فەرمان محەمەد- ئیتالیا
جەنگی سارد ململانێی جیۆپۆلەتیکیی، ئایدیۆلۆژیی و ئابووریی بوو لەنێوان دوو زلهێزی جیهانیی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتدا، بلۆکی رۆژاوا و زلهێزە رکابەرەکانی. شەڕی بە وەکالەت، پێشبڕکێی چەک، گەمارۆی بازرگانیی و سزای دارایی، تێکدان و شەڕی پڕوپاگەندە، کە ساڵی 1947 لە کۆتاییی جەنگی دووەمی جیهانییدا دەستیپێکرد و تا هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە 26ی کانوونی دووەمی 1991 بەردەوام بوو.
سەرەڕای ئەوەی شەڕی سارد سێ دەیە لەمەوبەر وەستا، بەڵام مەترسیی شەڕی سارد یان ئەقڵیەتی شەڕی سارد لە جیهاندا هەر هەبووە. تەنانەت لە سەروبەندی کۆتاییی هاتنی جەنگی سارددا، میرشایمەر، زانای سیاسیی بەناوبانگی ئەمریکا، پێشبینی کرد خەڵک بیری شەڕی سارد بکات بەم زووانە.
میرشایمەر پێیوایە دوای کۆتاییی هاتنی شەڕی سارد، بارودۆخی دەیان ساڵەی ئاشتیی لە خۆرئاوا، لەناو دەچێت، چونکە ئەوروپا دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی فرەجەمسەریی، کە بووە هۆی ململانێیەکی وێرانکار. هەروەها دەڵێت سیستەمێکی دووجەمسەریی ئارامترە بەو هۆکارە سادەیەی، کە لەژێر دەستیدا تەنیا دوو زلهێزی گەورە لە ململانێدان. ئەو زلهێزانە بەگشتیی داوای بەیعەت لە دەسەڵاتە بچووکەکانی ناو سیستەمەکە دەکەن.
بە لۆژیکی سەردەمی شەڕی سارد، ململانێکان مەرج نەبوو بە مانای شەڕی نێوان زلهێزە گەورەکان بێت، بەڵکوو بە مانای گرژیی جیۆپۆلەتیکیی، دوژمنایەتیی یان شەڕی بەوەکالەت بوو، کە تێیدا یەکێک یان هەردوو زلهێزە گەورەکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تەحەددای ئەوی دیکەی دەکرد، وەکو لە کۆریا و ڤێتنام یان ئەفغانستاندا روویدا. بەپشتبەستن بە گریمانەی تەڵەی توسیدیدس، لەم دوایییانەدا پێشبینیی زیاتری شەڕی لە رووی ئابووریی، بازرگانیی و جیۆپۆلەتیکییەوە کردووە.
ئەوە شارستانیەتەکان نین کە بەریەک دەکەون، بەڵکوو ئیمپڕاتۆریەتەکانن. جەنگەکانی ئەوروپا و وڵاتە نەتەوەیییەکان دەریخست ململانێی جیهانیی بوون، نەک هەر تەنێ ململانێی نێوان وڵاتە ئەوروپییەکان.
بەخێربێن بۆ جەنگی دووەمی سارد
ئارامیی ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزارەکان کۆتایی هات، لەو روەوە مایکل لیند سەرنووسەری رۆژنامەی بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نووسەری کتێبی رێگەی ستراتیژیی ئەمریکی دەڵێت: لە چەند ساڵی رابوردوودا ئەوەی بە ئاشتەوایی ساردی نێوان روسیا و هاوپەیمانی خۆرئاوایی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ناوبراوە، هەم ساردتر بووە و هەم کەمتر ئاشتیخوازانە بووە. هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چینیش ناکۆکییانی لە بواری سەربازیی و دیپلۆماسیی و ئابووریی ڕووەو جەنگی سارد خێراتر کردووە.
جەنگی دووەمی سارد لێرەدایە؛ کە یارییەکی دووبارەیە لەنێوان هەمان ئەو تیمانەی زۆربەی جەنگی یەکەمی سارد دژی یەکتر بوون، لە لایەک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خۆرهەڵاتی ئاسیا و ئەوروپا، لەوانەش هاوپەیمانە نوێیەکانی ناتۆ، لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا و بەڵتیک، لە لایەکی تر روسیا، چین و هاوپەیمان و موەکیلەکانیان.
شەڕی ساردی نوێ
سەرەتای سەدەی بیست و یەک، بیناسازیی ئاساییشی نێودەوڵەتیی تاکجەمسەریی لەژێر هەژموونی ئەمریکا کۆتایی هات، هەنووکە جیهانخوازیی و دەستپێکردنی شەڕێکی ساردی نوێی نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات لە ئارادایە، کە بووەتە هۆی بیرکردنەوە و لەدایکبوونەوەی سەردەمێکی نوێی ململانێ. ئەمەش دوای هێرشی تاکلایەنەی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد، کە بەبێ رەزامەندیی ئەنجوومەنی ئاساییش و بێ بوونی بەڵگەیەکی قەناعەتپێکەریش بۆ کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیی بوو. کە 24ی شوبات سەرەتای شەڕێکی نوێی ترسناک و گەڕانەوەی ململانێ سەربازییەکان بوو بۆ ئەوروپا.
شەڕی روسیا دژی ئۆکرانیا، هەروەها شەڕی ئابووریی نێوان زۆربەی وڵاتانی رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابوریی OECD و روسیا، دەتواندرێت وەک خاڵی وەرچەرخان سەیر بکرێت، کە لێکەوتەی دوورمەودای بۆ چەند بازاڕێک و چەندین قەیران و هەڕەشەی شەڕی ئەتۆمیی دەبێت. شەڕی دووەمی سارد لەیەکەم شەڕ مەترسیدارترە. ئێمە ئێستا لە جەنگی دووەمی ساردداین، کە توانای بەرهەمهێنانی هەم زلهێزەکان دیاریی دەکات و هەم دەرەنجامی ململانێکانی نێوانیان لە قاڵب دەدات. ئەمریکا لە سەردەمێکی نوێی ململانێی جیهانییدا، خەریکە هەژموونی ئابووریی خۆی لەدەست دەدات و شەڕی دڕندانەی بەوەکالەت لە ئۆکرانیا لە نێوان روسیا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا، لەگەڵ قووڵبوونەوەی رکابەرییە بازرگانیی و سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و چین، سەلمێنەری ئەوەن کە ئێمە ئێستا لە جەنگی دووەمی ساردداین.
رەهەندێکی تریی ململانێ ساردەکە
لایەنێکی تری شەڕی ساردی نوێ لەلایەن وڵاتانی وەک چین و روسیا سەرکردایەتی دەکرێت، کە دەسەڵاتی ئابوورییان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی کاڵای فیزیکییە. لە لایەکی دیکەوە هاوپەیمانی خۆرئاوا زاڵە بەسەر کەرتی دارایی و زانیاریی ئابووریی مەجازییدا. هیچ کام لە لایەنەکانیش بە تەواویی سەربەخۆ نیین، بەڵام دابەشبوونی نێوانیان نایەکسانە. سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانیش لەسەر ئۆکرانیا، بەڵام ئەوروپای خۆرئاوا هێشتا پێویستی بە کڕینی غازی روسیا هەیە بۆ وەرزی زستان. هاوکات ئەمریکاش هێرش دەکاتە سەر حکوومەتی چین، بەڵام تائێستاش بە تەواویی پشت بە چین دەبەستێت بۆ دابینکردنی کاڵاکانی.
پڕۆفیسۆر جۆن میرشایمەر لە زانکۆی شیکاگۆ ئاماژە بەوە دەدات «هەرچەندە هێشتا بازرگانییەکی زۆر لەنێوان چین و ئەمریکادا هەیە، بەڵام گومانی تێدا نییە، شەڕی ساردی نوێ لە نێوانیان هەیە» دەشڵێت ئەو دوو وڵاتە کە لە ئاستی ئەمنییدا رکابەری یەکترن، دەتوانن پەیوەندییەکی ئابووریی زۆریان هەبێت، بەڵام ئەمریکا یارییەکی سەخت لەگەڵ چین دەکات.
بیست ساڵ لەمەوبەر نەعوم چۆمسکی کتێبێکی پڕفرۆشی بە ناوی هەژموون یان مانەوە بڵاوکردەوە. تێیدا باس لەوە دەکات چۆن مرۆڤایەتیی وەڵامی تەحەددای لەناوبردن و شەڕی ئیمپریالیستیی دەداتەوە، ئێستا ئەو پرسیارە ترسناکە «هەژموون یان مانەوە؟» رەنگە بە باشیی وەڵام بدرێتەوە، کە روسیا، چین و ئێران بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەوان بەرامبەر جیهانێکی فرەجەمسەریی وەستاون، کە تا ئێستا لەلایەن هەژموونی ئیمپڕاتۆری ئەمریکاوە بەڕێوە دەبردرێت. ئینتەرناسیۆنالیستە لیبڕاڵەکان لە ئەمریکا و ئەوروپاش بانگەشەی ئەوە دەکەن و دەلێن ئێمە لە ململانێیەکی قورسداین لە نێوان ئازادیی و دیموکراسیی لە لایەک و خۆسەپێنیی کۆنەپەرستانە، کە رژێمە تەواو جیاوازەکانی روسیا، چین و ئێران هێمان بۆی لەلایەکی ترەوە.
لە کاتێکیشدا کە شەڕە ئایدیۆلۆژییەکان لە نێوان پوتینیزم و لیبڕالیزمی خۆرئاوادایە، بەڵام دەرەنجامی ململانێ جیهانییە نوێیەکە، تا رادەیەکی زۆر لەسەر کێبڕکێی ئابووریی وەستاوە، بەتایبەت کە ئەمریکا توانیویەتی لە ساڵی 1945ـەوە هەژموونی بەسەر جیهاندا زاڵ بکات.
دەتوانین بڵێین لە ئێستادا بۆ یەکەمجار لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، دەچینە ناو سەردەمێک لە کێبڕکێی راستەقینەی نێوان دوو زلهێزی ئابووریی، کە خاوەنی گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمیشن.
ململانێی زلهێزەکان (ئەمریکا، روسیا و چین)