چەند وردە بیرەوەرییەک، لە یادێکی مەزندا

کەمینی بەر باران

09:50 - 2024-05-30
شوان کەریم کابان
380 خوێندراوەتەوە

 پاش ھاتنە خوارەوەی بارەگای راگەیاندن لە ناوچەی سەرشیوو دیاریکردنی بەرگەڵو بۆ شوێن بارەگای ئیزگە و چاپخانە و دەستکردن بە دروستکردنی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردن، ئێمە « ئەندامانی تیپی مۆسیقای شەھید کارزان» بەھۆی دروستبوونی ساردییەک لەگەڵ ھەڤاڵانی راگەیاندن، ماوەیەک من چوومە رێکخراوی دووی کۆمەڵە کە کاک جەبار فەرمان لێپرسراوی بوو، بارەگاکەی لە ھەڵەدن بوو، لەھەمان کاتیشدا لە کەرتی رێکخستنی دوکانیش بووم  کە کاک فەرھاد محێدین بەرپرسی بوو.                                                            ماوەیەک لەگەڵ ئەو ھاوڕێیانە کارم کرد و زۆر خۆشحاڵبووم و لەو ماوەیەدا ژمارەیەک ھاوڕێی دلسۆز و پێشمەرگەی بە ئەمەکم ناسی. بەھار بوو، بەشی ھەرەزۆری پێشمەرگەی سنوورەکە بە ئەرک رۆیشتبوون بۆ سنووری تر، زۆربەی زۆری کادرەکانی ناو جەماوەر و ناو پێشمەرگەی کۆمەڵەی رەنجدەران لە ھەڵەدن لە بارەگای رێکخراوی دوو کۆببوونەوە. 
کاک جەبار و پێشمەرگەکانیشی بە ئەرکێکی پێشمەرگانە پەڕیبوبوونەوە بۆ سنووری مەڵبەندی سێ، لە نێو ھەموو ئەو بەڕێزانەی لەوێ بوون، نزیکەی 20 کەس دەبوون، تەنھا بەندە پێشمەرگەی سادە بووم، ھەموو ئەوانی تر کادر بوون. 
بارەگاکە زۆر بچووک بوو، یەک ژووری تیابوو بەکەڵکی نووستن بێ، ھەموو لەوێ دەخەوتین.
کەس خاوەنی نوێنی تایبەت بەخۆی نەبوو
 شەو کە ھەڵدەستێنراین بۆ حەراسەت، پاش تەواوبوون و گەڕانەوە بۆ ژوورەوە بۆ خەوتن، جێگاکە نەمابوو ، چونکە کەس نوێنی تایبەتی نەبوو، بەتانی بۆ ھەموو راخرابوو. 
کاک جەمال دیموکرات کرابووە لێپرسراوی بارەگاکە، خۆشی لیستی خەفارەت و حەرەسییات و کەمین و نھێنی شەویشی دادەنا. ئێوارەیەک پاش دەستپێکردنی حەراسەتی شەو، زانیم کە من لە گروپی کەمیندام. کەمینەکە بە سەرپەرشتی کاک جەمال دیموکرات خۆی بوو. ئەندامێتی کاک دلێر ئیبراھیم و کاک سەلامی مەلا ئەوڕەحمان و بەندە بوو. 

 

شەو کە ھەڵدەستێنراین بۆ حەراسەت، پاش تەواوبوون و گەڕانەوە بۆ ژوورەوە بۆ خەوتن، جێگاکە نەمابوو، چونکە کەس نوێنی تایبەتی نەبوو

 

سەعات سێ ھەڵیانساندین بۆ ئەوەی بچین بۆ ئەرکەکەمان. خۆمان پێچایەوە و ھاتینە بەر ھەیوانەکە. کاک سەلام وتی: کاک جەمال ھەور و ھەڵایەکی زۆرە، مەعقول نییە ھیچ دوژمنێک بێت، لەوانەشە باران ببارێت، با نەچینە دەرەوە، لێرە ئەمێنینەوە، کاک دلێریش پشتگیری کرد، من ھیچم نەووت. 
جارێکی تر کاک سەلام و کاک دلێر راکەیان دووبارە کردەوە، کاک جەمال وتی: شتی وانییە ھەر دەچین، ئەمە ئەرکە. 
بەلای خۆرئاوای ھەڵەدندا بەدوای یەکدا بەڕێکەوتین بۆ لای ئەو رێگایەی دەچوەوە سەرگەڵو، نزیک رەبییەکانی شاخی ھالاج. لەڕێ برادەران ھەر موناقەشەیان بوو زۆریش ھەواکەی سارد بوو. گەیشتینە شوێنی کەمینەکە و دابەش بووین، نیو سەعاتێک بوو لەوێ بووین ، ھەواکە بووە ھەوای باران و تک تک ولەسەرخۆ دایکرد.
دوای بارانەکە پەشیمان بۆوە
 کاک جەمال لەسەر خۆ و بەئارامی کۆی کردینەوە ووتی: ھاوڕێیان بارانەکە بەهێز دەبێ با بگەڕێینەوە، کاک سەلام و کاک دلێر وتیان: شتی وانییە، ئێمە لەئەرکداین، کاک جەمال ھەرچییەکی کرد، سوودی نەبوو ھەر دەیانووت: خۆت بەقسەت نەکردین، دەبێ بمێنینەوە تا ئاسمان رووناک دەبێتەوە. بارانەکە بەھێزتر بوو، وردە وردە رووناک بۆوە و ھەموو گیانمان ئاو بوو. کاک سەلام وتی: دەفەرموو کاک جەمال ئێستا با بڕۆینەوە!

گوندی زەڵێ زستانی 1982 پۆلێک پێشمەرگەی قارەمان

وتارەکانی نوسەر