دیداری یەکێتی و کۆنگرە

11:47 - 2022-04-04
بورهان ئەمین
538 خوێندراوەتەوە

هەمیشە وایە، پارتە سیاسییەکان بە نوێنەرایەتی ئەندام و دەنگدەرانیەوە لەرێگەی وەرگرتنی دەسەڵاتەوە رێڕەوی ژیان و ئاڕاستە و هەنگاوەکانی دیاری دەکەن ،ئەو قەوارەکەمینەیەی ناو کۆمەڵگە بە متمانەی زۆرینە بڕیار لەسەر ئاراستەکانی ژیانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکان دەدات، واتە پەیوەندی راستەوخۆی بە شەقام و جەماوەرەوە هەیە، بە تایبەتیش ئەگەر پارتەکە هاوشێوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەگ و ریشەیەکی جەماوەریی پتەو و پاشخانێکی سیاسی و شۆڕشگێڕیی دێرینی هەبێت و چەند دەیەیەک حکومی بەدەستەوەبێت یان بەشداری کارای تێدا هەبێت.
ئامانج و دروشمەکانی یەکێتی بۆ ئەندامەکانی خۆی نییە بەڵکو ئەندامانی خەبات پێدەکات بۆ وەدیهێنانی بەرنامەکەی لەپێناوی قازانج و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان، واتە ئۆرگانە حزبییەکان هۆکار و ئەڵقە و ئەندامەکانیشی کاراکتەری جێبەجێکاری ناو ئەو ئەڵقانە دەبن تا ئەو بەرنامەیەی کە کۆنگرە بڕیاری لەسەرداوە بیهێننەدی، کاتێک پەیڕەو و پرۆگرام کێشەی نەبێت و زۆرینە لەسەری رازی بن و هاوتای داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بێت، کەواتە ئەگەر کەلێنێک لە نێوان یەکێتی و جەماوەرەکەی دروست بوبێت ئەوا لۆمە لەسەر بەرنامە و دروشم و پلانە داڕێژراوەکانی نییە بەڵکو لایەنی جێبەجێکاریەکەیە کە نەیتوانیوە ئەرکەکانی خۆی وەک ئەوەی بۆی دیزاین کراوە؛ جێبەجێیان بکات، ئەو لایەنەش کە پراکتیکیانە لە ناو ژیان وکۆمەڵگەدا کاردەکات راستەوخۆ کۆنتاکت و پەیوەندی بە جەماوەرەوە هەیە و کێشەکە رووبەرووی ئەوان دەبێتەوە.


لەو خاڵەدا گرنگی و بایەخی ئەو دیدارەمان بۆ دەسەلمێت کە بڕیاری لێدراوە و وا سەرەتاکانی دەستیپێکردوە، ئەگەر کۆنگرە بۆ دانانی پەیڕەو و پرۆگرام وداڕشتنی سیاسەتی حزب و هەڵبژاردنی سەرکردایەتیەکی بێت، ئەوا ئەو ئەرکەی تێپەریوە و بەبێ کێشە تەواو بووە، بەڵام بۆشایی جێبەجێکردنەکەی کەوتۆتەسەر شانی کاراکتەرەکان و ئەوان دەبێت گوی لە راسپاردە و ئامۆژگاری و رەخنە و سەرنج و تێبینی دۆست و لایەنگر و هەواداران بگرن و داخوازەیاکانیان بهێننەدی، ئاڵوگۆڕی ژمارەی بەرپرسی ئۆرگانە حزبیەکان بریارێکی گونجاوە و هاوتای دیدارەکە پرۆسەکە تەواو دەکات، کە پێموایە ئەرکی سەرەکی ئەو دیدارە شایستەیە گوێگرتن و سودوەرگرتنە لە بنکە جەماوەریەکە تا پرۆسەی بەخۆداچونەوە و نوێبونەوە تۆکمەبێت و پێ بنێینە قۆناغێکی تازەوە کە جیاواتر لە جاران ببێتە سومبولی هێنانەدی خواستەکانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، لێرەوە دەردەکەوێت کە ئەو دیدارە بۆ دۆخی ئەمڕۆی ناوخۆی یەکێتی چەند بە بەرەکەت دەبێت، هەڵبەت ئەمەش راستەوخۆ بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان تەواو دەبێت.
گرنگیدان بە دۆست و لایەنگران، خەسڵەتێکی دیاری پارتە مۆدێرن و پێشکەوتنخوازەکانی دونیایە، پارتە سیاسییەکان لە زۆربەی وڵاتە خۆرئاواییەکاندا بۆ دەنگ و متمانەهێنان پشت بە ئەندامانیان نابەستن، بایەخی زیاتر بە بنکەی جەماوەری و دۆست و لایەنگرانیان دەدەن، پارتی سۆسیالدیموکراتی ئەڵمانی بە نموونە تەمەنی لە 150 ساڵ زیاتر و لە وڵاتێکی 82 ملیۆنیدا تەنها 420 هەزار ئەندامی رێکخستنی هەیە، کەچی لە هەڵبژاردنی گشتی شەش مانگ لەمەوبەریدا دەنگی نزیکەی 10 ملیۆن کەسی بەدەستهێناوە، واتە 25 جار بە قەد ژمارەی ئەندامەکانی، ئەو هاوکێشەیە بۆ ئێمە جێگای سەرنجە، بۆ دەبێت کەمتر لە ژمارەی ئەندامانمان دەنگ بهێنێن؟ ئەمە پرسیارێکە و دیارە لە مێژە سەرکردایەتی وەڵامەکەی دەستکەوتوە، هەر بۆیەش ئەو بریارە ژیرانەیەی داوە و دیدار ساز دەکات، هەموومان چاوەڕێی بەرهەمی ئایدۆلۆژیا و بیری دۆست و لایەنگر و هەوادارانمان دەکەین، تا یەکێتییەکەی مام بکەینەوە بە سەرقافڵەی خەبات و بەرخۆدان و هەڵویست و کوردایەتی لەپێناوی خزمەتی خەڵکی کوردستاندا.

 

وتارەکانی نوسەر