بێ بەهاکردنی خەبات و تێکۆشان بۆ؟

10:06 - 2022-10-31
شوان کەریم کابان
423 خوێندراوەتەوە

 لەوەتەی مرۆڤ لەسەر ئەم سەرزەمینە دروستبووە، خەبات و تێکۆشانیش پەیدابووە. 
لای ئێمە ئەم دوو وشەیە بەستراوەتەوە بە شۆڕش و بەرخۆدان لەپێناوی مافە نەتەوایەتییەکان و ژیانێکی سەربەرزانە، بەڵام روبەڕوبوونەوەی سەختییەکانی ژیان، بەرەنگاربوونەوەی نەبوونی، ناڵین بەدەست نەخۆشییەوە، وەستان بەرامبەر سەختییەکانی سروشت، کارکردن بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی زانست و فێربوون، جۆرێک بوون لە خەبات و تێکۆشان. 
خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، ئێستا باوی ئەم قسانەیان نەھێشتووە، لە مێژینە و  سەخت و درێژخایەن و تەمەنی دەیان نەوەی بڕیوە و سەدان هەزار تێکۆشەر و خەباتگێری ئەم گەلە تیایدا بەشداربوون لەسەر هەموو ئاستەکان و دەیان هەزار تێکۆشەر لە سەنگەری بەرگری و لە زیندانەکاندا شەهید بوون.
 هەزاران تێکۆشەر کونجی زیندانەکانی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانیان دیوە و تووشی ئازار و ئەشکەنجە بوونەتەوە، هەزاران تێکۆشەر بەشێکی جەستەیان لەدەستداوە، تەریب بەوەش گەلەکەمان رووبەڕووی دڕندانەترین رەفتار بۆتەوە لەلایەن رژێمەکانەوە و ماڵ و حاڵی تووشی کاولکاری بۆتەوە و بە جۆرەها چەکی قەدەغەکراو مامەڵە کراوە بە چەکی کیمیاییشەوە، بەمەش سەدان هەزار کەس گیانی خۆیان لە درێژەی ئەو خەبات و تێکۆشانەدا بەخت کردووە. 
لەم خەبات و تێکۆشانەدا کە ئێستا هەندێ گروپ و لایەن و تاقم بە بەرنامە کار بۆ ناشیرینکردنی و بێ ئەرزشکردنی دەکەن، چونکە خۆیان بەقەد نووکە دەرزییەکیان تێیدا نەبووە، ژمارەیەک حزب و بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان تێیدا بەشداربوون و بەهەر شێوەیەک بێ گەیاندیانە راپەڕین و لەوێشەوە بۆ ئێستا. 
ئەو سەردەمە خەبات و تیکۆشان وەک جۆرێک لە سەرکێشی و تەنانەت شێتیش ناودەبرا، چونکە گیانفیدایی و ئەزیەت و زەحمەت و قوربانی تیابوو، بەڵام ئێستا جۆرێکی ترە، خەبات شێوەیەکی ترە، سەردەم سەردەمی دیموکراسی و پەرلەمانە، نە تەقەی دەوێ نە شەڕ، نە قوربانیدان، ئەگەر هەرێمیش تووشی شەڕ و کێشە بێ، هەر هێزەکانی ئەوانەی سەردەمی شاخن کە رۆڵەی ئەم گەلەن رووبەڕووی دوژمنان دەبنەوە و قوربانی دەدەن و گیان بەخت دەکەن و بە ئەرکی خۆشیانی دەزانن، بەڵام هەندێکی تر، جۆرێکی تر خەبات و تێکۆشانی دۆزیوەتەوە کە نە خوێن بەخشین، نە قوربانی دانی دەوێ و شەو رۆژیش باسی دەکەن، ئەویش خەباتی ئاو و بەنزینە.


رۆڵەی هەژاران دڵسۆزانی نیشتمانن، هەمیشە لەریزی پێشەوەی قوربانیدانن 

وتارەکانی نوسەر