایەتحاڵی تراجیدیای رەوکردنی خەڵکەکە ئاوارەکە بووە بەرەو تورکیا بەزۆری و پاشانیش لە ناو تورکیاوە بۆ ئێران. ئەم قۆناخەی ئەنفالە کە لە ناوچەی بادیناندا ئەنجامدرا و پاش کۆکردنەوە و مۆڵدانی هێزێکی لەژمارە نەهاتووی سوپای عیراق و جاش و خۆئامادەکردنیان بۆ هێرش و پەلاماردان لە هەموو لایەکەوە، ئێوارەی رۆژی ٢٤ی ئاب بارەگای پارتی لە زێوە بە چەکی کیمیایی بۆرمان کرا و زیانی گیانیی بەرچاوی لێکەوتەوە و هەر لێرەش بنکەی حیزبی شیوعی ساڵێک پێشتر بە گازی کیمیایی لێدرابوو وەک نووسەر دەیگێڕێتەوە.
لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٥ی ئابیشدا زیاد لە سی گوندی هەردوو دیوی چیای گارە بە چەکی کیمیایی و کۆکتێلی گازی خەردەل و سیانید و دەمارەگاز بۆردمان کرا و ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداری لێکەوتەوە و هەندێک لە ناوی گوندەکان ئەمانەن: باوەڕکا کەڤری، دهۆکێ، مێرگەتوی، هەڤنتکا، پیروزانا، دێرەشێ، مژێ، کەڤنەمژێ، سپیندار خەلفۆ، گێرگاشێ، گەرەگو، گۆهەرز، زێوەشکان، بەلویتێ، گویزێ، زارکێ، رەزویکێ، سارکێ، ردێنیا، شێرانە، ئێکماڵە، سپیندار، ئاڤۆک، سواری و چەند گوندێکی تر. بێجگە لە گوندەکانی برجین لای زاویتە و وەرمێلێ و سپیدارۆک لە نزیک خابوور و چەندینی تریش لەو دەوروبەرە، کە هەندێک سەرچاوە دەیگەیەنێتە نزیکەی پەنجا گوند.
بێگومان ئەم بۆردمانە خەستە بە چەکی کیمیایی و بەکارهێنانی چەکی قورسی تۆپخانە و راجیمە و پێشرەویی ئەو ژمارە زۆرەی هێزی سوپا و جاش بە جارێ ورەی خەڵک و پێشمەرگەشی رووخاند و لە هەموو لایەکەوە ئاپۆرەی خەڵکی ئاوارە ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و بە سەڵتی بەرەو سنوورەکانی تورکیا هەڵاتن، کە لەوێوە نزیک بوو. ئەڵبەتە بێجگە لەو کەسانەی کە لە بۆردمانی کیمیایی و تۆپخانە و راجیمەدا شەهید بوون، ئەودوای خەڵکەکە کە لە دەست هێزەکانی حکوومەتی عیراق دەرباز نەبوون و دەسگیر کران دەسبەجێ هەر لەو شوێنەدا نەکوژران، بەڵکو راپێچی قەڵا سەربازییەکەی نزارکێ کران لە نزیک شاری دهۆکەوە (کە ئێستا کەوتووەتە ناو شارەوە) و ئەم قەڵایە لە چەشنی چەندین قەڵای سەربازییە کە حکوومەتی عیراق لە ساڵانی کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابوردوودا لە سەر ستایڵی سۆڤیێتی جاران دروستی کردبوو، لێرە خەڵکە دەستبەسەرەکە وەک قۆناخەکانی تری ئەنفال پرۆسێسەی جیاکردنەوە کران و دواتر بێسەروشوێن کران. تاقە یەک شوێن لەم پرۆسەیە بەدەر بوو ئەویش گیراوەکانی گوندی کورێمێی نزیکی مانگێش بوو، لە ٢٨ / ٨ / ١٩٨٨ دا، کە ژمارەیان ٣٣ کەس بوو و نەیانتوانی لە دەست هێزەکان دەرباز ببن و هەر لەلای گوندەکەدا هەموویان دانە بەر رێژنەی گوللە و شەهیدیان کردن و تەنها شەش کەسیان لێدەرباز بوو کە لە ژێر تەرمەکاندا خۆیان شاردبووەوە و بە رێکەوت بەر فیشەک نەکەوتبوون یان بە سووکی بریندار بووبوون.
تێبینی: (ئەم زانیاریانە لە کتێبەکەی هیومان رایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ: جینۆساید لە عیراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد وەرگیراون).
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بازنەی ویژدانە زیندووەکان لە فراوانبووندایە!

بەپەرۆشییەکی زۆر و بەئازارەوە دەستنووسەکەی نووسەری عیراقیی هاوڕێم یوسف ئەبولفەوزم خوێندەوە لە سەر ناسکترین قۆناخێک کەوا گەلی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت لە مێژووی نوێیدا و لە بەرەنگاریی ستەمێکدا کە کەرەستە و ئامێرگەلێکی بەرهەمهاتووی سەدەی بیستە بەڵام ئەقڵ و ئایدیۆلۆجیای سەدەکانی ناوەڕاست بەڕێوەیدەبات.
وێنەکانی «منداڵانی ئەنفال» چنگیان لە قووڵایی رۆح گیرکردووە .. ئاوڕێکن لە ژیانی میللەتێک بەرژەوەندی بەشبەشی کردووە بێئەوەی پرسیار بکات .. ئەمە چیرۆکی خاکێکی بەخشندەیە و لە خاوەنی زەوتکراوە وەک زەوتکردنی خەرمانی جووتیارە هەژارەکان و خوێن لەبەرچوونی نیشتمانێکە زامەکانی رووبەری مێژوویان داپۆشیوە. ئەوەی سەرنجم رادەکێشێت بایەخی بەڵگەنامەیی ئەم دەقەیە، بێئەوەی بچمە نێو هەڵسەنگاندنی ئەو شێوازی هونەرییەی نووسەرەکەی هەڵیبژاردووە و ئەو وشە و دەستەواژانەی هەلومەرجی مێژوویی و قەناعەتە سیاسییەکانی هێناوێتیە ئاراوە. ئەمە شایەتینامەیەکی تێکۆشەرێکی عەرەبە کەوا نیازپاکی و ئەقڵی کراوەی و رۆشنبیریی مرۆڤدۆستانەی هانیداوە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵە مرۆڤێکی تر کە چارەنووس وایکردووە نەچێتەوە سەر کۆمەڵەکەی ئەم نە لە زمان و نە لە رەگەزدا، بەڵکو پێکەوە ئەو دیواربەندییە پڕ لە مۆزایکە سەرسامکەرە دەڕازێننەوە کە پێیدەڵێین ژیان.
کارێکی ئاسان نیە بۆ رۆشنبیرانی جیهانی سێ زاڵبن بە سەر ئەو فەرهەنگەدا کە لە سیستەمی خێڵەکی و باوکسالاریی ملهوڕانە بە میرات ماوەتەوە و هەمیشە رەهەندەکەی تر و حەقیقەتەکەی تر دەداتە دواوە. هەر لە سۆنگەی ئەم واقیعەوە ئەوەی کە ئیسماعیل بێشکجی و جەواهیری و هادی عەلەوی و ئەوانیتر کردوویانە کارێکی نائاساییە و سووتاندنی مەودا پڕ شەکەت و تاقەتپڕووکێنەکانە و بگرە نەشتەرگەرییەکی بوێرانەشە لە سەر جەستەی زەمەن و سەردەم. ئەمان دەرفەت بۆ ئەوە دەقۆزنەوە کە گوزارش لە مرۆڤایەتیی خۆیان و جوانترین خەسڵەتەکانی گەلەکانیان بکەن، چونکە بەرگری کردن لە خود (لە سەر ئاستی تاک و کۆ) پەرچەکردارێکی خۆڕسکانەیە و بەتەنها تایبەت نیە بە مرۆڤ، بەڵام داکۆکی کردن «لەویتر» بە تەنها کاری هەندێک لە مرۆڤەکانە. ئەوەتا بازنەی ویژدانە رابووەکان تادێت فراوانتر دەبێت و خەریکە وایلێدیت ببێتە کتێبێک ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەش لەخۆبگرێت کە بێئاگا بوون لێی بۆ نەخشەکێشانی ئازادی بۆ هەمووان، چونکە ئازادی بنەمایە و ئەوانیتر نامۆن.
عەبدوڵا پەشێو
هیلسنكی
٢٢ / ٩ / ٢٠٠١

وەک خۆی

… من حەزم لە حەکایەت و چیرۆکی بچووک بچووکە و پرسیاری زۆرم هەیە، بۆ نموونە منداڵانی کوردستان چۆن دەژین؟ ئێستا چی دەخۆن و ئاخۆ یاریی منداڵانەیان هەیە یان نە؟ من و بەسسامی برام دەزانین چ فاشییەتێک لە عیراقدا هەیە، دایکم زۆر باسی ئەوەمان بۆ دەکات، من خۆیشم ئەوە دەزانم و هیچ کەسێک لە (ئیڤانۆڤا)٢ یان لە عیراق و ئێران سەددام حوسێنیان خۆشناوێت. تۆ بۆمان بنووسە. بۆ هەموو منداڵان، بۆ هەموو خەڵکە باشەکە، بۆ هەموو ئەو خەڵکانەی کە خێزانیان نیە، ئاخۆ جەنگ چی لێکردین؟ ئەی ئەو منداڵانەی ماڵ و خێزانیان نیە چۆن دەژین؟ ئێمە لە ئیڤانۆڤادا هەر منداڵە و چیرۆک و بەسەرهاتی سەختی خۆی هەیە و زۆرێک لە منداڵەکانی لای ئێمە بێ خێزانن. ئەڵبەتە ئەمە کرداری فاشییەتە …
سۆزان ستار عیناد
(تەمەن ١١ ساڵ) ـ قوتابییەکی عیراقی لە قوتابخانەی ئيڤانۆڤا ـ لە نزیکی مۆسكۆ / رووسيای فیدراڵ
تەمووزی ١٩٨٩

پێش ئەوەی دەست پێبکەین

عیراق وڵاتێکی فرەنەتەوە و ئاین و مەزهەب و ئاڕاستەی سیاسییە و وەک ئەو نەتەوانەی تریش کە نیشتەجێی عیراقن، نەتەوەی کوردیش کە ژمارەی زیاد لە پێنج ملیۆن هاوڵاتییە و بەزۆری لە هەرێمی کوردستان لە باکووری عیراق دەژین، گرفتاری زۆرێک لە ستەم و بێبەشبوون لە مافەکانیان هاتوون، بە راگواستن و کوشتنی بەکۆمەڵیشەوە، لە ژێر سایەی حکوومەت و سیستەمە سیاسییە جۆراوجۆرەکاندا کە جڵەوی دەسەڵاتیان لە بەغدا گرتبووەدەست، بەڵام حکوومەتی حیزبی بەعسی عیراقی کە لە ١٧ی تەمووزی ١٩٦٨ دا، بە کوودەتایەکی سەربازی و پیلانی هەندێک لە بازنەکانی دەرەوە، گەیشتە دەسەڵات هەموو سەردەمەکانی پێشووی خۆیی تێپەڕاند لە هەوڵداندا بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد و قڕکردنی.
ئەڵبەتە گەلی کورد بە سەربەرزییەوە بەرەوڕووی گشت کردەوە سەربازییە دوژمنکارانەکان بووەوە کە حکوومەتە شۆڤێنییەکان ئەنجامیاندا، لە ساڵەکانی ١٩٦١، ١٩٦٣، ١٩٦٤ و ١٩٧٠. كوردستان گرفتاری سياسەتی بە بەعسی کردنی زۆرەملێ بووەوە، هەروەها سياسەتی تواندنەوەی نەتەوەیی کە حکوومەتی بەعسی عیراق پیادەی دەکرد و ترۆپکی گەیشتە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژ بە گوندنشینە بێدیفاعەکان، بەتایبەتی پاش پەرەسەندنی بەرەنگاریی چەکدارانەی گەلی کورد و پێکهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە٣ لەلایەن هێزە سیاسییە نیشتمانییە عیراقییەکانەوە کە بەرهەڵستیی سیاسەتەکانی رژێمی دیکتاتۆرییان دەکرد. دام و دەزگاکانی رژێمی شۆڤێنیی سەرکوتکەر مامەڵەی دڕندە و دزێوی بەرەو هەڵکشان برد تا ئاستی بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ وەک دەربڕینێک بۆ دڕندەیەتی و دڵڕەقیی دەستە و تاقمی حوکمڕانیی دکتاتۆر سەددام حوسێن.
لە پاش هەشت ساڵ جەنگی خوێناویی، کەوا رژێمی دیکتاتۆریی سەددام حوسێن گەلەکەمانی تووش کرد لەگەڵ ئێرانی دەراوسێدا و پاش زیاتر لە ملیۆنێک کوژراو و لای کەمی زیانی چوارسەد ملیار دۆلار، بە پێی زۆرێک لە ئامارە جیهانییە جاڕدراوەکان. هەر کە دەنگی تۆپەکان کپ بوون و بەرەکانی جەنگی «دەروازەی رۆژهەڵات» هێور بوونەوە، کە رژێم خۆی کردبوو بە داکۆکیکار لێی و پاش ئەوەی ئێران لە ٨ی ئابی ١٩٨٨ دا بە فەرمی جاڕی رەزامەندیی دا لە سەر بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ژمارە ٥٨٩ و رۆژی ٢٠ / ٨ / ١٩٨٨ی دیاری کرد بۆ ئاگربەس، وای لە تاوانباری جەنگ و جەنەراڵی ساختە، دیکتاتۆر سەددام حوسێن و دەستە و تاقمە فاشییەکەی کرد هەل و دەرفەت بقۆزنەوە بۆ فراوان کردنی جوغزی شەڕی ناوخۆ کە هەرگیز هیچ رۆژێک نەوەستابوو، بەڵکو هەڵاوبگری جەنگ لەگەڵ ئێراندا دایپۆشیبوو، بۆ ئەوەی دوا تۆڵە بکاتەوە بە خەیاڵی خۆی لە «ئاژاوە و پشێوی بەرپاکەران و دوا پاکتاوی هەق و حەساوی خۆی لەگەڵ تێکدەران یەکلا بکاتەوە»!! وەک جاڕدانی راگەیاندنەکەی دووپاتی دەکردەوە کە «ئاژاوەگێڕان» بێزار و وەڕسیان کردووە بە چالاکیی سیاسی و پێشمەرگایەتییان.
لەبەرئەوە هێزی قەبەی لە بەرەکانی جەنگەوە ئاڕاستەی کوردستان کرد و دوای ماوەیەکی کەم تێپەڕبوون بە سەر کوشتاری شاری هەڵەبجەدا، وەک دزێوترین تاوان لە مێژوودا، کە لە ١٦ / ٣ / ١٩٨٨دا فڕۆکەکانی رژێمی دیکتاتۆری هێرشیان کردە سەر ئەم شارە جوان و ئارامە و گازی ژەهراوی و مادەی سیانیدی بەکارهێنا و بوو بە هۆی کوشتنی زیاد لە پێنج هەزار هاووڵاتی و بریندار بوونی هەزارانی تر لە منداڵ و پیر و ژن و ئاوارەبوونی ئەودوای خەڵکی شارەکە. هەروەها هێزی زیاتری سەربازی ئاڕاستەی کوردستان کرد، چونکە یەکە سەربازییەکانی لە کوردستاندا بەرەوڕووی بەرهەڵستی و بەرەنگاری بوونەوە لە هێرشە یەک لە دوای یەکەکاندا و بە تایبەتی لە دەڤەرەکانی سلێمانی و هەولێردا و لە سیاقی هەڵکشانی جەنگی شۆڤێنیانەی دژ بە گەلی کورد، کە شێلگیرانە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ەوە دەستی پێکرد و بە شێوازێکی دیماگۆگیانە حکوومەتی فاشی ناوی «ئەنفالی» لەم هێرش و پەلامارانە نا کە ناوێکی ئاینیی سوورەتێکی قورئانە و موسڵمانە بەراییەکان لە جەنگەکانیاندا لەگەڵ دوژمنانی ئیسلامدا بەکاریاندەهێنا.
لە ٢٨ی ئابی ١٩٨٨دا و پاش خۆئامادەکردنێکی چڕوپڕ و لە گوڕخواردنەوەیەکی نوێی هێرش و پەلامارەکانی کۆمەڵکوژیی «ئەنفال»ی بەدناودا، هێزگەلێک کە پێکهاتبوون لە دەیان هەزار بەکرێگیراوی جاش٤ و سێ فەیلەقی سەربازیی سوپای عیراقی پڕچەک بە چەکی نوێی جۆراوجۆر، بە چەکی کیماییشەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانیان دەستپێکرد و تەواوی گوندەکانی سەر بە قەزاکانی زاخۆ و ئامێدی (لە پارێزگای دهۆک) و شێخان و ئاکرێ (لە پارێزگای مووسڵ) و چەندین ناوچەی بەرفراوان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێری گرتەوە و هەموو ئاسەوارێکی ژیانی لەناوبرد بە وێران کردن و سووتاندنی گوندەکان و تەواوی رەز و باخ و کانیاو و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە دزێوترین شێوە لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە قەدەغە بوو. (تێبینی: لێرەدا تێکەڵ و پێکەڵێیەک هەیە لە قۆناخبەندیی هێرش و پەلامارەکانی ئەنفالدا کە تێکڕا هەشت قۆناخ بووە و ئەمە نووسەر لێرەدا باسی دەکات قۆناخی هەشتەمی بادینانە کە بە ئەنفالی کۆتایی «خاتمە الأنفال» ناسراوە و راستییەکەی لە ٢٥ی ئابی ئەو ساڵەدا دەستی پێکرد و ئەو دەمە دێهاتی سلێمانی و هەولێر بەتەواوی وێران کرابوون _ وەرگێڕ).
لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا سەددامی دیکتاتۆر «سەرکەوتنیکی مەزنی» بەدەستهێنا لە شەڕەکەیدا دژ بە ژن و منداڵ و پیر و زیاد لە چوار هەزار گوند و شارۆچکەی رووخاند و زۆربەی دانیشتوانی ناچار کرد لە ئۆردووگای زۆرەملێدا نیشتەجێ ببن، بێجگە لە چەندین هەزار دیل و کوژراو و بریندار.
(لێرەشدا دیسانەوە هەندێک هەڵە و درشتبینی هەیە کە بەسەرهاتی راستەقینەی ئەنفال وا ناڵێت و ئەوە لە ساڵانی ١٩٨٧ و پێشتر بوو کە لە کۆمەڵگا یان ئۆردووگای زۆرەملێدا خەڵک لە گوندەکانەوە دادەگیران و لەو شوێنانە نیشتەجێ دەکران، بەڵام لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال لە ١٩٨٨دا خەڵکەکە پاکۆدران و لە بادینان، کە لێرەدا مەبەستی نووسەرە، برانە قەڵای نزارکێ لە دهۆک و پاشان زۆربەیان بێسەروشوێن کران و لە قۆناخەکانی تری ئەنفالیشدا هەر ئەم کارە کرا، کە لێرەدا بواری شیکردنەوەی نیە. نووسەر هەرچەندە پێشمەرگەیەکی قارەمانی حیزبی شیوعی بووە و خۆی شایەتحاڵی رووداوەکانی ئەو کاتە بووە، بەڵام ئەم یادەوەرییەی لە ساڵی ١٩٨٩دا نووسیوە و دیارە ئەو دەمە تەواوی کەین و بەینەکانی نهێنییەکانی ئەنفال و جینۆسایدی کورد تەواو روون نەبووبووەوە _ وەرگێڕ).
لە گەرمەی دڕندەیی رژێمی فاشیی عیراقدا زیاد لە سەد هەزار هاووڵاتی بۆ پاراستنی گیانی خۆیان هیچ چارێکیان نەما بێجگە لە جێهێشتنی ماڵ و حاڵی خۆیان و پەنابردنە بەر تورکیا و ئێران لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و ناهەمواردا. ئەم شاڵاوی قڕکردنە چەند هەفتەیەکی کەمی خایاند کەوا گەلی کورد تێیدا کارەساتێکی ترسناکی بەسەرهات و چووە تۆماری مارشاڵی ساختەوە لە جەنگە شۆڤێنییەکەیدا بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و یەکلاکردنەوەی مەسەلەکە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا. چەند هەفتەیەک و هەموو هاووڵاتییەکی کورد کارەساتی خۆی و کارەساتی گەلەکەی تێدا تاقیکردەوە، لە وێنە و رووداوگەلێکدا کە لە کەش و باری ئەفسانە و خورافاتی پێش مێژوو دەچن ئەگەر بێت و هەموویان کۆبکرێنەوە و بخرێنە بەردەمی رای گشتی.
من لەوێ بووم، لە خاکی كوردستانی ئازیزدا، لەگەڵ هاوڕێ جەنگاوەرەکانم لە پێشمەرگەی ئەنساردا، ئەنساری حیزب شيوعي عیراق، لە ناوجەرگەی رووداوەکاندا، لە نێو کەش و ژینگەی بەرەنگاری و مەرگ و برسێتی و تینوێتیدا.
من لەوێ بووم، لەگەڵ خەڵکە سادە و ساکارەکەدا، بەشێک بووم لە کارەسات و تراجیدیاکە و یەکێکیش بووم لە قوربانییەکانی.
من لەوێ بووم، لەگەڵ هەموواندا شایەتحاڵی گەلێک لە فەسڵەکانی تاوانی دیکتاتۆر و رژێمە شۆڤێنی و فاشییەکەی بووم و بە چاوی خۆم بینیم چی بەسەر رۆڵەکانی گەلی کورددا هات.
لێرەدا هەوڵدەدەم، لە رێگەی ئەم لاپەڕانەوە، هەندێک لەوەی روویدا تۆمار بکەم و لە گۆشەنیگایەکی دیاریکراوەوە کە ئەویش: منداڵانی کوردە!

ئازیزم سۆزان ستار عیناد،
مایەی داخە ئەم چیرۆکانەی دڵڕەقیت بۆ دەگێڕمەوە لەجیاتی حیکایەت و چیرۆکەکانی سندباد یان عەلادین و چرای جادوویی و پاساویشم بۆ ئەوە تۆ خۆت لە نامەکەتدا داوایەکی وات لێکردبووم!
من تەنها ئەوە نانووسم کە بە چاوی خۆم دیومە و لە دەفتەرەکانمدا تۆمارم کردوون، چونکە شایەتیی من و شایەتیی هەزاران ژن و پیاو، جەنگاوەران و خوێندکاران و جووتیاران ئەو راستییە سامناکانە بەرجەستە ناکەن وەک شایەتیی مندالان خۆیان بە مۆرکی راستگۆیی و بێگوناهی و هەستکردن بە ترس و سامەوە!
دەفتەر و کاغەزم هەڵگرت و رووم کردە منداڵان و هەروەها چەند پێشمەرگەیەکی قارەمان بۆ ئەوەی ببنە هاوکارم.
پێشمەرگە ئەنسارەکان: لە نێو ئەو پێشمەرگانەدا دەستنیشان کران کە پاش ئەزموون و ململانێی سەختی ئەفسانە ئاسا هەرچۆنێک بووە توانیویانە بگەنە ئێران و قسە و باسەکانیان لێرەدا گێڕانەوەی لایەنێک لە کارەساتەکەیە و دەستنیشان کردنیان بە گوێرەی پەیوەندییان بووە بە هەندێک لە رووداوەکانەوە و بەتایبەتی ئەوەی لە زمانی هەندێک لە منداڵەکانەوە گێڕراوەتەوە.
منداڵان: بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە نێو منداڵە کوردە ئاوارەکانی ئۆردووگای شاری خۆی لە ئێران. لێرەدا وەڵامەکانیان دەنووسمەوە بێئەوەی پرسیاریان ئاڕاستە بکەم و بە بڕوای من خوێنەر لای گران نییە بزانێت کە پرسیارەکان چ جۆرێکن.

پێشمەرگەکانی ئەنسار: شتێکمان نەکردووە ئەوە نەبێت کە دەگونجێت لەگەڵ بیر و باوەڕماندا!

چیرۆک و بەسەرهاتی فەوزییەی منداڵ

•هاوڕێ بۆتان بۆیگێڕامەوە:
لە کاتی پاشەکشێماندا بەرەو سنووری تورکیا، لە دوای ئەو شەڕەی لە نێوان پێشمەرگەی ئەنسار و هێزەکانی دەسەڵاتدا لە گوندی سۆری بەرپابوو. ئێمە بە دەم شەڕەوە لە رووباری ئاڤاشین٥ پەڕینەوە و بە رێگە و رجەی زۆر سەختدا تێپەڕین کە کەس پێیدا تێنەپەڕیبوو، بۆ ئەوەی خۆ بپارێزین لە بەریەککەوتن و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی دەسەڵاتی فاشیدا کە لە هەموو شوێنێک بڵاوبووبوونەوە. ئێمە هیچ رێپیشاندەرێکمان لەگەل نەبوو و مەفرەزەیەکی گەورەی پێشمەرگە بووین و ژمارەیەکی زۆری خێزانیش یاوەرییان دەکردین و لە ژێر پارێزگاریی ئێمەدا بوون. لە کاتژمێر هەشتی ئێوارەدا گەیشتینە گوندی هێرباش و لەبەر ئەوەی زۆر شەکەت و ماندوو بووین بڕیارماندا ماوەیەکی باش بۆ حەوانەوە لابدەین و لەوکاتەدا هەندێک لە پێشمەرگەکان کچە منداڵێکیان لەسەر کانی و ئاوەکە دۆزییەوە و دەرکەوت ئەو ترس و شڵەژانەی باڵی بەسەر خەڵکدا کێشابوو وای لەو خێزانە کردبوو ئاگایان لەو منداڵە بچووکەیان نەبووبێت کە خەو بردبوویەوە.
ئێمە کەوتینە گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتر کە چۆن ئەم منداڵە لەگەڵ خۆ ببەین لەکاتێکدا کە هیچ وڵاخێکمان پێ نیە و رێگە دوورودرێژ و سەخت و پڕ ئاستەنگی و هەڵەتە و پڕە لە ئەگەری مەترسی و هەموو پێشمەرگەکانیش ماندوون و چەک و چۆڵی قورسیان پێیە.
لەبەرئەوە من پێشنیازم کرد کە خۆبەخشانە هەڵیدەگرم و داوام لە هاوڕێیان کرد یارمەتیم بدەن و ناوبەناو کۆڵەپشت و تفەنگەکەم بۆ هەڵبگرن ئەگەر مەترسی لەئارادا نەبوو. ئەو شەوە لە هێرباش ماینەوە و منداڵەکە بەئارامی خەوی لێکەوتبوو، نە بە هاتنی ئێمەی دەزانی و نە بەوەش کە لە دەوروبەریدا دەگوزەرا. لە تاریک و روونی بەرەبەیاندا کەوتینەڕێ و منداڵەکە بە کۆڵی منەوە هێشتا هەر خەوتبوو. ئەوجا دەمەوبەیان لە خەو هەڵسا و خۆی لەنێو چەند دەموچاوێکی نامۆدا بینییەوە کە پێشتر نەیبینیبوون و زۆر ترسا و کەوتە گریانێکی بەکوڵ و بە هەزار حاڵ توانیم ژیری بکەمەوە و بێدەنگ بێت. منداڵەکە ناوی فەوزییە تاژدین و خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی زێبار بوو و تەمەنی نزیکەی شەش ساڵ دەبوو. زۆر شەرمن و لاواز و باڵا بەرز بوو، وردە وردە خەریک بوو هۆگرم ببێت و کەوتە باسکردنی خێزانەکەی بۆم بەڵام هێشتا هەر لە پێشمەرگەکانی تر دەترسا.
ئێمە بێ وچان هەر دەڕۆیشتین و منداڵەکەش هەر بەکۆڵمەوە بوو. رێگەوبانەکان زۆر سەخت بوون و لای نیوەڕۆ فڕۆکە هات و بەدواماندا دەگەڕا و کەوتە پشکنینی ئەو رێگە و شوێنانەی ئەگەری پێدا رۆیشتن و خۆشاردنەوەی ئێمەی لێدەکرا. ئێمە لای گوندی وەرەخەر (وەرەخەل _ و) تا دەمەو عەسر خۆمان شاردەوە و لەم ماوەیەدا فەوزییە کەوتە ئەوەی زیاتر لێمان دڵنیابێت و دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵ پێشمەرگەکانی تردا و پرسیار کردنی ناوەکانیان. پاشان لای دواینیوەڕۆیەکی درەنگ کەوتینەڕێ بەرەو سنووری تورکیا. ئێمە بە هەورازێکی شاخاویی سەختدا سەردەکەوتین و وا رێککەوت کە لە یەک کات و یەک شوێندا لە سەر لووتکەی چیاکە و لە پێشبڕکێیەکی پڕمەترسیدا بەرایی مەفرەزەکەی ئێمە کە رێگەیان بۆ پاکدەکردینەوە بۆ دڵنیابوون و هێزێکی بەکرێگیراوی جاش لەهەوڵدابوو رێگەمان لێببڕێت و نەهێڵێت بپەڕینەوە. هەر دەسبەجێ شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هەردوو گرووپەکەدا روویدا و لە لایەکی ترەوە هێزێکی پێشمەرگەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بە ئێمەیان نەزانیبوو، گەیشت و جاشەکانیان دایە بەر دەسڕێژی چەکەکانیان و مەفرەزەکەی ئێمە کەوتە نێوان دوو ئاگرەوە و بە زەحمەت توانیمان پەیوەندی بە هێزەکەی پارتییەوە بکەین کە ئاڕاستەی چەکەکانیان بە باشی رێکبخەن و مەفرەزەکەی ئێمەش لە ژێر ئاگرباراندا بەردەوامیی بە رێکردنی خۆی دا، پاش ئەوەی دەستەیەکی قارەمانی پێشمەرگەکانی خۆمان بەجێهێشت بۆ سەرقاڵ کردنی دوژمن و پارێزگاریی ئێمە و ئەو شەوە هەمووی بەڕێوەبووین. پاشان تاوێک لاماندا بۆ حەسانەوە تا دەستەی سەرقاڵ کردن و پارێزگاری بە سەلامەتی پێمانگەیشتن و هیچ زیانێکیان نەبوو. ئەمە ورە دڵگەرمییەکی زیاتری پێداین و بەردەوامیمان بە رێکردن دا و لەو هەموو بەزمەی بەسەرمان هات فەوزییە ئارام و بێدەنگ بە کۆڵمەوە شەتەک درابوو.
پاشان لە ناوچەی ئەرتووشەوە چووینە ناو خاکی تورکیاوە و کاتێ گەیشتینە نێو ئەو خێزانانەی پێشتر پێشمانکەوتبوون بۆ ئەو شوێنە فەوزییە کەوتە گریانێکی بەکوڵ و پێدەچێت خێزانەکەی خۆی بیرکەوتبێتەوە و دیمەنی ئەو باوک و دایکانەی لەگەڵ منداڵەکانیان دەجووڵان ورووژاندبووی و بە زەحمەت هێورم کردەوە و کەوتمە گەڕان بە ناو خێزانەکاندا بۆ پرسیاری کەس و کاری و بەڕێکەوت دوو کوڕی گەنج هاتنە لام و فەوزییە هەردوکیانی ناسییەوە کە براکانی بوون، بەڵام من رادەستم نەکردن تا بەتەواوی لێیان دڵنیا نەبووم. خێزانەکەی فەوزییە زۆر بە گەرمی سوپاسی من و هاوڕێ پێشمەرگەکانمیان کرد لە بەر رزگار کردنی فەوزییە و لە براکانیەوە زانیم کە لە خێزانە حەوت کەسییەکەی تەنها چوار ماونەتەوە و باوکیان بێسەروشوێن بووە و دوو خوشکی گەورەیان لە کاتی پەڕینەوە لە رووباری زێی گەورە٦ لەلایەن سوپای عیراقەوە بە دیل گیرابوون و بە دۆزینەوەی فەوزییە خێزانەکە بوون بە چوار، ئەو فەوزییەی بە تەواوی لێی نائومێد بووبوون و بە نەماو لەقەڵەمیان دابوو.

چیرۆک و بەسەرهاتی کچی منداڵ (ئيوان)

فەسڵی یەکەم

•بەسسامی پێشمەرگە بۆیگێڕامەوە:
ئێمە تا گەیشتینە تورکیا دەیان چیرۆکی خەمهاوەرمان بینی کە خەڵکە سڤیل و بێدەرەتانە لە مەرگ هەڵاتووەکە تووشی هاتبوون و لە تورکیا دەیانی ترمان گوێ لێبوو. لەبارەی خێزانی ئیوانی کیژۆڵەی منداڵەوە کە لەوێ بینیمان چیرۆک و بەسەرهاتەکەیمان زیاد لە جارێک دەبیست و لە دایکەکەشیم بیست کاتێ کە لەوێ چاوم پێکەوت:
کاتێ گەمارۆی هێزەکانی رژێمی دیکتاتۆری لە سەر خەڵک تا دەهات بەرتەسک دەبووەوە ناچار بەرەو رووباری زێ رۆیشتن بۆ ئەوەی بەرەو تورکیا بپەڕنەوە و لەسەر زێ سەدان خێزان چاوەڕێی دەرفەت بوون بۆ پەڕینەوە. لای کانیاوێکەوە دەیان خێزان کەڵەکە بووبوون و لە گەڵیشیاندا خێزانی ئیوان چاوەڕێی دەرفەت بوو بۆ ئاو خواردنەوە و خوشکە بچووکەکەی ئیوان بە هێمنی وەستابوو چاوەڕێی دەرفەتی دەکرد بۆ ئاوخواردنەوە بێئەوەی کەس بێزار بکات، سەرباری تینوێتی و پاشان نۆرەی هات و چوووە پێشەوە بۆ ئاوخواردنەوە و هەر ئەوەندەی سەری دانەواند بۆ ئاوەکە گوللە تۆپێک لەناکاو رێکوڕاست کەوتە ناو کانیاوەکەوە و لە چاوترووکانێکدا ناڵەی کرد و جەستەی منداڵەکەی پارچە پارچە کرد و بەئاسماندا هەڵیدا و هەندێ پارچەشی بەسەر باوکی و خەڵکەکەی تردا کەوت کە بە هەموو لایەکدا رایانکرد. باوکەکە تووشی شۆک و حەپەسان بوو نەیدەزانی چی روویداوە و لە پاش سێ کاتژمێر کە هاتەوە سەرخۆی تووشی هیستێریایەکی توند هات و کەوتە لەخۆدان و داوای منداڵەکانی دەکرد و لەو ساتەدا زانییان کەوا ئیوانیش دیار نیە و بێسەروشوێنە!

فەسڵی دووەم

•ئەبو ئامالی پێشمەرگە بۆیگێڕامەوە:
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هێزەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بە هەموو رێگەوبانەکانی ناوچەکەدا، بارودۆخی دەروونی و سەربازی تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو. لە رۆژی ٢٩ / ٩ / ١٩٨٨ ئێمە مەفرەزەیەکی حیزبی کۆمۆنیستی عیراق بووین، کە لە ٢٩ پێشمەرگە پێکهاتبوو، لای رووباری زابەوە (زێی بادینان – و) هەوڵی پەڕینەوەمان دەدا بەرەو سنووری تورکیا بە پێی فەرمانی سەرکردایەتیمان. لە پاش پشکنین و تاقیکردنەوەی ناوچەی پەڕینەوە گەڕاینەوە بۆ شوێنی حەشارگەی مەفرەزەکەمان لە نزیک گوندی شینا و لای گۆڕستانی گوندەکە کچە منداڵێکی بچکۆلەمان دۆزییەوە کە بە تاقی تەنیا بەجێمابوو، برسی و تینوو بوو. ئێمەش پارچە نانێک و ئاومان دایە لەگەڵ کەمێک گۆشتی وشککراوە بە شێوازی پێشمەرگایەتی. پاشان خستمانە سەر رێگەی بیرە ئاوێک و پێمانوت بچێت بۆ ئەوێ چونکە دەمانزانی کە چەند خێزانێک لەوێن.
•وەسفیی پێشمەرگە:
نیوەڕۆی رۆژی دواتر گۆڕستانەکەمان جێهیشت و گوێمان لێبوو کیژە منداڵێک گۆرانی دەڵێت. تۆ گۆرانی بێنە یادی خۆت لە نێو کەش و ژینگەی «کیمیایی» و راجیمە و بارگرژیی ئەو ناوچە چۆڵ و هۆڵە. تەماشامان کرد ئەمە کچە منداڵەکەیە کە دوێنێ دۆزیمانەوە و زۆر دوور نەکەوتبووەوە لەو شوێنە. بارودۆخێکی زۆر ناسک و هەستەوەر بوو و بێگومان نابێت بەجێبێڵین و کاتیشمان بەدەستەوە نەبوو بیگەیەنینە خێزانە ئاوارەکان کە لێمان دوورکەوتبوونەوە و رێگەکەشمان سەخت و هەڵەت و پڕبوو لە مەترسی.

•ئەبو بەشاری پێشمەرگە:
لەو کات و ساتەدا مشتومڕێکی توند و بیروڕای جۆراوجۆر و دژبەیەک لە نێو پێشمەرگەکاندا بەرپابوو هەر یەک لە روانگە و بۆچوونێکەوە و دواجار بڕیارماندا لەگەڵ خۆمان بیبەین و بەمەش شتێکمان نەکرد ئەوە نەبێت کە لەگەڵ بیر و باوەڕماندا دەگونجێت و هاوڕێ وەسفی خۆبەخشانە بڕیاریدا بەدەم رێگاوە چاودێریی بکات.

•وەسفیی پێشمەرگە:
منداڵەکە ناوی ئیوان و ناوی باوکی سەید نەزیف بوو، خەڵکی زاخۆ بوون و تەمەنی شەش ساڵ و پۆلی یەکی سەرەتایی بوو، کراسێکی سووری کوردی لەبەردابوو کە رۆبێکی سپی کردبوو بە سەریدا و بەژنی لاواز و قژی کورت بوو.
• ئەبو ئامالی پێشمەرگە:
ئێوارەی رۆژی ٣٠ ئاب بەرەو زێ رۆیشتین بۆ پەڕینەوە و تا کاتژمێر٣ی بەرەبەیان تەنها ٩ پێشمەرگە توانییان بپەڕنەوە. ئەوانیتر گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆحەشاردانەکە پاش ئەوەی لەگەڵ ئەو پێشمەرگانەی پێشمانکەوتن لە پەڕینەوەدا لە سەر شوێنێک رێککەوتین کە رۆژی دواتر لەوێ بەیەکتر بگەینەوە.
•وەسفیی پێشمەرگە:
بە درێژایی رۆژی ٣١ی ئاب لەنێو تل و بەرددا خۆمان حەشاردا و ئیوانیش لەگەڵمان بوو، کەوا کەوتبووە ئەوەی هۆگری پێشمەرگەکان بێت و فرەوێژیشی دەکرد و نەیدەهێشت بخەوین و بەردەوام هەر قسەی دەکرد و نەیدەبڕییەوە. ئەو منداڵێکی زیرەک بوو، بۆیگێڕاینەوە کە خێزانەکەی بریتییە لە باوکی و دایکی و برایەکی و خوشکێکی و باوکی پێشمەرگەیە و خێزانەکەیان پێش رووداوەکان لە زاخۆوە هەڵاتوون بۆ ناوچەی ئامێدی و لە کاتی هێرشی دەسەڵاتدا هەڵاتوون بۆ ناوچەی کافیا و پاشان هاتوونە ئێرە بۆ پەڕینەوە لە زێ و بەر لە پەڕینەوە خوشکەکەی لە کانیاوەکە کوژراوە و ئەمیش لەترسا هەڵاتووە و لە خێزانەکەی ونبووە. کچەکە کاتێ خێزانەکەی بیردەهاتەوە بەکوڵ دەگریا و زۆر جار باسی ورد و درشتی ژیانی خێزانەکەی بۆ دەکردین و هەروەها باسی قوتابخانەکەی کە خۆشیدەویست و باسی هاوەڵەکانی بۆ دەکردین. ئەڵبەتە هاوڕێ ئەبو بەشار، سەرباری نەخۆشییەکەیشی، بەشێوەیەک بەپشوو بوو لەگەڵیدا و بێتاقەت نەدەبوو لە زۆربڵێیەکەی کە ئێمە ئێرەییمان پێدەبرد.
• ئەبو بەشاری پێشمەرگە:
دووپاتی دەکەمەوە کەوا ئیوان، سەرباری تەمەن بچووکی بەڵام زیرەک بوو و دەیزانی ئێمە پێشمەرگەی کۆمۆنیستین و بووین بە شتێک لای ئەو و تێمانگەیشت و بە رێگە و شێوەی خۆی خۆشیدەویستین و بە شێوەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردین کە خۆڕسکی و سادەیی منداڵانی تێپەڕاندبوو. ئەو هێجگار بە ئەدەب و ئاقڵ بوو بەڵام زۆربڵێ بوو و زوو زوو گۆرانیی دەوت و پێیوتم بۆیە گۆرانی دەڵێت چونکە هەست بە ترس و تەنهایی دەکات. ئەو شتێکی نامۆ بوو لە نێو کەش و ژینگە و دۆخی مەفرەزەکەدا و هەندێ جار بڕوام نەدەکرد کە ئەم منداڵە لەگەڵماندایە و وام هەست دەکرد کە مەسەلەکە خەونێکە و هیچیتر. من هەرچەندە تووشی نەخۆشیی مەلاریا بووبووم بەڵام زۆربڵێیەکەم پێهەڵدەگیرا و بیرمە کەوا لە شوێنێکدا بۆ حەوانەوە لاماندا و تەواوی مەفرەزەکە نوقمی خەوێکی قووڵ بوون بێجگە لە پاسەوانەکان، هەر یەکە و لە بن بەردێک یان سێبەری دارێکدا و شوێنەکانی خەوتنمان بەباشی بە گژ و گەڵا داپۆشیبوو. بەڵام ئیوان بەخەبەر بوو و من لە شوێنەکەی خۆمەوە چاودێریم دەکرد بێئەوەی ئەو بمبینێت. هەر لەو ناوەدا دەسووڕایەوە و کەسی نەبینی و هەستی بە تەنیایی کرد و بەملا و بەولادا ئاوڕی دەدایەوە و پاشان کەوتە گۆرانی وتن و کەس دەرنەکەوت و دەنگی کەوتە بچڕبچڕ و دڵی تەنگ بوو و خەریکبوو بداتە پڕمەی گریان و لەو کاتەدا بانگم کرد و شوێنەکەمی بۆ ئاشکرابوو، ئەوجا بەخێرایی و بەدەم پێکەنینەوە بە خێراییەکی زۆر بەرەوڕووم رایکرد و خۆی فڕێدایە باوەشمەوە.

•ئەبو ئامالی پێشمەرگە:
بارودۆخی سەربازی ئاڵۆزە و دوژمن تابێت بازنەی گەمارۆ بەرتەسک دەکاتەوە. رێک ئەم ئێوارەیە دەستەیەکی هەواڵگریمان نارد بۆ دەستنیشان کردنی خاڵی پەڕینەوە لە زێ. شوێنە دەسنیشان کراوەکە مەترسیدار بوو، بەڵام بە ئەندازەی لایەنی نەرێنی لایەنی ئەرێنی هەبوو. ئەم شوێنە لە سەد مەتر زیاتر دوور نەبوو لە نزیکترین رەبایەی سەربازییەوە و بەو پێیە چاوەڕوان نەدەکرا پێشمەرگە تا ئەو ئاستە نزیک ببنەوە. شوێنەکە خوڕ و شەپۆلی بەرز و هاژەی ئاو جموجووڵی ئێمە و دەنگە دەنگێکمان ئەگەر بە غەیری خواستی خۆمان دەربچوایە دایدەپۆشی. بەڵام خراپترین شوێن لەوبەری ئاوەکەوە بوو بەردی بەرز و نووک تیژ تەوژمی بەخوڕی ئاوەکە لێیدەدا و شەپۆلی بەرزی دروست دەکرد.
پاشان لە تراکتۆرێکی بەجێماو لەو دەوروبەرەدا دوو چووپی تایەکانیمان دەرهێنا و بە دەم فوومان تێکرد بۆ ئەوەی لە پەڕینەوەی ئاوەکەدا بەکاریانبێنین. ئەڵبەتە لە بیست پێشمەرگەمان تەنها نۆ کەس مەلەوانییان دەزانی، بەڵام هەر بڕیاری پەڕینەوەمان دا سەرباری سەختی و مەترسیی کارەکە.
لە کاتی پەڕینەوەکەدا مەلەوانەکە بە یەک دەست مەلەی دەکرد و بەرەنگاری تەوژمی بەخوڕی ئاوەکە دەبووەوە و بە دەستەکەی تریشی چووپە پلاستیکییە فووتێکراوەکەی رادەکێشا کە بارمان کردبوو لە چەک و زەخیرە و خواردنێک کە پێمانبوو یان ئەو هاوڕێیانە خۆیان پێدا هەڵدەواسی کە بە باشی مەلەیان نەدەزانی. کارەکە زۆر سەخت و تاقەت پڕووکێن بوو و تێیدا هەندێک لە جلوبەرگەکانمان و دارایی مەفرەزەکە و هەندێ بەڵگەنامە و کاغەزی تایبەتی پێشمەرگەکانمان لەدەستدا و ئاو بردنی. دواجار دوو پێشمەرگە و ئیوان مانەوە و من چوومە ئەوبەرەوە بۆ ئەوەی ئیوان لەگەڵ خۆم بپەڕێنمەوە و تەماشام کرد لە ترسا دەلەرزێت و ئامۆژگاریم کرد کە هیچ دەنگێکی لێوە نەیەت هەرچییەک رووبدات و دڵنیام کردەوە کەوا بە سەلامەتی لە ئاوەکە دەیپەڕێنمەوە و خەمی نەبێت. پاشان لەگەڵ جلوبەرگەکانم و شمەکە تایبەتییەکانم بە توندی بە چووپەکەوە بەستم و بە یەک دەست کەوتمە مەلە کردن! پێشتر چەند جارێک بە مەلەوانی ئەمبەر و ئەوبەری ئاوەکەم کردبوو و تەوژمەکە زۆر بەهێز بوو، راڕەوەکە لێژ و ئاوەکە قووڵ بوو، بەڵام ئەمجارەیان کاتێ نزیکی ئەوبەر بوومەوە شەکەتی و ماندوویی بڕستی لێبڕیم و گەیشتمە نزیک بەردێک و شەپۆلێکی بەرز بۆم هات و بێبەزەییانە من و ئیوانی هەڵدا و لەگەڵ خۆیدا لوولیداین و تا هێزم تێدابوو چووپەکەم توند گرت بەڵام بە ئیوان و جلوبەرگ و شمەکەکانەوە وەرگەڕا و سەرەوژێر بووەوە و من دەستم لە چووپەکە بەرنەدا.
تەماشام کرد جلەکانم لە چووپەکە ترازا و ئاوەکە رایماڵی و ئەگەر لەو کات و ساتەدا بمگرتایەتەوە چووپەکەم لەدەست دەردەچوو و ئیوان دەفەوتا. تەوژمەکە بێ خواستی خۆم پاڵیدەنام بۆ جێگەیەکی مەترسیدارتر کە بەردی بەرز و شەپۆلی بەرزتری تێدابوو و ئیوان بۆ ماوەی زیاتر لە خولەکێک لە ژێر چووپەکە و ژێر ئاوەکەدا بوو و وام بەخەیاڵدا هات کە خنکاوە و گیانی لەدەستداوە. لەو ساتەدا بێ بیرکردنەوە لە هەرچی مەترسیی ئەمنی و خۆپارێزییە بە شێوەیەکی هیستێریایی هاوارم لە هاوڕێ پێشمەرگەکانم کرد و خێرا فریامان کەوتن و لەگەڵ ئیوان لە ئاوەکە دەریانهێناین. خۆشبەختانە رەبایە نزیکەکان گوێیان لە هاوار و دەنگم نەبوو چونکە هاژەی ئاوەکە زاڵ بوو بەسەر هەموو شتێکدا. ئیوان لە ئەگەر و نەگەری بەربووندا بوو لە شەتەکی بەستنەوەکەی و دەتوانم بڵێم تاڵەموویەکی مابوو لە نێوان ژیان و مردندا. ئەوجا دەسبەجێ ئاوەکەمان لە سکی دەرهێنا و فوومان کردە دەمی و دڵنیا نەبووین تا هاواری کرد و گریا. پاشان بیری کەوتەوە کە بە ئامۆژگاریی منی کردووە و بێدەنگیی پاراستووە و لە ناسکترین ساتەوەختدا تەنها نووزەیەکی لەسەرخۆی لێوەهاتووە.
•وەسفیی پێشمەرگە:
لە پاش پەڕینەوە، بێ رێپیشاندەر کەوتینەڕێ بە بزنەڕێی سەخت و هەڵەتدا و من ئیوانم گرتبووە کۆڵەوە و هاوڕێ «سەلمان» یارمەتیی دەدام، کە لە کۆتایی رێڕەوەکەماندا لێمان ونبوو و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە. من نەمدەتوانی بەردەوام لەکۆڵی بکەم و ناچار دەبووم تاوناتاوێک دەستی بگرم و بە پێیان لەگەڵ خۆم بیبەم و ئەویش لەبەر ماندوێتی و شەکەتیی تاقەت پڕووکێن هەر نووزە نووزی بوو. لە رێکردنی شەودا دەیچرپاند بە گوێمدا «ئەی ناخەون؟» هەروەها لە کاتی رێکردندا بە سەختی گرفتاری تینوێتی دەبووین و هاوڕێیان لە بەشە ئاوە کەمەکەی خۆیان دەدایە و کاتێکیش ئاومان لێدەبڕا وەکو ئێمە بەرگەی تینوێتیی سەختی دەگرت. لە پاش پێنج رۆژی زۆر سەخت گەیشتینە خاڵێکی دیاریکراو و لەوێ پەیوەندیمان بە هەندێ «ناسیاوەوە» کرد کە هاوکارییان کردین و گەیاندینیانە ناو تورکیا و ئێمەش ئیوانمان رادەست کردن و ناونیشانی خزمەکانیمان پێدان.
•ئەبو بەشاری پێشمەرگە:
کاتێ کە وەخۆکەوتین بۆ رۆیشتن ئیوان زانی کە لەگەڵ خۆمان نایبەین بە شێوەیەکی هیستێریایی کەوتە گریانێکی بەکوڵ و هەر دەیقیژاند و هاواری دەکرد و خۆی رادەتەکاند و دەیویست پێمانڕابگات و بە ناوی خۆمانەوە بانگی دەکردین و دەپاڕایەوە کە جێی نەهێڵین. ئێمەش تا دوورکەوتینەوە هەر گوێمان لە دەنگە خۆشەویستەکەی بوو.
ئاخۆ ئەو هاوڕێیە چۆن لەبیر بکەم، کە لە سەرەتاوە زۆر بەتوندی بەرهەڵستیی ئەوەی کرد کە ئیوان لەگەڵ خۆمان ببەین کاتێ کە بۆ یەکەمجار دۆزیمانەوە و هۆکاری خۆی هەبوو بۆ ئەوە، بەڵام کاتێ کە بەجێمانهێشت کوڵی گریانی ئەم هاوڕێیە لە هەمووان زیاتر بوو، وەک ئەوە وابوو کە پاکانە بۆ گوناهێک بکات!
ئیوانی منداڵ لە پێنج رۆژ زیاتر لەگەڵمان نەمایەوە، بەڵام ئیوان بەردەوام لە دڵماندا وەک گوڵە کێویلەیەکی بۆنخۆش هەر دەمێنێتەوە٧.
چەردەیەک لە هەموو بەشەکان

•ئەبو حەسەنی پێشمەرگە (حەبيب ئەلبي)، بۆیگێڕامەوە:
رۆژی ٢٨ / ٨ / ١٩٨٨ بەگشتی رۆژێکی پڕ ناسۆری و نەفرەت بوو و لە دۆڵی کافیادا رۆژێکی سامناک بوو، چونکە هەزاران خێزان لە دوو لاوە سوپای عیراق گەمارۆی دابوون و هێزەکانی هەموو رێگەوبانە سەرەکییەکانی پاشەکشێیان گرتبوو، لەبەرئەوە هەزاران خێزان هەموو دەروویەکیان لێگیرابوو و نەیاندەزانی چیبکەن. هەر تاوناتاوێکیش دەیان واتەواتی دژبەیەک بڵاودەبوونەوە و خەڵکەکە بەجارێ تۆقیبوو و ورەی رووخابوو لەترسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن حکوومەتەوە. لە نێو ئەم کەش و بارەدا شتی زۆرم بینی کە لەبیر ناکرێن.
من هەرگیز ئەو باوکەم لەبیر ناچێت کە تووشی هیستێریای تۆقین بووبوو. ئەم باوکە کچە بچکۆلەکەی لەکۆڵ کردبوو لەپڕ میلی تفەنگەکەی هێنایەوە و لە سەر شانی چەپیەوە لوولەکەی کردە دواوە و فیشەکێکی تەقاند، بەڵام منداڵەکەی نەپێکا چونکە خۆشبەختانە لەو کاتەدا سەری منداڵەکە کەوتبووە سەر شانی راستی. گوللەکە تەقی و باوکە تفەنگەکەی فڕێدا و داڕووخا و کەوتە گریانێکی بەکوڵ و خۆیشی نەیدەزانی بۆچی ویستوویەتی بیکوژێت! ئەڵبەتە چرکەساتێکی شێتی بوو، ساتەوەختێکی ترس و سامێکی کوشندە بوو لە پاشەڕۆژێکی نادیار.
•پێشمەرگە حەيدەر ئەبو حەيدەر بۆیگێڕامەوە:
لە دۆڵی کافیا و بەهۆی ئەو ترس و تۆقینە لەڕادەبەدەرەی لەناو خەڵکدا بڵاوبووبووەوە و بەتایبەتی ترسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە، بۆیە لەو رێگە و راڕەوە تەنگەبەرانەدا کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی بە چیای گارەدا سەربکەون بۆ خۆپارێزیی لە کیمیایی و .. ئێمەش لەوێ بووین! ئەڵبەتە کێشەی گەورەی ئێمە و ئەوانیش ئاو بوو، چونکە شاخی گارە بەو پان و پۆڕیی دەرە و دۆڵ و شیوانەی و بەو هەموو لووتکە بەرزانەیەوە کانیاوی تێدا کەم و دەگمەنە و کانی و ئاوە سەرەکییە نزیکەکان کەوتبوونە بندەستی هێزەکانی رژیمی فاشییەوە و لەبەرئەوە خەڵکەکە بە ناچاری ئاوی پیسی گۆلاویان دەخواردەوە و بە چاوی خۆم دەمبینی کە چۆن منداڵی ورد و ناسک کێبڕکێیان بوو لەگەڵ هێستردا بۆ ئەوەی ئاوی لێڵ و قوڕاو بخۆنەوە. لە لای بوتکییەوە تاقە کانیاوێک هەبوو نۆرەی دوور و درێژی بۆ گیرابوو، ژن و منداڵ خەریکبوو لە تینوێتیدا کوێراییان دادەهات و خەڵکە لەترسا بارگرژ و رەنگ زەرد و هەڵپڕووکاو و لێو بەبارەکە نەیاندەهێشت دڵۆپە ئاوێکی ئەو کوێرە کانییە بکەوێتە سەر زەوی و خێرا دەیانقۆستەوە.

•فەرهادی پێشمەرگە بۆیگێڕامەوە:
رۆژی ٢٨ / ٨ / ١٩٨٨ بەڕاستی رۆژێکی شووم بوو و پاش ئەوەی سوپای رژێمی دیکتاتۆری توانی کۆنترۆڵی شوێنەکانی پەڕینەوەی رووباری زێ بکات هەزاران خێزان لە دۆڵی پانی نزیک زێ گیریانخوارد و هەروا هەزاران کەس کەوتنە هەڵگژان بەو چیایانەی دەوروبەردا بە بێ ئامانج و تەنها بۆ خۆپاراستن تێیدا و رچەڕێی سەخت و هەڵەتیان دەگرتەبەر کە پێشتر کەس پێیدا تێپەڕ نەبووبوو. بارودۆخەکە زۆر کارەساتبار بوو و بەجارێ ترسێکی بێئامان باڵی کێشابوو بەسەر خەڵکەکەدا لە ئەگەری بۆردمانی کیمیایی لەلایەک و لەولاشەوە برسێتی و تینوێتی بڕستی لە هەمووان بڕیبوو بە ژن و پیاو و منداڵەوە.
من لەوێ بووم و گەلێ دۆخم بینی کە لە یادەوەریم ناسڕێتەوە و هیچ کاتێک ئەو کیژۆڵەیەم لەبیرناچێت و نازانم چۆنی باس بکەم؟ ئەڵبەتە سەرباری هەموو ئەو ترس و بیمەی کە دەموچاوی هەمووانی شێواندبوو و ئەو برسێتییەی چاوەکانی ژاکاندبوو و ئەو تینوێتییەی لێوەکانی قڵیشاندبوو، ئەو جوانییەی هەر پێوە دیار بوو. ئەم کیژۆڵەیەک بوو تازە پێدەگەیشت، کۆترە کێویلەیەک بوو بۆ خۆی و تازە خەریک بوو چرۆی گوڵی مێینەی تێدا دەپشکوێت. ئێمە کاتێ کە بەرەو لووتکەکان هەڵدەکشاین پارچەیەک نانە رەق بەنرخ بوو و دلۆپە ئاوێکیش بەنرختر، بەڵام کەس شکی نەدەبرد. هەرچەندە داب و نەریتی وشکوبرینگی کوردی کە لە باوباپیرانەوە هاتووە رێگە بە کچ نادات هیچ شتیک داوا بکات لە پیاوێک کە نەیناسێت، بەڵام ئەم کچە بە هۆی تینوێتی و برسێتیی سەختەوە بە ناو خەڵکەکەدا دەگەڕا و یەکبینە فرمێسک لە چاوەکانی دەباری و بۆ پارچە نانێک و دڵۆپە ئاوێک دەپاڕایەوە! لەو ساتەوەختەدا کە لە من پاڕایەوە مەرگم بە ئاوات دەخواست چونکە هیچ نان و ئاوێکم شک نەدەبرد و هاوڕێ پێشمەرگەکانیشم هیچیان پێنەبوو تا داوایان لێبکەم و هیچ قسەیەکم بۆ نەکرا و تەنانەت زمانیشم بەسترا. ئێستا من لە ناخەوە دەسووتێم و نەفرەت لە گەلێ شت دەکەم کاتێ کە فرمێسکەکانی ئەو کیژۆڵەیەم بیردەکەوێتەوە، توخوا بۆچی ئەمەت بیرخستمەوە؟!
•ئەبو ئەحراری پێشمەرگە بۆیگێڕامەوە:
رۆژی ٢٨ / ٨ / ١٩٨٨ پڕ خەم و مەینەتی بوو، من لە سەر رووباری زێ بووم لە دۆڵی پانی، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری هاوڕێ پێشمەگەکانمدا و ئەوەی کە بینیم قەت لەبیرناچێتەوە. ئاخۆ دەکرێت بارودۆخی هەزاران کەس لە رۆڵەکانی گەلەکەمان لەبیر بکرێت کە هەڕەشەی مەرگیان لەسەر بوو یان بە چەکی کیمیایی یان بە تینوێتی و برسێتی؟ ئاخۆ دەکرێت وابەستەیی خەڵک لەبیر بکرێت بە ژیانی ئازاد و شکۆپارێز و کۆشش و بەرەنگاریی سەختیان لەو پێناوەدا؟
لە دۆڵی پانی ژنێکی دووگیانم بینی پێدەچوو لە دوا رۆژەکانی مانگی خۆیدا بێت و دوو کچ چووبوونە ژێر باڵی لە کاتی سەرکەوتنیاندا بەرەو لووتکەی چیاکە، بە بزنەڕێیەکی سەخت و هەڵەت و تا بڵێی لێژ و کووڕدا. ژنەکە لەبەر شەکەتی و ماندوێتی نەیدەتوانی بە پێوە بوەستێ و من تا ماوەیەکی زۆر ئەم ژنەم لەخەودا دەبینی. تۆ بڵێی ئێستا لەکوێ بێت و لە بنی چ دارێکدا منداڵەکەی بووبێت و ئاخۆ ئەو منداڵە مابێت و ناوی چیبێت؟ من سەدان منداڵی برسی و تینووم بینی و ترس رەنگی جوانی منداڵیی پێنەهێشتبوون و دەیانی تریان بە پێی پەتی و بێ پێڵاو بە رێگەی سەخت و هەڵەتدا دەڕۆیشتن. ئاخۆ ئەو کیژە منداڵە لەبیر دەکرێت کە قاچە بچووکەکانی پەڵەی خوێنیان بە قەراخی رێگەکەدا بەجێدەهێشت و تۆ بڵێی ئەوە لەبیر بکرێت؟

ئێستا ئەوان لەکوێن؟
ئاخۆ ئێستا لەکوێ بن؟
با بە دەنگی بەرز سۆراخیان بکەین، چونکە هەواڵی بچڕبچڕیان بە سەر تەلە دڕکاوییەکانی کەمپی بەندکردندا دەگەیشت، کەمپی مەرگی لەسەرەخۆ کە تێیدا لەگەڵ منداڵ و خێزانیان راگیرابوون و مایەی ترس و نیگەرانییە.
زاخارۆڤ، فيدڵ، خەليل، وەفاء، زۆزك، ماجیدە، نەسير، خەيال، بەسيم، لينا، سەلمان، مناضل، فيكۆ، لولاڤ، …
هەموو منداڵانی بنکەی مەڕانی٨، منداڵانی شەهیدان و تێکۆشەرانی پێشمەرگە ئەنسارەکان، منداڵانی شانۆگەریی «دەوارە»٩ و چۆلەکەکانی مەڕانی کە بە ئاسمانی منداڵێتیدا لە شەقەی باڵیان دەدا سەرباری دڕندەیی تۆپباران و بۆردمانی رۆژانەی فڕۆکە، منداڵانی پڕ لە جوانی و جووڵە و هاروهاجی.

•زەخارۆڤ (تەمەن ١٣ ساڵ)
هۆزانڤانە بچکۆلەکە و منداڵە باریک و لاوازەکەی چون چووزەی تەڕ و ناسکی فرە بەهرە و سەرسامکەر بە دەربڕینە قووڵەکانی، کەوا هۆنراوەکانی وەک کانیاوەکانی دۆڵی مەڕانی تەقینەوە و وەک ئاوە روون و سازگارەکانی … ئەو جارێکیان نووسیبووی:

هەموو شتێک،
یەکجار دێت،
هەر تۆ نەبێت.. ئەی فڕۆکە!

•خەليل (تەمەن ٩ ساڵ)
خولیای یاریی «پێشمەرگەی ئەنسار بوو»، ئەو هەموو رۆژێک مەفرەزەیەکی پێشمەرگەی ئەنساری لە منداڵانی مەڕانی پێکدەهێنا و دەیناردن بۆ کۆکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لە سەر بنکە و بارەگاکانی «دوژمن» و پاشان بە توندی هێرشیان دەکردە سەر و هەموو جارێک «دەستکەوتیان» لەگەڵ خۆ دەهێنایەوە و هەروەها.. دیلیش! ئەو شەوان وێنەکێشانی ئەو تابلۆیەی دووبارە کردەوە کە مەراقی بوو و هەموو رۆژ وێنەی دەکێشا و بۆ هونەرمەند ئەبو ئەیاری١٠ دەنارد بۆ ئەوەی بۆی پوخت و چاک بکات: ئەویش تابلۆی دیکتاتۆر سەددام حوسێنی بەرجەستە دەکرد بە ئەستێرە و مەدالیاکانیەوە کە بەستراوە بە دارگوێزێکی گەورە و بەرزەوە و پێشمەرگە چواردەوریان گرتووە و و رووی تفەنگەکانیان تێکردووە و لەولاشەوە پۆلێک سمۆرە و چۆلەکە سەما و تەماشا دەکەن!!١١
•فيدڵ (تەمەن ١٠ ساڵ)
یەکپارچە جووڵە و هاروهاجییە و چالاکە لە راپەڕاندنی کاروباری ناوماڵدا و بە چاکی و شایستەیی کەسێتیی سەرۆک خێزانێکی راستەقینەی بەرجەستە کردبوو، بێئەوەی واز لە رووبەری منداڵێتیی خۆی بێنێت و دۆڵەکەمانی پڕ دەکرد لە هەرا و مەزات و شەڕ و شۆڕەکانی.
•زۆزك (تەمەن ٣ ساڵ)
ئەمیان سمۆرەی دۆڵی مەڕانی بوو و بەردەوام لە ژێر دار گوێزەکاندا رایدەکرد و گوێز و بەرە داری کۆدەکردەوە و بەم و بەوی دەوت بەرزی بکەنەوە بۆ ئەوەی دەستی بگاتە لقە بەرزەکان.
•ماجیدە (تەمەن٧ ساڵ)
گوڵە نەرگسێكی بۆنخۆش و پاراو، بە ناز و مەکر، شەرمن و ناسک١٢.
•وەفا (تەمەن ١١ ساڵ)
قەشەنگ و بێئەندازە جوان کە لە باسکردن نایەت. بزەیەکی شیرین و خۆڕسکییەکی ئارامبەخش. هەڵسوکەوتی مایەی سەرسامی بوو، کیژێکی ماڵداریکەری چوست و چالاک بوو لە راییکردنی کاروباری ناوماڵ و چاودێری کردنی سوربازی خوشکە بچووکی١٣.
ئەوانیتریش…
عاسیف، خەمي، ديمترۆڤ، فوئاد، حەبيب، سيتاڤ، رێناز، زەكي، فێنوار، رێنوار، …
ئاخۆ ئێستا لەکوێن؟ با سۆراخ و پرسیاریان بکەین. پاش ئەوەی لە چیای گارە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک ئابڵووقە دران و سەدان کەس لە خاوخێزانیان لەگەڵدا بوو و برسێتی و تینوێتی بڕستی لێبڕیبوون لە نێو بارودۆخێکی پڕ ترس و سامدا کە بە راسەرەوە سووڕانەوەی فڕۆکە و ئەگەری هێرشی هێزەکانی رژێمی دیکتاتۆری بۆ چیای گارە بە گازی ژەهراوی. لە پاش ئەوەی کە ناوی لێنرابوو «بڕیاری لێبووردن»، ئافرەتەکان دەستیان کرد بە خۆڕادەست کردن بە هێزەکانی حکوومەت بۆ رزگار کردنی منداڵەکانیان لە تینوێتی و برسێتی یان لەترسا…
ئەو هەواڵانەی گەیشتنە ئێمە دەڵێن: ئەوانە لە بەندیخانەی قەڵای کەرکووک بۆ ماوەی مانگێک گیراون و پاشان گوێزراونەتەوە بۆ کەرکووک و لەو دەشتاییانە لە سەربازگەدا بەند کراون، لە بارودۆخێکی تەندروستیی خراپدا و دۆخێکی ژیانی پڕ نائومێدیدا بەرەوڕووی چارەنووسێکی نادیار بوونەتەوە لەنێو کار و کردەوەیەکی پڕ داپڵۆسین و لێکۆڵینەوەی فاشیدا. پاشان هەواڵیان بچڕا!!
تۆ بڵێی ئەوانە ئێستا لەکوێ بن؟
•زەخارۆڤ: ئاخۆ ئێستا بیر لە چ هۆنراوەیەک دەکەیتەوە؟١٤
•فيدڵ: تۆ بڵێی ئێستا کێ شەڕت پێبفرۆشێت؟
•خەليل: ئاخۆ کێ ئێستا کاغەزت بداتێ بۆ وێنەکێشان و کێ بۆت چاک و پوخت بکاتەوە؟
•وەفاء: ئەی ئێستا چا بۆ کێ لێدەنێیت کیژۆڵەکەم؟
•ماجیدە: ئاخۆ ئێستا ناز بەسەر کێدا دەکەیت؟
•….
•….
ئاخۆ ئێستا لەکوێن؟ خەریکە دڵمان شەق ببات بۆ یاد و یادەوەریتان!١٥

منداڵانی کوردستان: دەزانین دوژمنمان کێیە!

«بریسکەیەک بە ئاسمانی دڵدا
تێپەڕی و
پێش تاوێک
منداڵەکە بە پێکەنینەوە تێپەڕی.
فڕۆکەیەک تێپەڕی و،
فڕۆکەیەکی تر و،
دواجار ..
منداڵەکە کوژرابوو.»١٦

•نەزمی عوبێد
ناوم نەزمییە و تەمەنم ١١ ساڵە و خەڵکی گوندی (سینیێ)م، باوکم لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدایە. بەردەوام پێشمەرگە دەهاتنە گوندەکەمان. من پێشمەرگە شیوعییەکان باش دەناسم و (عەموودی)یش١٧ دەناسم. من پێشمەرگەم خۆشدەوێت. زۆر جار فڕۆکە گوندەکەمانی بۆردمان کردووە و کاتێ فڕۆکە گوندەکەمانی بە کیمیایی بۆردمان کرد ئێمە لە سەر لووتکەی چیاکە بووین و تەواوی ئاژەڵ و ماڵاتەکەمان لە سەر کانیاوەکە لەناوچوو، بەڵام کەس لە خێزانەکەمان بەرنەکەوت. سەگەکەمان لەگەڵ ئاژەڵەکانماندا بوو و ئەویش مرد. من بیستم منداڵێک لە گوندەکەمان مردووە و ناوی نازانم. ئێمە بۆ تورکیا هەڵاتین و سێ شەو و سێ رۆژ بە پێیان رۆیشتین. خێزانەکەمان لە ١٣ کەس پێکدێت و سێ هێسترمان پێبوو. لە کاتی رۆیشتندا من زۆر دەترسام و کاتێ گەیشتینە تورکیا لە یەکەم رۆژدا دەریانکردین و پاشان بە نهێنی چووینە ناو خاکی تورکیاوە و لەوێوە هاتین بۆ ئێران.
•نیهاد تەیب
من ناوم نیهادە و تەمەنم ١٢ ساڵە و خەڵکی گوندی (کەرکۆ)م، باوکم شوانە و گوندەکەمان ٢٠ ماڵە. من نەچوومەتە قوتابخانە چونکە گوندەکەمان تەنانەت «قوتابخانەی شۆڕشیشی»١٨ تێدا نیە. چۆن حەز ناکەم بچمە قوتابخانە و لەوێ هەر هیچ نەبێت فێری خوێندنەوە و نووسین دەبووم. هەر لە کۆنەوە فڕۆکە زۆر دەهاتن بۆ گوندەکەمان. باپیرم دەڵێ جارێکیان فڕۆکەی حکوومەت هاتووە و گوندەکەمانی بۆردمان کردووە و بە یەکجار ٢٣ کەسی شەهید کردووە١٩ و منداڵیشیان لەنێواندا بووە. لە کاتی تەقەدومی ئەم دواییەدا٢٠ یەکەمجار هەڵاتین بۆ تورکیا و لەوێ دەریانکردین و ناچار هاتین بۆ ئێران. ئێمە مەڕوماڵاتەکەمان لە سنووری تورکیا بەجێهێشت و من لە ماندوویی و شەکەتیدا خەریکبوو بمرم. فڕۆکە بە راسەرمانەوە بوو بەڵام ئێمە هەر بەردەوام بووین لە رێکردن و لە نزیک بۆسەی جاشەکانەوە پەڕینەوە و من زۆر دەترسام بەڵام باوکم دەستی گرتبووم و شەو و رۆژێک بە بێوەستان بەڕێوە بووین تا سنووری تورکیا. پاشان ناردینیاین بۆ ئۆردووگای کەڤرێ٢١. من لەو خۆپیشاندانەی لەوێ ئەنجامدرا بەشداربووم٢٢ و ئەو ئۆتۆمبێلانەم دایە بەر بەرد کە خەڵکیان دەبردەوە بۆ لای سەددام. بەڵێ بەر بەردمان دان، ئاخر بۆچی خۆیان رادەستی سەددام دەکەن؟ جەندرمە تورکەکان گوللەیان بەسەرماندا دەتەقاند، بەڵێ بێگومان ترسام، بەڵام کەم (لێرەدا نوقمی پێکەنین دەبێت)!
•خەيري سەعيد
ناوم خەیرییە و تەمەنم ١٠ ساڵە و خەڵکی گوندی (قەدش)م. باوکم لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدایە و حەوت ساڵ لەمەوبەر بە تەقینەوەی مینێک بریندار بووە و باش چارەسەر نەکرا و بەو هۆیەوە سێ ساڵ لەمەوپێش کۆچی دوایی کرد و ئەو کاتە من لە پۆلی دووی سەرەتایی بووم. دایکیشم دوای باوکم بە چەند مانگێک کۆچی دوایی کرد لە کاتی لەدایکبوونی عەدنانی برامدا. عەدنان ئێستا تەمەنی سێ ساڵە و برا گەورەکەم پێشمەرگەیە. ئێمە شارۆچکەی قەدشمان بەجێهێشت و هاتین بۆ گوندی کانی سارکێ. لێرەش زۆر جار فڕۆکە دێنە سەر ناوچەکە.
لە پاش رووداوەکانی ئەم دواییە هەڵاتین بۆ تورکیا. ئێمە بە شەو دەڕۆیشتین و من بە پێیان دەڕۆیشتم و لەبەر ماندوێتی لە رێگا دەگریام و لە رێگا فڕۆکە پێمانڕاگەیشت و زۆر لە بۆردمان ترساین و کاتێ گەیشتینە تورکیا بەپەلە ناردینیاین بۆ ئێران. ژیان لێرە زۆر قورسە و ئەرزاق٢٣ کەمە. ئەگەر وازمان لێبێنن دەگەڕێینەوە بۆ گوندەکەمان و وڵات شیرینترە و کوردستان شیرینترە. بەڵام خەڵك لەوێ لە کیمیایی دەترسن و من هەڵەبجە دەزانم و هەموو کەس باسی دەکەن و وێنەکانیم لە تەلەفزیۆنەوە بینی، لێرە لە تەلەفزیۆنی ئۆردووگای ئاوارەکانەوە و بێگومان دەزانم سەددام چی بە کورد کردووە لە هەڵەبجە.
•نەبيل عەبدولخالیق
ناوم نەبیلە و تەمەنم ١٣ ساڵە و خەڵکی مووسڵم و دوو ساڵ لەمەوپێش لە مووسڵ کۆچمان کرد چونکە براکەم پێشمەرگە بوو و حکوومەت بەردەوام تەنگی پێهەڵچنیبووین. بانگ کردن و لێکۆڵێنەوە و فشاری بەردەوام هەموو دەمێک. ئێمە لە گوندی سینیێ نیشتەجێ بووین و من لە شاری مووسڵ پۆلی شەشی سەرەتاییم تەواو کرد و لەگەڵ ئەو خەڵکە رۆیشتین بۆ تورکیا و بە یەک رۆژ گەیشتین و یەکبینە رێمان دەکرد بێ پشوو. شتی زۆرم بینی لە رێگا و خەڵک هەموو دەترسان و برسێتی و تینوێتی بوو، بیستم منداڵ مردوون یان ون بوون.
ئێمە کاتێ گەیشتین بە پەلە رەوانەی ئێرانیان کردین و لە ئێران باوکم مرد و سەلیمی برام ئێستا بەرپرسی خێزانەکەیە و دوو ساڵ لە من گەورەترە و خێزانەکەمان لە پێنج کەس پێکهاتووە. ژیان لە ئێران زۆر قورسە و ئۆردووگا وەک زیندان وایە و ئەرزاق بەش ناکات. ژیان لە وڵاتی خۆمان خۆشترە و ئاواتەخوازم سەددام ئێستا بمرێت بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ وڵات و بێگومان دەگەڕێمەوە بۆ قوتابخانە. هاوەڵەکانم ئێستا لە سێی ناوەندین. من زۆر باش ئاشنام بە پێشمەرگە و تێیاندا برادەرم هەن و ئەبو بەسسام مامۆستامە٢٤ و وانەی وێنەکێشانم فێردەکات. من حەزم لە وێنەکێشانە و زۆر حەز دەکەم خوێندنەکەم تەواو بکەم و ببمە نیگارکێش. من ئاگام لە هەڵەبجەیە و سەددام بە چەکی کیمیایی سووتاندی و پێنج هەزار کوردی تێدا کوشت و وێنەکانی هەڵەبجەم لە گۆڤارێکدا بینی و زۆر ترسناکن و بنیادەم ناتوانێت زۆر تەماشایان بکات.
•نیداء لوتفي حاتەم
ناوم نیدائە و تەمەنم ١٠ ساڵە، شەش ساڵ لەمەوپێش باوکم بوو بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عیراق. من نەچوومەتە قوتابخانە بەڵکو باوکم و پێشمەرگەکان فێری خوێندن و نووسینیان کردم و هەمیشە لە بارەگای پێشمەرگەدا بووم لە بنکەی زێوە٢٥و زۆر بەجێمنەدەهێشت، بەڵام دایکم دەمبات بۆ هەندێک لە گوندە نزیکەکان، چونکە دایکم پزیشکە و چارەسەری برین و نەخۆشیی پێشمەرگە و خەڵک دەکات لە گوندەکان. زۆر جار بە تۆپ و راجیمە بۆردمانیان دەکردین و هەمیشە فڕۆکەمان بەسەرەوەیە. من زۆر لە تۆپ ناترسم و پێی راهاتووین و تاڕادەیەک هەموو رۆژێک تۆپبارانمان دەکەن، بەڵام لە فڕۆکە دەترسم و کاتێ بنکەی زێوەیان بە چەکی کیمیایی بۆردمان کرد٢٦ بۆ ماوەی چوار رۆژ کوێر بووم، هەروەها مەجد و مەساریش٢٧. بەڵام سمسم و مشمش٢٨ بەرنەکەوتن چونکە خێرا چوون لای ئاگرەکەدا دانیشتن، هەروەها سیڤانیش٢٩ بەرنەکەوت و هیچی لێنەهات و پێموایە ئەگەر بەربکەوتایە دەمرد چونکە زۆر بچووک بوو.
لە پاش تەقەدوم (پێشڕەوی) کردنی سوپای عیراق لە کاتی ئەنفالدا، ئێمە لە بنکە کشاینەوە وهەموومان بەرەو سنووری تورکیا رۆیشتین و یەکبینە پێنج رۆژ رێمان کرد تا گەیشتینە سنوور. من بە پێ دەڕۆیشتم چونکە هیچ وڵاخێکمان پێنەبوو و کەسیش هەڵینەگرتم و لەبەر ماندوێتی و شەکەتی دەڕشامەوە. ئێمە کەمێک خۆراک و ئاومان پێبوو، خێرا و بەپەلەش دەڕۆیشتین و لە پێشمانەوە و لە پشتمانەوە خێزانی زۆر بەڕێوە بوون. ئێمە هەر شوێنێکمان بەجێدەهێشت فڕۆکە بۆردمانی دەکرد و پاش ئەوەی گەیشتینە تورکیا پانزە رۆژ بێ خێوەت ماینەوە و بەیانیان لەبەر شێی ئاونگ بەتانییەکانمان دەگوشی و کەمێک نانیان دەداینێ و پاشان هاتین بۆ ئێران. لێرە بیستم کەوا منداڵ بە سکچوونی توند مردوون و دایکم دەیوت کە ئەوانە زۆر بچووک بوون. من ئاگام لە هەڵەبجەیە کە سەددام بە کیمیایی بۆردمانی کردووە و خەڵک باسی دەکەن و من وێنەکانم بینی و ناتوانیت زۆر تەماشایان بکەیت. ئاواتەخوازم سەددام بمرێت و بگەڕێینەوە بۆ وڵاتی خۆمان. ئەی تۆ ئەمە نازانیت؟ ئەوە پرسیارێکی نامۆیە! نیشتمان خۆشترە و باوک و دایکم هەمیشە باسی دەکەن، بەڵام من هیچ شتیکم بیرناکەوێتەوە و لە بنکەی زێوە زیاتر هیچم نەبینیوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە وڵات شیرینە و کوردستان شیرینە!

•عەبدولستار تەها
ناوم عەبدولستارە و تەمەنم ١١ ساڵە و خەڵکی گوندی (ئەسپیندار بەرواری)م، باوکم پێشمەرگەیە و ساڵێک لە «قوتابخانەی شۆڕش» دا لە گوندی پیرمان خوێندوومە و فڕۆکە گوندەکەی بۆردمان کرد و مووشەکێک بەر قوتابخانەکە کەوت و سووتاندی. لە پاش پێشڕەویی سوپا چووین بۆ تورکیا و فڕۆکە بە شەودا بۆردمانی کردین لە گوندی دزکە و مووشەکێکی زۆر لە نزیکمانەوە کەوت و من زۆر ترسام و سەگەکەمانی کوشت کە ناوی بەشۆ بوو و من زۆرم خۆشدەویست. هەروەها ئەو هەشت مریشکەشمانی کوشت کە لەگەڵ خۆمان هێنابوومان. شەوی پاشەکشەمان بۆ تورکیا باوکم لەگەڵ پێشمەرگەدا رۆیشت چەکی دۆشکە بێنێت. پێشڕەویی (تەقەدومی) سوپا گەیشتە نزیکی گوند و باوکم درەنگ گەیشت و هەموو شتێکمان لە ماڵەوە بەجێهێشت و تەنانەت دایکم ملوانکە و بازنە ئاڵتوونەکانی بەجێهێشت.
ئێمە لە تورکیا ماوەیەکی زۆر نەماینەوە و هاتین بۆ ئێران و وتیان ئێرە باشترە، بەڵام ئێمە لێرە نامۆین و ژیان زۆر قورسە و ئەگەر سەددام بمرێت دەگەڕێینەوە بۆ کوردستان. لە رێگا بەرەو تورکیا جەردەی تورک رێیان لێگرتین و شەش کەس ئابڵووقەی باوکمیان دا و پارە و ئاڵتوونیان دەویست و بە قۆناخە تفەنگ لە باوکمیان دەدا و دواجار لەو ساتەدا هەندێک کەس گەیشتنە لامان و رێگرەکان هەڵاتن. پیاوێکی دراوسێمان بۆیگێڕاینەوە کە جەردە ویستوویانە بە چەقۆ سەری ببڕن و لە ناوچەیەکدا کە پێیدەوترا فری مەڕەکانیان بردین. لە دوای لێبووردن کاتێ هەندێک خێزان ویستیان خۆیان رادەستی سەددام بکەن من لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداریم کرد و ئەو ئۆتۆمبیلانەمان بەردباران کرد کە سەددام ناردبووی بۆ گێڕانەوەمان. من ئاگاداری بارودۆخی هەڵەبجەم و کاتێ گوێم لە گۆرانییەکەی شڤان٣٠ دەبێت لە سەر هەڵەبجە خەم دامدەگرێت و دایکیشم دەگری. من وێنەکانی هەڵەبجەم بینیوە و زۆر ترسناکە.

•سەردار شێخ
ناوم سەردارە و تەمەنم ١١ ساڵە و خەڵکی ناوچەی بارزانم. باوکم (بەرگریی ميلليیە)٣١. من نەچوومەتە قوتابخانە و بێگومان قوتابخانەم خۆشدەوێت. باوکم هەشت ساڵ لەمەوبەر لەلایەن حکوومەتەوە گیراوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێکی نازانین، هەروەها دایکیشم هیچ هەواڵێکی نازانین و ئەو لەترسا لەگەڵ سێ خوشکی بچووکمدا رایکردووە بۆ مووسڵ بۆ لای خزمەکانمان و من لەوێ ماوەیەک لایان مامەوە و دواتر ناردمیان بۆ لای مامم لە گوندی بازێ. لە کاتی هێرش کردنە سەر ناوچەی بارزان دوو هەزار کەس بە چەکی کیمیایی مردوون و هەموو کەس باس لەم مەسەلەیە دەکات و ئەم ژمارەیە من لەخۆمەوە نایڵێم! پاشان هەڵاتین بۆ تورکیا و بردینیانە ئۆردووگای کەڤرێ و دواجار هاتین بۆ ئێران.

•سالم تەحسين
ناوم سالمە و تەمەنم حەوت ساڵە و خەڵکی گوندی (ئەسپیندار بەرواری)م، باوکم پێشمەرگەی شەهيدە لە ئۆپەراسیۆنی دێرەلووکدا٣٢. من برای فەیسەڵم و تۆ باش دەیناسیت، نەچوومەتە قوتابخانە و لە رێگادا بەرەو تورکیا سێ منداڵ لە کاروانەکەی گوندی یاسنە ونبوون و من یەکێکیان دەناسم بەڵام ناویم لەبیر نەماوە و لە تەمەنی نیهاددایە و هەروەها لە رێگا ئەرسەلانی کوڕی محەمەد تاهیری خەڵکی گوندەکەمان (ئەسپیندار) مرد و ئەو بە دوای هێسترێکەوە دەڕۆیشت و رێگەکە بە بڕگەی (قطع) قەدپاڵی چیایەکی بەرزدا دەڕۆیشت٣٣ و هێسترەکە لەو رێگەیە ترازاندی و بەرەوخوار هەڵدێرا و مرد و لە هەمان رۆژدا دایکیشی، کە ناوی حەسنە بوو، لە حەسرەت و خەفەتدا سوێی بووەوە و گیانی سپارد و ئەوانتریان ئێستا لە تورکیان. هەروەها لە رێگا کچێکی بچووک، کە ناوی نازانم، کۆچی دوایی کرد و کچی جاسمە کە خەڵکی ئاکرێیە. من ئاگاداری دۆخی هەڵەبجەم و شڤان گۆرانیی لەسەر دەڵێت و فەیسەڵی برام بەردەوام گۆرانییەکانی شڤان دەڵێتەوە. من پێشمەرگەی ئەنسارم خۆشدەوێ و زۆریان دەناسم و ئەوان بەردەوام سەردانی گوندەکەمانیان دەکرد.

•بێريڤان موراد
ناوم بێریڤانە و تەمەنم ١١ ساڵە و لە بنەچەدا ئێمە خەڵکی گوندی (سەیرێ)ن لە ناوچەی نهێلە، بەڵام پێش نۆ ساڵ حکوومەت بە زۆر و بە فڕۆکەی هەلیکۆپتەر لەوێ رایگواستین بۆ گوندی چەمەدەشت لە نزیک ئاکرێ و لە پاش چوار رۆژ لە چەمەدەشت هەڵاتین بۆ گوندی پەیا و نۆ ساڵ تێیدا ماینەوە تا تەقەدومەکەی (پێشڕەویی) ئەم دواییە. باوکم جووتیارە و مەڕوماڵاتیشمان هەیە. من نەچوومەتە قوتابخانە و شوانی مەڕەکانی خۆمان بووم. لە نزیک گوندەکەمانەوە چەند رەبایەیەک هەبوو و من زۆر لێیان دەترسام کاتی کە گوندەکەمانیان تۆپباران دەکرد و فرەجاریش فڕۆکە دەهاتنە سەر گوندەکەمان و بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگەیان بۆردمان دەکرد. من ئەوەندە ناترسم بەڵام ئایشێی خوشکم زۆر دەترسێت و ئەو لە من گەورەترە و تەمەنی ١٢ ساڵە.
لەگەڵ مۆڵدان و کۆبوونەوەی هێزەکانی سەددام و هاتنیان بۆ ناوچەکە ئێمە گوندمان بەجێهێشت و من و براکەم مەڕەکانمان برد بۆ شوێنێکی نزیکی گوندی پانێ و پاش ماوەیەکیش دایکم هات بۆ لامان و کەلوپەلەکانمان گواستەوە بۆ شوێنیکی نزیک لە کانی گیسکەوە، کە جێگەیەکی لەبار بوو بۆ خۆشاردنەوە و دارستانی چڕی تێدابوو. لە پاش چوار رۆژ خزمەکانمان لە بەری گارەوە هاتنە لامان و بۆ رۆژی دواتر فڕۆکە دەستی کرد بە بۆردمانی ناوچەکە و بە شەو پیاوێکی خەڵکی گوند هاتە لامان و داوای کرد نانێکی زۆر بکەین و خەڵک بەرەو ئەشکەوتەکان هەڵدەهاتن و سوپای عیراقیش تادەهات نزیک دەبووەوە و بە درێژایی رۆژ ناوچەکەیان بۆردمان دەکرد. ئێمە شوێنەکەی خۆمان بەجێهێشت و بەرەو زێ رۆیشتین و لە نزیک گوندی سۆریا بە خەستی تۆپبارانیان کردین و خێزانەکان پەرت و بڵاو بوونەوە و هەریەکە بەلایەکدا رۆیشتن، بەڵام جاشەکان رێگەیان لێمان بڕیبوو، پاشان پێشمەرگە هاتن و لەگەڵیان کەوتنە شەڕ و پێکدادان و رێگەیان بۆ کردینەوە. ئەوان پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عیراق بوون.
رێکردنمان بە پێیان لە گوندی پەیاوە بۆ گوندی سۆریا چوار رۆژ و چوار شەوی خایاند کە هەمووی ماندوێتی و شەکەتی بوو بێ خەوتن. ئێمە مەڕوماڵاتەکەمان بەجێهێشت و تاقە هێسترێکمان هەبوو ئەویشمان لە گوندی سۆریا جێهێشت و لەوێوە ئیتر خێزانەکەمان بوو بە دوو بەشەوە، من و دڵخوازی برام و هەردوو خوشکەکەم و دایکم و باوەژنم و کەمالی برام و ژنەکەی و دووان لە سێ منداڵەکەی، ئەمانە گشتمان لە ئێرانین، بەڵام باوکم و شەعبانی کوڕی کەمالی برام کە هێشتا شیرەخۆرەیە لە تورکیا مانەوە! من لە رێگادا چەند جارێک مردنم بە چاوی خۆم بینی، لە بەر تینوێتی و برسێتی و ترس، هەروەها گەلێ منداڵم بینی کە مردن و زۆربەیان لەترسا زەندەقیان چوو و مردن، من ناویانم بیر نایەتەوە و خێزانەکانیان هیچ کاتێکیان نەبوو بۆ ناشتنیان و هەر لە رێگا فڕێیاندەدان و ئێمە بە لایاندا تێدەپەڕین. من هەر منداڵێکی مردووم بدیایە لەرزم لێدەهات و براژنەکەیشم بە درێژایی رێگا هەر بۆ شەعبانی کوڕی دەگریا. ئێمە کاتێ گەیشتینە تورکیا بردینیاین بۆ ئۆردووگای کەڤرێ و لەوێ زۆر گەڕاین بە دوای باوکمدا و نەماندۆزییەوە و پێیانوتین رۆیشتووە بۆ ئێران و بەو هۆیەوە ئێمەش هاتین بۆ ئێران. لێرە ژیان قورسە و منداڵان هەر رۆژە و یەکێکیان لێدەمرێت لەبرسا چونکە شیر نیە و سکچوونیش تیایاندا بڵاوبووەتەوە. ئەگەر سەددام بمرێت یەک رۆژ چییە نامێنینەوە و وڵاتی خۆمان خۆشتر بوو ئەگەر سەددام و کیمیایی نەبوایە.
من زۆر باش ئاگام لە هەڵەبجەیە و سەددام بە کیمیایی خەڵکەکەی کوشتووە و حەز دەکەم سەددام بمرێت لەبەر ئەوەی دوژمنمانە و لە گوندەکەمان دەریکردین و ئەو دوژمنمانە. گوندەکەی ئێمە زۆر جوان و دڵگیرە و هەمyشە پێشمەرگە دەهاتنە گوندەکەمان و بنکەی کافیا، کە بارەگای پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی بوو نزیکی گوندەکەی ئێمە بوو و ماوەی دوو سەعاتە ڕێ بە پێیان لێمانەوە دوور بوو. من پێشمەرگەم خۆشدەوێ و لای رووباری زێ لە ئابڵووقەی جاشەکان رزگاریان کردین و رێگەی ژیانیان بۆ کردینەوە!

لە دەفتەری ئوردووگاکانی ئاوارەییەوە

ئۆردووگای ئاوارەکان لە گوندی زێوەی ئێران٣٤

•٢٨ / ١١ / ١٩٨٨
دەیناسم، ئەو ژنە باش دەناسم، چونکە پێشتر سەردانی بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگە ئەنسارەکانی کردبوو لە کوردستاندا و ئێمە لەوێ چاومان پێکەوت و ئەو رۆژگارە ئێمە خۆمان لە چاوی کامێراکەی لادەدا نەوەک دەرکەوتنی وێنەکانمان ببێتە هۆی لەناوبردنی خێزانەکانمان. ئەو ژنە رۆژنامەنووسێکی فەرەنسی بوومن لێرەدا زۆر بە شان و باڵیدا نایەم و بەهەرحاڵ قەشەنگ و جوان دەردەکەوت بە بەراورد لەگەڵ گشت ئەو کەسانەی لە ئۆردووگاکەدا بوون. لەو رۆژگارەی شاخدا ئێمە لە سەر ناوە دوور و درێژەکەی رانەهاتبووین بۆیە بۆ ئاسانی و پەیوەست بە چیرۆک و سەرەڕۆییەکانی هاوڕێیەکی پێشمەرگەمان کە خوێندنی ئەوروپای بەجێهێشتبوو و هاتبووە ریزی پێشمەرگەی ئەنسارەوە، ئێمە ناوی لویزامان لێنابوو!
ئێستا وا خودی «لويزا»، خۆی کامێرا و دەفتەری داوە بەکۆڵیدا و بە کووچە و کۆڵانی ئەم ئۆردووگا کارەساتبارەدا دێت و دەڕوات و وا گرتەیەکی دۆزییەوە کە بتوانێت لەو گۆڤار و رۆژنامانەدا بڵاویبکاتەوە کەوا گەلی کوردیان کردووە بە تەماشاچی دنیا و هیچیشی دەست نەکەوتووە لە قسە و بەڵێن زیاتر.
گرتەی منداڵێکی کورد بە جلە شڕەکانی بەریەوە و سواری پەیکەری پاسکیلێک بووە کە کەس نازانێت لەکوێی دۆزیوەتەوە و لەگەڵیشیدا دارێکی درێژی بەدەستەوەیە.
ئەمە وێنەیەکی کاریکاتێریی سوارچاکێکی ستەملێکراوە مەدام لویزا، وا نیە؟!
من نازانم بۆچی کە تەماشای چاوی کامێرای وێنەگرتن دەکەم، کە لێرە زۆرن، شێوەی خڕ و بازنەیی ئەو نانەم دێتە بەرچاو کە منداڵەکانمان لەم ئۆردووگایەدا دەستیان ناکەوێت و جیهان زەق زەق تەماشایان دەکات؟
• ١٠ / ١٢ / ١٩٨٨
سەرەڕای کەشی سارد و سەرما بەیانیی ئۆردووگاکە خۆرەتاو بوو، لەبەرئەوە وای لە هەموو خەڵکی ئۆردووگاکە کردبوو لەبەر دەرگای خێوەتەکانیان دانیشن یان بەملا و بەولادا بۆخۆیان پیاسە بکەن. ئۆردووگاکە جمەی دێت لە ئاپۆرەی قڕە و قەرەباڵخیی خەڵکی ئاوارەدا، لە لایەکەوە منداڵان راوڕاوێنیانە لە ناو راڕەوە قوڕاوییەکانی نێوان خێوەتەکاندا و لەولاشەوە ئافرەتان جل هەڵدەخەن و ئاخ هەڵدەکێشن بۆ رۆژگاری پاک و تەمیزی لە گوندەکانیاندا کە دیکتاتۆر دەریپەڕاندن و پێبەشی کردن لە ئاوی کانیاوە سازگارەکانیان، پیرەمێردەکان بە دەم هەڵپێچانی سیگار و جگەرەوە لە تووتنێکی هەرزانبای ساختە خەریکی قسە و باسی جۆراوجۆرن، کچە عازەبەکان ئاو لە بیر دەگوازنەوە و کوڕگەلیش بە مەبەست و بیانووی جۆراوجۆرەوە بە بەردەم خێوەتی هەندێک لە کچەکاندا تێدەپەڕن و.. لەناکاو و بە شێوەیەکی کوتوپڕ و وەک ئەەوەی لە ئاسمانێکی دڕاوە دەرکەوتبێت فڕۆکەیەکی هەلیکۆپتەری ئێرانی لە ئاسمانی خێوەتگاکەوە دەرکەوت و بە نزمی دەفڕی و پێدەچوو فڕۆکەوانەکەی توانا و کارامەیی خۆی نمایش بکات و هیچیتر.
ئاخۆ هیچ وشەیەک دەتوانێت گوزارش لەوە بکات کە لە سەرتاپای ئۆردووگاکەدا روویدا؟ ئایا هیچ وشەیەک دەتوانێت پەی بەو ترس و سامە ببات کە تووشی منداڵان هات کاتێ کە فڕۆکەکەیان بینی شاڵاو بۆ ئاسمانی خێوەتگاکە دێنێت؟ لەم ساتەدا لە هەموو لایەکی ئۆردووگاکەوە بە شێوەیەکی هیستێریانە قیژە و هاوار بەرزبووەوە و ترس و تۆقینێک کە هەرگیز وێنەی نەبوو لە هەموو منداڵێک نیشت و خۆڕسکانە هەر ژن و پیاوێک پەلاماری نزیکترین منداڵی دەدا و دەیگرتە باوەش و هەوڵیدەدا هێوری بکاتەوە، بەو ئەزموونە سایکۆلۆجییەی بە تاقیکردنەوە پێی راهاتبوون کە لەبنەڕەتدا دەگەڕایەوە بۆ دیمەنە چەندبارە بووەکانی تۆقاندن دەگەڕایەوە. بێگومان منداڵەکان وایانزانی ئەوە فڕۆکەیەکی عیراقیی سەددامییە!

•١٤ / ١٢ / ١٩٨٨
وا رۆژێکیتر تێدەپەڕێت، لەسەرەخۆ و دڵڕەق و وەڕسکەر و تژی لە سەرما و نەبوونی و برسێتی و تەنیایی. سەرلەبەیانیی ئەم رۆژە ئۆردووگا، کە ئێستا نیشتەجێی هەزاران ئاوارەیە، بە رەنگێکی تری سرووشت بەئاگاهاتەوە، ئەویش رەنگی یەکەم بەفر بوو کە بە درێژایی شەوی رابردوو باریبوو! ئۆتۆمبیلێکی میریی ئێرانی، لە ئۆتۆمبیلەکانی لیژنەی ئۆردووگا بە خێرایی بە نێو قوڕ و لیتەی «شەقامە» بەرتەسکەکەی نێوان ریزی خێوەتەکاندا فڕەفڕی دێت، ئەو خێوەتانەی کە شەو هەندێکیان رووخابوون لە بەر قورسیی بەفرەکە، بەڵام خێوەتەکەی ئێمە بە خواستی خوداوەند بەرگەی رووخانی گرتبوو. ئۆتۆمبیلەکە لای خێوەتێکدا دەوەستێت و زۆرێک لە خەڵکەکە چاویان گیرکردووەتە سەر ژنێک شین و شەپۆڕێتی و پیاوێک بە تەنیشتیەوە ئەبڵەق و حەپەساوە و هەندێک دەپرسن:
ــ چییە چی روویداوە؟
منیش هەمان پرسیار دووبارە دەکەمەوە و ژنە دراوسێکەمان، نازدار، کە بە جووڵەیەکی خۆڕسکانە منداڵەکەی لە باوەش دەگرێت و لە وەڵامدا دەڵێت:
ــ کچە منداڵەکەیان مردووە!
من بە دەم هەناسە هەڵکێشانێکەوە رادەچڵەکێم:
ـــ چیمەن؟
ژنە دراوسێکەشم منداڵەکەی توند بە سینگیەوە دەنووسێنێت و لە وەڵامدا دەڵێت:
ــ بەڵێ، چیمەن!
لەو ساتەوەختەدا وێنەی چیمەنم هاتە پێش چاو، بە ژنە لەڕ و لاوازەکەی، رەنگی چاوەکانی، پێکەنینەکەی، قژ و پرچەکەی و … ئەو شەوەم هاتەوە یاد کە مانگێکی بچووک لە بەر دەرکی خێوەتەکەماندا دەرکەوت بە پەلکی زێڕینی و لە هەردوو لاوە دوو ناوکە بادەم بەسەر دەنکە قەیسییەکی بچووکەوە بریسکەیان دەهات و لەو ساتەدا مۆمێک لە نێو رۆحمدا کوژایەوە! ئاخ سەد ئاخ!

•١٥ / ١ / ١٩٨٩
مەكی!
شووم و نەعلەتی و لاسار!
لەگەڵ ئەوەشدا کە تەمەنی دە بەهاری تێنەپەڕاندبوو بەڵام دەموچاوە گرژ و مۆنەکەی شوێنەواری چەندین برینی کۆن و نوێی پێوە بوو! هەردوو چاوی رەنگاوڕەنگ بوون و بەخێرایی هەڵیدەسووڕاندن و بە شێوەیەک کە نەتدەتوانی پەی پێبەریت کەوا کەی جێگیر دەبن و دەستەکانیشی لە خێراییدا وێنەیان نەبوو بۆ هەڵپڕووکاندنی هەرچییەکی بویستایە لە دەستی منداڵانی تر و خۆی کردبوو بە بریکاریان! من هەرچۆنێک بوو پردی پەیوەندی و هۆگریم لەگەڵدا بەست و هەر زوو بووین بە برادەر و وای لێهات هەندێ منداڵ لای من سکاڵایان لە دەستی دەکرد. ئەو بە رۆژدا ئۆردووگاکە شوێنی گەمە و مەزاق و لاساری بوو، ئێوارانیش لە نێو خێوەتەکاندا بە کەساسی دەسووڕایەوە و بە دوای کەسانێکدا دەگەڕا کە لەدەستی دابوون.
هەموو ئێوارانێک، کاتێک گشت دایکێک بانگی لە منداڵەکەی خۆی دەکرد، مەکی گرژ دەبوو و کرووشکەی دەکرد و هەموو جنۆکە و شەیتانەکانی لاساری و گوندەیی لێی هەڵدەهاتن و دەبوو بە جەستەیەکی شل و شاوی یەکپارچە خەم و کوێرەوەری و داماوی و گوناح. ئەو لە سەردانەکانیدا بۆ لای من باسی پەڕینەوەی رووباری ئاڤاشینی بۆ دەکردم، باسی فڕۆکە و سەرباز و بارانی گولەی بۆ دەکردم کە خۆشەویستەکانی لێهەڵپڕووکاند و پێیوتم:
ـــ تەنها من و بەدیعەی خوشکە بچووکم لە پەڕینەوەی رووباری ئاڤاشین دەرباز بووین و ئەودوای خێزانەکەمان، کە شەش کەس بووین، یان کوژراون یان لای سەددام حوسێن دیلن.
هەروەها دەیوت:
ـــ حاڵی حازر لەگەڵ خێزانێکی خەڵکی گوندەکەمان دادەنیشین و ماڵێکی باشن.
ئەو یەکەمجار کە قسەی بۆدەکردم بەپەرۆشی و دڵی پڕ لە کوڵەوە قسەی دەکرد و منیش فرمێسک لە چاوەکانمدا قەتیس مابوون و هەوڵمدەدا خۆم بگرم و نەهێڵم بێنەخوار و نەمویست ئەو بیانبینێت تا ئەو کاتەی رۆیشت و بەجێیهێشتم. ئەوجا هەستی تر پڕیان بۆهێنام، کە تێکەڵ بوون لە تووڕەیی و لە ناخەوە سووتان و لەسەرخۆ فرمێسکەکانم وشک دەکردەوە. مەکی من لە زۆر شتدا قەرزاری تۆم.

ئۆردووگای ئاوارەکان لە ناوچەی (خۆی)ی ئێران٣٥

•٦ / ٦ / ١٩٨٩
کیژۆڵەیەکی لاواز، دوو چاوی رەنگاوڕەنگ و پرچێکی رەش لە روومەتێکی گەنم رەنگ ئاڵاوە. من هەموو رۆژ دەیبینم، منداڵێکی چوست و چالاک و وەک ژنێکی ماڵداریکەری گەورە کاروباری ناوماڵ هەڵدەسووڕێنێت. ئەم کیژۆڵە منداڵە ناوی سەمیرەیە.
سەمیرە بۆیگێرامەوە کەوا لە ترسی تۆپباران لە گوندەکەیەوە رایدەکرد بۆ شاخ و بە درێژایی رۆژ خۆی لە ئەشکەوتەکاندا حەشاردەدا. دوێنێ کۆمەڵێک منداڵی لاسار یارییان دەکرد و وا هات بە خەیاڵیاندا کەوا گەمەیەکی نوێ دابێنن لە ئۆردووگای ئاوارەکاندا و نزیک ئەو شوێنەی خێزانەکەی سەمیرە تێیدا نیشتەجێ بوون وا هەڵکەوتبوو کە ژوورەکانی ئاودەستی گشتی لێبێت. منداڵەکان دەرگا ئاسنینەکانی ئاودەستەکانیان دابووە بەر بەرد و دەنگێکی توند و یەک لە دوای یەک لە دەرگاکان بەرزبووبووەوە و سەمیرە وایزانیبوو دەنگی رێژنەی گوللەیە و لەترسا لەهۆش خۆی چووبوو و برابوو بۆ یەکەی تەندروستیی ئۆردووگاکە و خێزانەکەی دەیانوت کە ئەوە جاری چوارەمە هەمان شتی تووش دەبێت و بە هۆکاری تەواو هاوشێوە!٣٦

•٣ / ٧ / ١٩٨٩
بەڕێوەبەرێتیی ئۆردووگاکە و لەبەر هۆکارێک کە خۆی دەیزانی دەیویست کەوا مردوو هەر بە شەودا بنێژرێت! ئەو گۆڕستانەش کە لە قەدپاڵێکی نزیکی شاخەکە ئامادە کرابوو و پێشوازیی لە هەموو جۆرە تەمەنێک دەکرد بەتایبەتی منداڵ و فرە جاریش رۆژنارۆژێک!
لای نیوەڕۆ بینیم لەسەرەخۆ و بێدەنگ رێدەکات و جگەرەیەکی دانەگیرساوی بەدەمەوە بوو و بە تەنیشتیشیەوە چەند پیاوێک رێیان دەکرد و یەکێکیان سیگارێکی پێچراوەی بەدەستەوە بوو! من دەسبەجێ و لە تەماشا کردنی ئەو ئافرەتانەی کە لە بەر دەرگادا وەستابوون زانیم سیگارە پێچراوەکە چی تێدایە. من نەمویست رووبەڕوو بیانبینم بەڵام کاتێك کە ئەو بینیمی بەرەوڕووم هات، تۆ بڵێی چی لە من بوێت؟ باشە بۆچی تەنها من لە ناو ئەوانیتردا؟ ویستم وشەیەکی سەبووری و دڵنەوایی ئامادە بکەم بەڵام ئەو لەناکاو داوای ئاگری لێکردم و ئەوەی لەبیرچووبوو کە من چەندین جار پێموتووە کە توخنی جگەرە ناکەوم، بۆیە پەشۆکا و جگەرەکەی خستەوە گیرفانی و لە گیرفانەکەی تری مشتێک ناوکە گوڵەبەڕۆژەی دەرهێنا و کەمێکی لێکردە دەستمەوە و بێباکانە کەوتە ترووکاندنی و شوێن پیاوەکان کەوت کە لە پێشیەوە دەڕۆیشتن بۆ گۆڕستانەکە بۆ ناشتنی کوڕی دووەمی کە لەم مانگەدا کۆچی دوایی کردووە!

•٢٤ / ٧ / ١٩٨٩
کوڕێکی قۆز و قەشەنگە و وەک کچێک شەرمنە. زەردەخەنە گەشەکەی هۆگرییەکی شیرین دەبەخشێتە رەنگ و رووی. من هەموو رۆژێک لە گۆڕەپانی ئۆردووگاکەدا چاوم پێدەکەوێت کە پاکەتێک جگەرەی «سۆمەر»ی بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بە تاک بیفرۆشێت بە ئاوارەکان و چەند تمەنێک قازانج بکات و منیش سەر دەخەمە سەری و دەڵێم:
ـــ مرگ بر قاچاقچی!٣٧
محەمەد پێکەنینێکی خۆشی بۆ دەکات و خۆی لادەدا لێم. من جگەرەکێش نیم و هیچم پێ نیە بۆی لە گاڵتەوگەپ و سەرکردنەسەر بەولاوە و جارجار دەچم بە سەردا و دەبینم کێبەرکێ لەگەڵ جگەرە فرۆشێکی تر دەکات بۆ راکێشانی کڕیارێک و منیش هەوڵدەدەم نێوانیان چاک بکەم و ئەویش بە ئەدەبەوە بە قسەم دەکات و پاشان منیش شۆخیی لەگەڵ دەکەم و دەیدوێنم:
ــ تا ئێستا چەند هەزار تمەنت کۆکردووەتەوە٣٨؟
ئەویش بەسەرسوڕمانەوە پێدەکەنێت و بە خۆڕسکانە و راستگۆیانە هەرچەندێکی لە گیرفاندایە لەو تمەنە کەمانە دەریاندەهێنێت و پیشانم ددەدات. ئەمڕۆ تەماشام کرد کز و داماوە و و بە زەحمەت ئەوەم لێدەرهێنا کەوا خۆیشی نازانێت چۆن ئاو دزەی کردووەتە ناو پاکەتە جگەرەکانی و سێ پاکەت لە جگەرە سۆمەرەکانی تەڕ و خەسار بوون. ئەمەش تووشی زیانێکی دارایی گەورەی کردووە و بە ئاسانی بۆی قەرەبوو نابێتەوە و لەبەر ئەوە بە شێوەیەکی نامۆ و نائاسایی خەم و خەفەت دایگرتبوو، خەمێک کە دڵ بۆی دەبوو بە بوریان!
من جگەرەکێش نەبووم و بۆ یەکەمجار بوو لە ژیانمدا بە جارێک سێ پاکەت جگەرە بۆ خۆم بکڕم، بەڵام سێ پاکەتی تەڕی خەساربوو!! ئەوجا بڕیاریشم دا کە چیتر سەر نەخەمە سەری!

ئەمە کۆتایی نیە

کچەکەم سۆزان ستار عیناد …
منداڵە خۆشەویستەکانم لە هەر شوێنێک بن …
چیرۆک و بەسەرهاتی منداڵانی کوردستان لەم سنوورەدا تەواو نەبووە و تەواویش نابێت، چەشنی پرسیارەکانی تۆ و پرسیارەکانی منداڵان لە هەموو شارەکانی عیراقی نیشتمانمان و پرسیاری منداڵان لە گشت شوێنێکی جیهاندا، چونکە هۆکارەکان ماون و بەردەوامن و تەنها بە نەمانی رژێمی کوشتن و لەناوبردن و ئاوارە کردن چیرۆک و بەسەرهاتی تر دێنەکایەوە و ئەوجا پرسیار و وەڵامی تر کە بە تەواوی جیاواز دەبن.
رەنگە گوندەکان بێدار بن
لە شەوانی ئۆردووگاکاندا
رەنگە نان بزر ببێت
بە هۆکاری ئابڵووقە
رەنگە فاشیستەکان
خەونی منداڵان بکوژن
رەنگە ئەستێرە
لە غەیری خولگەی خۆیدا بسووڕێتەوە
بەڵام ئاڵاکە لە ناولەپی رۆژدا دەشەکێتەوە!٣٩

 

پرۆفایلی نووسەر

-ناوی تەواو: يوسف عەلي هەدداد
-ناوی پێشمەرگایەتیی ئەنسار: مولازم کەرەم
-لەدایکبووی ٢٠ / ٣ / ١٩٥٦، شاری سەماوە، لە خێزانێکی کرێکاری هەژار.
-لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا مامۆستای زمانی عەرەبی لە وانەی «داڕشتن»دا نووسینی دەقێکی ئەمی بینیوە، کە بە یەکەم هەوڵدانی دادەنرێت لە نووسینی چیرۆکی کورتدا. لە ساڵی ٢٠٠٤ و لە سەردانێکیدا بۆ سەماوە لە پاش دابڕانی ٢٧ ساڵ، ماڵی خۆیان، وەک جوانترین دیاری، ئەو دەفتەرەی قوتابخانەی پێشکەش دەکەن، کە هەموو ئەو ساڵانە هەڵیانگرتبوو و ئەمیش سەرلەنوێ یەکەم «چیرۆکەکەی» خۆی خوێندەوە.
-نووسینە رۆژنامەوانی و چیرۆکەکانی لە بڵاوکراوە عیراقی و عەرەبی و فنلەندییەکاندا بڵاودەکردەوە.
-لەبەر هۆکاری سیاسی و رەتکردنەوەی کە بچێتە ناو حیزبی بەعسەوە و پاش ئەوەی ساڵێک زیاتر لە راوەدوونان و خۆشاردنەوەدا ژیا لە وڵاتی خۆیدا، هاوینی ساڵی ١٩٧٩ ناچار بوو بە بیاباندا و بە پیادەڕۆیی عیراق بەجێبێڵێت بەرەو عەرەبستانی سعوودیە و پاشان کوەیت.
-لە کوەیت ساڵانی ١٩٧٩ – ١٩٨٠ لە رۆژنامە کوەیتیەکاندا بە گەلێ ناوی خوازراوەوە دەینووسی، بە تایبەتی لە هەردوو گۆڤاری «العامل و الطلیعـة» و هەردوو رۆژنامەی «الوطن و السیاسة» و هەفتانە ستوونێکی سیاسیی ساتیریشی دەنووسی لە گۆڤاری «الطلیعة» بە ناوی «‌أبو الفوز»ەوە و لەو کاتەوە ئەمە بوو بە ناوی هونەری بۆی.
-بەهاری ساڵی ١٩٨٢ گەڕایەوە بۆ وڵات و چووە ریزی جووڵانەوەی خەباتی چەکدارییەوە لەگەڵ هێزە ئەنسارییەکانی حیزبی شیوعیی عیراقدا، دژ بە رژێمی دیکتاتۆری، تا سەردەمی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال لە هاوینی ١٩٨٨دا و لێرەوە چیرۆکێکی تری دەستپێکرد لەگەڵ پەرتەوازەیی و پەنابەریی گەلێ وڵاتدا.
-ماوەیەکی کەم پێش چوونە ریزی هێزەکانی پێشمەرگەی ئەنسار (حیزبی شیوعی عیراق)، کۆمەڵە چیرۆکێکی ئامادە کردبوو بۆ بڵاوکردنەوە، کە دەبوو یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی بێت، بەو نیازەی بینێرێت بۆ بەیروت بۆ بڵاوکردنەوەی، بەڵام بەهۆی بیرۆکراتییەت و کەمتەرخەمیی بەرپرسێکی سیاسییەوە دیارنەما و شوێنبزر بوو!
-لە گەڕان بە دوای پەنایەکی ئارامدا لە وڵاتیکی عەرەبی گیرا و پاشان لە ئیستۆنیاش دەسگیر کرا و ساڵی ١٩٩٤ی لە زیندانەکانی ئیستۆنیا بردەسەر.
-لە زیندانی ئیستۆنیا زیندانییەکانی عیراق، کە ژمارەیان ٩٨ کەس بوو، وەک نوێنەری خۆیان هەڵیانبژارد لای دەسەڵاتدارانی ئیستۆنی. ئەویش هەوڵی خۆی دا بۆ رێکخستنی ژیانیان لە ناو زینداندا و بەرەڵا کردنیان وەرگرتنیان وەک پەنابەر لە وڵاتێکی ئەوروپی. هەروەها لە زیندان بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەوانیی دەرکرد بە ناوی «پرۆتێست»ەوە، کە لە سوێد چاپ دەبوو و چەند ژمارەیەکی لێدەرچوو. پاشان بەشداریی کرد لەرێکخستنی مانگرتنێکی گشتیدا لە خواردن، کەوا دەسەڵاتدارانی ئیستۆنیی ناچار کرد ملبدەن بە جێبەجێ کردنی رێکەوتننامەی نێوان نوێنەرانی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و لایەنە پەیوەندیدارە فنلەندییەکان، کە لەگەڵ زیندانییەکان مۆرکرابوو بە پاڵپشتیی کەمپێنێکی هاریکاری کە رێکخراوە عیراقی و ئەوروپییەکان بەشدارییان تێدا کردبوو.
-لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٥ ەوە لە فنلاند نیشتەجێیە.
-ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانە لە کوردستانی عیراق / ئەندامێتییەکی شکۆمەندانەیە وەک رێزلێنانیک بۆ هەڵوێستی لە مافە رەواکانی کورد.
-ئەندامی یانەی قەڵەمی فنلەندییە.
-ئەندامی رێکخراوی رۆشنبیریی نووسەران و هونەرمەندانی فنلەندییە، کە بە «Kiila» ناسراوە و سێ خول بۆ دەستەی بەڕێوەبەری هەڵبژێردراوە، لە ماوەی ٢٠٠٦ – ٢٠١٠ و پاشان ٢٠١٣ – ٢٠١٥، وەک یەکەم نووسەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەبژێریت بۆ ئەم پۆستە. لە مانگی ئایاری ٢٠٠٩ و لە رێگەی ئەم پێگەیەوە و بە هەماهەنگی لە نێوان رێکخراوی کیلا و وەزارەتی رۆشنبیری لە هەرێمی کوردستاندا، هەوڵی خۆی دا بۆ رێکخستنی «هەفتەی رۆشنبیریی فنلەندی لە هەرێمی کوردستان».
-ئەندامی رێکخراوی ئاشتیی فنلەندییە.

پەراوێزەکان

١ـ لە دووتوێی دێڕەکانی ئەم شایەتینامەیەدا هەوڵمداوە وشە کوردییەکان بە رێنووسی کوردی بنووسم، بە تایبەتی ناوی کەس و شوێنەکان، بەو پێیەی کە ئەم وشانە وابەستەی ژینگە و ژیانی رۆژانەی کوردن.
٢ ـ قوتابخانەی ئیڤانۆڤا: خوێندنگەیەکی تایبەتە بە رۆڵەی شەهیدان و تێکۆشەران لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و لە نزیک شاری مۆسکۆ لە رووسیای فیدراڵ. سۆزان و بەسسامی برای لەوێ دەیانخوێند، کەوا باوکیان هونەرمەندی عیراقی ستار عیناد – ئەبو بەسسام، لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعیی عیراقدا بوو لە کوردستان. (ئەم قوتابخانەیە لە سەردەمی سۆڤیێتی جاراندا بوو – وەرگێڕ).
٣ ـ پێشمەرگە: وشەیەکی کوردییە و واتای خۆبەختکردن دەگرێتەوە، یان ئەو کەسەی گیانی خۆی خستووەتە سەر لەپی دەستی و بەرانبەرەکەی لە زمانی عەرەبیدا وشەی «ئەنسار»ی ناسراوە، کە بە زۆری لە ئەدەبیاتی حیزبی شیوعیی عیراق و هێزە دیموکراتییەکاندا بەکاردەهێنرێت.

٤ ـ جاش: گوزارەیەکی کوردیی پڕ لە گاڵتەجاڕی و سووکایەتی و بێزلێکردنەوە و رێز نەگرتنی رۆڵەکانی گەلی کوردە بۆ ئەو هاوڕەگەزانەی خۆیان کە یەکەکانی بەکرێگیراوانیان پێکدەهێنا لە ژێر سایەی رژێمی دیکتاتۆریدا بە ناوی (هیزەکانی سوارە)، یان (فەوجە سووکەکانی بەرگریی نیشتمانی، کە زیاتر لای خۆمان بە جاشی خەفیفە ناسرابوون – و).
٥ ـ رووباری شين: یەکێکە لە لقەکانی رووباری زابی سەروو یان زابی گەورە و بە ناوچەی بادینانی کوردستانی عیراقدا تێدەپەڕێت. (خەڵکی ناوچەکە پێیدەڵێن ئاڤاشین – و).
٦ ـ رووباری زاب یان زێی گەورە: لقێکی رووباری دیجلەیە و بە ناوچەی بادینانی کوردستانی عیراقدا تێدەپەڕێت. (زیاتر بە زێی بادینان بەناوبانگە – و).
٧ ـ دواتر پێشمەرگە ئەنسارەکان زانییان کە ئیوانی منداڵ گەیشتووەتە ماڵی خاڵی و هەروەها هەواڵیشی گەیشتووەتە پاشماوەی خێزانەکەی کە لە تورکیا گیرسابوونەوە، لە کاتی نووسینەوەی ئەم شایەتینامەیە لە هاوینی ١٩٨٩دا.
٨ ـ مەڕانی بنکە و بارەگای سەرەکیی پشتەوەی پێشمەرگەکانی فەوجی یەکی هێزەکانی کەرتی بادینانی حیزبی شیوعی بوو، کە دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە. بارەگای مەڕانی لە ٢ / ١٠ / ١٩٨٢ وەک بنکەیەکی پێشمەرگەکانی ئەنسار دروستکرا لە قووڵایی خاکی نیشتماندا و شوێنەکەی دەکەوێتە ناوەڕاستی کۆمەڵێک قەزا و ناحیەی گرنگەوە و نزیکیشە لە چیای سەختی گارەوە. ئەم بارەگایە لەبنەڕەتدا لە سەر داروپەردووی گوندێک دروستکرابوو بە هەمان ناوەوە و دەکەوێتە ناو دۆڵێکی تەنگەبەرەوە کەبەردەوام ئاوێکی سازگاری کانییەکی پێدا دەڕوات. شتێکی سەیرە کە دۆڵی مەڕانی نەوەدونۆ دارگوێزی بەتەمەنی تێدایە! ئەڵبەتە بێجگە لە شوێنە تایبەتەکەشی چڕیی دارەکانیشی یارمەتیدەر بوو بۆ شوێنەونی لە فڕۆکە کە بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەوە بوون.
٩ ـ دەوارە ئۆپەرێتێکی شانۆیی گۆرانی ئامێز بوو، لە نووسینی پێشمەرگە حەیدەر ئەبو حەیدەر و دەرهێنانی پێشمەرگە یوسف ئەبولفەوز. ئەکتەرانی نمایشەکەش ئەم منداڵانە بوون: زەخارۆڤ، فیدڵ، منا‌ضل، لینا، وەفا، خەیال، ڤلادیمیر، ماجیدە، دیمترۆڤ، سەلمان، بەسیم، خەلیل. هەروەها ئەم پێشمەرگانەش لە نمایشەکەدا بەشدار بوون: کەریم، خەیری، یوسف ئەبولفەوز. دیکۆر و مکیاجیش لە ئەستۆی شەهید ئەبو ئەیار (فوئاد یەڵدا) و سەربەست بوو، جلوبەرگ پێشمەرگە ئوم ئەمجەد، رووناکی لەئەستۆی ئەم پێشمەرگانە بوون: ئەبو حەسەن حەبیب ئەلبی، جیهاد، ئەبو وجود. تیپی موزیک پێشمەرگەکان: سەمیر، عامر، کوڤان بوون. ئۆپەرێتەکە سێ جار لە بنکەی مەڕانی نمایش کرا و نمایشی یەکەمیش لە ٣١ / ٣ / ١٩٨٨ دا ئەنجامدرا.
١٠ ـ شەهید ئەبو ئەيار، فوئاد يەڵدا سەلمان. لەدایکبووی ١٩٥١، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا و خوێندنی باڵای هونەری شێوەکاری لە ئینستیتیوتی هونەری فلۆرەنسا – ئیتالیا تەواو کرد. ساڵی ١٩٨٢ هاتە ریزی پێشمەرگەکانی ئەنسارەوە و لە راگەیاندنی فەوجی یەکدا کاری دەکرد. تەمووزی ١٩٨٨ لە شەڕەکەی گوندی شێخکادا رانی بریندار بوو، بەشداریی هونەریی بەرچاوی هەبوو بێجگە لە ئەرک پێشمەرگایەتی. لە دەمی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا و بەدیاریکراوی لە رۆژی ١١ / ٩ / ١٩٨٨ دا و پاش ئەوەی مەفرەزەکەی کەوتە بۆسەیەکی دوژمنەوە و بریندار بوو، هێزەکانی دوژمن گەمارۆیان دا و ویستیان بە دیل بیگرن، بەڵام ئەو خۆی رادەست نەکرد و دوا فیشەکی بە سەری خۆیەوە نا و قارەمانێتییەکی نەمرانەی تۆمار کرد.
١١ ـ منداڵان زەخارۆڤ و خەليل کوڕانی شەهيد ئەبو ماجید بوون کە لە هاوینی ١٩٧٨ و لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکێکی تایبەتی حیزبیی لە دەشتی مووسڵدا بە جەڵتەیەکی دڵ گیانی سپارد.
١٢ـ منداڵان فيدڵ و زۆزك و ماجیدە و نەسير، رۆڵەکانی شەهيد ئەبو نەسير، هورمز خۆشابا هورمز بوون، خەڵکی گوندی بەقری بوو لە دەشتی مووسڵ و لەدایکبووی ١٩٥٠ بوو. لە ٢٣ / ٧ / ١٩٨٨ لە شەڕەکەی گوندی شێخکادا (دەشتی مووسڵ) شەهید بوو. فەرماندەی سریەی چواری فەوجی یەک بوو.
١٣ـ وەفاء کچی شەهيد ئەبو فوئادە، کە لە رۆژی ٥ / ٦ / ١٩٨٧ شەهید بووە. بڕوانە پەراوێزی ژمارە ٢٦ ی ئەم کتێبە.
١٤ ـ لە بەهاری ١٩٨٨دا کۆمەڵە هۆنراوەیەکی زەخارۆڤی منداڵ نێردرا بۆ راگەیاندنی ناوەندیی حیزب بە مەبەستی چاپ و بڵاوکردنەوەی، دوای ئەوەی پێشمەرگەی شاعیر کۆیکردنەوە و رێکیخستن و پێشەکی بۆ نووسی، بەڵام لە گەرمەی رووداوەکاندا چارەنووسی نادیار کەوتەوە وەک چارەنووسی نووسەرەکەی.
١٥ـ لە هێرشی ئەنفالدا بۆ لەناوبردنی گەلی کورد ١٨٢ هەزار هاوڵاتیی کورد بە دیل گیران و دوای ئەوە کەس هیچی لەبارەیانەوە نەبیست و رژێم هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نادات و کەسوکاری ئەم خێزانانە و ئەو منداڵانەی کە لەم نووسینەدا جێی باسی ئێمەن، پێیانوایە ئەو ژمارە خەڵکە «بوون بە هەڵم» و نەماون، بە پێی ئەو شێوازانەی رژێمی فاشی کە داهێنانیان کردووە لە سڕینەوەی ئاسەواری مرۆڤدا. (تێبینی: دواتر و لە پاش رووخانی رژێمی بەعس، روونبووەوە کە هەموو ئەوانەی لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا گیران لەناوبراون و تەنها چەند هەزار کەسێک، کە بە زۆری ژن و منداڵ و پیر بوون، لە بەندیخانەکانی نوگرە سەلمان و دووبز بەردران _ وەرگێڕ).
١٦ـ هۆنراوەیەکی پێشمەرگەی شاعیر ئەبو تالیبە، کە شاعیر عەبدولقادر بەسريیە. لە كوردستانی عیراقدا و لە ساڵانی پەیوەندی کردنی بە هێزەکانی پێشمەرگەکانی ئەنساری حیزبی شیوعی عیراقەوە و لە بواری راگەیاندنی فەوجی یەکدا لە ناوچەی بادینان کاری کردووە. بەشداریی جۆراوجۆر و گرنگی هەبووە لە بواری فەرهەنگی و رۆشنبیریی پێشمەرگایەتیدا. لە لایەن «کۆمەڵەی نووسەران و رۆژنامەنووسان و هونەرمەندانی دیموکراتیی پێشمەرگەی ئەنسار – لقی نەینەوا» کۆمەڵە شیعری «هۆنراوە جەنگاوەرەکانی» بڵاوکردووەتەوە، هەروەها نامیلکەیەکی شیعریی تر کە چامە شیعری دوورودرێژی تێدایە بە ناونیشانی «دەنگەکانی سەردەمی جەنگ».
١٧ ـ عەموودی (سلام العطار)، یەکێک بوو لە پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعیی عیراق لە کەرتی بادینان، کە بەناوبانگ بوو بە رۆحسووکی و رووخۆشی و خۆشەویستی گوندنشینان بوو بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی. (پێموایە ناوی حەموودی بووبێت و لەبەر ئەوەی لە دیالێکتی ئەو ناوچەیە و هەندێ شوێنی تری کوردستاندا پیتی ح بە ع گۆدەکرێت و بەپێچەوانەشەوە، بۆیە بە «عەموودی» بانگ کراوە – و).
١٨ ـ قوتابخانەی شۆڕش، ئەزموونێک بوو ئاستەنگی زۆری هاتەپێش و نەیهێشت بەرفراوان ببێت و تەنها تایبەت بوو بە هەندێک گوند و هەندێک هێزی سیاسی، کە هێزەکانی پێشمەرگە پۆلی خوێندنیان دەکردەوە منداڵانی گوندەکانی ناوچە رزگارکراوەکان و پێشمەرگەکان خۆیان وانەیان تێدا دەوتەوە.
١٩ ــ هاوڵاتی عەبدولڕەحمان کەرکۆ باپیری نیهادی منداڵ، دەڵێت ئەوە لە ساڵی ١٩٦٢دا روویداوە، کاتێ کە فڕۆکەکانی حکومەت بە شێوەیەکی کوتوپڕ و لەناکاو گوندەکەیان بۆردمان کرد. گۆڕستانیکی تایبەتیش بۆ هەر بیست و سێ شەهیدەکە چێ کرا.
٢٠ ـ تەقەدوم، وشەیەکی بەربڵاوە لە كوردستان و لە بنەچەدا عەرەبییە بە واتای پێشڕەوی کردنی هێزە سەربازییەکانی رژێمی دیکتاتۆریی سەددامییە، بۆ بەرپاکردنی کاری سەرکوتکەرانە و دوژمنکارانە، دژ بە گوندە بێوەییەکان و دژ بە بنکە و پێگەکانی پێشمەرگە.
٢١ ـ کۆمەڵگا یان ئۆردوگای کەڤرێ، یەکێکە لە ئۆردوگاکانی ئاوارە عیراقییەکان لە رۆڵەکانی گەلی کورد، لە تورکیا و ئاوارەکان تێیدا بارودۆخێکی زۆر سەختیان دەگوزەراند.
٢٢ ـ رۆژی ٦ / ٩ / ١٩٨٨دا رژێمی دیکتاتۆریی بەغدا بە ناو لێبووردنی گشتیی دەرکرد و بەشێک لەو خەڵکەی هەڵفریواند کە ئاوارەی تورکیا بووبوون و داوایان لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد رێگەیان بدات بگەڕێنەوە بۆ کوردستانی عیراق و دەستبەجێ حکوومەتی تورکیا ئۆتۆمبیلی تایبەتیی بۆ ئامادە کردن بۆ گواستنەوەیان و هەروەها فشاری جۆراوجۆری لەسەر خەڵکەکە دروستکرد بۆ ئەوەی ناچاری گەڕانەوەیان بکات بۆ عیراق. بەو هۆیەوە لە ئۆردوگای ئاوارەکاندا خۆپیشاندانی گەورەی ئاشتیانە ئەنجامدرا وەک ناڕەزاییەک لە سەر کار و کردەوەکانی حکومەتی تورکیا و پەردە لادان لە سەر مانۆڕی رژێمی دیکتاتۆریی عیراق. حکومەتی تورکیاش بە توندوتیژی و تەقە کردن بەرەنگاری خۆپیشاندانەکان بووەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بریندار بوون. لە کاتی خۆپیشاندانەکە و وەک دەربڕینێک بۆ رق و تووڕەییان خۆپیشاندەران دەستیان کردە بەردبارانی ئۆتۆمبیلەکانی ئەو «گەڕاوانەی» بە مانۆڕ و پیلانی رژێمی سەددام فریویان خواردبوو.
٢٣ ـ ئەرزاق، گوزارشێکی باو بوو لە ناو ئاوارە کوردەکانی ئۆردوگاکاندا و بەو هاوکاری و خۆراکانە دەوترا کە لە لایەن بەڕێوەبەرێتیی ئۆردووگاکانەوە دابەش دەکرا و وشەکە خۆی عەرەبییە.
٢٤ ـ پێشمەرگەی ئەنسار ئەبو بەسسام، هونەرمەند ستار عینادی وێنەکێشی کاریکاتێر و نەخشەکێش (دیزاینەر) بوو. لەو ماوەیەدا کە لە کوردستان بوو پێشانگەی هونەریی زۆری کردەوە و بەشداری جۆراوجۆری هەیە لە ژیانی فەرهەنگی و رۆشنبیریی پێشمەرگە ئەنسارەکاندا و منداڵان خۆشیاندەویست لەبەرئەوەی گرنگیی پێدەدان و مشوورخۆر بوو لە ئاڕاستە کردنی بەهرەدارانیان.
٢٥ ـ بنکەی زێوە، بارەگای سەرکردایەتیی کەرتی بادینانی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی عیراق بوو و دەکەوێتە ناوچەیەکی سنووری پارێزگای دهۆکەوە لە نزیک زێی بادینانەوە، (یان زێی سەروو).
٢٦ ـ لە رۆژی ٥ / ٦ / ١٩٨٧دا نۆ فڕۆکەی جەنگیی رژێمی دیکتاتۆریی عیراق بنکەی زێوەی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعیی عیراقی بە گازی کیمیایی بۆردمان کرد و هەردوو پێشمەرگە ئەبو فوئاد و ئەبو رزگاری شەهید کرد و هەردوو پێشمەرگەش عەباس و خابوور بە سەختی بریندار بوون و گازە ژەهراوییەکەش بە شێوەی جۆراوجۆر کاری کردە سەر ١٤٩ پێشمەرگە و هاوڵاتی و، ئەمەش لە هەوڵە بەراییەکانی رژێم بوو بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیای لە کوردستاندا.
٢٧ ـ مەجد و مەسار، منداڵانی شەهید ئەبو رەغد (عباس الجصانی) بوون و هەردووکیان لەگەڵ دایکیان لە ناو بەرکەوتووانی گازی ژەهراویدا بوون لە هێرشی سەر بنکەی زێوەی ئەنسار لە ٥ / ٦ / ١٩٨٧دا.
٢٨ ـ مشمش و سمسم، ناوی منداڵیی خۆشەویستی و (نهێنیی!) بوو بۆ دوو منداڵ، کە لە ناو پێشمەرگەکاندا بەم دوو ناوە ناسرابوون و ناوی راستەقینەیانی داپۆشیبوو، کە دوو منداڵی دایک و باوکێکی پێشمەرگەی حیزبی شیوعی بوون.
٢٩ ـ سيڤان، منداڵی دایک و باوکێکی پێشمەرگەی حیزبی شیوعی بوو، کە تەمەنی چەند مانگێک بوو رۆژی بۆردمانە کیمیاییەکەی بنکەی زێوە.
٣٠ ـ شڤان، هونەرمەندی ناسراوی کورد، کە گۆرانییەکانی لە سەر کارەساتی شاری هەڵەبجە زۆر بەناوبانگ بوو، بە تایبەتی لە ناو منداڵانی کورددا.
٣١ ـ بەرگریی میللی، ناوێک بوو بەو جووتیارانە دەوترا کە راستەوخۆ پێشمەرگە نەبوون، بەڵام لە گوندەکانی خۆیان دەمانەوە و هاوکارییان لەگەڵ پێشمەرگە دەکرد و چەک و تەقەمەنییان بۆ دەبردن. لە شەڕ و پێکدادانە گرنگەکانیشدا دەچوونە پاڵ پێشمەرگە و راستەوخۆ لەگەڵیان بەشدار دەبوون. ئەڵبەتە دەیان کەس لە رۆڵەی گوندەکان لە شەڕ و پێکدادانی شەرەفدا شەهید بوون. (زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان هێزی بەرگریی میللیی خۆیان هەبوو و بە زۆری بە چەک و فیشەکی خۆیشیانەوە – و).
٣٢ ـ لە رۆژی ١٣ / ١ / ١٩٨٨دا پێشمەرگە ئەنسارەکانی (بەرەی کوردستانی) لە ناوچەی بادینان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا، کە تێیدا بۆ ماوەی دوو رۆژ ناحیەی دێرەلووکیان گرت و هێزەکانی حکوومەتی عیراق نەیانتوانی بێنە ناو دێرەلووکەوە تا هێزی پێشمەرگە پاشەکشێیان نەکرد.
٣٣ ـ بڕگە (قطع)، لێژاییەکی بەردینی کووڕ و ئەستوونییە و گەلێ جار زۆر بەرزە و هێجگار ترسناکە ئەگەر ڕچەڕێ و راڕەوی ناچاری بە قەراخیدا بڕوات.
٣٤ ـ ئۆردووگای گوندی زێوەی ئێران: لەگەڵ سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا هەزاران ئاوارەی کورد روویان کردە ئێران و تورکیا. ئێران گەلێ شوێنی تەرخان کرد بۆ پێشوازی لە ئاوارەکان و تورکیاش هەزارانی لێوەرگرتن بەڵام لە هەمان کاتدا سەدان کەسی رەتکردەوە و سەدانی تری دەرکرد، لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی ناچاریان بکات بگەڕێنەوە بۆ ناو خاکی عیراق. لە بەردەم هەڕەشەی راستەوخۆی مەرگدا لە لایەن هێزەکانی رژێمی سەددام حوسێنەوە سەدان کەسی ئاوارە ناچار بوون سەرکێشی بکەن و بە دزییەوە لە ناو خاکی تورکیاوە بڕۆنە ئێران. گوندی زێوەی ئێرانیی سنووریش کە دەکەوتە نزیک شاری ورمێی ئێرانەوە ئۆردووگایەک کرایەوە بۆ داڵدەدانی زۆربەی ئەو کوردانەی تورکیا دەریکردن و پێشوازیی لێنەکردن.
٣٥ ـ ئۆردوگای خۆی ئێران، لە نزیک گوندی زارعانی ئێرانەوە لە ئوستانی ورمێ و لە نزیک سنووری سۆڤیێتەوە، حکومەتی ئێران بەندیخانەیەکی پێشووی ئەوێی کردە ئۆردوگا بۆ ئاوارە عیراقییەکان. لە پاش رووداوەکانی ئەنفال و رۆژگاری ئامادە کردنی ئەم شایەتینامەیە، کوردە ئاوارەبووەکانی ئێران زۆربەی ئاوارەکانی ئەم کەمپەیان پێکدەهێنا.
٣٦ ــ دواجار سەمیرە خەریکبوو شێت ببێت و لەپڕ تووشی هیستێریایەکی توند بوو و چەندین رۆژی لەسەر یەک وڕێنەی دەکرد، گۆرانیی دەوت و دەگریا و پێدەکەنی، هەڵسوکەوتی سروشتیی لەدەستدابوو. ئەڵبەتە بە هۆی نەبوونی چاودێریی پزیشکیی تەواو لە ئۆردووگای خۆی و لەبەر باری سەختی دارایی خێزانەکەی ناردنی دواکەوت بۆ پزیشکی پسپۆڕ بۆ پشکنین، بارودۆخی خراپ بوو تا ئاستێک کە بۆچوونێکی وا دروست بوو کەوا تەواو شێت بووە. پاشان بە هاوکاریی خەڵکی چاکەخواز هاوکاریی خێزانەکەی کرا و نێردرا بۆ چارەسەر و دەرکەوت خەمۆکییەکی توند و ئاڵۆزی هەیە. بۆ زانیاری سەمیرە تەمەنی تەنها دە ساڵە و کێ زەمانەتی ئەوە دەکات کە سەرلەنوێ تووش نەبێتەوە؟
٣٧ ـ مرگ بر قەچەقچی: دەستەواژەیەکی فارسییە بە واتای (مردن بۆ قاچاخچی). ئەمە دروشمێکی باو بوو لە ئێراندا لە کاتی ئامادە کردنی ئەم شایەتینامەیەدا، لە چوارچێوەی بانگەشەی حکوومەتی ئێراندا بۆ بەگژداچوونەوەی قاچاخ و قاچاخچییەکان.
٣٨ ـ تمەن یان تومەن، دراوی ئێرانییە.
٣٩ ـ هۆنراوەیەکی پێشمەرگەی شاعیر ئەبو تالیبە. بڕوانە پەراوێزی ژمارە (١٦)ی ئەم کتێبە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

one + eleven =

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەسرە بەدەست مادە هۆشبەرەكانەوە گیرۆدە بووە

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) باس لە پڕبوونی گرتوخانەكانی پارێزگای بەسڕە دەكات و ...