سەرەکی » هەواڵ » ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستی دا

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستی دا

دوێنێ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبۆوەو بڕیاردرا بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست بە هەمیشەیی.
بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، «لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران تیشكی خستەسەر كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عیراق و لایەنە كوردستانییەكان، كە تێیدا جەخت لەسەر یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان كرایەوە لە بەغدا، بەشدارانی كۆبوونەوەكە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە عیراق كەم بكرێنەوە».
پاشان ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆكردن دەربارەی بابەتی بەهەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە، بڕیاری بەهەمیشەییكردنی پەسەندكرد بەڕەچاوكردنی ئەوەی كە ئەم مامۆستا گرێبەستانە ماوەی چەندین ساڵە لەبواری پەروەردە خزمەت دەكەن‌و پێداویستی بواری پەروەردەیان پڕكردۆتەوە.
بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو دەربارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بەمووچەو ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و زیندانی‌و راگیراوانی سیاسی، لەو بارەیەشەوە وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان راپۆرتێكی فراوانی دەربارەی ئەم بابەتە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە لەسەر بەردەوامبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و زیندانیانی سیاسی لەهەرێمی كوردستان‌و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیش لەگفتوگۆدا دەبێت لەسەر ئەم بابەتە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*