میدیای کۆپی و هەواڵی ناڕاست

10:01 - 2023-06-15
بەنان فاروق
494 خوێندراوەتەوە

میدیا یان راگەیاندن، پێناسەکراوە بە هەر تەکنەلۆجیا، ناوەند، دامەزراوەیەکی بازرگانی قازانج ویست یان قازانج نەویست، تایبەت یاخود گشتی، رەسمی یان نا رەسمی کە ئامانجی گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان و بەرنامەکانی کات بەسەربردنە. میدیاکان بەهۆی کاریگەریی زۆریان لەسەر سیاسەت و کۆمەڵگە بە دەسەڵاتی چوارەم ناو دەبرێن.
ئەرکی راستەقینەی میدیا ئەوەیە ئاستی رۆشنبیریی و تێگەیشتنی وەرگر یان بینەر و  گوێگر بگەیەنێتە ئاستێکی باڵاتر و زانیاری نەزانراوی پێبدات، شرۆڤە و شیکردنەوە بکات بۆ ئەو بابەتانەی نەزانراون و گرنگن بۆ کۆمەڵگە.
میدیا لە جیهاندا وەک ئامڕازێک دادەنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی گرنگ و دروست، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا میدیاکان بەشێکی زۆرینەیان هەواڵی دروست بڵاو ناکەنەوە، لاسایی یەکتر دەکەنەوە و کێبڕکێی یەکتری دەکەن بێ بەدواداچوون و رۆشتن بە دوای هەواڵەکە و زانینی راستی هەواڵەکە بەو هۆیەشەوە کۆپی یەکتری دەکەن دەکەونە هەڵەوە و دواتر کە زانیشیان هەڵەیان کردووە داوای لێبوردن ناکەن و راستی هەواڵەکە بڵاوناکەنەوە ئەمەش بە هەڵەیەکی گەورەی میدیایی ناودەبرێت.
بەشێکی تری میدیا خوێنەر دەنێرێتە کۆمێنت یان سایت یاخود تێلێکگرام ئەوەش سەر لە خوێنەر دەشێوێنێت، هەندێکی تر لە میدیاکانی کوردستان مانشێتێکی سەرنجڕاکێش دادەنێت تاوەکو خەڵکی بچنە ناو هەواڵەکە و سایتەکەیان بکەنەوە، بەڵام دواتر کە ناوەڕۆک دەخوێنێتەوە دەبینیت هیچ پەیوەندییەکی بەو هەواڵەوە نییە، بۆ نموونە هەواڵی کوشتنی بە کۆمەڵ یان مردنی کەسێکی ناودار دواتر کە خوێنەر دەچێتە ناو سایتەکە دەردەکەوێت نە هەواڵەکە هی کوردستانە و نە کەسەکە کوردە، ئەمەش فێڵێکی میدیاییە بۆ کۆکردنەوەی لایک و بینەری زیاتر بۆ میدیاکەیان بۆئەوەی خۆیانی پێوە هەڵکێشن گوایە بێ رکابەرن و ئەکتیڤیان زۆرباشە.
بەشێکی زۆری میدیاکان لاسایی یەکتردەکەنەوە چ لە هەواڵ یان راپۆرتە هەواڵ یان راپۆرتی ڤیدیۆیی، نەک بۆ ئەمانە بەڵکو بۆ زۆر شت و کاری تری میدیاییش دوای یەکتر دەکەون و لاسایی یەکتر دەکەنەو .زۆر کەم میدیا هەیە نوێگەری بکات بەرنامەیەکی نوێ و جیاواز پێشکەش بکات، لە کاتێكدا پێویستە میدیا بەشێوەیەکی گشتی کاری نوێ بکات و دوور بکەوێتەوە لە هەواڵی نا دروست و هەڵە و بەدواداچوون بکات پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک، میدیاکارانی وەک پەیامنێر و هەواڵساز پێوستە ئەوانیش بەردەوام بەدواداچوون بکەن پێش راگەیاندنی هەواڵەکە و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە چونکە بەدواداچوون گرنگترین شتە بۆ میدیاکاران و نابێت پشت گوێ بخرێت.

*رۆژنامەنووس

وتارەکانی نوسەر