سەرەکی » دۆسێ » بڕیارە نوێکەی بۆتەفلیقە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی جەزائیر دەهێنێت

بڕیارە نوێکەی بۆتەفلیقە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی جەزائیر دەهێنێت

خۆپیشاندان لە جەزائیر دوای ئەوە دەستیپێکرد کە عەبدولعەزیز بۆتەفلیقەی سەرۆکی ئەو وڵاتە خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ خولێکی نوێی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی رایگەیاندبوو و جگە لە حزبی زۆرینەی دەسەڵات لەو وڵاتە، لەلایەن کوتلەی دووەمی پەرلەمانیشەوە پشتگیریی لێکرا، بەڵام دواجار خۆپیشاندان لەو وڵاتە پەرەی سەندو زۆربەی چین و توێژەکانی وڵاتەکەی گرتەوە، بۆیە بۆتەفلیقە بڕیاریدا خۆی کاندید نەکاتەوە، بەڵام بە دۆزینەوەی «حیلە شەرعییەک» لە ژێر پاساوی راپرسیدا، پرۆسەی هەڵبژاردنەکەی دواخست و بەوەش ماوەیەکی دیکە لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
ئەگەرچی بەرلەوە بۆتەفلیقە بۆ سویسرا گواسترایەوە لەپێناو ئەنجامدانی «پكشنینی پزیشكی ئاسایی» و واش بڕیار بوو لە ماوەی چەند رۆژێكدا بگەڕێتەوە جەزائیر تالەبەردەم دەستەی باڵای سەربەخۆی چاودێریی هەڵبژاردنەكان رابوەستێت و پەڕاوی خۆكاندیدكردنەكەی پێشكەش بكات.
لەبەرامبەریشدا، ئۆپۆزسیۆنی جەزائیر گومانی هەیە کە بۆتەفلیقە بتوانێت كاروباری وڵات بەڕێوەببات، بەڕەچاوكردنی «باری خراپی تەندروستی» كە بۆ چەند ساڵێكیش دەچێت داوا دەكات دەستلەكاربكێشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وڵاتەكەدا سازبكرێت.

وێستگە گرنگەكان لە ژیانی سیاسی بۆتەفلیقە
عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە لە ساڵی 1999 دوای بیست ساڵ دووركەوتنەوە لە دەسەڵاتی وڵاتەكەی، سەرۆكایەتی جەزائیری گرتەدەست.
لە ساڵی 1963 و لە دوای سەربەخۆیی و كۆچی دوایی محەمەد خەمیستی یەكەم وەزیری دەرەوەی جەزائیر، بۆتەفلیقە وەك لاوترین وەزیری دەرەوە لە جیهاندا پۆستی وەزیری دەرەوەی گرتەدەست.
بۆتەفلیقە لە ناوەندە دیپلۆماسییەكاندا ناوبانگێكی گەورەی پەیداكرد دوای ئەوەی جەزائیر بووە لایەنێكی كاریگەر بۆ پشتیوانی لەو بزووتنەوانەی كە لە جیهاندا داوای سەربەخۆییان دەكرد، بە هەمان شێوە لە بزوتنەوەی بێ‌ لایەنەكانیش.
لە خولی بیست و نۆیەمی كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1974 نوێنەرایەتی وڵاتەی كرد. لەو خولەدا كۆمەڵی گشتی بڕیارێکی پەسەندكرد كە تەئكید لەسەر مافەكانی گەلی فەلەستین دەكاتەوە بە 89 دەنگ لەبەرامبەر رەتكردنەوەی هەشت و دەنگ نەدانی 37 ئەندام.
هەر لەو خولەدا، یاسر عەرەفات سەرۆكی لیژنەی ڕاپەڕاندن لە ڕێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی، وتارە مێژووییەكەی لەبەردەم كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەش كرد. هەر لەو خولەدا ئەنجامێتی ئەفریقای باشوور لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵپەسێردرا بەهۆی پیادەكردنی سیستمی ڕەگەزپەرستی.
بۆتەفلیقە تا ساڵی 1979 و لەدوای مردنی سەرۆك هەواری بومیدین كە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵیدا هەبوو لە ماوەی شۆڕشی ڕزگاریخوازییەوە، لە پۆستی وەزیری بەرگریدا مایەوە.
دوای بەسەربردنی شەش ساڵ لە دەرەوەی وڵات بەهۆی تۆمەتەكانی تایبەت بە گەندەڵی كە لەلایەن دادوەریی جەزائیرییەوە ڕووبەڕووی كرابۆوە، شازلی بن جدید سەرۆكی ئەو دەمەی جەزائیر، ڕێگەی پێدا بگەڕێتەوە جەزائیر و تۆمەتەكانیشی لەسەر هەڵبگرێت.

بوونی بۆتەفلیقە بە سەرۆك
لە ساڵی 1999 بۆتەفلیقە وەك كەسێتییەكی سەربەخۆ، لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك ئەمین زروال خۆی كاندید كرد. شەش ركابەرەكەی بەهۆی تۆمەتەكانی ساختەكارییەوە پاشەكشەیان كرد، بۆیە وەك تاكە كاندید لەژێر دروشمی «جەزائیرێكی ئاسایش و سەقامگیر»لە هەڵبژاردنەكەدا بەشداریی كرد، دروشمەكەشی بووە كارنامەی سیاسییەكەی.
بۆتەفلیقە بەڵێنیدا كۆتایی بە توندوتیژی بهێنێت كە لەدوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 1991وە دروستبوو، پاش ئەوەی بەرەی ئیسلامی رزگاریخواز زۆرینەی هەرەزۆری دەنگەكانی بەدەستهێنا. تەنگژەكان لە جەزائیر بوونە مایەی كوژرانی 150 هەزار كەس و زیانی زیاتر لە 30 ملیار دۆلاریشیان بە وڵاتەكە گەیاند.
بە پشتیوانی سوپا و بەرەی رزگاریخوازی نیشتمانی، بۆتەفلیقە بە ڕێژەی 79% سەرۆكایەتی جەزائیری بردەوە.
لە نیسانی 2004، بۆتەفلیقە لەدوای هەڵمەتێكی هەڵبژاردنی سەخت، ماوەی دووەمی سەرۆكایەتی دەستبەركردەوە، لەو پێشبڕكێیەدا ڕووبەڕووی عەلی بن فلیس بۆوە. بۆتەفلیقە ڕێژەی 84.99% دەنگەكانی بەدەستهێنا، لەبەرانبەردا بن فلیس تەنیا 6.42% دەنگەكانی بەدەستهێنابوو.
لە نیسانی 2009 جارێكی تر و بۆ ماوەی سێیەمی سەرۆكایەتی، بۆتەفلیقە بە زۆرینەی 90.24%ی دەنگەكان بە سەرۆك هەڵبژێردرا. هەڵبژاردنەوەی بۆتەفلیقە بەسەرۆك لە دوای هەموارە دەستورییەكەی ساڵ 2008 بوو كە قەتیسكردنی ماوەی سەرۆكایەتی بۆ دوو ماوە هەڵوەشاندەوە. هەمواركردنەكە ڕەخنەیەكی فراوانی لێكەوتەوە، و نەیارەكانی وەك دەستەواژەیەك بۆ مانەوەی سەرۆك تا كۆتایی ژیان و پاشەكشەكردنی لە چاكسازییە دیموكراتییەكان، لێكدانەوەیان بۆكرد.

پێكهاتنەوەی نیشتمانی
لە ئەیلولی 1999، سەركەوتنی راپرسی میللی بۆ یاسای ئاشتەوایی مەدەنی بووە مایەی چەكدانانی نزیكەی شەش هەزار ئیسلامی كە سودییان لە لێبوردنی مەدەنی وەرگرت. لە ئەیولی 2005 «بەڵێننامەی ئاشتی و پێكهاتنەوە» كە لە راپرسییەكی میللیدا دەنگی بۆ درا، بووە مایەی گەڕانەوەی نزیكەی دوو هەزار ئیسلامی بۆ نێو كۆمەڵگەی جەزائیری، دوای ئەوەی دەستبەرداریی چەكەكانیان بوون.
كۆمەڵی نێودەوڵەتی ستایشی پێكهاتنەوەی نیشتمانی كرد لە جەزائیر، بەڵام گروپەكانی مافی مرۆڤ رخنەیان هەبوو لە دۆسێی ونبووەكان، و بایەخنەدانی شیاو بە كەسوكاریی قوربانیانی تیرۆر، ئەمەش بەو بڕوایەی لای خەڵك دروستكرد كە لە پرۆژەی پێكهاتنەوەی نیشتمانیدا ئەوانە سودمەندی یەكەم بوون كە لە ساڵانی نەوەدەكاندا چەكییان لە دژی دەوڵەتی جەزائیر هەڵگرتبوو.

ساڵانی نەخۆشی
لە 26ی تشرینی دووەمی 2005، سەرۆك عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە دووچاری نەخۆشی بوو، بەو هۆیەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی فەرەنسایی (ڤال دو گراس) كە بۆ ماوەی مانگێك و پێنج رۆژ تێیدا مایەوە، لەو ماوەیەدا نەشتەرگەری هەوكردنی گەدەی بۆ ئەنجامدران ئەمەش بەپێی دەسەڵاتە فەرمییەكانی جەزائیر.
لە 27ی نیسانی 2013، سەرۆكی جەزائیر دووچاری جەڵتەی مێشك بوو، بەو هۆیەوە گوازرایەوە بۆ هەمان نەخۆشخانەی فەرەنسایی.
بۆتەفلیقە لە نەخۆشخانەكانی فەرەنسادا مایەوە، تا ئەو كاتەی لە 16ی تەمموزی 2013 لەسەر كورسی جوڵێنراو گەڕایەوە جەزائیر.
لەماوەی ئامادەنەبوونی سەرۆكی جەزائیر، حزب و كەسێتییە جەزائیرییەكان پۆستی سەرۆك كۆمارییان بە بەناڵ وەسفكرد، ئەمەش پێویستی كرد ماددەی 80ی دەستوری جەزائیری پراكتیزە بكرێت.
دوای گەڕانەوەشی، زۆرێك گومانیان هەبوو لەوەی بتوانێت دەسەڵاتەكانی وەك سەرۆكی دەوڵەت و فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان بەكاربهێنێت.
ویڕای ئەوەش، بۆتەفلیقە لە ساڵی 2014دا خۆی بۆ ماوەی چوارەمی سەرۆكایەتی كاندید كرد و رێژەی 81.53%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی لەلایەن ئەندامانی حكومەت و بەرپرسە حزبییەكانەوە بەڕێوەبرا.
لە شوباتی 2016، پەرلەمانی جەزائیری هەموارێكی تری دەستوری پەسەندكرد، لێوەی جارێكی تر بۆتەفلیقە گەڕایەوە بۆ دیاریكردنی ماوەی سەرۆكایەتی بۆ دوو ماوە و زیاتر، ئەمەش لەلایەن حزبە لایەنگرەكانییەوە پشتیوانی لێكرا، بە تایبەت بەرەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی و گردبوونەوەی نیشتمانی دیموكراتی، تا بۆ ماوەی پێنجەمی سەرۆكایەتی 2019 خۆی كاندید بكات.

سەرەتای چالاكی نیشتمانی
عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە لە 2ی ئاداری 1937 لە بەری دایك و باوكێكی جەزائیری لەشاری وەجدەی مەغریبی لەدایك بووە كە لەو دەمەدا لەنێوان رەوندێكی گەورەی جەزائیری لەو وڵاتەدا نیشتەجێبوون.
لە وەجدە ژیان و پەروەردە بوو تا تەواوكردنی خوێندنی ئامادەیی. لە ساڵی 1956 وازی لە خوێندن هێناوە و پەیوەندی كردووە بە سوپای ڕزگاریخوازی نیشتمانی كە لەو دەمەدا تەمەنی نۆزدە ساڵان بووە.
لە ویلایەتی مێژوویی پێنجەم خزمەتی كردبوو (ناوچەی وەهران)، ئەو ئەركانەی خرابوونەئەستۆی، هەندێكیان لە سنورەكانی نێوان جەزائیر و مالیدا بوون. پاشان هەر بەو هۆیەوە بە ناوە جەنگییەكەی ناسرا كە «عەبدولقادر مالی» بوو.
لە ساڵی 1961، سوپاسالاری بەرەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی كە هەواری بومیدین بوو، بە ئەركێكی نهێنی بۆ قەڵای ئۆلنوا رایدەسپێرێت كە تێیدا پێنج سەركردە مێژووییەكەی شۆڕش زیندانی بوون، تا یەكێك لەوانە رازیی بكات بچێتە بەرەكەی بومیدینەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ململانێكانی لەدژی حكومەتی كاتی ئەو دەمەی جەزائیر بە سەرۆكایەتی یوسف بن خەدە. پێشنیارەكە بە تەواوەتی لەلایەن محەمەد بوزیافەوە ڕەتكرایەوە و ئەحمەد بن بلەش بە تەواوەتی پەسەندی كردبوو.

لە سوپاوە بۆ نێو سیاسەت
دوای سەربەخۆیی جەزائیر لە ساڵی 1962، بۆتەفلیقە وازی لە ڕێڕەوە سەربازییەكەی هێنا كە پلەی رائید بوو، چوونە نێو حكومەتەكەی بن بلە لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیدا پۆستی وەزیری وەرزش و لاوان و گەشتوگوزاری وەرگرت. دوای چەند مانگێكیش لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا لە پۆستی وەزیری كاروباری دەرەوەدا دەستنیشانكرا.
لە 18ی حوزەیرانی 1965، بن بلە بڕیاریدا لە وەزارەتی دەرەوەی دوریبخاتەوە، لە رۆژی دواتر كودەتای سەربازی رویدا و لەلایەن هەواری بومیدین وەزیری بەرگری ئەو دەمەدا ئەنجامدرا كە بە «ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی شۆڕش» ناوبرا. بۆتەفلیقە گەڕایەوە پۆستەكەی و بۆ ماوەی چوار ساڵ تێیدا دەستبەكاربوو.

ساڵانی دووركەوتنەوە
دوای كۆچی دوایی هەواری بومیدین لە ساڵی 1987، شازلی بن جدید پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری گرتەدەست، لەوێوە سەرئێشەكانی بۆتەفلیقە لەگەڵ حوكمڕانیدا دەستیان پێكرد. لە ساڵی 1979 پۆستی وەزارەتی دەرەوەی لێوەرگیرایەوە و كرایە وەزیری دەوڵەت بەبێ‌ وەزارەت.
پاشان لە ساڵی 1981دا لە كۆمیتەی ناوەندی حزبی بەرەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی دەركرا. بە هەمان شێوە لەو ڤێلایەشدا دەركرا كە وەك موڵكی دەوڵەت دەكەوتە بەرزاییەكانی جەزائیری پایتەخت و خۆی و خێزانەكەی تێیدا نیشتەجێبوون. لە هەمان ساڵدا عەبولعەزیو بۆتەفلیقە جەزائیری بەجێهێشت و نەگەڕایەوە تا شەش ساڵ .
لە هەشتی ئابی 1983، ئەنجومەنی لێپرسینەوە حوكمێكی دەركرد و لێوەی بۆتەفلیقە بە دزینی سامانی گشتی بە بڕی شەست ملیۆن دیناری جەزائیرە ئەو دەمە تۆمەتباركرا. تۆمەتەكان بەشێوەیەكی ورد لە بڕیاری ئەنجومەنی لێپرسینەوەدا هاتبوون كە لەلایەن ئەنجومەنی لێپرسینەوە پەسەندكرا و لە رۆژنامەی (المجاهد)ی ڕەسمی لە نۆی ئابی 1983 بڵاوكرایەوە.
دوای شەش ساڵ كە لە پایتەختەكانی ئەوروپا و وڵاتانی كەنداو بەسەری برد، بە تایبەت لە ئیمارات كە ڕاوێژكاری شێخ زاید بن سوڵتان ئال نهەیان بوو، جارێكی تر بۆتەفلیقە لە ساڵی 1987دا بە وەرگرتنی گرەنتی دەستگیرنەكردن و سڕینەوەی تۆمەتەكانی، گەڕایەوە جەزائیر. بەشداریی كرد لە كۆنگرەی شەشەمی حزبی بەرەی رزگاریخوازی نیشتمانی لە ساڵی 1989 و بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.
لەگەڵ تەشەنەكردنی تەنگژەكانی جەزائیر لە سەرەتای نەوەدەكان، و چوونە ناوەوەی جەزائیر كە دواتر بە «دەیەی ڕەش» ناوبرا، سەرۆك شازلی بن جدید دەستی لەكاركێشایەوە و لە جێگەیدا دەستەیەكی كاتی بە ناوی «ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت» بە سەرۆكایەتی محەمەد بوزیاف پێكهێنرا.
لە ساڵی 1992، پێشنیاركرا پۆستی وەزیری راوێژكار بۆ بۆتەفلیقە كرا لە ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت، پاشان پۆستی نوێنەری جەزائیر لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام ئەو دوو پێشنیارەی رەتكردەوە، هەروەها لە ساڵی 1994دا پێشنیارێكی تری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەوڵەت رەتكردەوە.
لەڕووی كەسێتیشەوە، عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە ژنی نەهێناوە و وەچەی نەخستۆتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

150 هەزار كەس لە باكووری خۆرئاوای سوریا ئاوارەبوون

بەر لە دەستپێكردنی هێرشە وشكانییەكانی سوپای سوریا و هاوپەیمانەكانی بۆ ...