سەرەکی » ئابووری » ئێكسۆن مۆبیل؛ عیراق تەنگەتاو دەكات

״كاریگەریی لەسەر هەرێم نابێت״

ئێكسۆن مۆبیل؛ عیراق تەنگەتاو دەكات

سەرەتای ئەم هەفتەیە كۆمپانیای (ئێكسۆن مۆبیل)ی ئەمریكی هەموو ستافە بیانییەكانی خۆی لە عیراق گواستەوە بۆ دەرەوەی ئەو كێڵگەیەی كە لە بەسرە كاری تێدا دەكەن.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، كۆمپانیای (ئێكسۆن مۆبیل)ی ئەمریكی، كە لە كیڵگەی قوڕنەی رۆژئاوا یەك سەر بە پارێزگای بەسرەی باشووری عیراق كار دەكەن، هەموو ستافە بیانییەكانی لەكێڵگەكە كشاندۆتەوەو سەرقاڵی گواستنەوەن بۆ دوبەی.

بەرنامەو رێوشوێنی گونجاویان هەیە
ئاژانسەكە ئەوەشی ئاشكرا كردوە، كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل لە درەنگانی شەوی هەینی و بەرەبەیانی رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە 18ی 5ی 2019، دەستیكردووە بە گواستنەوەی كارمەندە بیانیەكانی لە كێڵگەكەوە بۆ كەمپی سەرەكی كۆمپانیاكە لە بەسرە كە ژمارەیان 30 كارمەندە، لەوێشەوە سەرقاڵی رێكخستنی كارمەندەكانێتی بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتە فڕۆكەخانەی بەسرەو لەوێوە بۆ دوبەی.
پێشتر بەرپرسانی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل رایگەیاندبوو، بە وردی چاودێری رەوشی عیراق دەكەین‌و لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە پەیوەندیدان، بۆ ئەوەی بڕیار لە بارەی داهاتووی كارەكانیان بدەن.
باسیان لەوەشكردبوو، ئێكسۆن مۆبیل بەرنامەو رێوشوێنی گونجاوی هەیە بۆ پارێزگاریكردن لە كارمەندان‌و دامەزراوەكانی.
ئێكسۆن مۆبیل لە كێڵگەی قۆڕنەی رۆژئاوا – یەك سەرقاڵی بەرهەمهێنانی نەوتە كە بە یەكێك لە گەورەترین كێڵگەكانی عیراق ئەژمار دەكرێت.

دوای هۆشدارییەكەی وەزارەتی دەرەوە
هاوكات كۆمپانیای نەوتی شێڤرۆن كە لە یەكێك لەكێڵگە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان كار دەكات، لەبارەی پێشهاتە ئەمنییە نوێیەكانی عیراق رایگەیاندبوو كە سەلامەتی‌و پاراستنی ستافەكەمان كاری هەرە لە پێشینەی كۆمپانیاكەمانە.
كشانەوەی ئێكسۆن مۆبیل لە عیراق، دوای هۆشدارییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كشانەوەی بەشێك لە دیپلۆماتكارەكانی لەعیراق هات، بەهۆی ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێراندا.

عیراق نیگەرانیی دەردەبڕێت
لەدوای ئەو هەڵوێستەی كۆمپانیا ئەمریكییەكەو كشانەوەی كارمەندەكانی لە بەسڕە، بەپەلە وەزارەتی نەوتی عیراق هاتە سەر هێڵ و ئەو هەنگاوەیان بەبێ بوونی هیچ پاساوێك لەقەڵەمدا.
لەوبارەیەوە، سامر غەزبان وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، كشانەوەی ژمارەیەك كارمەندی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل لە كێڵگەی رۆژئاوای قورنە سەر بە پارێزگای بەسرە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.
سامر غەزبان جەختیكردۆتەوە كە رەوشی ئەمنی‌و كۆمەڵایەتی لە باشووری عیراق سەقامگیرەو كۆمپانیا جیهانییەكانیش بێ ترس‌و بوونی هیچ كێشەو گرفتێك كارەكانی خۆیان لە كێڵگەكان ئەنجام دەدەن.

هیچ پاساوێك هەڵناگرێت
هاوكات وەزیری نەوتی عیراق روونیكردووەتەوە، كشانەوەی ژمارەیەك كارمەندی كۆمپانیایەكی ئەمریكی بە شێوەیەكی كاتی لەكێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە سەر بە پارێزگای بەسرە هیچ پەیوەندی بەڕەوشی ئەمنی یان هەڕەشەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بەو گرژییە سیاسییەوە هەیە كە لەئێستادا ناوچەكە رووبەڕووی بۆتەوە.
ئەوەشی وتووە: «كشانەوەی ژمارەیەك كارمەندی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل لەكێڵگەیەكی نەوتی لە سنووری پارێزگای بەسرە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت».
ئەو وەزیرەی عیراق داوای لە بەرپرسانی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل كردووە كە لەبارەی كشانەوەی ژمارەیەك لە كارمەندەكانیان لە كێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە روونكردنەوە بدەن.

كاریگەریی لەسەر هەرێم نابێت
هاوكات لەبارەی مەترسی ئەو هەڵوێستەی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل و كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان، د.غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانیی راگەیاندوە، بڕیاری كشانەوەی كارمەندە بیانییەكانی كۆمپانیای «ئێكسۆن مۆبیل»ی ئەمریكی، كە لە كێڵگەیەكی نەوتی بەسڕە كار دەكات، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە بووە كە لەلایەن چەند گروپێكەوە لێیان كراوە.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بڕیارەكەی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل، كاریگەری لەسەر كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت نابێت كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و ئەوان بڕیاری لەو شێوەیە نادەن و كارمەندەكانیان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم ناكشێننەوە.
د.غالب محەمەد ئاماژەی بەوەشكردوە، بەهۆی ئەو ململانێیەی كە لەنێوان ئێران‌و ئەمریكادا هەیە، دواجار هەردوو وڵات و تەواوی ناوچەكە زەرەرمەند دەبن و سەقامگیری نەوتی نامێنێت، ئەوەش وادەكات نرخی نەوت جارێكی دیكە بەرزبێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

(%32) كاره‌كانی پڕۆژەی سایلۆی كه‌لار ته‌واو بووه‌

یەکەی ئابووری جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، پڕۆژەی سایلۆی کەلاری بەسەرکردەوە. ...