چەند وردە بیرەوەرییەک ، لەیادێکی مەزندا

کورتانەکەت بەرەوە، ئێمەش نایلۆنەکە دێنینیەوە

09:55 - 2024-05-28
شوان کەریم کابان
392 خوێندراوەتەوە

   ناوەندی کۆمەڵەی رەنجدەران ھەمیشە جمەی دەھات، ھەر ھاوڕێیەک لە رێکخستنەکانەوە بھاتایە دەبوو بێتە ئەوێ، ناوە ناوەش ژمارەیەک دەھاتن بۆ خولی سیاسی و رووناکبیری.

لالۆ رەنجە ھاواری لە ئێسترەکە دەکرد و دەیوت: بە قوربان نایلۆنەکە من و شوان سەری دەخەین، بەس تۆ کورتانەکەت بەرەوە

 ھەڤاڵانی بەرپرس بیریان لەوە کردەوە کە ھۆڵێکی گەورە بکرێت بۆ ئەو کۆڕ وکۆبوونەوە گەورانە و بەتایبەتیش لەوسەر و بەندەدا ھەواڵی گرتنی کۆنفرانسی دووی کۆمەڵە لەئارادا بوو.
 بڕیاری دروستکردنەکە چووە بواری جێبەجێ کردنەوە. قورێکی زۆر گیرایەوە بۆ خشت بڕین، چەند کەسێک چوونە دێی شێنێ بۆ دۆزینەوەی دارچنارێک کە بە کەڵکی رایەڵە بێت و لانی کەم 15 مەتر بێت، ئەو بەرێزانە دارێکیان دۆزیبۆوە و کڕیبوویان و بڕدرابووشەوە کە 17 مەتر بوو، دواتر 30 کەسێک کە خۆم یەکێکیان بووم چووین و لەوێوە پاش ماندوبوونێکی زۆر ھێنامانە سەرەوە بۆ زینوێی سوور، باقی دارەکانی تر بۆ دارەڕا لە گوندی کانی زەردی ئەولا قاسمەڕەش کڕدران و بەئاوی چەمەکەدا تا ئاستی  زیندانەکەی شۆرش ھێنامان کە ئەو کات تێکۆشەری ماندوونەناس و سەر راست کاک عەلی شامار بەرپرسی بوو، بە ھاوکاری پێشمەرگەکانی زیندان و ھەموو پێشمەرگە و کادر و بەرپرسەکانی یەکێتی لە نێوزەنگ دارەکانمان سەرخست کە زیاتر لە 150 سپیداری دارەڕا بوو ،وەستا شیروان ئەرکی دروستکردنی ھۆڵەکەی پێ سپێردرا و چەند کەسێکیش بوونە خەلفەی و ئێمەش کرێکار. 
بینای ھۆڵەکە کە بەخشتی قوڕ دروستدەکرا، گەیشتبووە ئاستی پەنجەرە. ناوەڕاستی مانگی 11 بوو، پاش نیوەڕۆ ساردی کرد و ھەورێکی رەشی چڵکنی ھێنا و لە ناکاو بووە لێزمە و دابارینی تەرزە و باران، ئەمە نزیکەی نیو سەعاتی خایاند. پاش خۆشکردنەوەی بارانەکە، مەترسی ئەوە دروست بوو باران بەردەوام بێت و ببێتە ھۆی داڕمانی ئەوەی دروستکراوە ، بۆیە بیر لەوە کرایەوە کە نایلۆن بکڕدرێت بۆ داپۆشینی دیوارەکان.  لەوەدا بووین کێ بچێ و چەند نایلۆن بکڕدرێت، ھەواڵی ئەوە ھات لەچەمی قاسمەڕەش کە بەبەر نۆکاندا دەڕۆیشت، لافاو ھەستاوە. بەداخەوە لەو لافاوەدا ھاوسەرەکەی کاک ئەحمەد بانی خێڵانیی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی ئاو بردبووی و گیانی لەدەست دابوو. بۆ نایلۆن کڕین بڕیاردرا من و کاک لالۆ رەنجە بچینە نێوزەنگ بیکڕین. 
ئێسترێکمان ھەبوو، کورتانمان کرد و سەربەرەوخوار شۆڕبووینەوە. لە دوکانی حاجییە رەش، 50 مەتر نایلۆنی بەری دوو مەتریمان بە قەرز ھێنا و خستمانە سەر پشتی ئێسترەکە و ھەچەمان لێکرد و ملمان نا بە ھەورازەکەوە. ھەر 20 مەترێک سەرکەوتبووین لەپڕ ئێسترەکە ئیستۆپێکی کرد و لەجێی خۆی وەستا، ھەرچییەکمان کرد نەجووڵا، ھەواکەی زۆر سارد بوو، ئێمە ھەموو گیانمان تەڕبوو، ھیلاکیش بووین، ئێستریش مانی گرتبوو. 
لەوەدابوین پاڵمان پێوە دەنا بەڵکو بجووڵێت، کۆپانەکەی بەبارە نایلۆنەوە ھەڵگەڕایەوە و کەوتە ژێر ورگی. بۆمان دەرکەوت کە باشمان توند نەکردووە و بارەکەش لاسەنگ بوو. 
کۆپان و بارمان کردەوە تا باش بیان بەستینەوە، ئێستر ھەلیتیزان بەرەو ژوور، ھەرچی دوایکەوتین و ھاوارمان کرد نەوەستایەوە، لالۆ رەنجە ھاواری لە ئێسترەکە دەکرد و دەیوت: بە قوربان نایلۆنەکە من و شوان سەری دەخەین، بەس تۆ کۆپانەکەت بەرەوە، ھیچ سوودی نەبوو ئێستر تا بەردەم ناوەند نەوەستا. 
من ولالۆ مەجبور بووین، ھەم نایلۆن  و ھەم کۆپانی ئێسترەکەش بەرینە سەرەوە .

وتارەکانی نوسەر