«چیرۆکی ئەم گەلە، لە چیرۆکەکەی ئەیوب دەچێت، کرمەکانی لەناو جەستەی خۆیدان، دەریانبکەیت، دەبن بە مار و لەگەڵ دوژمن دێنەوە و پێتەوە دەدەن، دەریاننەکەیت، جەستەکە دەخۆن و پارچەپارچەی دەکەن، چارەسەریان تەنها لەناوبردنە.
دەبێت خیانەت لەناوببرێت، نە ببەخشرێت و نە چاوپۆشیی لێبکرێت، مێژووی ئێمە گیرۆدەی دەستی خیانەتە، گەلەکە وەک ئەیوب خانەدانە، کرمەکانی جەستەی هیلاکیان کردووە، بۆ ئەوەی خانەدانەکە هەستێتەوە، چارەسەر تەنها پاککردنەوەی جەستەیە لەو کرمانە». لە رۆمانی (شازادەکەی ئورفا)ی نەبەز گۆرانەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە مەسرور بارزانی و برایەکی بەڕێوەی دەبەن، راپۆرتێک لەبارەی سلێمانی و قەوانی جموجوڵی پەکەکە بڵاودەکەنەوە، لە میدیاکانی پارتیشەوە راپۆرتەکە زەقدەکرێتەوە، زۆری پێناچێت تورکیا بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سلێمانی دەردەکات و ئاسمانی تورکیاش بەسەر گەشتەکانی ئەوروپا – سلێمانی دادەخات، دواتریش هێرشەکەی فڕۆکەخانەی بەدوادا هات.
روون و رەوان دیارە، سەرچاوەی (زانیارییەکان)ی راپۆرتی دەزگاکەی پارتی و بڕیارەکەی تورکیاش، هەر یەک سەرچاوەن، بەشێکە لەو کارە پێکەوەییەی ساڵانێکە هەردوولا بەرامبەر بە پەکەکە و هەر شوێن و پارت و کەسێک کە بە دڵی تورکیا – پارتی نەجووڵێتەوە و هێشتا سەر بە رەوتی دروستی کوردایەتی بێت، دەستیان داوەتێ.
کاردانەوەکە دەریدەخات کە هەوڵەکانی تورکیا بۆ تەسلیمبوونی سلێمانی و هێزی باڵادەست لە سنوورەکە بە ئەجێندای تورکیا – پارتی، سەری نەگرتووە، بۆیە (کرمی خۆرە)ی جەستەی کوردایەتی کەوتەوە جووڵە، ئەو کرمەی بە نزیکەیی نیوەی خاکی باشووری کوردستانی کردۆتە مەیدانی تەراتێنی سەربازی و سیخوڕیی تورکیا.
دوایین دوو هەوڵ، کە تورکیا دەیویست بە هەر رێگا و باجێک بێت، لە باشووری کوردستان بەدەستی بخات، لێدان لە پەکەکە و قەندیلە، هەروەها هێنانەژێرباری سلێمانی بوو بۆ ناو پڕۆژە تورکییەکە، بەتایبەت لە پرسی غازدا، لە هەردووکیاندا پارتی ئەرکدار کرابوو.
تائێستا لە شەڕەکانی قەندیل و زاب و ئاڤاشین، پەکەکە، تورکیا و کرمەکانی جەستەی کوردایەتیی راگرتووە و نینۆکی ئەو بەناو چنگانەی کردووە، کە دەکرانە ناونیشانی ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکان.
لەبارەی سلێمانیشەوە، شەڕفرۆشتنەکانی کابینەی نۆ بە سنوورەکە، گوشارە ئابوورییەکان و کەمکردنەوەی داهاتەکان، چەلەحانێ و سیناریۆ سیاسی و ئەمنییەکان، هەموویان بەشێک بوون لە هەوڵی هێنانەژێرباری سنوورەکە، بە دوو ئامانج، یەکەم، سلێمانیش بکرێتە ناوەندێکی خۆخۆری و گەشەی کرمی جەستەی کوردایەتی، دووەم، غازی ناوچەکە، بۆ ئەوەی وەکو نەوت بخرێتە خزمەتی پڕۆژە سوڵتانییەکەوە، بەڵام نەک هەر سەرینەگرت، بەڵکو رووی نەوتەکەشیان پێگۆڕین بەرەو بەغدا.
هەر لەبەر ئەو شکستانەیە، تێگەیشتنم بۆ بەیاننامەکەی وتەبێژی تیمی پارتی لەناو حکومەتی هەرێم هەیە لەبارەی بۆردومانەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە، دەزانم پەستن لەوەی رەوەزی کوردایەتیی سلێمانییان پێ وردناکرێت.
هەرچۆنێک بێت، تا ئێستا رەوتێکی رەسەن و دروستی کوردایەتی لەسەر پێی خۆی وەستاوە، تورکیا بەم رەوتە قەڵسە، سلێمانیش چی پێکرابێت بۆ لەسەرپێهێشتنەوەی کوردایەتییە رەسەنەکە، درێغیی نەکردووە، هەر هێزێکیش دڵی سلێمانیی دەوێت، دەبێت ئەیوب ئاسا خزمەتکاری رەوتی کوردایەتیی رەسەن بێت، رەوتێک، کە پارتی دەمێکە بڕیاریداوە کرمی خۆرەی جەستەکەی بێت.