سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » زیره‌ك، قومێك ئاوی‌ سارد بۆ ده‌روونێكی‌ گه‌رم (باسێكی‌ ده‌روونی‌)

زیره‌ك، قومێك ئاوی‌ سارد بۆ ده‌روونێكی‌ گه‌رم (باسێكی‌ ده‌روونی‌)

دکتۆر فه‌همی عه‌لی عه‌زیز*

مرۆڤ بە گوێرەی پێناسە زانستییەکەی پێکهاتووە لە سێ پێکهێنەری سەرەکی: جەستە، دەروون و ڕۆح. هەرکام لەمانە هەم سەربەخۆ و هەم بە جیایش ئاوێتەی یەکترین و کاریگەرییان لە سەر یەکتری هەیە.
هەروەکو چۆن تەندرووستی هەیە ئاوهایش دەرووندرووستی هەیە، واتە دەروونیش بۆی هەیە ساغ بێت و بۆیشی هەیە نەخۆش بکەوێت.
زانستی دەروونناسی ئەوەی دەرخستووە کە هونەری میوزیک و گۆرانی، هۆکارگەلێکی باشن بۆ هێورکردنەوەی دەروون و دەروونێکی درووست. چونکە دەنگێک یان پارچە ئاوازێکی مۆسیقیی ئارام، دەبنە هۆی ڕێکخستنەوەی کۆمەڵێک هۆرمۆنی ناو مێشکی مرۆڤ وەکو (هۆرمۆنی سیرۆتۆنین) کە کاری کۆنترۆڵکردنی لایەنی دوودڵی و ترس و خەمۆکیی مرۆڤە.
پێش باسکردنی هونەرەکەی، ئەگەر سرنجێک لە جۆری کەسێتییەکەی زیرەک بدەین، ئەوەمان بۆ دەرەکەویت هەر بە سرووشت کەسێتییەکی بەخشندەی ڕۆحسووکی دڵپاکی تەمیزی خۆشمەشرەبی هەبووە. هەمیشە کۆڕەکانی هاوزەمان بووە بە پێکەنین و گەپ و قسەی خۆش و کەمکردنەوەی فشاری دەرەوونی. بە کورتی، شەبەنگی کەسێتییەکەی لەو جۆرانە بووە کە پێی دەڵێن: کەسیتیی ڕووگەشی ئارامبەخش.
ئەگەر خوێندنەوەیەکی فرەلایەنەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ کۆی هونەرەکەی (حەسەن زیرەک) بکرێت، دەتوانین بڵێین کە زیرەک وەکو قومێک ئاوی سارد وایە بۆ دەروونێکی گەرمی وەرزی تاوسانی ڕۆژگار.ئاخر کۆی دەنگ و ئاوز و وشەسازییەکانی پێکەوە، بەرامەی ئارامی و گەشبینی و جوانییان لێوە دێت.
هەر لە ناو زانستی دەروونناسیدا شێوازێکی چارەسەرکردن هەیە کە بریتییە لە قسەکردن و خۆبەتاڵکردنەوەی ناخی مرۆڤ، ئێ زۆر جاران زیرەک هاتووە مەینەتی و ناسۆرییەکانی ژیانی کردووەتە ئاوازێک و چڕیویەتی، لەم ڕێگەیەشەوە هەم خۆی و هەم گوێبیستانیشی لە فشاری دەرەوونی ڕزگار دەکات و ئارامش و ئاهێکی خۆش دەبەخشێتەوە بە دەروونی شەیدایانی.
سرووشتی دەنگی زیرەک ماکی سۆز و دڵسۆزی و خەمخۆریی پێوەیە، هەر دەڵێی چارەسەری دەروونی بە گوێی بیسەرانیدا دەچپێنێت.
زۆرجار دەنگێکی کپی گڕی حەنیناوی لەگەڵ ئاوازێکی نەرمی ئەفسووناویدا تێکەڵ دەکات و شاکارێکی وەهای لێ درووست کردووە، هەر دەڵێی وەستای کارامەی دەروونی بووە.
کاتێ بەرامبەر شێخ و تەکێی بیارە موناجاتەکەی دەکات و (نورانی نورانی گیان) دەنێتەوە، دەبێتە زمانحاڵی هەموو دیندارێکی گوناهبار کە دەیەوێت ئەستۆپاکیی خۆی بکات و بگەڕێتەوە لای خودای خۆی، ئیدی مرۆڤی دینداریش بەم ئاواز و وشانەی زیرەک، دۆخێکی تایبەتیی ڕۆحیی بۆ درووست دەبێت و موچڕکەی شادی بە دەروون و جەستەیدا گوزەر دەکات.
کاتێک زیرەک بە دکتۆر دەڵێت تا دەردەکەی چارە بکات، هەر بەمە خۆیشی دەردی دەروونیی زۆر عاشقی تری هاوخەم چارە دەکات، واتە لێرەدا زیرەک، هەم نەخۆشە و هەم تەبیب.
کیژان دەچنە مێرگۆڵان، هەر دەڵێی شاکارەکانی مایکڵ ئەنجیلۆ و داڤینشی و ڤانکوخە، ئەوان بە وێنە و هەڵکۆڵین و ئەم بە ئاواز و دەنگ و، وێناکردنی کیژۆڵانی پەریئاسای دەشتودەری کوردەواری.
دەست بۆ هەر سوچ و قوژبنێکی باخەکەی زیرەک دەبەیت، یان گوڵێکت دێ بە دەستەوە یان مێخەکێکت پێوە دەنووسێت، یان بۆندار دەبیت بە گوڵەحاجیانە و گوڵاڵەسوورە.
زیرەک باخێکی هونەریی تایبەت و سەمەرەی درووست کردووە، باخەکەی پڕە لە گوڵ و، پەرژینەکەیشی لە ڕێحانەڕەشە و گوڵەبەیبوون چنیوە. جا دیقەت بدە، گوڵی کردووەتە پاسەوان و باخەوان لە هەمان کاتدا.
دروود بۆ ڕۆحی پاکی پەپوولەئاسای ئەو هونەرمەندە مەزنەی کورد و مرۆڤایەتی.

*(پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان)

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چیرۆكی عیراقی داڕوخاو

مه‌حمود نه‌جمه‌دین له‌نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی عیراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادی و سه‌ره‌تای ...