‎ئەنفالی بادینان و رووکردنە ‎تورکیا

09:58 - 2023-08-28
سالار مەحمود
246 خوێندراوەتەوە

باڵندەی ناوچەکە هەموو مردار بوونەوە، لەسەر کانیەکەش پێنج کەس لە خێزانێک بەهۆی کیمیاییەوە مردبوون.
‎ئەمە وتەی یەکێک لە شاهید حاڵەكانی  قۆناغی هەشتەمی ئەنفال بوو، ئەنفالی دەڤەری بادینان. 
‎دانیشتنەکانی دادگایی ئەنفال لە رۆژی 08-11-2006 لەبەغدا دەستی پێکردەوە، دوای ئەوەی سەدام بەر لە سێ رۆژ لەهەمان هۆڵ و لە دۆسێی دوجەیلدا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، لەم دانیشتنەدا سەدام ئامادە بوو، یەکەم دانیشتنی دوای دەرچوونی سزایەکی لەسێدارەدان بۆی.
‎دادوەر وەک دانیشتنەکانی تر بانگی سکاڵاکار و شایەتحاڵی یەکەمی کرد، ناوبراو دانیشتووی گوندی برجنێی سەر بە ناحیەی زاوێتەی پارێزگای دهۆک بوو بەناوی ئەیوب عەبدوڵا.
‎باسی ئەوەی کرد رۆژی 25-08-1988 هەشت فڕۆکەی جەنگی هاتوونەتە سەر گوندەکەمان و دەستیان کردووە بە بۆردومان، لەو کاتەدا هەستمان کرد دەنگی بۆمبەکان نزم یا کەم بوون. پاشان دوکەڵێکی سپی زەرد باو بەرز بۆوە و بۆنێکی خۆشی وەک میوەی لێدەهات، دواتر من تەنگەنەفس بووم، خەڵکی گوندەکەمان هەموو ئاگادار کردەوە کە ئەوە چەکی کیمیاییە و پێشتر لە رێگەی رادیۆوە خەبەرمان بیستبوو کە ناوچەکانی گەرمیان و قەرەداغ و سلێمانی کیمیاباران کراون، هەڵەبجەش بەتەواوی کیمیاباران کراوە.
‎داوامان کرد هەر کەسە و پەڕۆی تەڕ بخاتە سەر دەم و لووتی بۆ ئەوەی کیمیاییەکە کاریگەری  نەکاتە سەریان، لەو کاتەدا چاومان سوور سوور بوەوە ئاوی پیا دەهاتە خوارەوە. 
‎ باڵندەکان هەموو مردار بوونەوە، بۆ ماوەی 35 خولەک فڕۆکەکان بەو جۆرە بۆردومانیان کردین، دواتر روومان کردە بەرزاییەکان، ئینجا دوکەڵەکە نزم بۆوە.
‎بەشێک لە خەڵکەکە بەرەو کانیی گوندەکە رایانکرد، ئێمەش بەشێک لە بریندارەکانمان بەرەو لای کانییەکە برد بۆ دەست و دەم و چاو شتن. 
کاتێ چووینە سەر کانییەکە پێنج کەس لە خێزانێک لەسەر کانییەکە مردبوون  بەناوەکانی 
( حەسەن ساڵح، کوردی حەسەن، حەکیم حەسەن، دژوار حامید، نالیە محەمەد عەلی). 
ئەو تەرمانەمان داپۆشی، روومانکردە سنوورەکانی تورکیا لەو کاتەدا منیش بریندار بووم، ئەو کاتەی بە رێگاوە بووین بەرەو سنوور، چەند گوندمان بینی چۆڵکرابوون، یەکێک لەو گوندانە گوندی کیکە بوو.
لەوێ 25 تەرممان بینی، گوندەکانی تریش بەهۆی بۆمبارانی کیمیایی خەڵکی تیا مردبوو، تەرمێکم لە رێگا ناسییەوە ناوی ئیسماعیل بوو خەڵکی زاخۆ بوو، پاشان لەسەر سنوری تورکیا دوو رۆژ ماینەوە. دواتر گەڕامەوە گوندەکەی خۆمان، بینیم گوندەکەمان کاول و وێران کراوە و هیچی تیا نەماوە، کاتێ بە رێگاوە بووین کچەکەم عایشە ئەیوب مرد، هەژار محەمەد کە خزممە ئەویش مرد. غەزاڵ محەمەد کە کچی ئامۆزام بوو ئەویش کیمیاوی کوشتی، حاجی ئەمینی مامم ئەویش بە کیمیاوی مرد. 
‎سکاڵاکار لیستێکی پێشکەشی دادگا کرد، ناوی چەندین کەسی تێدا بوو کە لە گوندەکەیان بەهۆی چەکی کیمیاییەوە گیانیان لەدەست دابوو. داواکاری گشتی لێی پرسی گوندەکانی دەوروبەرتان هەموو کورد بوون؟ وتی بەڵێ کورد و موسڵمان بوون. 
‎لێیان پرسی تۆ پێشمەرگە بوویت؟ وتی بەڵێ، بەڵام خەڵکی گوندەکە مەدەنی و هاووڵاتی بوون، وەڵامی ئەوەشی دایەوە کە ناوچەکە ئێرانی لێ نەبووە. سابر دوری پێیووت ئەی بارەگای ئێرانی لە ناوچەکە هەبوو؟ وتی بارەگای هیچ وڵاتێکی لێنەبووە. وتی ئەو کاتە شەڕی ئێران عیراقیش  بە رەسمی لە 08-08-1988 کۆتاییهات.

بەشێک لە کتێبی دۆسێی ئەنفال لەدادگای باڵای تاوانەکان کە لە ئایندەدا بڵاو دەبێتەوە.

وتارەکانی نوسەر