له‌م رۆژانه‌ی پێشوو پێشنیازێكم بۆ سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ نارد، پێشنیازه‌كه‌م ئه‌وه بوو له گۆشه‌ی ئه‌م مانگه‌دا له‌بری لێكدانه‌وه و راڤه‌كردنی وشه‌یه‌كی ره‌سه‌ن و له‌بیركراو قسه له‌سه‌ر مامۆستای نه‌مر عه‌بدولكه‌ریم شێخانی بكه‌ین و گۆشه‌ی ئه‌م مانگه بۆ رۆحی پاكی ته‌رخان بكه‌ین، سه‌رنووسه‌ر ره‌زامه‌ندی خۆی نیشان دا و پێشنیازه‌كه‌ی قبووڵ كردم، بۆیه منیش قسه‌ی ئه‌م مانگه‌م له‌سه‌ر مامۆستای نه‌مر ده‌بێت.
وه‌كو ده‌زانین مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم له ناوه‌ڕاستی ئابی ئه‌مساڵ دا بۆ هه‌تایه چاوی لێكنا و ماڵئاوایی لێكردین، له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌زاران وشه‌ی جوانی برده ژێر خاك كه نییه‌تی وابوو له داهاتوودا هه‌گبه‌ی پڕ له وشه‌و زاراوه‌ناسی خۆی بۆمان هه‌ڵڕێژێت جگه له‌وانه‌ی به‌درێژایی چه‌ندین ساڵی رابردوو پێی به‌خشین ئه‌وانه‌ی تر دانه دانه وه‌ك مه‌رجان بیخاته گه‌رد‌نی تاك به تاكی گه‌له‌كه‌ی.
مامۆستای نه‌مر بۆ خۆی فه‌رهه‌نگێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو له وشه و زاراوه‌ی كوردی په‌تی و ره‌سه‌ن، یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی واتای كوردی بۆ زۆر وشه‌ی نوێ دانابوو، به مانایه‌كی تر هه‌ر وشه‌یه‌ك گه‌ر زاده‌ی پێداویستییه كورده‌وارییه‌كان و كاروباری رۆژانه‌ی گه‌لی كورد نه‌بووبێ و له ئێستادا به‌كار بێت مانای كوردی بۆ داده‌نا یاخود وشه‌یه‌كی كوردی بۆ ده‌دۆزییه‌وه له‌بری وشه بێگانه‌كه، ماوه‌یه‌ك به‌ر له وه‌فاتی ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و وشه‌یه‌كی پێڕاست كردمه‌وه، من له نووسینێكی خۆمدا نووسیبوم كوڕه‌كه له‌فه‌كه‌ی به‌ده‌ستی راستی گرتبو و به‌ده‌م رێگاوه ده‌یخوارد، دوای ئه‌وه‌ی مامۆستای نه‌مر خوێندبووییه‌وه ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و گوتی وشه‌ی له‌فه عه‌ره‌بیه تكایه بیگۆڕه به بابۆڵە یان بابۆڵی كه وشه‌یه‌كی ره‌سه‌نی كوردییه و به‌مانای له‌فه دێت، دوابه‌دوای ئه‌م راستكردنه‌وه‌یه گۆشه‌یه‌كی مانگه‌كانی رابردووم له‌سه‌ر بابۆڵە یان بابۆڵی نووسی و له‌وێش ئاماژه‌م پێدا كه وشه‌یه‌كی كوردی ره‌سه‌نه.
مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم شێخانی له ساڵی 1933 له شاری كۆیه‌ی شاعیران له دایكبووه و له قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له كۆیه و ئاماده‌یی له هه‌ولێر ته‌واو كردووه، له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال پێكه‌وه خوێندكار بوون و هاوڕێیه‌تیان پته‌و بووه، جارێكیان له مامۆستا‌م پرسی چ شتێك تۆ و مام جه‌لالی كردبووه هاوڕێ؟ راسته‌وخۆ گوتی سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب، هه‌روه‌ها گوتی زۆربه‌ی دانی ئێوارنێك پێكه‌وه ده‌چووینه كتێبخانه‌ی حاجی قادری كۆیی له شاری كۆیه و كتێبمان ده‌خوێنده‌وه و گفتوگۆمان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كان ده‌كرد.
له ساڵی 1954 خولی په‌روه‌رده‌یی له شاری به‌غدا ته‌واو ده‌كات و له گوندێكی گه‌رمیان بۆ یه‌كه‌م جار ده‌بێت به مامۆستا، ئه‌م زاته له هه‌ڕه‌تی گه‌نجیدا ده‌ستی كردووه به نووسینی شعر، له دیمانه‌یه‌كدا لێم پرسی كاریگه‌ری چ شاعیرێكت له‌سه‌ر بووه؟ له وه‌ڵامدا گوتی بێكه‌س، له ساڵی 1962 له هه‌ولێر ده‌ستگیر ده‌كرێ و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ و چه‌ند مانگێك له به‌ندیخانه ده‌مینێته‌وه، هه‌ر له‌و دیمانه‌ی ئاماژه‌م پێدا لێم پرسی چه‌ند زمان ده‌زانی؟ گوتی جگه له زمانی كوردی زمانی عه‌ره‌بی و فارسیش باش ده‌زانم و وه‌رگێڕانم بۆ هه‌رسێ زمان كردووه ئینجا به پێكه‌نینه‌وه گوتی شڕه توركی و ئینگلیزییه‌كیش ده‌زانم، مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه له وه‌رگێڕان به‌تایبه‌تی له زمانی عه‌ره‌بیه‌وه بۆ سه‌ر زمانی كوردی، له زۆربه‌ی گۆڤار‌و رۆژنامه كوردی و عه‌ره‌بیه‌كان بابه‌تی سیاسی و ئه‌ده‌بی و په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوكردۆته‌وه و له رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ گۆشه‌یه‌كی ره‌نگینی نووسیوه بە ناوی جا قوربان مەسەلەیەک هەیە.