چەند وردە بیرەوەرییەک ، لەیادێکی مەزندا

کەلی ملەبا

09:56 - 2024-06-02
شوان کەریم کابان
314 خوێندراوەتەوە

درەنگانێکی ساڵی 1982، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک ھێزی پشتیوان« ئەم ناوە ھێزەکانی کوردستانی ئێران لەیەکێتییان نا» بەشداریی لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی ھێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و ھەندێ ھێزی ھاوکارییان لە حزبەکانی کودستانی عیراق کرد! بەرەی شەڕ و بەرەنگارییەکە زۆر بەرفراوان بوو، ھێزەکانی یەکێتی لە ئاڵوەتانەوە تاکو رەبەتی سەردەشت ھاوشانی ھێزەکانی حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بەسەر بەرەکانی شەڕدا دابەش ببوون. 
سەرۆک مام جەلال سەرپەرشتی ھەموو ھێزەکانی یەکێتیی دەکرد و بارەگاکەی لە ئاڵوەتان بوو. لەو شەڕانەدا و لەو بەشدارە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا، یەکێتی 17 شەھیدی بەخشی.
بەھۆی بەرفراوانیی بەرەی شەڕ و نابەرابەری ھێزەکان لە رووی ژمارە و چەک و توانای سەربازییەوە، پاش بە رەنگارییەکی قارەمانانەی ھەموو ھێزەکان، بڕیاری کشانەوەی قۆناغ بەقۆناغ درا. 
لەسەر ئەم ھەڵوێستەی یەکێتی، ئێران بڕیاری دابوو، ھێرش بکاتە سەر ھەموو بارەگاکانی یەکێتی لە سنووری قاسمەڕەش و شێنێ . 
ھەر بۆ ئەو مەبەستە سوپای پاسداران ھێزەکانی لەسەر چیای جاسوسان زیاتر کردبوو، بەشێکیش لە ھێزی حزبێکی کوردستانی عیراقی لەوێ جێگیر کردبوو.

سەرۆک مام جەلال سەرپەرشتی ھەموو ھێزەکانی یەکێتیی دەکرد و بارەگاکەی لە ئاڵوەتان بوو، لەو شەڕانەدا و لەو بەشدارە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا، یەکێتی 17 شەھیدی بەخشی

بەفر و سەرما تەنگی پێ هەڵچنین 
ئەو پایزەی 1982 و زستانی  دوو مانگی سەرەتای1983 زۆر سەخت بوو، بەفرێکی ئێجگار زۆر باری و ھاتوچۆ بە زەحمەت و بەناچاری دەکرا. 
بۆیە بڕیاری گواستنەوە کەوتە سەرەتای مانگی سێی 1983، دەستکرا بەگواستنەوە، بڕیاردرا بارەگای راگەیاندنی یەکێتی و ناوەندی کۆمەڵە بچنە پشتی گوندی باوزێ و سەرشیو کە سەر بە قەڵادزێن. 
سەرۆک مام جەلال و بەشێکیش لە ھەڤاڵانی سەرکردایەتی چوونە سنووری مەڵبەندی سێی یەکێتی. 
چوونی بارەگا و کادر و پێشمەرگەکانی راگەیاندن بۆ سنووری باوزێ، بە دوو قۆناغ بوو، یەکەم، بۆ گوندی بێوران و شەو ھەموومان لە ماڵی ھاووڵاتییەکی بەڕێزی ناسراو و دارای ئەو دەڤەرە ماینەوە، یادم مابێ کاک ملازم عومەر و پێشمەرگەکانی مەکتەب عەسکەریش لەوێ مانەوە. 
دووەم، لە بێورانەوە بە گوندی قەلەڕەشدا و لەوێوە بە کوێستانەکانی جەمالەدیندا بۆ  باوزێی و سەرشیو. 
لەو دوو شوێنە، بە نایلۆن و دار شوێنی حەوانەوە دروستکرابوو، ھەروەھا چەند خێمەیەکیش ھەڵدرابوو. بەھارێکی زووبوو، بۆیە کەش و ھەوایەکی ساردی ھەبوو. ماوەیەک بوو لەوێ بوین، بەندە لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە بووم، جار جارەش سەردانی بارەگای راگەیاندنم دەکرد. 

هەواڵیان داینێ کە هێرش
دەکرێتە سەرمان
بەیانییەکیان لەژێر خێمەکەدا لە حزوری شەھید مامۆستا جەمال تاھیردا دانیشتبوین، عەدەد جیھازەکە بروسکەیەکی بۆ مامۆستا جەمال ھێنا، ئەویش خوێندییەوە و سەری ھەڵبڕی و وتی: ئێران بەتەمای ھێرشە بۆ قەلەڕەشە و شاخەکەی پشتی کە ئەیکرد بەشی باکووری شاخی زەردکە و پشتی سەرشیو. لەھەمان کاتدا ھەمان بروسکە گەیشتبووە کاک ئەرسەلان بایز کە بەرپرسی راگەیاندن بوو. مامۆستا جەمال و کاک ئەرسەلان بڕیاریاندا ھێزێک بنێرنە پشت سەرشیو بۆ لای شوێنێک کە پێی دەگوترا - کەلی ملەبا - ھێزەکە بریتی بوو لە بەشێک لە پێشمەرگەکانی کەرتی پارێزگاری راگەیاندن بەسەرپەرشتی شەھید شێرکۆ جدی و ژمارەیەک پێشمەرگەی ناوەندی لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی تر کە کارمەند و کادری راگەیاندن بوون و بەندەشی تیابوو لەگەڵ مامۆستا دلێر ئیبراھیم کادری کۆمەڵە و بەرپرسی تیپی مۆسیقای شەھید کارزان. ھێزەکە نزیکەی 30 کەسێک دەبوو. 
تا خۆمان کۆکردەوە، من و کاک دلێر کەوتینە دواوەی ھێزەکە، لەسەرکەوتندا بووین مامۆستا جەمال وتی:  ئەو تۆزە فیشەکەش لەگەڵ خۆتان بەرن - 300 فیشەکی کڵاشینکۆف بوو. 
من ھەم مەتارەم پێبوو، ھەم قەمسەڵەیەکیشم دابوو بەلایەکی شانمدا. 
برادەران بەگاڵتەوە دەیانوت لەسەرەوە بەفر دەبارێ. لەچارەکی کۆتایی رێگاک( ھەورازەکە سەعاتێک و چل و پێنج دەقیقە بوو ) کانییەکی لێبوو، کەم کانی وا سازگارم دیوە، لەوێ پشوویەکماندا و من مەتارەکەم پڕکردەوە، جگە لە من، دووسێ برادەری تر مەتارەیان پێبوو. کە گەیشتینە کەلی ملە با، بایەکی ھێندە بەھێز و ساردی ھەبوو، بە ناچاری خۆمان دایە پەنای ئەم لاو ئەولای کەڵەکە کە پانییەکەی پانزە مەترێک دەبوو. 
من قەمسەڵەکەم لەبەرکرد، برادەران ناچاربوون چەند  کەسێک بنێرنە خوارەوە تاکو قەمسەڵە و پۆشاک و ژمارەیەک مەتارە بھێنن. شوێنەکە بەدیوی خۆرھەڵاتدا دەیڕوانی بەسەر گوندی قەلەڕەشدا و ھەندێک رەبایەی دووری دەوری سەردەشتی لێ دیاربوو، بەدیوی خۆرئاواشدا دەیڕوانی بەسەر سەرشیوو باوزێ و گەناو چەمی ھەرزنە و ناوچەیەکی فراواندا و شوێنێکی ستراتیژی سەربازی بوو. 
چەند سەنگەرێکی کۆنی لێبوو، لەم لاو ئەولای کەلەکەش برێکی زۆر بەردی گەورە ھەندێکی پانیشی لێبوو وەکو کەڵەک لەپەنایەکدا ھەڵمان چنی و کەمێک لەباو سەرماکەی کەم دەکردەوە. شەھید شێرکۆ بووە فەرماندەمان. شەو حەراسەتی دانا. حراسەتەکە دوو دوو بوو، من و کاک دلێر پێکەوە بووین و بەدیوی قەلەڕەشدا حەراسەتمان دەگرت و ئێمە سەعات یەک بۆ دووی نیوە شەومان بەرکەوت. 
دنیا رووناک بوەوە ھیچ روینەداو ھیچ جموجۆڵێک نەبوو. دەوروبەری سەعات شەش کاک رێبواری شێخ محەمەد غەریب لەگەڵ برادەرێکی تردا، بێدەنگ شۆربوونەوە بۆ نێو دێی قەلەڕەش ، کە ھەر نیو سەعاتێک دووربوو، لەوسەرەوە بە مەنجەڵێک ماستەوە ھاتنەوە و بەنان و چاوە خواردمان. 
دەرکەوت ھێزەکانی ئێران تەنھا رەبیەکانی دەوروبەری سەردەشتیان بەھێزکردبوو ھیچ جووڵەیەکی تریان نەکردبوو .

زەڵێ ساڵی 1982، شوان کابان و دوو هەڤاڵی پێشمەرگەی دیکە

وتارەکانی نوسەر