فەرمان محەمەد
شەڕی غەززە ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە دۆخێکی ئاڵۆز و دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانی وڵاتانی عەرەبیشی بەرەو لێواری تەقینەوە بردووە.
پێدەچێت لە ساڵی 2024 دا ئیسڕائیل رێڕەو و ئاسۆیەکی تاریکی هەبێت، وەک چۆن ساڵی 2023 بەقۆناغێکی سەختدا تێپەڕی، چونکە هێشتا لە هێرشەکانی بۆ سەر فەلەستین بەردەوامە. ئەو شەڕەی کە پەردەی لەسەر پەیوەندیی نێوان ئیسڕائیل و رژێمەکانی ناوچەکە بەرامبەر فەلەستین لادا، لەهەمان کاتدا هاوکاریی نیوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبیی دەرخست، کە نزیک بوو فەلەستینییەکان لە نەخشەی سیاسیی و ستراتیژیی جیهانییدا بسڕێتەوە. جگە لەوەش، دەسەڵاتی رژێمەکان بۆ بەدواداچوون و سانسۆرکردنی رەخنەگرتن و ئازادیی رادەربڕین، بەتایبەت بە پشتبەستن بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا لە ناوخۆ و دەرەوەدا زیادی کردووە.
ئەگەر پشتیوانی ناوچەیی هۆکاری خۆڕاگریی پاوانخوازانە بێت، ئەوە جگە لە میسر، دەوڵەتانی کەنداو، وەک ناوەندی پاوانخوازیی لە ناوچەکەدا سەریان هەڵداوە. بەدەر لە نەوت، دینامیکی ناوچەیی و جیهانییان بەکارهێناوە بۆ بەهێزکردنی رژێمەکانیان. جگە لە بەکرێگرتنی کۆمپانیا بەهێزەکانی لۆبی، کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، بە دڵنیایییەوە سەرکردەکانی کەنداو ئارام بوون لەوەی کە کۆشکی سپی پشتگیریی لە رێکەوتنەکانی ئەبراهام کردووە، بەشێوەیەک کە پیاوە لەرزۆکەکانی ناوچەکەی بەهێزترکردووە.
کارەکانی ئیسڕائیل کە یەکسانە بە سزای بەکۆمەڵ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی، لەسەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، شەپۆلێکی ناڕەزایی و تووڕەیی هەڵگیرساندووە.
ئەم هەستە تەنیا کاردانەوەیەکی زووتێپەڕ نییە، بەڵکوو کاردانەوەیەکە کە چاوەڕوان دەکرێت بۆ ساڵانێک، دەنگدانەوەی هەبێت، کاریگەریی لەسەر دیمەنی کۆمەڵایەتیی- سیاسیی ناوچەکە هەبێت. جا چ لە ساڵی 2024 بێت یان لە ساڵانی داهاتوودا، ئەم هێڵە هەڵەی دیمۆگرافیی و سیاسییە، کە لە کۆتاییدا بەشدار دەبێت لە داڕمانی پەیماننامەی ئاشتیی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتە عەرەبییەکان.
هاوپەیمانی سەرەکیی وڵاتە عەرەبییەکانە
تێڕوانینی باڵادەست لە واشنتۆن ئەوەیە، هەندێک دەسەڵاتی خۆسەپێنی عەرەب هاوبەشی متمانەپێکراوی ئەمریکان. لە کاتێکدا ئەم جۆرە داینامیکییە ناوچەیی و جیهانییە گرنگە، بەڵام لە زۆربەی دۆخەکاندا بەرگەگرتنی ئۆتۆکراسیی سیاسەتی ناوخۆیییە. جگە لە پشتبەستن بە سیستەمی ئەمنیی بەهێز، فەرمانڕەوا پاوانخوازەکان بەردەوامن لە ئیستغلالکردنی درزی ئایدیۆلۆژیی، کۆمەڵایەتیی و ناسنامە، بەم شێوەیەش سەودای حوکمڕانیی نێوان رژێمەکان و هاوپەیمانە ناوخۆییە ئامادەبووەکانیان دادەڕێژنەوە. ئۆپۆزسیۆن و پارتە سیاسییە لاوازەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش، کە دەوڵەت دەستی بەسەردا گرتوون، ئاسانکاریی بۆ ئەم ستراتیژی دابەشکردن و حوکمڕانییە دەکەن.
دۆخی ئێستای غەززە
ئەم دۆخەی ئێستای غەززە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەریدەخات، رژێمە عەرەبییەکان چەندە لاوازن، لەنێویاندا میسر، بێتواناییان نیشان دەدات لە کاریگەریی دانان لەسەر ئەوەی روودەدات، بۆ پاراستنی فەلەستینییەکان یان دروستکردنی ئاگربەست و ئەمەش ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە..
ئێمە لە لێواری ساڵی 2011یەکی دیکەدا نین، چونکە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ناڕازییانی ئێستا و ئەوکاتدا هەیە، ئێستا کە حکومەتی سیسی نزیکەی هەموو دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەرکوت کردووە. بەڵام تووڕەیی خەڵکی دە هێندەکردووە و ئەمەش وادەکات رژێمەکان لە نائارامیی سیاسییدا بژین.
گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانیی رایگەیاندووە "لە گفتوگۆکانی دەرەوەدا هەندێک لە بەرپرسانی عەرەب بەو جۆرە زمانە باسیان لە حەماس و غەززە کردووە، کە ئەوان هیچ هاوسۆزییەکیان بۆ گروپێکی ئیسلامیی نییە، کە ئێران پشتیوانیی دەکات. بەڵام ناوێرن لەبەردەم خەڵکدا ئەو جۆرە لێدوانانە دووبارە بکەنەوە".
ئاڕاستەی ئیسرائیل و هاوپەیمانە عەرەبەکانی بەهۆی شەڕی غەززە و سیاسەتی ناوخۆیی و پەیوەندییە ناوچەیییەکانەوە لە قاڵب دەدرێن. دوای پێکهێنانی راستڕەوترین حکومەت لە مێژووی ئیسرائیلدا. چاوەڕوانیش دەکرێت گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین پەرەی زیاتر بسێنێت.
سیناریۆکان بۆ ئایندە تێکەڵن. بەڵام واقیعی ترسناکی ئێستا دەرفەتی نوێ بۆ رێگەیەکی جیاوازیش درووست دەکات.
حکومەتەکانی نزیک لە ئەمریکا
لەگەڵ ئەوەی باسکرا، حکومەتەکانی نزیک لە ئەمریکا، کە شازادەی سعودیە پێشەنگیان دەکات و میسر ئاڕاستە سەربازییەکەیان بەردەوامیی پێدەدات، بریتین لە ئیمارات، بەحرەین و ئوردن، ئەم حکومەتانە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا باشە و هەروەها لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییان ئاسایی کردۆتەوە.
ئەم حکومەتانە دژی جووڵەکانی حەماسن لە غەززە و لەگەڵ ئەوەدان کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل چارەسەر بکرێت بە دانووستان و دوور لە ئەجێندای دەرەکی، کە زیانی زیاتر بووە بۆ فەلەستینییەکان و خەڵکی غەزە پێش ئەوەی زیانی هەبێت بۆ ئیسرائیل.
جەنگی حەماس و ئیسرائیل کارەساتی بۆ خەڵکی غەززە هێنا