چەند وردە بیرەوەرییەک، لەیادێکی مەزندا

نــــــــــان و میــــــــوان

09:50 - 2024-05-29
شوان کەریم کابان
353 خوێندراوەتەوە

ناوەندی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، لە نێوزەنگ لە زینوێی سوور بوو کە لەخڕی نێوزەنگەوە سەرئەکەوتی بۆ زینوێی سوور، سەرەتا یەک دوو بارەگا بوو، ئەمجا لای راست کەرتی حیمایەی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بوو ئەوکات رەحمەتی حەمیدی کەریم شانە ئامر کەرتی بوو، تۆزێ سەرووتر ھەر بەلای راستا، بارەگای سکرتارییەت بوو کە پێنج دەرچووی یاسا کاریان لێدەکرد!
 کەمێک سەرووتر ، بارەگا و ماڵی سەرۆک مام جەلال بوو، تۆزێک بەلای راستا بەوبەرەوە ماڵ و بارەگای کاک سالار عەزیز و ئەمجا سەرووتر ماڵ و بارەگای کاک مەلا بەختیار و لەسەری سەرەوەش ناوەندی کۆمەڵە بوو، بەرامبەریشی ماڵ و بارەگای کاک فەرەیدون عەبدولقادر و لەتەنیشتیشی ماڵی کاک حەمەی حەمە باقی بوو. 
ناوەندی کۆمەڵە پاڵی دابوو بەشاخەکەوە و دوو بەش بوو، سەر و خوار، بەشی سەرەوە شوێنی پێشمەرگە و کادرەکان بوو، بەشی خواریشەوە سێ ژوور بوو کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی لێدەکرا. 

 

کە میوانی ناوەخت دەهات، ئەگەر خواردنەکە شلەمەنییەکان بوایە، بڕێکی باش ئاوی تێدەکرا تا بەش بکات، ئەگەر ئەوانی تر بوایە، بەشەکەمان دەکرا بە نیو و کەس تێری نەدەخوارد 

 

ئەودیو ناوەندی بەلای باکووری خۆرئاوادا، سێ بارەگای لێبوو، بارەگای کاک نەوشیروان، ئاڵای ئازادیی کوردستانی تورکیا، یەکێتیی نوسەرانی کوردستان. بارەگای ناوەندی ببوە شوێنی مانەوە و حەوانەوی زۆربەی ھەرە زۆری ئەو پێشمەرگە و فەرماندە و مەفرەزە و ھێزانەی لە ناوچە رزگارکراوەکانەوە دەھاتنە سەرکردایەتی 
ھەروەھا ھاوڕێیان و ھەڤاڵانی کۆمەڵەی ئێران و حزبی دیموکرات کە ماوە ماوە مەفرەزەکانیان سەردانیان دەکرد، لەناوەندی کۆمەڵە دەبوو.
ئەو سەردەمە « پاییزی ساڵی 1981» بارودۆخی دارایی یەکێتی زۆر خراپ بوو، بارەگاکان لە رووی نەسرییەوە زۆر بێ حاڵ بوون، ئەمەش کاری کردبووە سەر دابینکردنی خواردنی رۆژانەی بارەگاکان و لەنێویشیاندا ناوەندی کۆمەڵە کە گوشاری زۆری لەسەر بوو.
 %80 ی ئەوانەی دەھاتن، دەمە و عەسر دەگەیشتن و دەشھاتنە ناوەندی کۆمەڵە، ئەوکاتە ھەم چێشت لێنرابوو کە زۆربەی کات، نۆکاو، نیسک، ساوەر، برنجی سوور، پەتاتەی سوورەوەکراو، ھەفتەی جارێکیش برنج و فاسولیا بوو! ھەم نانیش کرابوو، بە قەبارەیەکی بچووک کە تیرەکەی ھەر بیست سانتیمەترێک دەبوو  کە میوان دەھات، نان دەبووە لەتێک! 
کە میوانی ناوەخت دەهات، ئەگەر خواردنەکە شلەمەنییەکان بوایە، بڕێکی باش ئاوی تێدەکرا تا بەش بکات، ئەگەر ئەوانی تر بوایە، بەشەکەمان دەکرا بە نیو و کەس تێری نەدەخوارد و بە برسێتی دەخەوتین و ئەم حاڵەتە چەندین جار دووبارە دەبوەوە. 
بەرپرسی ئیداری بارەگای ناوەندی کۆمەڵە ئەو کاتە ئەگەر بە ھەڵەدا نەچووبم ، کاک شێخ عەفانی شێخ عوسمان بوو کە ئێستا لەھەندەرانەو تەمەنی درێژ بێ .

وتارەکانی نوسەر