شەهید ئاکام عومەر کاتێک دەزانێت کوردستان پێویستی بە وزەو توانای ئەو هەیە بۆ ئەوەی دژ بە تیرۆریستانی داعش و بۆ رزگاری خاکی کوردستان بێتە مەیدانی فیداکاری و قوربانیدان و بەرەنگاری، بۆیە لە ئەمریکاوە بڕیار دەدات بە یەکجاری بگەڕێتەوە کوردستان.
سەرەتا لەنێو هێزەکانی ئەمریکادا لە کوردستان کاری وەرگێڕیی دەکات، پاشان بڕیار دەدات چەکی سەربازی و تێکۆشان بکاتە شان و لەنێو هێزەکانی حەفتای سەربە یەکێتیدا خزمەت بکات و لەلایەن هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وەزیری ئەوکاتی پێشمەرگە هێزێکی کۆماندۆی بە هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا بۆ دروست دەکرێت.
لە سەرەتای دروستبوون و فراوانبوونی هێزی کۆماندۆوە تا دوا سات، شەهیدی فەرماندە ئاکام عومەر لە رووی مەشق و دیسپلینی سەربازییەوە هیچ ساتەوەختێک هێزەکەی دانیشتن و پشووی نەبووە، بەڵکو بەردەوام لە گۆڕەپانی مەشقدا بوون، خەریکی راهێنانی سەربازی بوون لەسەر چۆنێتی تاقیکردنەوە و بەکارهێنانی چەکەکان و ئامادەکاریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و دانانی پلان و بەرنامەی نوێی سەربازی بۆ پیادەکردنیان لەکاتی جەنگدا، چونکە دەیانزانی لەهەر کاتێکی پێویستدا پشت بە هێزەکانی کۆماندۆ دەبەسترێت بۆ پارێزگاری لە خاکی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان.
بۆیە هەمیشە لە ئامادەباشیدابوون بۆ هەر ئەرکێک پێیان بسپێردرێت.
شەهید ئاکام عومەر لەژیانی پێشمەرگایەتی و سەربازیدا هەر کار و فەرمانێکی سەربازیی پێ سپێدرابێت خۆی لەڕیزی پێشەوە، ئازایانە سەرپەرشتی کردووە و بەرەنگاری تیرۆریستان بۆتەوە، بۆیە چەندان جاری تر لە شەڕەکانی تیرۆریستانی داعشدا کاکە ئاکام برینداربووە و قاچەکانی ئازاری بووە و پلاتینی بۆ دانراوە.
لە رووی کۆمەڵایەتییەوە شەهید کوڕێکی سادە و ساکار و هێمن بوو، لە کاروبارە سەربازییەکاندا جدی و چالاک بووە، رێزی زۆری لە پێشمەرگە دەگرت، من لە زاری خویەوە گوێم لێبووە، پێشمەرگەکانی خەڵکی کەرکوکی زۆر خۆشدەویست و دەیوت لە شەڕدا قارەمان و ئازان.
ئاکام ماڵەکەی لە سلێمانی تەرخان بوو بۆ خزمەتی هاوڕێکانی لە هێزەکانی کۆماندۆ و پێشمەرگەکانی، بۆیە تەنها ساتێکیش خۆی لە هاوڕێکانی دوور نەدەگرت، ئارەزووی بوو لە نزیکی بن و خزمەتیان بکات.
بۆیە ماڵئاوایی و شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام زۆر زوو بوو، قورس و بە ئازار بوو، تەمەنی لاو بوو، هی ئەوە بوو زیاتر خزمەت بکات و جێدەستی زۆرتر دیاربێت، بەڵام کۆچەکەی هەموومانی تاساند، هەموومانی گریاند، دروستبوونی فەرماندەیەکی وا پاک و بێگەرد و نموونە ئاسان نییە، بەڵام ئیتر قەدەر رۆژی تەواوکرد و کاکە ئاکامی بە سەربەرزی و بە ئیمانەوە بەخاک سپارد، رۆحت شاد و ئارام بێت و ماڵئاوا.