وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە پێنج کەس و سێ کۆمپانیای سەر بە حزبوڵڵا خراونەتە بەر سزا، هاوکات پاداشتێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کەسانە دیاری کردووە کە زانیاریان لەسەر ئەم رێکخراوە دەدەنێ.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی ئاشکرای کرد، کە ئەمریکا هەوڵی هاوکاریکردنی لوبنان دەدات بۆ رێگریکردن لە چالاکییەکانی حزبوڵڵا. ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوانە کۆنترۆڵکردنی دەستتێوەردانی ئەم رێکخراوە و ئێرانە لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەرفراوانی بۆ پێنج کەس و سێ کۆمپانیای پەیوەست بە تۆڕی قاچاخچییەتی نەوت سەپاندووە. ئەم کۆمپانیایانە بە هاوکاریکردن لە زیادکردنی داهاتی حزبوڵڵا تۆمەتبار کراون.
برووس جەختی کردەوە کە ئەم سزایانە بەردەوام دەبن تاوەکوو حزبوڵڵا نەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر هاوڵاتییانی لوبنان. هاوکات وەزارەتەکەی بڕی 10 ملیۆن دۆلار پاداشت بۆ هەر کەسێک دیاری کردووە کە زانیاری پێویست لەسەر ئەم ڕێکخراوە بدات بەوان.
لە هەمان کاتدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە هەماهەنگیی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی فیدراڵی (ئێف بی ئای)، سێ بەرپرسی باڵای وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستووەتە بەر سزا، بە تۆمەتی بەشداربوون لە رفاندن و مردنی ڕۆبەرت لوینسۆن، کارمەندی پێشووی دامەزراوە فیدراڵییەکان.