(26)
*چ سوود و بەها و بایەخێکی پیشەیی، لە ئەندامێتی سەندیکاکانی رۆژنامەواناندا هەیە؟
-دیارترین سوود و بەها و بایەخی بوون بە ئەندام لە سەندیکا پیشەییەکانی رۆژنامەوانان، بۆ دانپێدانان و متمانەبەخشین بەپیشەوەران و بە فەرمی ناساندنیان لەئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا دەگەڕێتەوە، چونکە لە هەموو سات و سەردەمێکدا ژینگەی کارکردنی پیشەیی رۆژنامەوان لە هەرجۆرە پیشەیەکی دیکە جیاوازتر و بەرفراوانتربووە. بەتایبەتتر لەدوای فراژۆبوونی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکانی لەنێو سەکۆ جیاوازەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ناسینەوەی رۆژنامەوانی پیشەگەر قورستر بووە، چونکە لەم رۆژگارەدا هەموان خۆیان لێبووەتە رۆژنامەوان و کاری رۆژنامەگەریی دەکەن، بەبێ ئەوەی لەلایەن نێوەندێکی زانستی هاوشێوەی زانکۆکان یاخود نێوەندێکی پیشەیی هاوشێوەی سەندیکاکان دڵنیاکرابێتنەوە لەوەی پێویستە پێشوەختە ئاشنا و ئاگاداری وردەکاری پیشەکە و پێوەرەکانی رێسا و یاساکانی راگەیاندن و تەکنیکەکانی بەکارهێنانی بن!
لە بنچینەدا، هەبوونی سەندیکا بەواتای هەبوونی کۆدەنگی و کۆکاری و رێکەوتن لەسەر کۆمەڵە ئامانجێکی هاوبەش دێت کۆمەڵە کەسێکی هاودید و هاوئامانج پێکەوە و بە هەرەوەزی کار لەسەر بەدیهێنانیان بکەن. لێرەشەوە دامەزراندنی هەر سەندیکایەکی پیشەیی، دانپێدانانێکی فەرمی دەبێت لەسەر ئەو راستییەی ئەندامەکانی بە تەنیا و دابڕاو لە یەکتری ناتوانن ئامانجە پیشەییەکانیان بەدیبهێنن، هەربۆیە لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکی گەورەتردا خۆیان رێکدەخەنەوە. ئەوەیش ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتەهۆی دەرکەوتنی دەرفەتەکانی دروستکردنی تۆڕێکی بەرفراوانی هاوپیشەکان لە گەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری و پشتگیریکردنیان، بەتایبەت لەکاتی پێشێلکردنی مافەکانیان و دادگەیکردنیاندا. هاوکات بشبێت بە دەروازەیەک، بۆ زیاتر و زووتر خۆنوێکردنەوە و گەشەپێدانی پیشەیی لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی هەواڵ و لێکەوتەکانیدا.
بەپێچەوانەی ئەو بنچینە پیشەییەوە، ئەزمونی دامەزراندنی «سەندیکای رۆژنامەنوسان» لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا تەواو دەگمەن و جیاوازە، چونکە لە سێ دەیەی رابردوودا لە بری ئەوەی سەندیکا و هەڵسوڕێنەرانی، لەلای حزب و حکومەت و دەسەڵاتەکانی دیکە نوێنەرایەتی رۆژنامەوانان بکەن، نەقیب و جێگر و سکرتێر و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا و بەرپرسی لقەکان لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حزبی دانران و ئەو هەستیارییە حزبییەی لە کۆمەڵگەدا هەیانبوو راستەوخۆ بۆ نێو ئیشوکاری رۆژانەی سەندیکا گواستیانەوە و بوون بەنوێنەری سەرسەختی حزبەکانیان لەنێو رۆژنامەوانان. لە دەرئەنجامیشدا، نەیانتوانی وەک پێویست پێداگری لەسەر ئامانجە پیشەییەکان بکەن و سەندیکا ببێت بە چەتری کۆکەرەوەی زۆرینەی رۆژنامەوانان، هەربۆیە لە رۆژی دووشەممە (23ی تشرینی یەکەمی 2023)دا دامەزراندنی فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسان و نووسەرانی سەربەخۆ (رۆنووس) راگەیەندرا.
راگەیاندنی ئەو فیدراسیۆنە نوێیە، جەختکردنەوەیە لەسەر سەرهەڵدانی سەردەمێکی نوێ چیدیکە بە مەرج و رێوشوێنەکانی کارکردنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و زۆریی ژمارەی ئەندامانی رازی نین، چونکە نەیانتوانیوە متمانەی دەنگە ناڕازییەکان بۆ پێکەوەکارکردن بەدەستبهێنن. هەربۆیە رێکخستنی کۆنگرەیەکی نوێ و بەرفراوانکردنی سنوورەکانی ئازادی دەربڕین و رۆژنامەگەری و بەرزکردنەوەی ئاست و ئاڕاستەی کارکردنی کاری رێکخراوەیی، پێشمەرجی بە یەکگرتویی مانەوەی «سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان»و پاڵنەری رۆژنامەوانانی پیشەگەرە بۆ پێویستی بوون بە ئەندام تێیدا. وەگەرنا، وەرگرتنی زەوی و ژینگەی میدیایی هەرێمی کوردستان لە ئاست خەون و خواستی رۆژنامەوانان و ژیانی ژیری دەستکردا نییە و پانتایی کارکردنی رێکخراوەیش رۆژبەڕۆژ بچووک و بچووکتر دەبێتەوە!
*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا